هیومان رایتس ۆوچ: دەبێت حكومەت و پەرلەمانی عێراق ئەولەیەت بە دەركردنی یاساكانی مافی مرۆڤ بدەن
  2020-05-14       279       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند: دەبێت حكومەت و پەرلەمانی عێراق چەند یاسایەك بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕییە سەرەكییەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لە سیستمی یاسایی عێراقدا دەربكەن و رێكاریش بۆ كەمكردنەوەی مەترسی كۆرۆنا لەسەر زیندانییەكان بگرنەبەر. دەشڵێت: لەگەڵ پێكهینانی حكومەتی نوێی عیراقدا، ئێستا دەكرێت پەرلەمان سەرنجی لەسەر چاكسازیییە تەشریعییەكان بێت.

ئاوێنە: هیومان رایتس ۆوچ، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راپۆرتێكدا، چوار بواری سەرەكی پێشێلی مافەكانی مرۆڤی لە عێراق دیاری كردوە كە حكومەت و خولەكانی پێشوی پەرلەمان، لەوبارەیەوە پڕۆژە یاساو پێشنیاریان بۆ پێداوچونەوە ئامادەكردون بەڵام دەنگیان لەسەر نەدراوە.

وتوشیەتی: لەگەڵ ئەوەش چەند بوارێكی زیاتر هەن كە پێویستیان بە چاكسازیی تەشریعی هەیە تا یاسا عێراقییەكان هاوشانی بنەما نێودەوڵەتییەكان رێبكەن، بەڵام ئەو پڕۆژە یاسایانەی لەو چوار بوارەدا خراونەتەڕو  پەیوەستن بە مافی دەستگیركراوان لە دەستڕاگەیشتن بە نوێنەریی یاساییدا، ئەشكەنجەدان، بێسەروشوێنكردن و توندوتیژی خێزانی.

هیومان رایتس ۆوچ ئاماژەی بەوەداوە كە عێراق پێی ناوەتە قۆناغێكی نوێ و شەڕی داعش بەگشتی كۆتایی هاتوەو دەبێت حكومەت ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ سەرنج خستنەسەر پاراستنی مافە بنەڕەتییەكانی هاوڵاتیانی عێراق و یاسا عێراقییەكان وا لێبكات لەگەڵ پێودانگە نێودەوڵەتییەكاندا بێنەوە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە یەكێك لەو هەمورانەی كە لە پەرلەمانی عێراق لە ساڵی 2018 خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە، هەمواری یاسای پارێزەرایەتی ساڵی 1965ە، رێكخراوەكە داوای كردوە، ئەو هەموارە خوێندنەوەی دوەمی بۆ بكرێت و هەوڵی تێپەڕاندنی بدرێت كە هیچ بودجەیەكی تێناچێت.

هەر بە گوێرەی راپۆرتەكە لە ساڵی 2017 ژمارەیەك پەرلەمانتار پڕۆژە یاسایەكیان ئامادەكردوە بۆ نەهێشتنی ئەشكەنجەدان و بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە، دادوەر دەبێت لەماوەی 24 سەعاتدا، فەرمانی ئەنجامدانی پشكنین بۆ هەر دەستگیركراوێك دەربكات، كە بانگەشەی ئەوە بكا ئەشكەنجە دراوەو هەروەها پڕۆژە یاساكە سزا بەسەر ئەو كەسانەدا دەسەپێنێت كە هەڵدەستن بە ئەشكەنجەدانی هەر كەسێك لەكاتی دەستگیركردنیدا.

هیومان رایتس ۆوچ وتویەتی: دەنگدان لەسەر ئەم یاسایە هاوكار دەبێت لە چارەسەركردنی ئەو بەكارهێنانەی بەرفراوانەی ئەشكەنجەدان كە لە عێراق هبەكاردەهێنرێت بۆ ناچاركردنی دەستگیركراوان بە دانپێدانان و داواشی لە حكومەت كردوە ئەو پڕۆژە یاسایە رەوانەی پەرلەمان بكات بۆ گفتوگۆكرن لەسەری.

هەروەها رێكخراوەكە داوای لە حكومەتی عێراق كردوە كە رێكار بگرێتەبەر بۆ كەمكردنەوەی ژمارەی زیندانییەكان لە هەر زیندانێكدا كە زۆر قەرەباڵغن بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

هەروەك بەپێی راپۆرتەكە یەكێك دیكە لە پڕۆژە یاساكان بریتییە لە پارێزگاریكردنی هاوڵاتیان لە بێسەروشوێنكردن كە بەگوێرەی كۆمسیۆنی كاروباری بێسەروشوێنكراوان سەربە نەتەوە یەكگرتوەكان، ژمارەی بێسەروشوێنكراوان لەنێوان 250 هەزار بۆ یەك ملیۆن دایە لە عێراق.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە دەبێت حكومەت پێداچونەوەكانی بۆ پڕۆژە یاسای نەهێشتنی توندوتیژی خێزانی تەواو بكات و پێشكەشی پەرلەمانی بكاتەوە.

رێكخراوەكە وتویەتی: لەم ساڵانەی دواییدا، پرسی ئاسایش لە عێراق هەژمونی بەسەر ئەجێندا تەشریعی و حكومییەكانەوە هەبوە، بەڵام لە سایەی ئەم حكومەتە نوێیەوە، دەبێت ئەولەویەت بدرێت بە مافەكانی مرۆڤ.

زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×