وەزارەتی كارەبای عێراق: كۆتاییهاتنی بەخشینی وڵاتان لەسزاكانی سەر ئێران، ئێمە ناگرێتەوە
  2019-04-26       724       

وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاند، هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی بەخشینی چەند وڵاتێك لەسزاكانی سەر ئێران لەلایەن ئەمریكاوە، ئەوان ناگرێتەوەو بەردەوامیش دەبن لە هاوردەكردنی غاز لە ئێرانەوەو دەشیانەوێت بڕی ئەو غازەی هاوردەی دەكەن زیادی بكەن بەڵام پارەی هاوردەكردنی غاز بە دینار دەدەنە ئێران.

ئاوێنە: رۆژنامەی سەباح-ی نیچمە رەسمی، لەزاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كارەبای عێراقەوە بڵاویكردۆتەوە كە لێدوانەكانی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەدوای بڕیارەكەی ترامپ بۆ كۆتاییهێنان بە وادەی بەخشینی هەندێك لە وڵاتان لەسزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران، وەزارەتەكەیان ناگرێتەوە بەڵكو تەنها هەندێك وڵات دەگرێتەوە كە مامەڵە لەگەڵ لایەنی ئێرانی دەكەن بۆ كڕینی نەوتی خاو.

وتەبێژی وەزارەتەكەش رۆژی چوارشەممە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبو كە عێراق لەئێستادا رۆژانە نزیكەی 28 ملیۆن پێ سێجا غاز لە ئێرانەوە هاوردە دەكات ئەوەش بۆ دابینكردنی وزەی ژمارەیەك لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا كە نزیكەی دو هەزارو 800 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنن.

هێمای بۆ ئەوەش كردبو كە چاویان لەوەیە لەسەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتو، بڕی غازی هاوردەكراو لە ئێرانەوە بۆ 35 ملیۆن پێ سێجا لەڕۆژێكدا زیادبكەن بۆ ئەوەی بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە سێ هەزارو 500 مێگاوات.

ئەوەشی خستبوەڕو كە لایەنی ئێرانیش بەردەوامە لەپێدانی یەك هەزارو 200 مێگاوات كارەبا بەشێوەیەكی رۆژانەو بەوەش كۆی ئەو وزەیەی لە ئێرانەوە هاوردە دەكرێت دەگاتە چوار هەزارو 700 مێگاوات كە ئامانجی وزارەتەكەیان ئەوەیە نزیكەی 18 هەزار مێگاوات كارەبا لەم هاوینەدا دابین بكات.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی دوشەممەی رابردو، ئەمریكا بڕیاریدا كۆتایی بە لێخۆشبون لەو وڵاتانە بهێنێت كە مامەڵەی نەوت لەگەڵ ئێران دەكەن. وادەی لێخۆشبونی ئەو وڵاتانە رۆژی 2ی ئایار كۆتایی دێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×