ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق گەیشتە ١٩ کەس
  2020-03-02       590       
وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆمارکردنی شەش حاڵەتی دیکەی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، بەمەش ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لەو وڵاتە بەرزبوویەوە بۆ ١٩ حاڵەت.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی روونکردووەتەوە کە ئەو شەش حاڵەتەی کە تازە تۆمارکراون، دوویان لە بەغدا و چواریان لە سلێمانی بووە و سەرجەمیان پێشتر لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە وڵات.

وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەوەیشی راگەیاندووە کە تووشبووەکان لە سەنتەری چارەسەری کەرەنتین کراون.

بە تۆمارکردنی ئەم شەش حاڵەتە، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە لە عێراق بەرزبوویەوە بۆ ١٩ حاڵەت.

تووشبووەکانی عێراق کە سەرجەمیان لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە وڵات بەم شێوەیەیە: هەشت حاڵەت لە پارێزگای بەغدا، چوار لە پارێزگای سلێمانی، پێنج لە پارێزگای کەرکووک، و حاڵەتێک لە پارێزگای بابل و حاڵەتێکی دیکەیش لە پارێزگای نەجەف.

حکوومەتی عێراق بۆ بەرگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید -١٩) چەند هەنگاو و رێککارێکیان گرتووەتەبەر لەوانە کردنە پشوو لە ناوەندەکانی خوێندن و قەدەغەی گەشتکردنی هاووڵاتییان بۆ وڵاتانی چین، ئێران، ژاپۆن، کۆریای باشوور، تایلەند، سەنگاپوور، ئیتاڵیا، کوێت و بەحرێن، جگە لە شاندە فەرمییەکان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×