تارکۆڤسکی: (میخائیل ڕۆم) فێری ئەوەی نەکردین چۆن فیلم دروست بکەین، بەڵکو فێری ئەوەی کردین چۆن ڕێزی خۆمان بگرین
  2020-05-10       476       

وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە: هیوا فایەق


دەرهێنەری ڕووسی (ئەندرێ تارگۆڤسکی ۱۹۳۲ ـ ۱۹۸٦ ) کاتێک لەسەرەتای ساڵی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ یەکەمین جار لە ژیانیدا سەردانی شاری لەندەن دەکات، (یان کریستی ۱۹٤٥) پرۆفیسۆری فیلم و مێژووی میدیا لە زانکۆی لەندەن، ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئەنجام دەدات، ئەگەرچی وەڵامەکانی تارکۆڤسکی زۆر کورتە، بەڵام چەند خاڵێکی زۆر گرنگ دەخاتەڕوو، هەر لەبارەی چۆنییەتی کارکردن لە ناو سیستمی حکومڕانی یەکێتی سۆڤێتی جاران، تێگەیشتن لە فیلمەکانی و رەتکردنەوەی ئەو ژانرە سینەماییانەی کە پێوەیبلێکێندراوە، هەتاوەکو قسەکردن لە دروستکردنی سینەماکار و خوێندکارو گاڵتەکردن بە رەخنەگرەکانی و گەڵێک تەوەرەی تریش. بە هیوای خوێندنەوەی و بێگومان داوای لێبوردنیش لە هەر کەموو کوڕییەک دەکەم ئەگەر لە وەڕگێڕانەکەدا هەبێت کە لە ئینگلیزییەوە کردوومە.


یان: ئایا کاردانەوەی فیلمەکانت لەدەرەوەی یەکێتی سۆڤییەت مانای زور هەڵدەگرێت بۆ تۆ؟
تارکۆڤسکی: بێگومان ئەوە بۆ من ئەوپەڕی خۆشحاڵییە کە خەڵکی ڕۆژئاوا دەبینیم حەز بە بینینی فیلمەکانی من دەکەن. بەڵام ئەوەی کە زۆر گرنگترە بۆ من تێڕوانینی خەڵکی ڕووسیایە لەسەر فیلمەکانم، لەبەرئەوەی من لە ووڵاتەکەی خۆمدا کاردەکەم، هەر بۆیە بیروڕای خەڵکەکەی خۆم هەتا بڵێی بۆ من گرنگە.
یان: ئەو پرۆسە ئاساییانە چییە تاوەکو فیلمێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسیدا دروست بکەیت؟
تارکۆڤسکی: من کار بۆ ستۆدیۆی مۆسفیلم دەکەم کە خۆیان هیچ نووسەرێک دانامەزرێنن، بۆیە ئێمەش کۆمیسیۆنێکمان بۆ سینارێو نووسین هەیە. ئەم ستۆدیۆیە ئەو سیناریۆیانەش دەكڕێت کە دەرهێنەرەکانی مۆسفیلم حەزی پێدەکەن. یان هەندێک جاریش سیناریۆکان لەلایەن خودی دەرهێنەرەکانەوە ئامادە دەکرێن، یاخود سینارێستەکان لەسەر داواکاری دەرهێنەرەکان سیناریۆ ئامادە دەکەن. مۆسیفیلم بەسەر چەند لقێکدا دابەشبووە کە پێی دەوترێت "کۆمەڵەی داهێنان" کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر کواڵیتی سینارێوکان دەکرێت: لەدوای ئەوەی کە لایەنی قازانجکردن زۆر بەهەند وەردەگیرێت؛ ئینجا دەست دەکرێت بە قۆناغی بەرهەمهێنان. کاتێک گۆسکینۆ، رێکخراوی سینەما ( وەزارەتی سینەما) بڕیار لەسەر بەرهەمهێنانی سیناریۆیەکی دیاریکراو دەدات، ئەوکاتە بانکی دەوڵەت خۆی بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بڕێک پارەی پێشەکی دەدات و پاشان ئێمەش دەستدەکەین بە ئیشکردن لە قۆناغی سەرەتایی فیلمەکەمان هەر وەک هەموو شوێنیکی دنیا.
