ژمارەی تووشبووان بە کۆرۆنا لە ئیمارات گەیشتە ٤٥ کەس
  2020-03-07       436       
وەزارەتی تەندروستی ئیمارات بڵاویکردەوە کە ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتە بەرزبوویەوە و گەیشتە ٤٥ کەس.

ئاوێنه‌: لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی تەندروستی ئیمارات ئاماژەی بەوەکردووە کە ١٢ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتە تۆمارکراون کە سەرجەمیان لە وڵاتانی دەرەوە سەردانی ئیماراتیان کردووە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، بەوەش ژمارەی تووشبووان لە ئیمارات بەرزبووه‌تەوە و گەیشتووەتە ٤٥ کەس.

لە راگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو کە تا ئێستا لە نێو تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا  لە ئیمارات، حەوت کەسیان چاکبوونەتەوە.

بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تا ئێستا بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لەدەستداوە، بەرزبووەتەوە بۆ سێ هەزار و ٤٠٠ کەس و ژمارەی تووشبووانیش گەیشتووەتە  زیاتر له‌ ١٠٠ هه‌زار کەس.

بۆ یەکەم جار، ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ لە شاری وهان رۆژهەڵاتی چین سەریهەڵدا و لەئێستادا لە ٩٠ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە.

هاوکات لە بەرامبەر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی دۆخی له‌ ناكاوی راگه‌یاند.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×