فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر واشنتۆن سوپاكه‌یان بخاته لیستی تیرۆره‌وه ئه‌وا سوپای ئه‌مریكا له رۆژئاوای ئاسیا ئارامی
به‌خۆیه‌وه نابینێت.
ئاوێنه: به‌پێی ماڵپه‌ڕی ره‌سمی سوپای پاسدارانی ئێران، محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری،
فه‌رمانده‌ی گشتی سوپاه‌كه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه ده‌كه‌ن كه
ئه‌مریكا به‌نیازه سوپای پاسداران بخاته لیستی تیرۆره‌وه، رایگه‌یاند"ئه‌گه‌ر
ئه‌مریكا گه‌مژه‌ییه‌كی وا بنوێنێت، سوپا و هێزه ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته له‌ناوچه‌كانی
رۆژئاوای ئاسیا، چیدی ئه‌و ئارامییه به‌خۆیانه‌وه نابینن كه ئه‌مڕۆكه هه‌یانه."
له‌وه‌ڵامی پرسیارێكدا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه كاردانه‌وه‌ی سوپاكه‌ی له‌به‌رامبه‌ر
هه‌نگاوێكی وه‌های ئه‌مریكییه‌كاندا چی ده‌بێت؟ محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری
وتی"ئه‌گه‌ر ئه‌مریكییه‌كان ده‌ست بۆ كارێكی گه‌مژانه‌ی وا به‌رن و ئاسایشی
نه‌ته‌وه‌یی ئێمه بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه، به‌پێی سیاسه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی
ئێران هه‌نگاوی هاوشێوه‌مان دژ به سوپای ئه‌مریكا له‌ڕوی كرده‌یی و به‌رنامه‌وه
ده‌بێت."
لێدوانه‌كه‌ی جه‌عفه‌ری دوای ئه‌وه دێت كه دوێنێ شه‌ممه ئاژانسی رۆیته‌رز
له‌زاری سێ به‌رپرسی ئه‌مریكییه‌وه بڵاویكرده‌وه كه واشنتۆن ده‌یه‌وێت سوپای
پاسدارانی ئێران بخاته لیستی تیرۆره‌وه.
پێشتر ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا چه‌ند دامه‌زراوه‌یه‌ك و كه‌سایه‌تی
نێو سوپای پاسدارانی خستۆته لیستی تیرۆره‌وه ، به‌ڵام خودی سوپاكه‌ی نه‌خستۆته
لیستی تیرۆره‌وه.