"ئەم ئارامییە کاتیەی لەعێراق‌و کوردستان دروستبوە، بەرهەمی هاوپەیمانیی گەندەڵکارانە"
  2019-05-15       715       
سەرکەوت شەمسەدین

سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق باس لەگرفتەکانی بەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق ده‌كات‌و ده‌ڵێت، "ئەم ئارامییە کاتیەی لەعێراق‌و کوردستان دروستبوە، بەرهەمی هاوپەیمانی گەندەڵکارانە".

ئاوێنه‌: لەپانێڵی "گەندەڵی‌و ئاشتی" لەکۆنفرانسی ئاشتی سوید (دیداری ستۆکۆڵم ۲٠۱۹) سەرکەوت شەمسەدین باسی لەگرفتەکانی بەردەم ئاساییکردنەوەی دۆخی عێراق، بەرقەرارکردنی ئاشتی، هەرەشەکانی بەردەم دیموکراسی‌و سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی گەندەڵی لەعێراق کە ئەویش کردنی سیاسەتە بەمەزادی کرین‌و فرۆش بەپۆست‌و گرێبەستی دەیان ملیۆن دۆلاری.

شەمسەدین باسی لەوەشکردووه‌، "ئەم شەپۆلە نوێیەی گەندەڵی هەریەک لەگروپە خاوەن چەکدارەکان، سیاسیە تازەکان کە لەبزنس‌و سەفەقاتی بازرگانی یەوە هاتون، لەرێگەی بونی کەناڵی میدیاو هەرەشەی چەکدارەکانەوە هەم ساختەکاری هەڵبژاردن دەکەن‌و کورسی پەرلەمان بۆ خۆیان زیاد دەکەن، هەم پۆستەکانی حکومەت دەکرن‌و هەم ئیفتیزاز/هەرەشە لەوەزیرو پارێزگارو کەسانی خاوەن بریار لەپێگەکانی حکومەت، پۆلیس، سوپا دەکەن."

راشیگەیاندووه‌، "ئەم ئارامییە کاتیەی لە عێراق و کوردستان دروستبوە بەرهەمی سەرکەوتنی دیموکراسی نیە، بەرهەمی سەرکەوتن نیە بەسەر تیرۆر دا، بەڵکو بەرهەمی هاوپەیمانی گەندەڵکارانە بۆ بەشکردنی سەروەت‌و دەسەڵات لەنێوان حزبە باڵادەستەکانی هەرسێ پێکهاتەکە، کە ئەوەی ئێستا دەستیان دەکەوێت لەگرێبەستەکانی حکومەت‌و قاچاغبردنی نەوت‌و قۆرغکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، قۆرغکردنی کەرتی بانک، هچ کات بەتەقینەو شەرکردن دژی یەکتر دەستیان نەدەکەوت، بەڵکو شەرو پشتیوانی تیرۆربۆ ئەوەبو ئاوا سەروەتی عێراق دابەش بکەن."

لەکۆتایشدا سەرکەوت شەمسەدین مەترسی خۆی لەدەرەنجامی ئەم شەپۆلە نوێیەی گەندەڵی خستۆتەروو  رایگەیاندووه‌، ئێستا ئەم سیاسیە سەفقەچییانە پەرلەمانیان کردوە بەگۆرەپانی مەزادو کرین فرۆش‌و گەلی عێراقیش بەدەست نەبونی بێ کاریی، نەبونی خزمەتگوزاریی دەناڵێنێ کە لەئایندەدا ئەم نیگەرانیەی خەڵک دەتەقێتەوە".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×