لەگرێی خێڵەوە بۆ گۆڕانی نیشتمان
  2019-06-02       3196       

  ئا: عەبدولخالق یەعقووبی

 


جیهانی کۆن خەریکی گیاندانەو جیهانی نوێ خەبات دەکات بۆ ئەوەی بێتە نێو گۆڕەپانەوە: ئەم چرکەساتە چرکەساتی دێو‌و دەعباکانە.
 ئانتۆنیۆ گرامشی

 


وەک لەپێشەکیدا "نەوشیروان مستەفا ئەمین" ئاماژەی پێدەدات، کتێبی "بەدەم رێگاوە گوڵچنین، چەند بابەتێکی کۆمەڵناسی" (لەمە بەدواوە "گوڵچنین") بۆ وەڵامدانەوەی ناراستەوخۆ بەڵام وردی ئەم پرسیارانە نوسراوە:
"بۆچی هەتا ئێستاش ئەم گرێیە: گرێی خێڵ، گوند، ناوچە، له‌دەروونی مرۆڤی کوردا ئەوەندە کاریگەرە، ئەوەندە جێگەی شانازییە خۆی پێوە هەڵ بکێشێ؟
بۆچی ئەوەندەی ئینتیما بۆ گوندەکەی، شارەکەی، ناوچەکەی ئەی وروژێنێ، ئەوەندە ئینتیما بۆ نیشتمانەکەی – کوردستان نای خرۆشێنێ و، ئەوەندە ئینتیما بۆ تیرەکەی، هۆزەکەی، خێڵەکەی ئەی جولێنێ ئەوەندە ئینتیما بۆ نەتەوەکەی – کورد ناوی بزوێنێ؟
بۆچی حیزبەکان مەکتەبی کۆمەڵایەتی یان دامەزراندوە بۆ بەلاداخستنی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاڵۆز‌و خوێناوی له‌کاتێک دا دەزگای قەزایی "پیشەیی" هەیە." گوڵچنین، ل ١١
لەهێنانەئارای باسوخواسی زانستیی لەچەشنی کۆمەڵناسی بەرلەوەی جۆری میتۆدو ئاستی مەعریفیی تۆژەر شایانی سەرنج بن، جۆرو شێوازی ئەو پرسیارانە گرینگن کە تۆژەر لەدوتوێی لێکۆڵینەوەی خۆیدا دەیخاتە بەردەست. وەک ئالڤین تافلێر، کۆمەڵناسی ئەمریکی، دەڵێت، "گەڵاڵەکردنی پرسیارێکی "دروست" باشترە لەوەڵامدانەوەی هەزار پرسیاری "هەڵە"."بۆیە کتێبی "گوڵچنین" لەرێگای ئەم پرسیارە بەرواڵەت سادە بەڵام لەراستیدا زۆر گرینگانەوە هەوڵیداوە بەشێک لەهۆکارەکانی دواکەوتویی کۆمەڵگای کوردی زەق بکاتەوەو لێیان بتۆژێتەوە، ئەو کۆمەڵگایەی کە لەسۆنگەی خراپتێگەیشتنی بۆ چەمکی "خێڵ"و "نیشتمان" تا ئێستاش لەلایەکەوە گرێی خێڵی نەکراوەتەوەو له‌لایەکی ترەوە بەئاستێکی زۆر نزمی ئینتیمای نەتەوەییەوە دەژیت. کەواتە، پرس‌و پرسیاری سەرەکیی ئەم کتێبه‌ئەوەیە کە بۆچی کۆمەڵگای کوردی هێشتاش نەیتوانیوە دۆخی هزری خێڵەکی تێپەڕێنێت‌و پێ بنێتە نێو قۆناغی ژیانێکی مۆدێرن‌و شارستانییەوە؟ 
ئەگەرچی "گوڵچنین" کتێبێکی ئاکادمیک‌و پشتئەستور بەتیۆرییە دیارەکانی زانستی کۆمەڵناسی، چ کلاسیک‌و چ مۆدێرن، نییە، بەڵام تێڕوانین‌و هەڵسوکەوتی نوسەر لەگەڵ بابەتەکە خاوەن مەنتیقێکی زانستییە؛ پرسیارە سەرەکییەکانی ئەم کتێبه‌(ئەوانەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا) رون‌و مشتومڕهەڵگرو هەڵقوڵاو لەواقیعی کۆمەڵگای کوردینە، دابەشکاریی بابەتەکان بەپێی پێداویستیی مەوزوعیی کتێبەکەیە، زمانی نوسەر شەفاف‌و