توركیا سنورەكانی لەبەردەم كۆچبەراندا بۆ ئەوروپا دەكاتەوە
  2020-02-28       696       

بەرپرسێكی باڵای توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی كە روبەڕوی شەپۆلێكی نوێی كۆچبەرانی سوریا بۆتەوەو دەیان سەربازی لە ئیدلب كوژراون، لەمەودوا رێگە لە پەنابەرانی سوریی ناگرێت بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

ئاوێنە: ئەو بەرپرسە توركە، ئەمڕۆ هەینی، بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندوە، فەرمان بۆ هێزەكانی پۆلیس و ئێشكگری كەناراوەكان و ئاسایشی سنور دەرچوە كە نە لە وشكانی و نە لە دەریادا رێگە لە كۆچبەران نەگرن بەرەو ئەوروپا.

بەرپرسە باڵاكەی توركیا كە نەیویستوە ناوی ئاشكرابكرێت وتویەتی"بڕیارمانداوە لە ئێستاوە رێگە لە كۆچبەرانی سوریا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا نەگرین چ لە رێی وشكانییەوە بێت یاخود لەڕێگەی دەریاوە."

وتوشیەتی"پەڕینەوەی هەر كۆچبەرێك لەنێویشیاندا سورییەكان بۆ ئەوروپا، رێگەپێدراوە."

جەختیشی كردۆتەوە كە باری گرانی وەرگرتنی كۆچبەر نابێت تەنها یەك وڵات بیگرێتە ئەستۆ.

لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی "دەمیر ئوران"ی توركی، ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردۆتەوە كە كۆمەڵێك كۆچبەر لە باكوری رۆژئاوای توركیاوە بەرەو سنور لەگەڵ یۆنان بەڕێكەوتون ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسێكی توركیا رایگەیاندوە، چیدی رێگە لە كۆچی پەنابەرانی سوریا بۆ گەیشتن بە ئەوروپا ناگرن.

ئەو ئاژانسە توركییە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە نزیكەی 300 كۆچبەر كە لەنێوانیاندا ژن و منداڵ هەن لەنێو ئەو كۆمەڵە كۆچبەرانەدان كە نیوەشەوی رابردو بەرەو سنوری ئەدرنە بەڕێكەوتون. وتوشیەتی"لەنێو كۆچبەرەكاندا سوریی، ئێرانی و عێراقی بونیان هەیە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×