*ئابوری قەیران لە كاتی كۆڕۆنا
  2020-03-25       1041       

د.محەمەد ئەمین 


ئابوری قەیران , واتە ( ڕەوشی ئابوری بە هەموو ڕەهەندییەكانیەوە لە كاتی قەیرانی ئابوری , دارایی , سیاسی , كۆمەڵایەتی ,شەڕ وە هەتا قەیرانە  تە‌ن دروستی  وەك ئیستا كە پەتای كۆرۆنا هە یە،فكری وە  فەرهەنگیەكانا ), لەگەڵ قەیرانی ئابوری كە بە هەرهۆكارێك بێت ڕوودەدات  جیاوازی هەیە لە بنەمادا وە ئامرازی چارەسەر .
قەیرانی ئابووری بە شێوەیەكی گشتی لە سەر خانی ئابوریدا ڕوودەدات, لە ئەنجامی سستی یان نەبونی چالاكی بە هەر هۆكارێك بێت , كە مەرجە بۆ ئابوریەكی تەندرووست . بۆ نمونە لێرە دامەزراوەیەكی تۆكمەی ئابوری هەیە بەڵام بە هۆی هەندێك پێشهاتی چاوەڕوان نەكراو كار دەكاتە سەر چالاكی ئەم دەزگا ئابوریە , لە بواری كاركردن و بەرهەم هێنان و سەرمایە  واتە سور ی سەرمایە ‌پارە كاڵا  وە یان بۆ نمونە بە هۆی هۆكاری دارایی و  بازاڕی  دارایی و دراوەكان, یان سیاسەتی نوێی ئابوری وە بازاڕ لە سەر ئاستی سنوری نیشتیمانی بێت یان یان ناوچەیی و جیهانی وە هەندێك جار دەشێت بە هۆی هەندێك ڕوداوی هەتا مێژووی بێت كە لە بواری سیاسی و ئابوریدا ڕویان دابێت نمونەش بۆ ئەمە پاش 30 ساڵ لە داگیركردنی عیراق بۆ كوەیت تا ئێستاش ئاكامە ئابوریەكانی بونیان هەیە . 
واتە كاتێك قەیرانی ئابوری دروست دەبێت كە ژێرخانی ئابوری هەبێت وە بۆ چارەسەریش دەبێت سیاسەت و ئامڕازی نوێ , ڕێكخستنی نوێ‌,وە نویِ كردنەوەو ئاڵوگۆر بە كاربهێنرێت بۆ چاكردنی سەرخانی ئابوری , بەڵام ئابوری قەیران واتە لەم كاتەدا كە قەیرانەكان هەن پێویستە ئاوڕبدرێتەوە لە ژێرخانی ئابوری وە ئامادەسازی بۆ بكرێت  و ئاراستە بكرێ , كە بتوانرێت بەسەر قەیرانەكاندا زاڵ بین. هەڵبەتە لە قەیرانی ئابوریدا دەبێت ژێرخانی ئابوری لە بەرچاو بگیردرێت , بۆ هەر هەوڵێك بۆ چارەسەری بەم جیاوازیە كە دروستكردنەوە (نوێ‌ كردنەوە ) , وە چاككردن گشتگیرنیە , بەڵام بۆ ئابوری قەیران دەبێت تا ئەو پەڕی هەوڵەكان وە كارەكان گشتگیربن , بۆ نمونە ئەم قەیرانانەی كە لە كوردستان و عیراق و زۆرێك لە وڵاتانی  جیهانی سێ یەم هەن . پێویستیان بە چارەسەری گشتگیر هەیە ,لە هەموو لایەنەكانی  سستەمی ئابوری ,سیاسی وە فكری بۆ دروستكردنی ژینگەو ژێرخانی ئابوری .
ئابوری قەیران بە شێوەیەكی گشتی و كورت وەك سیاسەت , میكانیزم وە ئامراز بۆ چارەسەری رەوشی ئابوری و سنورداركردنی  زیانەكان لەم خاڵانەدا پێناسە دەكرێت .
1. دروستكردنی ئەنجومەنی شورای شار و ناوچەكان , كەكار لەسەر كایەكانی ئابوری بكەن , بێ‌ خۆبەستنەوە بە بەرژەوەندییەكانی حزب و خێڵ و خێزان , ئەم حالە لە سەر ئاستی حكومەتیش هەر دەبێت وابێت , كە پێی دەڵێین حكومەتی تەكنۆكرات وەك سەرەتا بۆ دامەزراندنی ئابووری نیشتیمانی . 
2.هەموو كەرتە ئابوریەكان ,بخرێنە ژێر چاودێری ئەنجومەنەكانەوە , دادپەروەرانە بە كاربێن بۆ پڕكردنەوە پێداویستیە هەنوكەییەكانی خەڵك, بۆ فەراهەم كردنی موچە و خۆراك و پێداویستیە سەرەكیەكانی ژیان وە بەڕێوبردنی دەزگاكانی وڵات.