مۆسفیلم خۆی سەربە گۆسکینۆیە، بەڵام هەموو ئاسانکارییەک دەکەن و هەرچی پێداویستی بەرهەمهێنانی فیلمش هەیە لەوێ دەستدەکەوێت ، ۆرکشۆپ ، ستۆدیۆ، تاقیگە، ئیتر پێویستت بە هیچ شتێک نابێت کە لە دەرەوە بیکەیت. هەروەها ئەو کاتەی کە بەڕاستی دەستدەکەیت بە فیلمەکە هیچ کۆت و بەندێک لەسەر کات خایاندن نییە وەک ئەوەی لە شوێنەکانی تردا هەیە. پاشان فیلمە تەواو کراوەکە دەدەیتەوە بەو فەرمانگەیەی کە ڕەزامەندی لەسەر بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەربڕیوە.
یەکەمجار لەلایەن لقێکی "کۆمەڵەی داهێنان" ی مۆسۆفیلم گفتووگۆ لەسەرکواڵیتی فیلمەکە دەکرێت، ئەمەش لایەنەکانی نووسەر، دەرهێنەر و هەموو ستاف و تیمە هونەرییەکە دەگرێتەوە. ئا لەوکاتەی کە تۆ فیلمەکە دەنێریت بۆ گۆسکینۆ، ئیتر لەدوای ئەوەوە زۆر درەنگە ئەگەر بتەوێت هەر گۆڕانکارییەک ئەنجام بدەیت، لەوێ پێداچوونەوە بەو کاتیگۆرییە دیاریکراوانەدا دەکەن کە بڕیار وابووە فیلمەکەی لەسەر بونیادبنرێت و ستافەکەش لەبری ئەوە پارەی خۆیان وەرگرتووە، هەر لەوێشدا بڕیار لەسەر ژمارەی کۆپیکرنەکانیشی دەدرێت.
ئان: ئەی ئەو کێشانە چین کە لەم قۆناغەدا دروست دەبێت؟
تارکۆڤسکی: تاکە ڕێگەیەک بۆئەوەی فیلمەکە پیشان نەدرێت ئەوەیە کە بەدحاڵیبوون لەگەڵ فیلمەکەدا دروست ببێت، ئەمە لە کاتێکدا ئەگەر کۆی فیلمەکە بە هۆی خراپی ئاستییەوە پێش ئەوە رەتنەکرابێتەوە کە هیچ هێزێک نییە بتوانێت ڕزگاری بکات. هەندێک جار فیلمەکە بەجۆرێک دەخوێندرێتەوە کە دروستکەرەکانی ئەو شتەیان هەر بە خەیاڵدا نەچووە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی چەلەحانێ و ململانێیەک بەجۆرێک کاردەکاتە سەر لۆجیکی بڵاو بوونەوەی فیلمەکە، بەڵام ئەمە زۆر بەدەگمەن ڕوودەدات. سەبارەت بە كێشەکانی خۆشم، ئەوەیان بەتایبەت لەگەڵ فیلمی (Andrei Roublev) بوو. هەتا ئێستاش تێنەگەیشتم لەوەی بۆ ئاوا ئەو فیلمە درەنگ بڵاو بۆیەوە. ڕەنگە لە چەند ساڵی داهاتوودا مێژوو نووسێکی سینەمای سۆڤێتی هەبێت کە هۆکارەکەی بدۆزێتەوە. من واتێدەگەم کە زۆربەی ئەو کێشانە بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێتەوە کە بەشداربوون لە بڕیاردان لەسەر بڵاو کردنەوەی فیلمەکە، چونکە دەترسان.
