ماستفرۆشه‌كان: پابه‌ندین به‌ قه‌ده‌غه‌ی سه‌تڵی ره‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌
  2019-04-30       275       

قائیمقامی سلێمانی له‌گه‌ڵ ماستفرۆشه‌كانی سلێمانی كۆبووه‌وه‌ و داوایلێكردن هاوكاری جێبه‌جێكردنی بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی سه‌تڵی ره‌نگاوڕه‌نگی ماست بن و ببن به‌به‌شێك له‌ پاراستنی سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی  هاوڵاتیان، لەبەرامبەریشدا ماستفرۆشەكان دەڵێن " ماستفرۆشه‌كان: پابه‌ندین به‌ قه‌ده‌غه‌ی سه‌تڵی ره‌نگاوڕه‌نگه‌وه‌".


ئاوێنە، راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی: دوای بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی به‌كارهێنانی سه‌تڵی ره‌نگاوڕه‌نگی ماست و ئاگاداركردنه‌وه‌ی ته‌واوی دووكان و فرۆشگاكان بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كه‌ و به‌كارهێنانی ئه‌و سه‌تڵانه‌ی كه‌ له‌رووی كوالێتییه‌وه‌ ته‌ندروستن، به‌شێك له‌ ماستفرۆشه‌كانی سلێمانی سه‌ردانی قائیمقامیه‌تی سلێمانییان كرد. له‌ كۆبونه‌وه‌یه‌كدا ئاوات محه‌مه‌د- قائیمقامی سلێمانی پێی راگه‌یاندن له‌پێناو سه‌لامه‌تی ته‌ندروستی هاوڵاتیان ئه‌و بڕیاره‌مان ده‌ركردووه‌ و به‌ هاوكاری ئێوه‌ و ته‌واوی لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بڕیاره‌كه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ین و جێگره‌وه‌ی ئه‌و سه‌تڵانه‌ش دیاریكراوه‌ و له‌بازاڕدا سه‌تڵی كوالێتی باش ده‌ستده‌كه‌وێت.


دوای گفتوگۆی زۆر، ماستفرۆشه‌كان پابه‌ندی خۆیان به‌و بڕیاره‌وه‌ دوپاتكرده‌وه‌ و ته‌ئكیدیانكرده‌وه‌ كه‌ هاوكارده‌بن بۆ پاراستنی سه‌لامه‌تی هاوڵاتیان.


داواش له‌ هاوڵاتیان كرا به‌وریایی زیاتره‌وه‌ ئه‌و سه‌تڵانه‌ به‌كاربهێنن كه‌ ماستیان تێدایه‌ و ته‌ئكید بكه‌نه‌وه‌ له‌ بوونی لۆگۆی ژێر سه‌تڵه‌كه‌ كه‌ هێمایه‌كی سێگۆشه‌یه‌ و یه‌كێك له‌ ژماره‌ (2، 3، 4، 5)ی تێدایه‌.

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×