توركیا: رەنگە ئەمریكا سیستمی پاتریۆت بداتە ئەنكەرە بۆ ئەوەی لە ئیدلب بەكاری بهێنێت
  2020-02-21       774       

خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا رایگەیاند، هەمو هەوڵێك دەدەن تاوەكو لە ئیدلب روبەڕوبونەوە لەنێوان هێزەكانی توركیاو روسیادا رونەدات. دەشڵێت، واشنتۆن بە ناردنی سەرباز پشتیوانی وڵاتەكەی ناكات لە ئیدلب بەڵام دەكرێت بە پێدانی سیستمی موشەكی پاتریۆرت پشتیوانی توركیا بكات.

ئاوێنە: خلوسی ئاكار، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی ئێن ئێن تورك" كە دوێنێ پێنجشەممە بڵاوكراوەتەوە رایگەیاند، ئەنكەرە هەمو هەوڵێكی خۆی دەخاتەگەڕ بۆ رێگری لە روبەڕوبونەوەی نێوان هێزەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هێزەكانی روسیا لە سوریا.

وتیشی"هەمو ئەوەی دەمانەوێت لە ئیدلب ئەوەیە كە رژێمی سوریا پابەندبێت بە ئاگربەستەوە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لایەنی توركی داوا لە هاوتا روسیەكەی دەكات لە كۆبونەوە دوقۆڵیەكاندا، كە روسیا هەژمونی خۆی لەسەر حكومەتی سوریا بەكاربهێنێت تا پابەندبێت بە ئاگربەستەوە لە ناوچەی كەمكردنەوەی گرژییەكان.

جەختیشی كردەوە كە وتوێژەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ لایەنی روسی سەبارەت بە ئیدلب بەردەوامن و بەردەوامیش دەبن.

وەزیری بەگری توركیا دوپاتیشیكردەوە كە توركیا داوا لە حكومەتی سوریا دەكات هێزەكانی بۆ ئەودیو خاڵەكانی چاودێری توركیا لە ناوچەكە بكشێنێتەوەو ئاشكراشیكرد، توركیا 12 خاڵی چاودێری لەناوچەكە هەیە.

هەروەها خڵوسی ئاكار جەختیشی كردەوە كە ئەگەر ناچاربێت ئەوا وڵاتەكەی پەنادەباتە بەر هێز بۆ "بەدیهێنانی ئاگربەست لەناوچەكە."

سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەلایەن وڵاتەكەیەوە لە ئیدلب، ئاكار وتویەتی"ئەردۆغان رێنمایی لەوبارەیەوە داوە، ئێمەش پلانی ئەی و بی و سی-مان لەبارەی ئیدلبەوە داناوە، لەكات و شوێنی گونجاودا دەست دەكەین بە جێبەجێكردنی پلانەكان."

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە چەند كێشەیەك رویانداوە بەهۆی ئەوەی وڵاتەكەی كایەی ئاسمانی لە ئیدلب بەكارنەهێناوەو رونیشیكردەوە كە وتوێژەكان بەردەوامن لەپێناو ئەوەی توركیا كایەی ئاسمانی لەناوچەكە بەكاربهێنێت.

وەزیری بەرگری توركیا جەختیشی كردەوە، كشانەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە ئیدلب دەكەوێت دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی دیموكراتی لە سوریاو هاتنە سەر كاری حكومەتێكی شەرعی.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەیە كە ئایا ئەگەری هەیە ئەمریكا پشتیوانیان بكات لە ئیدلب، ئاكار رەتیكردۆتەوە كە واشنتۆن بە ناردنی سەرباز پشتیوانیان بكات بەڵام وتویەتی"ئەگەری هەیە واشنتۆن لەڕێگەی پێدانی سیستمی موشەكی پاتریۆتەوە پشتیوانی توركیا بكات، چونكە هەڕەشەی موشەكیی لەسەر توركیا هەیە، هەروەها سكرتێری گشتی ناتۆش لەمبارەیەوە لێدوانی هەیە."

خڵوسی ئاكار ئاماژەی بەوەشدا كە ناتۆ، رەنگە لەماوەی چەند رۆژی داهاتودا پلان و جوڵەی لەوبارەیەوە هەبێت و وتیشی، ئەگەری ئەوە هەیە وڵاتانی ئەوروپی سیستمی پاتریۆت بنێرن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×