یان: ئایا تا چەند مومکینە فیلمێک بە بوودجەیەکی کەم دروست بکرێت و ئامانجیشی ئەوەنەبێت بە شێوەکی فراوان بڵاو بێتەوە؟
تارکۆڤسگی: لای ئێمە پەیوەندیەکی بەتین لە نێوان قەبارەی بوودجەی فیلمەکە و بڵاوبوونەوەیدا نییە. فیلمی وا هەیە پارەیەکی زەبەلاحی بۆ سەرفکراوە و زۆر بە زەحمەتیش کەسێک دەدۆزیتەوە کە بینیبێتی، لە بەرامبەردا فیلمی واش هەبووە بە تێچوویەکی زۆر کەم بە شێوەیەکی بەرچاو خۆی سەلماندوەو ناوبانگی پەیداکردووە. ئەمە وەک ئەو پەیوەندییە نییە کە لە نێوان بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەدا لای ئێوە هەیە. لەبەرئەوەی هەموو شتێک لەدەستی دەوڵەتدایە، ئەو زەرەرەی کە لە فیلمە زۆر تێچووەکاندا کراوە، ئەوا بەو قازانجەی فیلمە قۆڕەکان کردویانە هاوتا دەکرێتەوە. کەواتە هەروەک دەیبینیت، ئەوە فرسەتێکی زۆر گەورەیە کاتێك بە تەنها یەک فەرمانگە دەبێتە خاوەنی فیلمەکان.
یان: هەردوو فیلمی ( Andrei Roublev و Solaris) وەک دوو ژانری جیاواز لە ژانرە باوەکانی سینەمای سۆڤێتی تەماشا دەکرێت، مێژوویی تابلۆ گەچییەکان لەگەڵ درامای خەیاڵە زانستییەکان. ئایا ئامانجی تۆ ئەوەبوو دژی ئەم پێشبینییە باوانە کاربکەیت کە ئەم ژانرانە لەگەڵ خۆیاندا هەڵیانگرتووە؟
تارکۆڤسکی: من باوەڕم وانییە سینەما ژانری هەبێت، سینەما خودی خۆی ژانرە، ئەوکاتەی کەدەستمانکرد بە قسەکردن لە بارەی ژانرەوە، ئەوە مانای وایە ئێمە وەک کۆمپانیایەکی بازرگانی مامەڵە لەگەڵ سینەمادا دەکەین. بەڵام سینەما خۆی هونەرێکی باڵایە، زۆر بە قووڵی هونەری شیعرە، بۆیە پێویست بەوە ناکات بەو کڵێشە دروستکردنانە توانای سینەما هەتک بکەین. زۆربەی فیلمسازەکان هەموو حەقیقەتەکە لەوەدا کورتدەکەنەوە کە سینەما بە تەواوی پشت بە پارە دەبەستێت. سینەما تاکە هونەرێکە کە سەرچاوەی بازاڕکردنی خۆی هەیە، بەڵام هەندێک شاکار هەیە لە مێژوویەکی گەلێک کورتدا توانیوێتی تواناکانی خۆی زۆر لەوە زیاتر بسەلمێنێت. ئەوکاتەی خەریکی دروست کردنی فیلمی Andrei Roublev بووم، بیرم لەوە نەکردبۆوە کە ئەمە فیلمێکی مێژووی بێت، هەمانشتیش بۆ فیلمی Solaris کە خەیاڵی زانستی نەبوو. هەرچەندە هەستەکەم فیلمی Solaris کەمترین سەرکەوتنی لەناو فیلمەکانی ترمدا بەدەست هێنا چونکە نەمتوانی بەتەواوی باوەڕ بە ڕێکخراوی خەیاڵی زانستی بهێنم. ستانیسواف لێم ( نووسەری رۆمانەکە) کە سکرێپتەکەی بینی نیگەران بوو، هەڕەشەی ئەوەیکرد کە ڕەزامەندی خۆی لەسەر فیلمەکە دەکێشێتەوە، لەبەرئەوە ئێمەش هاتین سکرێپتێکی ترمان ئامادەکرد و ئومێدەواربووم کە بتوانین لەکاتی وێنەگرتندا بە ئارامی بیگۆڕن، بەڵام سەرکەوتوو نەبووین.