3.دانانی نەخشەو جوگرافیای ئابوری نیشتیمانی وە دەست كردن بە دروستكردنی دامەزراوەی ئابوری كەهەم بۆ كاتی ئێستا بتوانێت ئیدارەی قەیرانەكان بكات, هەم بۆ داهاتوو ببنە ژێرخانی تۆكممە.
4. پەرەپێدانی سیستەمی هەرەوەزی لە كەرتەكانی ئابووری لە بواری كشتوكاڵ , پیشەسازی , خزمەتگوزاری  وە كەرتی نیشتەجێبوون بە مەبەستی فەراهەم كردنی دیموكراتی ئابوری  تا زۆرترینی خەڵك ڕاستەوخۆ بەشداربن هەم لە بواری بەرهەم هێنان هەم لە بواری بازاڕو قازانجدا.
5.لە كاتی ئێستامان بە هۆی پەتای كۆڕۆناوە كە زوو چارەسەری بۆ نەدۆزێتەوە ئەوا ئەبێتە هۆی وەستانی ئابووری (Stagnation) وە هەڵاوسان  Inflation , ئەمەش واتە كەم بوونەوەی بەرهەمهێنانی كاڵاكان هەتا كاڵا خۆراكی و دەرمانی و پزیشكیەكان , وە سەرەنجام گرانی وەیانە بوونی كاڵاكان لە بازاڕەكانا, كە ئەبێتە هۆی ئەوەكە بەشی هەرەزۆری خەڵك توانای كڕینی كاڵا سەرەكیەكانی ژیان لە دەست بدات , بێ‌ گومان ئەم حاڵەش ئەگەر دروست بێت بۆ خۆی, دەرهاویشتەی سیاسی , كۆمەڵایەتی  وە ئاسایشی لێ‌ ئەكەوێتەوە كە بابەتی ئێستا نییە بەڵام ئەبێ‌ وەك ئەگەرێ‌ لە بەرچاو بگیرێ‌ لە حالی بەردەوام بوونی كۆرۆنا.
دەرهاویشتە تەندروستی , ئابووری و خۆراكیەكانی كۆڕۆنا كاریگەری ڕاستەوخۆ خێرای هەیە لەسەر ژیان و رەوشی هەر تاكی وە هەر كۆمەڵگایەك بە هەموو ڕەهەندەكانەوە , دەرهاویشتەكانی كۆرۆنا زیاتر و دژوارتر ئەبن , وەك لەسەرەوە ئاماژەمان پێكرد ئەگەر ڕەوشی كۆرۆنا بەم جۆرەی ئێستامان بەردەوام بێت . وە هێڵی یەكەمی بەرگری دەرهاویشتیەكانی ئابووری وە تەندروستی كۆرۆنا بە فەراهەم كردنی خۆراك ئەكرێ‌ لە ناوخۆی وڵات ئەگەر بۆ ماوەیەك نەتوانرا خۆراك لە دەرەوە بەدەست بهێنرێ‌ چونكە بەردەوامی كۆرۆنا بۆ ماوەیەكی درێژ كاریگەری ڕاستەوخۆی ئەبێت نەك هەر لەسەر گرانی كاڵاكانی خۆراك بەڵكو هەتا نەبوونیشیان بە هۆی نەبوونی بەرهەم و كەمبوونەوەی لە سەر ئاستی جیهان . لەگەڵ زۆربونی هەڕەشەكانی كۆڕۆنا بۆ سەر ژیان و ئاسایشی گەڵان ,زۆر وڵات بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆیان ناچارن ڕێگری لە هەناردەی كاڵای خۆراكی و دەرمان بكەن بۆ دەرەوەی سنووری نیشتیمانیان , هەروەك یەكێتی ئەوروپا لە 15 ی ئازار رایگەیاند كە هەناردەی دەرمان وكەرەسەی پزیشكی بۆ دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا  سنوردار نەكرێَ .
.https://www.politico.eu/atricle/coronavirus-eu-limit-/exports-medical-eqiupment
هەڵبەتە لەگەڵ دژواربوونی رەوش بەهۆی كۆرۆنا وە بە دڵنیایی زۆر وڵات و كیشوەری تریش بە هەمان جۆر هەمان هەنگاو ئەنێن بۆ ڕێگری تەواو یان سنورداركردنی هەناردەی كاڵاكانی خۆراك و دەرمان بۆ دەر وە یسنوری نیشتیمانیان . لە بەر ئەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كەمی و نەبوونی كالای خۆراكی لە سێبەری هەڕەشەی كۆڕۆنادا لە سەر ئاستی كورت خایەن تا 7 مانگی تر واتە تا كۆتای مانگی 10 پێویستە ئەم هەنگاوانە بهاوێژرێت بە تایبەت لە سەر ئاستی تاك ,خێزان وە كۆمەڵگای بچووك ئەمجارە تەواوی كۆمەڵگا تا بتوانرێ‌ لایەنی كەمی خۆراكی پێویست بۆ خەڵك فەراهەم بكرێ‌ ,وە هەر تاكێ‌ هەست بكات كە ئاسایشی خۆراكی هەیە.
