پەلکەڕەنگینەی ناو وێرانە ڕەنگپەڕیوەکان
  2019-04-04       991       

نزار سابیر

 

لەم بەهارە تەڕە باراناويیەی سلێماني‌دا بەختم هێنای (کاری یاسین عومەر ڕاست بێ) بەسەر پێشانگەیەکی شێوەکاري‌ی زۆر پایزانەدا کەوتم. 
لەناو یەکێک لە هۆڵە چۆڵە شێلماناوي‌یەکانی ناو داروپەردووی زل و پانوپۆڕی بەجێماوی کارگەی جگەرە کۆنەکەی سلێماني‌دا، کە وەک وێرانە ئاشستانێکی لەکارکەوتوو لە بەهاری بە هەمان شیوە تەڕی ساڵێ ١٩٩١ەوە بێدەنگانە چیرۆکی نائومێدانەی ڕاپەڕینێکی شکستخواردوو دەگێڕێتەوە، شێوەکارێکی گەنجی باریکەلەی ماندوو، خاکي و کەمدوو، بەڵام ئازا و زیندوو، بە تابلۆ گەورە و بەهەیبەتەکانی سەرسامت دەکا. هەر زوو تابلۆ دیوارئاساکان، کە بە گەورەیي و پاني‌یە ئاسۆیي‌یەکانیان وەک پانۆرامایەک دەورت دەدەن، سەرنجیان هەڵلووشیم، تا لە دوایي‌دا بە نیگا متەکانیان دڵیان پڕکردم. هونەر چي‌یە جگە لە چڕکردنەوەی لەهزە ئاتیفي‌یەکان؟
(هەڵوەرین) ناونیشانی ئەلبوومی ئەم کارانەی سوفیان جەلالە، کە دەرچووی ساڵێ ٢٠١٦ی کۆلێژی هونەرە لە سلێماني و ئەمەش یەکەم پێشانگەیەتی.
هەڵوەرین بە گشتي وێرانەیە، وێرانەیەکی بە هونەر لەسەر کانڤاس ڕاکشاوی بە دیوارەوە هەڵواسراو: گۆمی قەوزەگرتوو، خۆڵوخاشاکستانی سەرانسەرگرتوو، پووش و پاوانی گڕتێبەربوو، خەلەوخەرمانی دووکەڵخواردوو، خاکی دێمی شەقتێکەوتوو، گۆمی وشکەوەبوو، شاری بە جەنگ کاولبوو، بارەداری هەڵچنراوی دارستان نەهێشتوو، ئاسمانی تەم داگرتوو، باڵندەی ماڵ لێ تێکچوو، مرۆڤی لە خۆڵ وشکاني‌دا ونبوو. من پێش ئەوەی (هەڵوەرین) بناسم، بیرم بۆ (وێرانە خاک – waste land)ەکەی تی ئێس ئێلیوت دەچوو وەک ناو بۆ ئەو دەستە تابلۆیە.
لە پشت وێرانەکانی سوفیانەوە خەمێکی ئینساني وەستاوە؛ خەمی لەدەستدانی شوێن بۆ ژیان؛ خەمی کوشتنی ژیان و جیهان و ئینسان بە دەستی ئینسان. ئەم تابلۆیانە هاوارن؛ هاوارن بۆ هەناسە لەدەست خنکان؛ بۆ بای پاک و ئاسمانی شین و ئاوی سازگار و دەشت و دەری کەسک و گوڵی سوور و شاری ئاوەدان؛ هاوار و هەسرەتێکن، گۆران گوتەني، بۆ "سەوزایي دەوروپشت و بۆ ئاسمان، بۆ شاخی بەرز، خانووی تازە، دنیای جوان" . هاواریش بە تەبیعەتی خۆی دەربڕینی ترسە لە باری ئەوپەڕی‌دا؛ هێنانەبەرچاوی ئەوپەڕە؛ تاریکبیني‌یە؛ ترسی هاوارکردوو هەمیشە بڕێک زێدەڕۆیي هەڵدەگرێ بۆ ڕێگرتن لە گەیشتن بە وێنە هەتا بڵێێ تاریکەکان. بۆیە تابلۆکانی هەڵوەرین هەتا بڵێی ماتن ، هەتا بڵێی دڵتەنگن، هەتا بڵێی بێڕەنگ و ڕەنگزەردن. هەر بۆیە، لە چەند جێگەیەکی زۆر کەمدا نەبێ، کە ڕەنگی زەرد و سوور هەستی وشکاني و ئاگر و گەرما تێردەکەن، لە هەموو تابلۆکانی هەڵوەریندا، هەروەک دارودیوارەکانی کارگەی جگەرەکە خۆی، ڕەنگە سەرەکي‌یەکان (کەسک و شین و زەرد و سوور) بە گشتي ونن. بە هەمان شێوە لە تابلۆکاندا، هەروەک بینا چۆڵەکانی کارگەی جگەرەکە، بە دەگمەن نەبێ، مرۆڤ نابینی. ئەوانەشی دەیانبینی وەک وێرانەکانی دەوروبەریان وێرانن. وەک بڵێی کارگەی جگەرەکە خۆی بەشێک بێ لە پێشانگەکە، یاخۆ پێشانگەکە لەنێو چیرۆکەکانی‌دا چیرۆکی کارگەی جگەرەکەش بگێڕێتەوە.