یان: تۆ پێش ئەوەی ببیتە سینەماکار، هەندێک حەز و ئارەزووی ترت هەبووە، ڕۆشتویتەتە خوێندنگەی میوزیک، وێنەکێشان و زمانی عەرەبیت خوێندوە، هەروەها بۆ کنەکردن لە سیبریا، هەموو ئەمانە پێش ئەوەی بچیتە پەیمانگای سینەماتۆگرافی گراسیمۆڤ VGIK. تۆ چیت دەویست تاوەکو ببیتە دەرهێنەر .
تارکۆڤسکی: تۆ ناتوانیت بڕیار لەوە بدەیت کە ببیت بە دەرهێنەر. دەبێت خۆتت تیا دۆزیبێتەوە. ئەگەر من مامۆستا بومایە لە خوێندنگەیەکی سینەمایی، کارێکم دەکرد تاوەکو هەموو خوێندکارەکانم لەو هەوڵە دووربخستایەتەوە کە ببن بە دەرهێنەر. کەس نازانێت تاقیگە و هەوڵدان خۆیان بەشدارن لەوەدا: کاری ڕاستەقینەی دەرهێنەر ئەوە نییە لەسەر سێت لەگەڵ کاستی ئیشەکەدا بێت؛ ئەمە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو کارە ناوەکییانەدا نییە کە شاعیر و ئاوەزدانەراکان پێی هەڵدەستن. بەڵام ئەوەی ئێستا من دەیڵێم زۆر دوورە لە دیمەنە باوەی کە هەیە.
یان: چیت بەدەست هێنا کاتێک کە شەش ساڵ خوێندنکاری میخائیل رۆم بوویت لە VGIK؟
تارکۆڤسکی: یەکێک لە پادشاکانی فەرەنسا، پێدەچێت دۆمێنیکی پازدەهەم بووبێت، ووتی من هەموو شتێک دەکەم تاوەکو بەربەست بۆ هیچ شتێک دروست نەبێت. میخائیل ڕۆم هەموو ئەوەی کە لە توانایدا بوو لەگەڵ هەر یەکێک لە ئێمە کردی تاوەکو بمانپارێزێت. مامۆستایەکی بێ وێنە بوو ئا بەم شێوەیە: ئەو فێری کارەکەی خۆمانی نەدەکردین، چونکە ئێمە هەموومان ئەوکاتەی کەدەستماندەکرد بە ئیش دەمانتوانی فێری ئەوە ببین. هەرکەسێک بیەوێت من دەتوانم لە سێ مانگدا کاری دەرهێنانی فێربکەم، بەڵام ئەوە ناتوانێت بیکات بە هونەرمەند. میخائیل ڕۆم فێری ئەوەی کردین چۆن ڕێزی خۆمان بگرین. بەلای منەوە ئەو یەکێکە لەنایابترینی مامۆستاکان.