سادەو رەوانەو لەشوێنی پێویست پشت بەکۆمەڵێک سەرچاوەی جۆراوجۆر بەستراوە. خاڵی هەرە گرینگ ئەوەیە کە "گوڵچنین" لەرێگای خوێندنەوەی مێژوی کەموزۆر هاوچەرخی کوردستان (له‌دواساڵانی سەدەی نۆزدەوە تا هەنوکە)و نمونەهێنانەوە لەپێکهاتە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگای کوردییەوە (پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، سیاسی، خێڵەکی، ئاینی‌و هتد) هەوڵی ئەوە دەدات کە چەشنێک گوتار چێ بکات: گوتاری تێپەڕین لەگرێی خێڵەوە بۆ گۆڕانی نیشتمان. بەوتەیەکی تر، ئەم کتێبه‌هەم خوێنەرەوەی مێژوی گوتاری باوی کوردستانە، هەمیش دروستکەری گوتارێکی مۆدێرنی نەتەوەییە کە دواجار هەوڵی باشترکردنی دۆخی هەنوکەی نیشتمان دەدات. لەم کورتە وتارەدا، هەوڵدەدەم بەپشتبەستن بەدوایین بەشی "گوڵچنین"، "رایەڵەی پێوەندی رۆحیی لەتەریقەتی نەقشبەندیدا، مەولانا خالید بەنمونە"، خوێندنەوەیەکی خێرا لەسەر شێوازی گوتارناسی‌و گوتارسازیی نوسەری ئەم کتێبه‌ئاراستەی خوێنەر بکەم. 
سەرەتا سوکەلەنگەرێک لەسەر چەمکی "گوتار" (discourse) بۆ رونکردنەوەی مەبەستی بەرباسی ئەم خوێندنەوەیە گرینگ‌و پێویستە. رەگوڕیشەی چەمکی discourse دەگەڕێتەوە بۆ سەر چاوگی discurrere، بەواتای هەڵاتن بەئاراستەی جۆراوجۆر. ئەم چەمکە بەواتای دەرکەوتنی زمان لەپەیڤ یان نوسیندا بەکاردێت، بەڵام لەزانستی جوانکاریی کلاسیکدا، زمان وەک جوڵەو کردە ئاماژەی پێدەکرێت. بەوتەیەکی تر، زمان خاوەن پێکهاتەیەکی بگۆڕو ناپایەدارەو ئەم بگۆڕیی‌و ناپایەدارییەش زادەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی کۆمەڵایەتی، ئابوری‌و کولتوریی کۆمەڵگایە. هەربۆیە زاراوەی "گوتار" لەزمانی کوردیدا بۆ discourse زۆر نابەجێ نییە، ئەگەرچی پڕبەپێستیش نییە، لەسۆنگەی ئەوەی گوتەو پەیڤ کە بەشێکن لەزمان لەزاراوەکەدا ئامادەیە. گوتار، وەک جوڵەو کردەی زمان، بۆی هەیە هەم بابەتی تۆژینەوە بێت، هەمیش ئامانجی تۆژینەوە، وەک چۆن لە"گوڵچنین" بابەتی تۆژینەوەکە شیکردنەوەی گوتاری گرێی خێڵە لای تاک‌و کۆمەڵگای کوردی‌و ئامانج سڕینەوەی ئەو گوتارە باوەو هێنانەئارای گوتاری گۆڕانە لەپێناوی دروستکرنی ئینتیمایەکی بەرزی نیشتمانیدا. لەسۆنگەی ئەوەی چەمکی گوتار روی لەپرۆسە کۆمەڵایەتییەکانەو ئەم پرۆسانەش خوڵقێنەری واتان، بۆیە گوتاری جۆراوجۆر خوڵقێنەری واتای جۆراوجۆرن. لەهەمان کاتدا، گوتار بیچمدەری جیهانبینییەکان‌و پەیوەندییە سیاسی‌و کۆمەڵایەتییەکانن. میشل فۆکو پێیوایە، گوتارەکان کۆمەڵێک کردەن کە بەشێوەیەکی سیستەماتیک بیچم بەکۆمەڵێک بابەت دەدەن کە خۆیان قسە دەکەن... گوتارەکان لەسەر بابەتەکان نادوێن؛ ئەوان دروستکەری