ڕەنگوڕووی تابلۆکانی هەڵوەرین پتر بە لای کارە "تێکەندییەکانی" (ئیمپریسیۆنیستەکانی) دەورانی نێوان سەدەی ١٩ و ٢٠دا دەچێ، ئەگەرچي بە پێچەوانەی ئەوانەوە ئەمانەی سوفیان لەناو ژووردا کراون و کەرەستەی تێکەڵی بەکارهێناون. ناوەڕۆکی تابلۆکانیشی نوێ نییە. ترس لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی پەرەسەندنی شارستانێتي خەمێکی بەردەوام ئامادەیە. ئاراستەی خەمەکانی سوفیان پتر لەوانەی هونەرمەندە ڕۆمانتیکەکانی سەردەمی بەرپابوونی شۆڕشی پیشەسازي‌ی ئەوروپا دەچێ. خەمی ئەمڕۆی کۆمەڵگە تەکنەلۆژي‌یە پێشکەوتووەکان چیدي خەمی لەدەستدانی ژینگە نییە بۆ ژیانی مرۆڤ، بەڵکو خەمی لەدەستدانی مرۆڤ خۆیەتی بە دەستی ئامێرۆڤەکان (ئامێر + مرۆڤ). کاتێک ئامێرەکان هەموو کارێک ڕاپەڕێنن و زیرەکانە خۆیشیان بیربکەنەوە و پلان دابنێن و بگرە هونەریش بنوێنن، چي بەسەر ئەو ئاپۆڕا لەکارکەوتووەی بەشەردا دێ، کە لە کۆتایي‌دا هیچ شتێکی لە دەست نایە باشتر بێ لەوەی ئامێرۆڤەکان؟ چۆن ئوتومبێل ڕۆژی کەر و ئەسپی تەواو کرد، ئامێرۆڤەکانیش ڕۆژی ئێمەی مرۆڤ تەواو ناکەن؟
بەڵام سوفیان کوڕی سەردەم و ناوچەی خۆیەتی. لەو ڕووبەرە جوگرافییەی سوفیاندا، کە لە کاروانی سەناعەت و تەکنەلۆژیا بەجێماوە، هێشتا شار زبڵستان بەرهەم دەهێنێ، هێشتا پەرەسەندنی شێواوی شارستان گوندی چۆڵکراو و خاکی ڕووزەرد بەرهەم دەهێنێ، هێشتا ململانێی ساویلکانەی تیرە و تایەفە و دین و نەتەوەکان بە تەکنەلۆژیای کڕراو لە وڵاتە پێشکەوتووەکان شار و شاروچکەی کاول و وێران بەرهەم دەهێنێ، هێشتا سیستەمی ناهەقانەی بەڕێوەبردن ژن و منداڵی دوای زبڵکەوتوو بەرهەم دەهێنێ. ساڵانە پوووش و پاوان گڕ دەگرن و چەم و چۆمەکان وشک دەکەن. ناوەڕۆکە ڕۆمانتیکەکانی سوفیان و ڕەنگوڕووە ئیمپریسیۆنیستانەکانی، ناوەڕۆک و ڕەنگوڕووی ڕەسەنن؛ ڕەسەنن بە خەم و خەیاڵی سوفیان خۆیەوە و بەو پووش و کا و توێکڵ و گڵ و چڵەدارانەی سوفیان لە دەوروبەری خۆی کۆیکردوونەتەوە و داهێنەرانە وێرانە_وێنەکانی پێ چنیون. لە یەکێک لە تابلۆکانەوە مەڵۆ پووشەکان وەختە خل ببنە خوارەوە بۆ بەردەمی تەماشاکەر.
سوفیان بە وشکە ڕەنگی گڕ و پووش و خۆڵەمێش پەلکەڕەنگینەیەکی تەڕ لە خەیاڵدا دروست دەکا. دەڵێ: وەرزێکی تەڕی هونەري لەو ژینگە سیاسي‌یە وشک و زڕەی کوردستاندا بەڕێوەیە.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×