ئیدلب..سوپای توركیاو چەكدارەكانی ئۆپۆزسیۆن دەستیان بە هێرش كرد
  2020-02-20       917       

بەگوێرەی ئاژانسی سپوتنیك-ی روسی، چەكدارە توندڕەوەكانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئیدلب بە پشتیوانی هێزەكانی توركیا دەستیان بە هێرشی پێچەوانە كردوە لەگوندی "نەیرب" لە رۆژهەڵاتی شاری ئیدلب.

ئاوێنە: ئاژانسەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بڵاویكردۆتەوە، بەرەكانی پێدەشتی رۆژهەڵاتی پارێزگای ئیدلب، شەڕوپێكدادانی توندی لەنێوان سوپای سوریا و گروپە چەكدارە توندڕەوە ئۆپۆزسیۆنەكاندا بەخۆوە بینیەوەو هەروەها تۆپخانەكانی سوپای توركیا پشتیوانی هێرشی چەكدارە توندڕەوەكان دەكەن بۆ هێرشكردنە سەر پێگەكانی سوپای سوریا لە بەرەی "نەیرب" لە رۆژئاوای شاری "سەراقیب".

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە هێزەكانی توركیا بە تۆپ و موشەك، بۆردومانێكی چڕیان بۆ سەر سوپای سوریا لە دەوروبەری گوندی "نەیرب" ئەنجامداوە لە خاڵەكانی چاودێری سوپای توركیاوە لە ناوچەكانی "سەرمین" و "تەفتناز".

ئاژانسە روسییەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە سوپای توركیا دەستی كردوە بە وەڵامدانەوەی سەرچاوەكانی بۆردومانەكەو هاوكات فڕۆكە جەنگییەكانی سوریاو روسیا زنجیرەیەك هێرشیان بۆ سەر هێڵی پشتیوانی چەكدارە توندڕەوەكان ئەنجامداوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×