2019-04-16   1564     
د. عەلی قەرەداغی
بهبۆچونی د. عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیھانی زانایانی موسڵمان، بەھاری عەرەبی نەمردووەو زیندووە. ناوبراو دهڵێت، گەلانی جیھانی عەرەبیو ئیسلامی دەتوانن لهرێگاری خۆپیشاندانهوه ئیسڵاحی نیزامی سیاسی خۆیان بکەن.
ئاوێنه: د. عەلی قەرەداغی لەدیمانەیەکی ئاژانسی ئانادۆڵدا باس لەدۆخی ئێستای جیھانی ئیسلامیو خۆپیشاندانو گۆڕانکارییەکانی بەشێک لەوڵاتانی عەرەبی دەکاتو رونیكردۆتهوه، "بەھاری عەرەبی نەمردووەو زیندووە، وەک لەجەزائر لەم ماوەیەی رابردودا رویدا ھەروەھا لەسودان ئەوەی رویدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەی گەل تا ئێستاش ھێزو توانای خۆی ھەیەو دەتوانێت بە ئاشکرا داواکاری خۆی بکات بۆ گۆڕانکاریی بەرەو باشە".
راشیگهیاندووه، "ئێمە وەک یەکێتیی زانایانی جیھانی موسڵمان وا دەزانین ئەم قۆناغە قۆناغی لەدایکبونەوەی گەلەو پشت بەخودا زۆری پێناچێت جیھانی ئیسلامی دەتوانێت ئیسڵاحی نیزامی سیاسی خۆی بکات لەرێگەی سیاسیو ھەڵبژاردنەوە یان لەرێگەی ھێزو خۆپیشاندانو شۆڕشی جەماوەرەوە بێت، وا دەزانم کە میسرو شوێنەکانی تریش بەمزووانە زۆری پێناچێتو جیھانی ئیسلامیو شوێنەکانی تریش جارێکی تر ھەڵدەستنەوەو دەتوانن کاری خۆیان بکەن".
قەرەداغی دەڵێت، "زۆربەی کێشەکان لەجیھانی عەرەبیدایە نەوەک لەجیھانی ئیسلامی بەگشتی، وەک دەبینین لەزۆر وڵاتی ئیسلامی لەوانەش تورکیا کە دۆخێکی باشتری ھەیە ئەو کێشانەی نییە کە لەجیھانی ئیسلامی ھەیە، ھەروەھا مالیزیا ئەو کێشانەی نییە کە لەجیھانی عەرەبی ھەیە لەروی نیزامی سیاسیو کۆمەڵایەتییشەوە، ئیندۆنیزیا بەھەمانشێوە کە لەم قۆناغەی دواییدا زیاتر بەرەو پێشکەوتن دەڕواتو رابونێکی باش ھەیەو ھەڵبژاردنو ئازادییەکی زۆر باش ھەیە، بۆیە ئومێدمان زیاترە لەوەی توشی نائومێدی ببین".