چـــێ‌.. ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ی بوو به‌ ئه‌فسانه
  2019-05-09       1570       

ئا: ئاوێنە


سێشەممەیە داهاتو ١٤ / ٥، یادی‌ ٩١ ساڵ بەسەر له‌دایكبوونی‌ چێ‌ گیڤارادا تێدەپەڕێت. ئه‌و پیاوه‌ قژ گڤ‌و ریش ئاڵۆزكاوه‌ی‌ هه‌موومان ده‌یناسین: به‌جله‌ سه‌ربازییه‌ زه‌یتونییه‌كانی‌ به‌رییه‌وه‌، به‌جگه‌ره‌ كوباییه‌كه‌ی سه‌ر لێوو نێوان په‌نجه‌كانیه‌وه‌، به‌روخساره‌ سه‌رسامه‌كه‌یه‌وه‌، به‌چاوه‌ گه‌ش‌و گه‌وره‌كانیه‌وه‌ كه‌ به‌غه‌مبارییه‌وه‌ له‌م دونیایه‌ ده‌ڕوانن، ئەو بووه‌ به‌گه‌وره‌ترین كه‌سایه‌تی‌ ئه‌فسانه‌یی‌‌و هه‌میشه‌ زیندووی‌ ئه‌م جیهانه‌ی‌ ئێمه‌.


رۆژێك نییه‌ ئه‌و نه‌بینین، له‌و دونیا جه‌نجاڵ‌و خێرایه‌ی‌ ئه‌وروپادا، هیچ شتێك هێنده‌ی‌ ئه‌و ژنه‌ كاریبییه‌ سه‌رنجی‌ رانه‌كێشێ، كه‌ له‌میترۆی‌ پاریسدا به‌چاوه‌ بچكۆلانه‌و گۆنا مه‌غۆله‌كانییه‌وه‌، خه‌ریكی‌ فرۆشتنی‌ پۆسته‌ره‌كانی‌ گیڤارایە. له‌عه‌ممانی‌ ئه‌رده‌نیشدا، ئه‌و وڵاته‌ی‌ كه‌ له‌ژێر نه‌ریتی‌ ئیسلامی‌‌و پاشاپه‌رستیدا، شانی‌ داخزاوه‌، له‌دوكانی‌ پیره‌مێردێكی‌ كتێبفرۆشی‌ قرخن‌و ده‌رده‌داردا، ته‌لیسمی‌ ئه‌و پۆرترێته‌ سووره‌ی‌ گیڤارا سه‌رنج رادەكێشێت، كه‌ به‌پشت سه‌رییه‌وه‌ ده‌دره‌وشێتەوە... له‌هه‌موو شوێنێكدا ئه‌و روخساره‌ میهره‌بانه‌ ده‌بینین، كه‌ نه‌ پۆسته‌ حیزبی‌‌و حكومییه‌كانی‌ فریویاندا‌و نه‌سه‌روه‌ت‌و سامان‌و چێژه‌كانی ژیانیش ئه‌ویان خه‌ساند. چێ‌ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ بوو به‌ئه‌فسانه‌، كه‌ له‌ترۆپكی‌ ده‌سه‌ڵاتدا وازی‌ له‌هه‌موو ئه‌و شتانه‌ هێنا‌و دوای‌ به‌دیهێنانی‌ خه‌ون‌و ئامانجه‌كانی‌ كه‌وت، چونكه‌ ئاماده‌ نه‌بوو به‌هیچ نرخێك ده‌ستیان لێهه‌ڵگرێت.


گیڤارا له‌14ی‌ ئابی‌ 1928دا له‌ئه‌رژه‌نتین له‌دایك بوو، ئه‌و ژیانی‌ پڕاوپڕ بوو له‌ته‌لیسمی‌ ئه‌فسوناوی‌: منداڵێكی‌ زیره‌ك‌و لاسار، به‌جێهێشتنی‌ ماڵ‌ له‌پێناو ده‌ستگه‌یشتن به‌ئامانجێكی‌ باڵادا، ده‌ستهه‌ڵگرتن له‌خوێندن، نه‌سازان له‌گه‌ڵ‌ سته‌مكاری، راستگۆو ئه‌مه‌كدار به‌رامبه‌ر به‌هیواو ئامانجه‌كانی‌، سه‌رسه‌خت‌و ئازا، سه‌ركه‌وتن‌و گه‌یشتنی‌ به‌باڵاترین پۆسته‌ حكومی‌‌و حیزبییه‌كان‌و سه‌ره‌نجامیش مه‌رگێكی‌ خه‌مناك‌و ته‌نها‌و پڕ له‌شانازی‌ له‌ 9ی‌ ئه‌كتۆبه‌ری‌ 1967دا، خه‌رمانه‌یه‌كی‌ پیرۆز‌و ئه‌فسانه‌ییان به‌ده‌وری‌ ئه‌م پزیشك‌و پارتیزان‌و سیاسه‌تمه‌داره‌دا كێشا.


دیاره‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ خه‌ڵكی‌ ئه‌مڕۆی‌ دونیا مارکسی نین‌و گیڤاراشیان نه‌ك وه‌ك كۆمۆنیستێك، به‌ڵكو وه‌ك كه‌سێكی‌ تێكۆشه‌ری‌ رێگه‌ی‌ ئازادی، كه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ به‌كۆمه‌ڵی‌ مرۆڤایه‌تییدا ئاماده‌یه‌، خۆشئه‌وێت. له‌دونیای‌ ئه‌مڕۆدا چێ‌ ره‌مزی‌ یاخیبوون‌و ره‌مزی‌ دژ به‌چه‌وسانه‌وه‌و دژ به‌ناعه‌داله‌تییه‌، ئه‌و به‌ر له‌مردنی‌ وتی‌ «گرنگ نییه‌ كه‌ی‌‌و له‌كوێ‌ ده‌مرم، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ شۆڕشگێڕان، ئه‌م گۆی‌ زه‌وییه‌ ئه‌وه‌نده‌ پڕ كه‌ن له‌هه‌را‌و زه‌نا، كه‌ لێنه‌گه‌ڕێن جیهان به‌هه‌موو قورسایی‌ خۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر جه‌سته‌ی‌ داماوو هه‌ژاره‌كان بخه‌وێت».


به‌دوای‌ مرنیشیدا، ئه‌لبه‌رتۆ گرانادۆی‌ هاوڕێی‌، كه‌ له‌هه‌ڕه‌تی‌ گه‌نجێتیاندا‌و ئه‌و ده‌مه‌ی‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ چێ‌ خوێندكاری‌ كۆلیژی‌ پزیشكی‌ زانكۆی‌ بۆنیس ئایرس بوون‌و بۆ ماوه‌ی ساڵێك پۆلی‌ خوێندنیان به‌جێهێشت‌و به‌سواری‌ پاسكیله‌وه‌ سه‌رتاسه‌ری‌ ئه‌مه‌ریكای لاتینییان ته‌ی‌ كرد، وتی‌ «هه‌ندێجار بیر له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ زۆر باش بوو چێ‌ به‌ر له‌پیربوونی‌، گیانی‌ له‌ده‌ستداو كوژرا، چونكه‌ هه‌میشه‌ به‌لای‌ منه‌وه‌ پارتیزانێكی‌ كوژراو، له‌پارتیزانێكی‌ پیر‌و په‌ككه‌وته‌ باشتره‌».


سارته‌ریش سه‌باره‌ت به‌م قاره‌مانه‌ مێژووییه‌ وتی‌ «چێ‌ جوامێرترین ئینسانی‌ رۆژگاری‌ ئێمه‌یه‌».

 

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×