عەلی حەمەساڵح: لیژنەی باڵا بۆ دژایەتی گەندەڵی پێكدەهێنرێت
  2019-04-22       1325       

عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان رایدەگەیاند؛ بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵا پێكدەهێنرێت.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ دوشەممە عەلی حەمەساڵح، كه‌ هاوكات ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە میدیای حزبه‌كه‌ی راگەیاند؛ لیژنەكەیان بانگهێشتی دەستەی دەستپاكی كردوە بۆ پەرلەمان بۆ خستنەڕوی وردەكاریی راپۆرتی ساڵی 2018ی دەستەی دەستپاكی سەبارەت بە دۆسیەكانی گەندەڵی لە هەرێم.

وتیشی"لیژنەیەكی باڵا بۆ روبەڕوبونەوەی گەندەڵی پێكدەهێنرێت و لە كابینەی نوێی حكومەت و لە چوارچێوەی ئەنجامدانی چاكسازی، كەیسەكانی گەندەڵی هەڵدەدەنەوە."

رونیشیکردەوە، لە كۆی 800 كەیسی گەندەڵی كە دەستەی دەستپاكی بەدواداچونی بۆ كردوە، تەنها 130 كەیس دراونەتە دادگا، بەهۆی گەندەڵیشەوە 35 كەس دەستگیركراون كە ژمارەیەكیان بە لێبوردنی گشتی ئازادكراون، لە كاتێكدا لێبوردن نەیدەگرتنەوە.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، چەندین كەیسی گەندەڵی لەسەر بەرپرسە پلەباڵاكان، تۆماركرابون، بەڵام لەلایەن دادگاكانەوە، كەیسەكان داخراون و دو لە دادوەركانیش سزادراون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×