كۆمەڵێك جوتیار چەند پێشنیارێك ئاڕاستەی وەزیری كشتوكاڵ دەكەن
  2020-04-06       788       

كۆمەڵێك جوتیاری هەرێمی كوردستان چەند پێشنیارێك ئاڕاستەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكومەتی هەرێم دەكەن، ئەوەش وەك خۆیان دەڵێن: لەپێناو پاراستنی بەرهەمی ناوخۆ و ئابوری تاكی جوتیار لەم دۆخە نەخوازراوەدا.

ئاوێنە: ئەو كۆمەڵە جوتیارە لە رونكردنەوەیەكدا كە ئاڕاستەی وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاویان كردوە، وتویانە: لەبەر هاتنی ئەم بارە نەخوازراوەو لەبەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو  ئابوری تاکی جوتیار و هەروها لەبەر پاراستنی باری سەلامەتی جوتیاران وهاوڵاتیان ئەم پێشنیارانە ەدەخەینە بەردەمتان.

جوتیارەكان ئەوەیان خستۆتەڕو كە: جوتیار بەهەمو سێکتەرەکانی (خانوی پلاستیک، دەواجن، حەوزی ماسی، باخداری، بۆری کێڵگەی کراوە تەماتەو پەتاتە) پارەیەک زۆری خەرج کردوە، بۆیە کەوتنی ئەو بوارە کەوتنی جوتیار نییە بەتەنها بەڵکو کەوتنی ئابوری و بەرهەمی ناوخۆی وڵاتێکە. 

لە یەكێك لە پێشنیارەكاندا ئەوەیان ئاشكراكردوە كە لەقەزای پێنجوێن جوتیارێکی زۆر بنەتۆوێکی پەتاتەی زۆریان کڕیوە کە نزیکەی 400 تەن دەبێت بە ڕێگەپێنەدانیان بۆ هاتنی کرێکار  زیانێکی زۆرگەورەیان لێ دەکەوێت.

ئەو جوتیارانە لگەڵ ئەوەی وتویانە: بڕیاری رێگەپێدان لە سەعات 12بۆ 6ی بەیانی بڕیارێکی باشە بەڵام کەموکوڕی تێدایە ئەویش ئەوەیە باسی ئەوە نەکراوە جوتیار دەتوانێت چەند کرێکار لەگەڵ خۆی بەرێت بۆ سەر كێڵگەكەی، چونکە جوتیار خۆی بەتەنها چی پێ دەکرێت بەتایبەتی ئەوانەی دەشتی شارەزور کە ئێستا کاتی چاندنی شەتڵی شوتی، تەماتە و بیبەرە.

هەروەك داواشیان كردوە كە رێگەبدرێت بە هێنانی عەلەفی ماسی و دەواجن بۆ ئەو جوتیارانەی کە حەوزی ماسی و دەواجنیان هەیە بە پشتگیری بنکە کشتوکاڵیەکانی سنوری خۆیان بەکراوەیی نەک تازەکردنەوەی هەفتانە.

هەروەها پێشنیاریشیان كردوە كە رێگە بەو جوتیارانە بدرێت کە ئێستا بەرهەمیان هەیە وەک دەواجن و هێلکەو ماسی، تاوەکو بەرهەمەکانیان بگەیەننە دەست فرۆشیارەکانیان و وتوشیانە بۆ ئەوە خۆیان بەرپرسن لەساغکردنەوەی تەنها ڕێگەپێدانیان بۆ بکرێت و هیچی تر.

دەقی رونكردنەوەكە...

بۆ بەڕێز: وەزیری کشتوکاڵ

ب/ رونکردنەوە

لەبەر هاتنی ئەم بارە نەخوازراوەو لەبەر پاراستنی بەرهەمی ناوخۆو ئابوری تاکی جوتیارو هەروها لەبەر پاراستنی باری سەلامەتی جوتیارن و هاوڵاتیان، وەک کۆمەڵێک جوتیار ئەم چەند پێشنیارە دەخەینە بەردەم بەڕێزتان:

1-جوتیار بەهەمو سێکتەرەکانی (خانوی پلاستیک، دەواجن، حەوزی ماسی، باخداری، بۆری کێڵگەی کراوە تەماتە و پەتاتە) پارەیەکی زۆری خەرج کردوە، بۆیە کەوتنی ئەو بوارە کەوتنی جوتیار نییە بەتەنها بەڵکو کەوتنی ئابوری و بەرهەمی ناوخۆی وڵاتێکە.

2-لەقەزای پێنجوێن جوتیارێکی زۆر بنەتۆوێکی پەتاتەی زۆریان کڕیوە کە نزیکەی 400 تۆن دەبێت بەڕێگەپێنەدانیان بۆ هاتنی کرێکار زیانێکی زۆر گەورەیان لێ دەکەوێت.

3-بڕیاری سەعات 12بۆ6ی بەیانی بڕیارێکی باشە بەڵام کەموکوڕی تێدایە ئەویش ئەوەیە باسی ئەوە نەکراوە جوتیار دەتوانێت چەند کرێکار لەگەڵ خۆی بەرێت، چونکە جوتیار خۆی بەتەنها چی پێ دەکرێت بەتایبەتی ئەوانەی دەشتی شارەزور کە ئێستا کاتی چاندنی شەتڵی شوتی، تەماتەو بیبەرە، هەروەها کاتی گەڕانەوەیان سەعات 7ی ئێوارە بێت نەک 12ی شەو و لەکاتی گەڕانەوەشدا خاوەن کێڵگەیان دەبێت لەگەڵ بێت بۆ ئەوەی خاڵکی تر سود لەبڕیارەکە نەبینێت.

4-ڕێگەپێدان بە هێنانی عەلەفی ماسی و دەواجن بۆ ئەو جوتیارانەی کە حەوزی ماسی و دەواجنیان هەیە بەپشتگیری بنکە کشتوکاڵیەکانی سنوری خۆیان بەکراوەیی نەک تازەکردنەوەوەی هەفتانە.

5-ڕێگەبدرێت بەو جوتیارانەی کە ئێستا بەرهەمیان هەیە وەک دەواجن و هێلکەو ماسی تاوەکو بەرهەمەکانیان بگەیەننەدەست فرۆشیارەکانیان و خۆیان بەرپرسن لەساغکردنەوەی تەنها ڕێگەپێدانیان بۆ بکرێت و هیچی تر.

ناوەکان:

١ /جوتياری نمونەیی، شێخ جەمال كربچنە
٢ /جوتیاری نمونەیی: شیخ سدیق بازرگان
٣/جوتیاری نمونەیی: خەسرەو جاف
٤/ ئەندازیار: کۆسار باقی نەسروڵا
٥/ جوتیاری نمونەیی: ئەسکەندەر گاینچی
٦/جوتیاری نمونەیی: رەئوف دەروێش فەرەج
٧/جوتیاری نمونەیی: حامید ئیسماعیل
٨/جوتیاری نمونەیی: بیلال محەمەد
٩/جوتیاری نمونەیی: ئارام مکلی
١٠/پرۆژەی شێخ جەلالی جۆمەرەسی بۆ سالمون
١١/پڕۆژەی فاروقی حاجی ساڵح بۆ سالمون
١٢/پڕۆژەی ماسی کاربی سەرای سوبحان ئاغا
١٣/پڕۆژەی ماسی سالمونی کانی وەنەوشە لە پێنجوێن
١٤/پرۆژەی ماسی کاك سیامەند لە دەربەندیخان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×