( لێرەدا تارکۆڤسکی لەبارەی میتۆدی خۆی و شێوازی کارکردنی لەگەڵ بەشداربوواندا دەدوا، دەربارەی چۆنییەتی پەیوەندی دروستکردن، لە پێش دوا نمایشی فیلمی Mirror )
یان: تۆ وا باسی فیلمی Mirror کردوە کە چیرۆکێکە لەلایەن پیاوێکی زۆر نەخۆشەوە دەگێڕدرێتەوە، بە بۆچوونی تۆ ئەمە تا چەند کاریگەری لەسەر بینەر دروست دەکات تاوەکو لە فیلمەکە تێبگات؟
تارکۆڤسکی: خەڵک لە کاتی جیاوازدا گەلێک پرسیاری جیدی لەخۆی دەکات، بە تایبەتی لەو کاتانەی کە ڕووبەڕوی مەرگ دەبێتەوە. لۆژیکی یادەوەری پاڵەوانەکەمان لەو ساتەوەختەدایە کە هەموو شتەکان ڕوودەدەن. پاشان دەرکەوتنی ئەو هۆکارانەی لە پشت ئەو یادەوەریانەوە هەیە. هەر بۆیە ئێمەش پێویستمان بەوە بوو پاڵەوانەکەمان لەو ساتەوەختەدا پیشان بدەین کە نەخۆشییەکی مەترسیداری هەیە. خۆ ئەگەر ئەو لە تەندروستییەکی باش و پڕ خۆشبەختیدا بوایە، ئەوا ئەو کاتە هەندێک شتی جیاوازی بەڕێگەی جیاواز بیردەکەوتەوە. بەڵام من دەمەوێت ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم فیلمە بەم شێوازە ووشک و هۆکارە دراماتیکیانە دروست نەکراوە. ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە پاڵەوانەکەمان لە بارۆدۆخێکی تا ئەوپەڕی دەروونیدا ببینین، تاوەکو ئەو هەستەمان لادروست نەبێت کە نەخۆشییەکەی هەر هەمووی بەڕێکەوت بووە. ئەمەش جۆرێکە لەو نەخۆشییانەی کە نازانین ئاخۆ ئەگەری ڕزگاربوونی هەیە یان نیەتی. ئەگەرچی ئەمە هیچ گرنگییەکی بۆ مانای فیلمەکە نییە... بێگومان ئەگەر فیلمەکە خۆی مانایەکی هەبێت!
(لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە بینەران دەیکەن سەبارەت بەو لێکدانەوە وەرگیراوانەی بۆ فیلمەکانی دەکرێت و پاشان ئەو قسانەی کە گوایە کار لەسەر ئامادەکردنی بەرهەمێکی دیستیۆڤیسکی لە ئارادایە)
تارکۆڤسکی: ئامانجی من ئەوەیە کە جیهانێکی تایبەت بە خۆم دروست بکەم، ئەو وێنانەشی کەدروستی دەکەین هیچ مانایەکی تر نابەخشن جگە لەوەی زیاتر خۆیانن. ئێمە بیرمان چۆتەوە کەچۆن لەڕووی سۆزدارییەوە پەیوەست بین بە هونەرەوە: ئێمە وەک مۆنتێرەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکەین، بەشوێن ئەوەدا دەگەڕێین ئاخۆ هونەرمەندەکە چ شتێکی لە ئێمە شاردبێتەوە. لەڕاستیدا ئەمە خۆی زۆر لەو شتانە ئاسانترە، ئەگینا هونەر هیچ مانایەکی نەدەبوو.
دەبێت وەکو منداڵ وابیت ـ هەر بەو بۆنەیەوە منداڵەکان زۆر بەباشی لە فیلمەکانم تێدەگەن بەجۆرێک تا ئێستاش رەخنەگرێکی جیدیم نەدییوە بە ووریاییەوە ڕووبەڕوی ئەو منداڵانە بێتەوە. ئێمە وادەزانین کە هونەر داوای مەعریفەیەکی تایبەت دەکات؛ ئێمەش داوای مانابەخشینی زۆر بەرزمان لە نووسەر هەیە، بەڵام ئیشکردن دەبێت راستەخۆ کار بکاتە سەر قوڵایی دڵمان ئەگینا بەهیچ جۆرێک مانا بەخش نابێت.
من نامەوێت فیلمەکانم وەک دونیایەکی گریمانکراو وەسف بکرێت: قسە لەبارەی شتێکەوە دەکەن کە بێزارم دەکات، ئەگەر کارەکانم مەجازی بن، ئەوە من خوازیاری ئەوە نیم، لێرەدا هیچ پاڵنەرێکی شاراوە نییە تاوەکو مانای شاراوە هەڵبماڵێت. من لە مۆسکۆ زۆرجار لەگەڵ بینەرەکان کۆدەبمەوە و خووشم بەوەوە گرتووە کە بکەوەمە شەڕەوە لەگەڵیاندا تا وایان لێبکەم ببنەوە بە منداڵ، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی سەرکەتوو نابم.
