2020-02-27   585     
وەزارەتی تەندروستی کوێت بڵاویکردەوە کە ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە، بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤٣ کەس.
ئاوێنه: وەزارەتی تەندروستی کوێت بڵاویکردەوە کە ژمارەی تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە، بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٤٣ کەس و ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرجەم تووشبوان بەو ڤایرۆسە لە ئێرانەوە هاتوون.
لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستی کوێت ئاماژەی بەوەکردووە کە رەوشی تەندروستی سەرجەم تووشبوان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا جێگیرە و لە سێ بنکەی تەندروستی کەرەنتین کراون و چارەسەری وەردەگرن.
وەزارەتی تەندروستی کوێت روونیشیکردووەتەوە کە هەماهەنگی دەکات لەگەڵ دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی و وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەوەی رێگا نەدرێت بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا بڵاوبووەتەوە سەردانی کوێت بکەن، ئەوەیش لەچوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی کە بە ئامانجی خۆپاراستن لە ڤایرۆسەکە گیراونەتەبەر.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە هاووڵاتییان و ئەو کەسانەی کە لە کوێت نیشتەجێن کراو کە لەپێناو پاراستنی گیانیان و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، پابەندبن بە رێنماییە تەندروستییەکان.
بەپێی دوایین ئامار ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەسەرتاسەری چین گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و ٧٤٦ کەس، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە لە جیهان گیانیان لەدەستداوە بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و ٨٠٤.
له ١٢ی كانوونی یهكهمی ٢٠١٩دا له شاری وهان سهربه ویلایهتی هوبای رۆژهەڵاتی چین، جۆرێكی نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا دۆزرایهوه و بهخێرایی بۆ شارهكانی دیكهی چین تهشهنهی كرد، زۆربهی وڵاتانیش هاووڵاتییەکانیان له چین گواستهوه و رێكخراوی تهندروستی جیهانیش دۆخی لهناكاوی راگهیاند.