بەراوردێک لەنێوان رۆمانی 'تاعون"ی کامۆو دۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان
  2020-03-07       676       

هێمن ئەحمەد



ھەرچەندە ڕۆمانی (تاعوون)ی کامۆ تێڕوانین و لێکدانەوەیەکی زۆرھەڵدەگرێت بەڵام دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە شایەتحاڵیەکە بۆ سەدەی بیستەم ،بەتایبەتی بۆ ڕوداوە ترسناکەکانی دوای سەرھەڵدانی فاشیزم و نازیزم و جەنگی جیھانی دووەم ،بەو واتایەی پەتای تاعوون ھەڵکەوتەی ھەمان ئەو ئایدۆلۆژیانەی ھەیە کە بونەتەھۆی کوشتنی ملێۆنەھا مرۆڤ .
وە دەتوانین بڵێین ئەم ڕۆمانە وەک خوازە (metaphor) وایە بۆ نازیزم و تیرۆر و توندوتیژی. لەو شوێنانەی نوسەر باسی لە شاردنەوە و ناشتن و سوتاندنی قوربانیەکانی پەتای تاعوون دەکات ،کە سەرەتا بەڕێکی دەیانناشتن، دوایی ناچارن بەکۆمەڵ بیانێژن یان جەستەکان بەکۆمەڵ بسوتێنن. شێوە پێکچونێک ھەیە لەگەڵ کامپەکانی جینۆسایدی قوربانیانی نازیزم.


