بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانو ژینگەی سلێمانی رایدەگەیەنێت ژمارەیەك ماسی زیندویان گەراندوتەوە بۆ دەریاچەی دەربەندیخان، لەبنكەی خدرانیش 6 باڵندە لەجۆری "كەو" یان گەراندوەتەوە بۆ ناو سروشت.
ئاوێنە: ئەمرۆ "چوار شەممە" بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستانو ژینگەی سلێمانی راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتوە " لە ئەنجامی دەرچوونی مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی دارستانی دەربەندیخان بە هاوبەشی لەگەڵ بنکەی باوەخۆشێن بۆ سەر دەریاچەی دەربەندیخان بە سەرپەرشتی ( ڕ.پ٨/ دڵشاد محمد )، لە ئەنجامدا توانیان دەست بگرن بەسەر ( ٢٩ ) تۆڕی ماسی گرتن و هاوکات توانرا ( ١٢ ) ماسی زیندوو لە تۆڕەکان لێبکرێنەوە و بیانخەنەوە ناو دەریاچەکە.پەڕاوی لێکۆڵینەوە ڕێکخراوەو ڕادەستی بەڕێز دادوەر کراوە بۆ وەرگرتنی ڕێکاری یاسایی".
هەروەها رایگەیاندوە لە ئەنجامی بەردەوام بوونی کاروچالاکیەکانی بنکەی پۆلیسی دارستان و ژینگەی خدران، لە پێناو پاراستنی ژینگەی سنورەکەیان توانرا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی دووکان لە ڕێگەی پێکهێنانی لیژنەیەکەوە بە ئامادەبوونی ئەفسەری بنکە ( ڕائد شەماڵ ) هەستان بە ئازادکردنی ( ٦ ) کەو و گەڕاندنەوەیان بۆ ناو سروشتی کوردستان.