ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆبونەوەكەی ئەمڕۆ پێنجشەممەی تایبەت بە دەنگدان لەسەر حكومەتەكەی محەمەد عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ شەممەی داهاتو دواخست.
ئاوێنە: فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، دانیشتنە تایبەتەكەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەخشینی متمانە بە حكومەتی نوێی عێراق دواخراوە بۆ رۆژی شەممەی داهاتو، ئەوەش بەهۆی تەواونەبونی نیسابی یاسایی.
لەدوای بڕیاری دواخستنی دانیشتنەكە، حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكی كورتدا رایگەیاند، تا هەڵگرتنی دانیشتنەكە لەلایەن محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بەپاساوی تەواونەبونی نیساب، هێشتا سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو لەناو بینای پەرلەماندا بوە.