من ئێستا خەریکی نووسینی سیناریۆیەکم لە رۆمانی (گەمژە) وە وەرگیراوە بەڵام کارێکی زۆر قورسە.
زۆر شتیش هەیە لکێندراوە بە دیستیۆڤیسکییەوە بەڵام هیچیان راست نین. بۆ نموونە، خەڵک لە هەموو شوێنێک و هەتا لە مۆسکۆش باوەڕیان وایە ئەو نووسەرێکی ئایینیە. بەڵام پێناچێت ئەوان ئاگاداربووبن لەوەی کە ئەو ئاییندار نەبوو، هەر وەک کەسێک کە بۆ یەکەم جار گوزارشتی لە درامای مرۆڤ کرد بێت، مرۆڤێک کە هەموو بنەماکانی ئایینی لەلا پووکابووبێتەوە.
ئەو مامەڵە لەگەڵ تراژیدیای وونبوونی رۆحدا دەکات. هەموو پاڵەوانەکانی خەڵکانێکن دەیانەوێت باوەڕ بهێنن بەڵام ناتوانن، بەلای منەوە ئەم گرنگی پێدانە بەو بۆشاییە رۆحی و قەیرانە ئایین دارییەوە ئەو گرنگییە گەورەیەی رۆژئاوامان بە دیستیۆڤیسکی بۆ ڕووندەکاتەوە.
ئەو هەرگیز نەیوستووە بە راستەخۆ باسی ئەوە بکات. بەڵام بە درێژایی ژیانی بەو ئازارەوە تلاوەتەوە کە نەیتوانیوە باوەڕ بهێنێت. ئەو هەمیشە وەک باوەڕدارێک خۆی پیشان داوە، بەڵام نەیتوانیوە لەبەردەمی کەسدا دان بەوەدا بنێت، وای داناوە کە بۆ ئەو ناگونجێت بەو کارە هەستێت. ئەمە ئەو تێڕوانینەیە کە دەمەوێت بۆ شازادە میشکین کاری لەسەر بکەم.
(لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەیە سەبارەت بە یەکەمین بەریەککەوتنی عاتیفی بەرامبەر بە فیلمەکانی)
تارکۆڤسکی: ئەوەی گرنگە بەلای منەوە ئەوەیە کە پێویستە ئەو هەستکردنە خۆشە بۆ فیلمەکانم جیهانی بێت. وێنەی هونەری توانای ئەوەی هەیە هەستپێکردنی لێکچووی بینەران ببزوێنێت، ئەمەش لە کاتێکدا ئەو بیرکردنەوانەی لەدوایدا دێن رەنگە زۆر جیاواز بێت.
ئەگەر لەسەرەتادا و ئەو کاتەی سەیری فیلمەکە دەکەیت دەستتکرد بەگەڕان بەدوای مانادا، ئەوا زۆرێک لەو شتانەی ڕوودەدەن وونی دەکەیت.
نموونەیی ترین بینەر ئەو کەسەیە بەو جۆرە سەیری فیلم دەکات هەر وەک گەشتیارێک بە ووڵاتێکدا تێپەڕ دەبێت و لێیدەڕوانێت؛ چونکە کاریگەری وێنەی هونەری جۆرێکی دیکەی پەیوەندیکردنە لەدەرەوەی عەقڵ.
هەندێک هونەرمەند هەیە مانای سیمبۆڵی بە وێنەکانیانەوە هاوپێچ دەکەن، بەڵام ئەمە بۆ من کاری نەکردەیە. شاعیرەکانی (زێن) زۆر باش مامەڵەیان لەگەڵ ئەمەدا کردووە: کاریان لەسەر سڕینەوەی هەموو توانایەکی ڕاڤەکردن کردووە، هەروەها لەم پرۆسێسەدا هاوتەریب هاوسەنگییان لەنیوان جیهانی راستەقینە و ئەو دنیایەی کە هونەرمەندەکە دەیخوڵقێنێت دروستکردووە.
