14 بڕیاری نوێ لەلایەن لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانییەوە
  2020-04-04       786       

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا 14 بڕیاری نوێی دەركرد كە یەكێك لەوانە رێكخستنەوەی هەمو چالاكییە ئابوری‌و بازاڕگەری‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبون‌و سیتیەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكارییو ماركێت‌و خزمەتگوزارییە پێویستەكانی رۆژانەیە لەدوای 48 سەعاتی قەدەغەی تەواو.

ئاوێنە: ئەمشەو شەممە، پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە كە ئەمڕۆ (٤/ ٤/ ٢٠٢٠)، بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا كۆبوەوە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا ئەم بڕیارانە دراون:

١-هاتوچۆو ئاڵوگۆڕی گشت كارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی (پشو نایانگرێتەوە)، بە مۆلیدە ئەهلیەكانیشەوە، لە ئەركی ڕۆژانەیاندا تەنها ماوەی دو سەعات (٧ تا ٩)ی بەیانی دەبێت، پێویستە بەڵگەنامەی پێویست پیشانبدەن، بەمەرجێك هەمو ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان جێبەجێ‌ بكەن.

٢-كارمەندو ڕۆژنامەوانانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن ڕێگەپێدراو دەبن، بەمەرجێك لەگەڵ باج یان ناسنامەی كەناڵەكەیاندا نوسراوی ڕاسپاردنیان بە ئەركی ڕۆژانەی ڕاگەیاندنكارانەیان هەبێت لەلایەن دەزگاكەیانەوە.

٣-بەپێی لیستی موچە، ڕۆژانە كارئاسانیی بۆ موچەخۆرانی ئەو شوێنانە دەكرێت كە موچە وەردەگرن، بەمەرجێك بەڵگەی فەرمیی پیشانبدەن‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.

٤-هەمو هێزەكانی پۆلیس‌و ئاسایش‌و پۆلیسی هاتوچۆ‌و لیوای یەكی پاراستنی سلێمانی، بە شێوازێكی نوێ‌‌و بەپێی دابەشبونی گەڕەكەكان، لە تیمی هاوبەشدا ئەركی چاودێریكردنی پابەندبون بە قەدەغەی هاتوچۆوە جێبەجێ‌ دەكەن، تەنها پۆلیسی هاتوچۆ مافی لێپێچینەوەی لە شۆفێرو ئۆتۆمبێلەكان هەیە، لەگەڵ هەمو تیمێكدا ڕێبەرێكی تەندروستی بەشدار دەبێت بۆ ڕێنماییكردنی شۆفێرو سەرنشینان.

٥-لە دوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، هەمو چالاكییە ئابوریی‌و بازاڕگەریی‌و دارایی‌و عەلوەو یەكەكانی نیشتەجێبون‌و سیتیەكان و كۆمپانیاكانی دابەشكاریی‌و ماركێت‌و خزمەتگوزاریی ڕۆژانە پێویستەكان لەلایەن قائمقامیەتی سلێمانی‌و (یەكە كارگێڕییەكانەوە) بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئابوریدا، ڕێكدەخرێنەوە، بەمەرجێك كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.

٦-جوڵەو كاروباری دامودەزگا حكومیەكان‌و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت لەلایەن پارێزگای سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی كاروباری ناوخۆی پارێزگاو فەرمانگەی پەیوەندیدارەوە ڕێكدەخرێنەوە.

٧-لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، پێویستە هەمو هاوڵاتییەك لەكاتی هاتنە دەرەوەو مامەڵەی ڕۆژانەدا، دەستكێش‌و ماسك بەكاربهێنێت‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.

٨-ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌و كاركردن لە كەرتەكانی كارەبا، پاڵاوگەكان، ئاو، پەیوەندییەكان، ئینتەرنێت، كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، بەپێی بڕیارو ڕێكارە دیاریكراوەكانی وەزارەتی ناوخۆو پارێزگای سلێمانی بەردەوام دەبێت، بەمەرجێك پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بن.

٩-دروستكردن‌و گواستنەوەی خواردەمەنی بۆ كەرەنتینەكان بەپێی ڕێنماییەكان بەردەوام دەبن.

١٠-لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، هەمو كارێكی خێرخوازیی پێویستە بە ئاگاداری یەكە كارگێڕییەكان‌و لیژنەی سەرژمێریكردنی خێزانە كەمدەرامەتەكانەوە بێت لە پارێزگاو یەكە كارگێڕییەكاندا.

١١-لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، بانكە ئەهلییەكان بەهەمان پەیڕەوی ڕاگەیەندراوی پێشو بەردەوام دەبن.

١٢-بازاڕی دراوی سلێمانی‌و هەر شوێنێكی تریش دادەخرێن تا ئەوكاتەی لەلایەن قائمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی‌و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش‌و ژوری بازرگانی و پیشەسازییەوە بەشێوەیەكی تەندروستی گونجاو ڕێكدەخرێنەوە.

١٣-پێویستە هەمو هاوڵاتیان‌و دامودەزگاكانی كەرتی گشتیی‌و تایبەت‌و مێدیاكان‌و ڕێكخراوەكان بایەخی تەواو بە كەلتوری (خۆپارێزیی و تاكپارێزیی) بدەن‌و برەو بە پەروەردەی تاكپارێزیی بدەن بۆ سەرلەنوێ‌ كردنەوەی بوارە جیاجیاكان لە ئایندەدا بەجۆرێك، كە تاك خۆی، خۆی بپارێزێت.

١٤-لەدوای (٤٨) سەعاتی قەدەغەی تەواو، هەر خزمەتگوزاریی‌و ماركێت‌و بوارێك بكرێتەوە پێویستە بە پلەی یەكەم كار لەسەر پەیڕەوی دلیڤەری بكات‌و پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕی‌و ئارامییەكان بێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×