1.دروست كردن كارخانەی تایبەت لە هەر پارێزگایەكا یان قەزایەك بۆ پیشەسازی كردنی گەنم , چوونكە لە كوردستان گەنم بەشی ناوخۆ ئەكات بەڵام بۆ ئەوەی جگە لە نان گەنم بكرێتە كەرەسەیەكی خۆراكی جۆراوجۆر وەك ساوەر و گەنمە كوتاو ... هتد پێویستە بە پیشەسازی بكرێ‌ . لە ساڵی 2016بۆ هەندێ‌ خوێندكاری بەشی خۆراك لە كۆلیجی كشتوكاڵی زانكۆی سلێمانی ئەم هەوڵەم لەگەڵیان دا تا لە ڕێگەی ژووری بازرگانی دەست بكرێ‌ بە پیشەسازی كردنی گەنم بەڵام كەس ئامادەنەبوو هاوكاریان بێ‌ , بە دڵنیایی ئەگەر ئەمە ئەنجام درا بایە لە هەموو روویەكەوە بۆ ئێستا دەست كەوتێكی گەورە ئەبوو . ئەشێ‌ وە ئەبێ كەڵك لەم رەوشە وەربگیرێ‌ وەك وانەیەك بۆ پیشەسازیكردنی كشتوكاڵ هەرچی زووتر.
2. هەوڵدان بۆ هاوردەكردنی دەرمانی پێویست لەم وڵاتانەی كە تا ئێستا هەناردەكردنیان سنوردار یا ساخ نەكردوە وەك یەكێتی ئەوروپا كە لەم لینكەی سەرەوە باس كراوە . 
3. ئێستا كەوەرزی خۆ ئامادەكرنە بۆ بەرهەم هێنانی بەروبومە هاوینەیەكان وەك فاسۆلیا , ماشە سپی , بە زالیا , نۆك , گەنمە شامی, نیسك , بامیە , كاڵە ك , شووتی , وە هەروەها جۆرەها سەوزەو میوە پێویستە هەموو دەزگاكان ئاراستە بكرێن بە هاندان و هاكاری خەڵك بۆ چاندنی هەرچی زۆرتری زەویە كشتوكاڵیەكان لە لادێكان وە دەوروبەری شارۆچكەكان وە شارەكان , وە هەموو ئەم زەویانەی بەراون و بە كەڵكی كشتوكاڵ دێن . بە لەبەر چاوگرتنی كەش و هەوای كوردستان لە ئێستاوە تا كۆتای مانگی 10 بۆ هەندێ‌ بەرووبووم ئەتوانرێ‌ تا دووجار هەمان بەروبووم لە زۆر ناوچە بەرهەم بهێنرێت . 
4. ئەوانەی لە شارەكان ئەژین وە لە حەوشەی ماڵەكانیان چەند مەتر هەبێ‌ هەتا ئەگەر 1-2  م دوجاش بێ‌  با سەوزە یەك , میوەیەك یا جۆرێكی پاقلەمەنی تیا بچێنن , وە هەتا ئە وانەی حەوشەیان نیە ئەتوانن كەڵك لە ئینجانە وەربگرن وە بە كاری بهێنن بۆ چاندنی ئەم بەرووبوومانەی خۆیان مەبەستیانە .
هەڵبەیە ئەمە ئەبێتە سەرەتایەكی گرنگ كە لە مەودوا پێویستیەكانی خۆراك لە با بە بەرهەمی ناوخۆ پڕبكرێنەوە كە لە ئەنجاما لە رووی ئابووری , تەندرووستی , ژینگە ییەوە بەسوودە لێرەدا گرنگ ئەمەیە كە هەموان هەركەسە بە گوێرەی تواناو شارەزایی خۆی بەشداربێ‌ لە بەڕێوبردنی / ئیدارەكردنی ئابووری قەیران  وە چارەسەركردنی قەیران گرفتەكان لەسەر ئاستی بەشداری تاك وە بەهاوكاری و لەگەڵ كۆمەڵ و دامەزراوەكان . بەتایبەت  لە كاتی ئێستای پەتای كۆڕۆنا كە هەڕەشەی فرە ڕەهەندی هەیە لەسەر ژیانی مرۆڤ . بە هیوای  بەشداری هەمووان لە چارەسەری پێش هاتە خراپیەكانی كۆڕۆنا وە بە هیوای لەش ساخی هەموان .

 

 *ئابووری قەیوان بابەتی سیمینارێك بوو لە ساڵی 2016 لە سلێمانی بەڵام بە لەر چاوگرتنی بوونی كۆڕۆنا چاك كراوەتەوە .


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×