گومان لە هۆكاری مردنی كۆرپەك دەكرێت لەهەولێر؛ "بەڵێننامەیەكی نایاسایی" بە باوكی ئیمزاكراوە
  2020-04-10       760       

سێ پەرلەمانتاری كوردستان گومان لە هۆكاری گیانلەستدانی كۆرپەیەكی تازە لەدایكبو لە هەولێر دەكەن و دەشڵێن: بەڵێننامەیەكی نایاسایی بە باوكی كۆرپەكە ئیمزاكراوە. تەندروستی هەولێریش لەوبارەیەوە رونكردنەوە دەدات.

ئاوێنە: سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ھاوڕێ مەلا ستار و سۆران عومەر، ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا، ئاماژە بەوە دەدەن كە شەوی کاتژمێر ٩ی شەوی 8 لەسەر 9ی نیسان، ھاوسەری ھاوڵاتی ئاراس رەسوڵ حەسەن، خەڵكی بالیسان، لە نەخۆشخانەی بالیسان بە ڕێگەپێدانی تەندروستییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایکبونی فێرکاری ھەولێر دەکرێت.

بەپێی قسەی ئەو سێ پەرلەمانتارە لە دو بازگە چەند کاتژمێرێک ڕێگریان لێدەکرێت، بۆیە کاتژمێر یەکی شەو دەگەنە نەخۆشخانەی ئافرەتان و منداڵبونی ھەولێر.

ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوەداوە كە بە وتەی ئاراس رەسول حەسەن، سەرلەبەیانی دوێنێ پێنجشەممە، منداڵەکەیان لە دایک دەبێت، پاشان ئاگاداری دەکەنەوە منداڵەکەی مردوەو پێویستە ئەم بەڵێننامەیە پڕبکاتەوە، ئەوکاتە دەتوانن تەرمی منداڵە تازە لەدایکبوەکە وەربگرنەوە!

سێ پەرلەمانتارەكە وتویانە"پێویستە وەزارەتی ناوخۆ و وەزارتی تەندروستی بەدەم ئەم کەیسەوە بێن و لێکۆڵینەوەو لێپرسینەوە بکەن لەبارەی ئەوەی كە چۆن ئافرەتێکی دوگیان بە رێگەپێدانی تەندروستییەوە لە دو بازگە چەند کاتژمێرک رابگیرێت؟ و بەچی یاسا و ڕێنمایی و بڕیارێک منداڵێکی ساوای تازە لە دایکبو کە مردوە بەڵێننامە بەباوکی پردەکەنەوە بەرامبەر پێدانەوەی تەرمەکەی، لە نێو بەڵێننامەکەدا ئەوەی لێ وەرگیراوە کە نابێت بچێیتە پزیشکی دادی! و لەھەمان کاتدا نابێت بە ھیچ شێوەیەک سکاڵا لەسەر ھۆکاری مردنەکەی تۆمار بکات؟"

هەروەها ئەوەشیان وتوە"ئەم بەڵێننامەیە گومانی تەواو دەخاتە سەر ھۆکاری مردنەکە. وەک پەرلەمانتاران بە شوێن ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەم دۆسیەیە دەبین."

سێ پەرلەمانتارەكە لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەی بەڵێننامەكە، جەختیشیان كردۆتەوە كە "ئەو بەڵێننامەیە نەک بەتاڵە، بەڵكو پێویستە رێکاریی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە ئەم بەڵێننامەیەیان پێ واژوکردوە . پێویستیشە دەستبەجێ ھۆکاری مردنی منداڵەکە ئاشکرا بکرێت."

لەبەرامبەردا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند"لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر دەستبەجێ لێژنەیەکی تایبەتمەند پێکهات و لێکۆڵینەوەکان دەستی پێکرد لەسەر ئەو کەیسەی شارۆچکەی بالیسان لەسەر گیانلەدەستدانی ئەو منداڵە تازەلەدایكبوە."

وتوشیەتی"لە بەدوادچونەکان دەرکەوت کەوا ئەم ئافرەتە دوگیانە کە لە بالیسان هاتبو دواکەوتبو و لەکاتی گەیشتنی بەنەخۆشخانەی ئافرەتان و لەدایكبون دەستبەجێ نەشتەرگەری منداڵبونی بۆ ئەنجامدراوەو منداڵەکە لەدایك بوە، تەندروستی ئافرەتە دوگیانەکە جێگیر بوە و باش بوە بەڵام دەرکەوتوە کە ئەم منداڵە باری تەندروستی ناتەواو بوە و لەیەکەی منداڵە ناکامەکان خەوێندراوە بۆ ئەوەی لەژێر چاودێریدا بێت."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەداخەوە پاش چەند کاتژمێرێك گیانی لەدەستداوە، دەرکەوت کەوا تیمی پزیشکی سەرپەرشتیار هیچ کەمتەرخەمیەکیان نەبوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم حاڵەتە."

هەروەها تەندروستی هەولێر سەبارەت بە بەڵێننامەكەش وتویەتی"هەر بۆ ڕونکردنەوە ئەم فۆڕمە دەدرێت بەهەر خانەوادەیەک ڕەتی بکەنەوە ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ببرێتە پزیشکی دادی."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×