ئەی پاشان ئامانجی ئەم چالاکییە چییە؟ بۆ من ئامانجی هونەر ئامادەکردنی ڕۆحی مرۆڤایەتییە بۆ هەستی چاکەکردن. ڕۆح لەژێر کاریگەری وێنەی هونەریدا خۆی دەکاتەوە، لەبەرئەوە ئێمە دەڵێین ئەمە یارمەتیمان دەدات بۆ پەیوەندیکردن ـ بەڵام ئەمە پەیوەندییەکی باڵایە بە مانای ووشە. من ناچێت بە عەقڵمدا کاری هونەری وا لە خەڵک بکات کاری خراپ بکات. لێرەدا ناتوانین قسە دەربارەی هونەر بکەین کە پەیوندی بە فیلمێکی وەک (The Exterminator) هەیە.
ئامانجی من ئەوەیە هەتا بتوانم فیلمێک دروست بکەم کە یارمەتی خەڵک بدات بژی، تەنانەت ئەگەر هەندێک جاریش ببێتە هۆی دڵتەنگی ـ مەبەستیشم لەو جۆرە فرمێسکە نییە کە Kramer vs Kramer بەرهەمی دەهێنێت. رەنگە تێبینی ئەوەت کردبێت کە تا فرمێسکە بێ ماناکانی خەڵک لەکاتی فیلمەکدا زیاتر بێت، هۆکارە قووڵەکانی پشت فرمێسکەکان زیاتر دەبێت.
من قسە دەربارەی هەست و سۆز ناکەم، بەڵکو دەربارەی هونەرێک کە توانای ڕۆچوونی بە ڕۆحی مرۆڤایەتیدا هەیە و مرۆڤ بە جێدەهێڵێت تا بەرگری لەو شتە نەکات کە دژی چاکەکردنە.
( ئایا تا چەند بە داخە کە فیلمسازان رەنگ و ڕەش و سپی تێکەڵ بە فیلمەکانیان ناکەن؟)
من هیچ دەرهێنەرێک ناناسم ئەمڕۆ بە ڕەش و سپی فیلمەکەی دروست بکات. بینەران حەز بە فیلمی ڕەنگاو ڕەنگ دەکەن، بەڵام من باوەڕموایە کە ڕەنگ کەمتر ڕیالیستیک ترە لە ڕەش و سپی، چونکە ئێمە لە ژیانماندا بەئاسایی بیر لە ڕەنگ ناکەینەوە. بەڵام لە سینەمادا بینەر یەکسەر سەرنجی ئەوە دەدات کە فیلمەکە ڕەنگاو ڕەنگە، ئەمەش هەتاوەکو چ مەودایەک، سروشتی تەقلیدی/ کلاسیکی فیلمی رەنگ دەشارێتەوە.
بۆ من ڕەش و سپی شتێکە لەبیرناچێتەوە و کواڵیتێکەشی زۆر مانا بەخشە. بەردەوام دەبم لە دروستکردنی ئەو فیلمانەی کە ڕەش و سپی زۆر تێدا بەکار بهێنم. من لەو باوەڕەدام رۆژێک سینەما بگەڕێتەوە بۆ ڕەش و سپی، ئەمە ئەگەر سینەما بە تەواوی بمێنێتەوە.
یان: زیاتر بە چ دەرهێنەرێکی سۆڤێتی سەرسامیت؟
تارکۆڤسکی: بەلای منەوە Georgian Ioseliani و Sergo Paradjanov باشترین دەرهێنەری سۆڤێتین، دەشمەوێت ناوی سێهەم بهێنم، ئەویش دەرهێنەری لینینگرادی Aleksey German دەرهێنەری فیلمی (بیست ڕۆژ بەبێ شەڕ).

 

سەرچاوە: Framework: The Journal of Cinema and Media, No. 14 (SPRING 1981), pp. 48-49


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×