رۆحانی: داخستی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ماوەی دو هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت
  2020-03-21       452       
حەسەن رۆحانی، سەرۆكی كۆماری ئێران رایگەیاند، "داخستی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ماوەی دو هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت و خوێندنگا و زانکۆکانی وڵاتەکەشی لەو ماوەیەدا بە داخراوی دەمێنێتەوە".

ئاوێنه‌:ئەمڕۆ شەممە، حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران ئەمڕۆ شەممە لەمیانەی کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ لیژنەی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند، "رێنمایەکانی حکومەتەکەی بۆ مانەوەی هاوڵاتیانی وڵاتەکە لەماڵەکانی خۆیاندا، لە ماوەی دو بۆ سێ هەفتەی داهاتودا کۆتایی پێدێت". 

ئاماژەی بەوەشکرد، "چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی دو هەفتەی داهاتودا رەوشی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەیدا باشبونی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت".

رۆحانی وتیشی، "لەم کاتەدا دوژمنانی ئێران هەوڵی پلانگێڕی بۆ پەکخستنی بەرهەمهێنان و چالاکییە ئابورییەکانی ئێران دەدەن، بەڵام ئێران بەردەوامی دەدات بە چالاکییە ئابورییەکانی خۆی لە چوارچێوەی رەچاوکردنی پڕۆتۆکۆڵی تەندروستیدا".

سەرۆکی ئێران وتیشی، "داخستی دوکان و شوێنە بازرگانییەکان بۆ ماوەی دو هەفتەی دیکە بەردەوام دەبێت و خوێندنگا و زانکۆکانی وڵاتەکەشی لەو ماوەیەدا بە داخراوی دەمێنێتەوە، بەڵام پاش ئەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆنتڕۆڵ دەکەن دەوامی خوێندنگاکان بۆ ماوەی مانگێک درێژدەکەنەوە".

19ی ئەم مانگە حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران فەرمانیکرد بە داخستنی سەرجەم دوکان و شوێنە بازرگانییەکانی وڵاتەکەی جگە لەو دوکانانەی خۆراک و دەرمان بۆ هاوڵاتیان دابیندەکەن تا بەرواری 3ی مانگی نیسانی داهاتو، ئەمەش لەچوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەیە کە حکومەتی تاران بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا گرتویەتیەبەر.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×