ئەمە تەنھا پێشەکیەک بوو دەربارەی ڕۆمانەکە. بەڵام ئەوەی دەمانەوێت بەراوردی بکەین ناوەرۆکی ڕۆمانی تاعوون و کاریگەری و دەرئەنجامەکانیەتی لەگەڵ بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردستان . کامۆ ئەم ڕۆمانەی لەنزیکەی ٤٠٠ لاپەڕەدا نوسیوەتەوە .ڕوداوە سەیر و سەرنجڕاکێشەکانی ناوەرۆکی ئەم ڕۆمانە پێکدەھێنن بۆ ساڵانی ١٩٤٠ دەگەڕێنەوە ،ھەمووی لەشاری (وەھران) ڕوویانداوە. بەڕای گشتی ئەم ڕووداوانە لەجێی خۆیان نەبوون و لە نۆرمی ئاسایی بەدەربوون. ھەرچەندە وەھران شارێکی ئاساییەو ھیچی زیاترنیە لەپارێزگایەکی فەرەنسی کەنارەکانی جەزائیر.
سەرەتای نیشانەکانی تاعوون لەبینینی چەند جرجێکی مردوو لەسەر پلیکانەو ناو چێشتخانەو کۆڵان و شەقامەکاندا بەدەرکەوت. ھەرچەندە لەسەرەتادا کەس ھەستینەدەکرد ئەمەنیشانەی نەخۆشیەکی بەربڵاوو کوشندەیە تا بەبەردەوامی ژمارەی ئەم جرجە مردووانە لە بەرزبونەوەدا بوون و ئەم دیادەیە لەھەموو شوێنە گشتیەکان ھەستیپێدەکراو ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لەم جرجە مردووانە دەبینران. پاشان پەتاکە گوێزرایەوە بۆناو ماڵ و شوێنە گشتیەکان .سەرەتا نیشانەکانی تاعوون لەیەک کەسدا بەدیکرا و پاشانیش بۆ کەسانێکی زۆر گوازرایەوە .لەسەرەتادا بەدەیەھا کەس و دوای چەند مانگێکیش ئامارەکان ھەفتانە سەدەھا کەسی توشبو و مردوویان بە ئەم پەتایە تۆمارکرد .
لەبەرئەوە زۆر بەخێرایی کاربەدەستان و لێپرسراوانی شار فەرمانیاندا بە داخستنی دەروازەکانی شار و بەندەرەکان و قەدەغەکردنی ھەموو ھاتنو دەرچونێک لە شار .
کارمەندانی دروستی دەستیانکرد بە جیاکردنەوە و دابڕانی تووشبوان لە ئەوانیتر ، ھەندێکجار ئەم جیاکردنەوە بەگوێزانەوەی نەخۆش بو بۆ نەخۆشخانە و ھەندێکجاریش لەماڵەکەی خۆیدا لەکەسانیتر دادەبڕێنرا . ھێشتا ھەمو ئەم کاردانەوانە تێروتەسەل نەبوون بەرانبەر بە مەترسیەکانی تاعوون ،لەبەرئەوەی ژمارەی توشبوان و قوربانیان زۆر بەخێرایی لەزیادبووندا بوو بۆیە ھەندێک خوێندنگە و شوێنی گشتی کرانە شوێنی چارەسەرکردن و پاشانیش یاریگای شارەکە کرایەخێوەتگە و توشبوانی بۆ دەنێررا ،لەھەر شوێنێکیش تیم و کەسانی خۆبەخش سەرپەرشتی و یاریدەدەری ئەم شوێنانە بوون .
بەردەوامبونی تاعوون بۆ چەند وەرز و ساڵێک درێژەی کێشا ،ھاوڵاتیەکی زۆر بونە قوربانی ،سەرەتا مردووان زۆر بەشێوەی ئاسایی و نەریتی باو بەڕیز دەنێژران .
ڕەگەزی نێر و مێ بەجیا ژێرخاک دەکران ،ھەر زوو ئەم شێوەیە گۆڕا بووبە کۆمەڵ و تێکەڵناشتن .
ھێشتا شوێنی تەواو بەردەست نەبوو ،بۆیە شارەوانی ھەرزوو دەستی بە دروستکردنی گۆڕستانی نوێ لەناو موڵکی گشتی و ھەندێجاریش موڵکی تایبەتی کرد .
سەرەڕای ئەنجامدانی ھەموو ئەم کارانە ھێشتا شوێنی پێویست بەردەست نەبوو بۆ ژێرخاککردنی تەرمەکان ،دەستکرا بە گوێزانەوەی تەرمەکان بۆ کەناردەریا و سوتاندنیان لە شەودا و پاشانیش تێکەڵکردنی پاشماوەی جەسەتەکان بۆناو ئاوی دەریا ،ھەتا وایلێھات خاوەن مردووەکان شەڕی یەک بکەن لەسەر شوێنی سوتاندنی تەرمەکان .
لەھەموو ئەمانەش سەیرتر ئەوەبو کەسانێک لەم شارە قەتیس مابوون کە خەڵکی ئێرە نەبوون ،خواستو بەرژەوەندیان لە مانەوە لەئەم شارە نەبوو لەوانەش ؛ بازرگان و پەیامنێر و گەریدە و گەشتیار....ھتد. ئەمانەش وەکو ھەموو خەڵکانیتر لەژیر ھەڕەشەی تاعووندا ژیانیان بەسەردەبرد .
شوێنی چارەسەر و ڤاکسین و خواردن و کاڵا و کەلوپەل لەشارەکەدا بەرەو کەمیو پاشان بەرەو نەمان دەڕۆیشت .سەرەڕای ئەمەش تاعوون خۆی گەیاندبووە ھەموو سوچ و کۆڵان و زۆربەی ماڵەکانی شار ،بەڵام لەھەموی گرنگتر خەڵکی چۆکی دانەدا و خۆیان نەدابەدەست ئەم دۆخە سەختەوە .
بەبێ جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و ئاین ،ھەموو دانیشتوانی شار ھاوکاربوون لەچاودیریکردنی توشبوان و دوورخستنەوەی مردوانو ئارامگرتن و خۆڕاگری بۆماوەی چەندساڵێک ،لەھەموو وەرزەکانی ساڵ .ھەندێجاریش قوربانیەکان ئەو خۆبەخشانەبوون کەچاودێری تووشبوانیان دەکرد .ھەرچەندە خەڵکی شار بەگشتی زەرەرمەندبوون لە پەتاکە بەڵام ھەمووشیان بەیەکەوە قوربانیاندا لەپێناو کەمکردنەوەی زیان و بنەبڕکردنی پەتاکە .
ھەموو ئەم کردە دڵسۆزیانەی خەڵک توانی کۆتایی بە پەتاکە بھێنێت ،سەرلەنوێ ژیان بۆ شارەکە گەڕایەوە ،دەروازە و بەندەرەکان کرانەوە و خەڵکیش تێکەڵ بەجیھانی دەوروبەر بوونەوە .
تا ئێرە باسی ناوەرۆک و پوختەی ڕۆمانی تاعوون بوو .ھەستیش دەکەم ئەوەندە بەسە بۆ تێگەیشتنی خوێنەر.
ئێستا دێیینە سەر باسکردنی بارودۆخی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی کوردی لەباشوری کوردستان .
گەر سەرنج بدەین لێرە لە ھەرێم لەجیاتی پەتایەک چەند پەتایەکی زۆر کوشندەتر لەتاعوون توشی کۆمەڵگە ھاتووە لەوانەش ؛خیانەت و نیشتیمان فرۆشتن و تاڵانی و گەندەڵی (سیاسی و بەڕێوەبەری و ڕۆشنبیری و پەروەردەیی....ھتد) و برسیکردنی خەڵک و قۆرغکردنی ھەمو کایەکانی ژیان و فەسادکردنی ڕۆح و ڕەوشتی منداڵ و گەنج .
گەر بڕوانینە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و ھاوکاریکردن و ھاوپەیمانی وڵاتانی داگیرکەر ،ھیچی کەمتر نەبوو لەزیانەکانی پەتای تاعوون .
لێرە دەکرێت بپرسین کە ؛ ڤایرۆسی کۆرۆنا ھەڕەشەیە لەسەر کۆمەڵگا یان ئەو ھەموو پەتا دەستکردانە ؟ئایا کۆمەڵگە خۆی بەشدارە لە دروستکردنی ئەم ھەموو پەتایانەی باسکران یان ھەموو بەچۆکداھاتوون ورە و خۆڕاگریان لەدەستداوە و خۆیانداوەتە دەست قەدەر ؟
تۆبڵێییت کۆمەڵگاێ ئێمەش ڕۆژێک گیانی بەرەنگاری تێدا بخرۆشێت و ئەم پەتایانە بنەبڕ بکات و لەڕەگ و ڕیشە ھەڵیانکێشێت و ژیان و گوزەران و خۆشی بگەڕێتەوە ھەروەک چۆن لە وەھران گەڕایەوە ؟
واھەستدەکەم لەئێستادا ھیچ خواست و ئارەز و بوێریەک بەدیناکرێت بۆ ئەم مەبەستە ،ھەربۆیە کۆمەڵگە تەواو شپرزە و بێشیرازە دێتە پێشچاو . ڕەنگدانەوە و کاریگەریەکانی ئەمدۆخەش ھەستپێکراوە ،وەھای لەتاکی کورد کردووە تەنھا خۆی ببینێت و خەم سارد بێت بەرانبەر بەکەسانی ترو ئەرکەکانی ھەتا بەرانبەر بە مافەکانیشی. وابیردەکاتەوە کە کونبونی بەلەمەکە لەلایەکی ترەوە ھیچ کاریگەری لەسەر ژیان و ڕۆحی ئەو نیە ،گەرچی ھەموومان لەیەک بەلەمداین و بەیەکیشەوە نوقومی ژێرئاو دەبین .



زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×