بابەتەکانن‌و لەپرۆسەی ئەم دروستکردنەدا دەستتێوەردانی خۆیان دەشارنەوە. لەم گۆشەنیگایەوە، دەتوانین بڵێین، کتێبی "گوڵچنین" جەخت دەکاتە سەر خوێندنەوەیەکی گوتاریی روداوە مێژوییەکانی کۆمەڵگای کوردی‌و لەم رێگایەوە شێوازە جۆراوجۆرو زمانناسییەکانی دیاریکردنی ناسنامەی تاک‌و کۆمەڵگای کوردی لەهەناوی گوتاری خێڵدا دیاری‌و دەستنێشان دەکات. هەربۆیە، روبەڕوبونەوەی روکەشیانەو سۆزدارانە لەگەڵ ناسنامەی کوردی لەم کتێبەدا جێگەو پێگەی نییەو خوێندنەوەی نوسەر بۆ بابەتە بەرباسەکانی خوێندنەوەیە بەئاراستەی لێکدانەوەی گوتاری (discourse analysis) بەپشتبەستن بەتەتەڵەکردنی زمانناسانە (گەڕانەوە بۆ پەندو قسەی نەستەق‌و پەندی پێشینیانی کوردی)و شیکردنەوەی مێژوگەرایانە (گەڕانەوە بۆ روداوەکانی مێژوی هاوچەرخی کوردستان). 
وێدەچێت بنەمای تێگەیشتنی نوسەری "گوڵچنین" بۆ پشتبەستن بەشیکردنەوەی بەشێک لەمێژوی کوردو ئاوڕدانەوەی بەردەوامی بۆ پێدراوەکانی زمانی کوردی (لەدوتوێی پەندو قسەی نەستەقدا) لەسەر ئەو بیرۆکەیە دامەزرابێت کە زمان هەموکات نەک لەپانتایی مێژو بەڵکو لەپانتایی گوتاردا بەکاردێت. ئەم بیرۆکەیە بەواتای ئەوە دێت کە بکەری زمان هەمو کات لەقەڵەمڕەوی گوتاردا بەسەر دەبات‌و گەڕانەوەشی بۆ مێژو لەبازنەی گوتارو شرۆڤەکانی خۆیدا قەتیس دەمێنێت. کەواتە، زاڵبونی گوتاری بکەری زمان بەسەر هەرێمی مێژودا تایبەتمەندییەکی گوتاری بەمێژو دەدات. بۆیە مێژو خاوەنی جەوهەرو سروشتێکی دیاریکراو‌و نەگۆڕ نییە کە قابیلی دۆزینەوە بێت، بەڵکو مێژو رەنگ‌و رواڵەتی ئەو گوتارە وەخۆ دەگرێت کە راڤەکاری مێژو هەڵیدەگرێت. لەبەر ئەمەیە کە وێدەچێت نوسەری "گوڵچنین" لەدو لایەنەوە کەڵک لەمێژوی ئەم سەد، دوسەد ساڵەی دوایی کورد بۆ ئامانجی کتێبەکەی وەردەگرێت: یەکەم، ئەو روداوانە لەمێژوی کۆمەڵگای کوردی هەڵدەبژێرێت کە پاساودەری هەڵسوکەوتەکانی هەنوکەی ئەندامانی ئەو کۆمەڵگایە بێت ("بۆچی هەتا ئێستاش ئەم گرێیە: گرێی خێڵ، گوند، ناوچە، لەدەرونی مرۆڤی کوردا ئەوەندە کاریگەرە، ئەوەندە جێگەی شانازییە خۆی پێوە هەڵ بکێشێ؟"). بۆ نمونە، بەشێکی بەرچاوی "گوڵچنین" (نیزیکەی ١٠٠ لاپەڕە) بۆ شیکردنەوەی کەسایەتی‌و ژیانی مەولانا خالید نەقشبەندی تەرخانکراوە، کە ئەمە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە نوسەر رەفتاری هەنوکەی زۆرینەی تاکەکانی کۆمەڵگای کوردی رەچاو کردوە، کە تا ئێستاش لەسەر باوەڕی ئاینی دامەزراوە. 
دوهەم، نوسەر روداوە مێژوییە هەڵبژێردراوەکانی کتێبەکەی بەشێوەیەک، ئەگەرچی خێراو ناڕاستەوخۆ، شرۆڤە دەکات کە دواجار لەخزمەتی سڕینەوەی گوتاری "باو‌و ناکارا"ی خێڵسالاری‌و هێنانەئارای گوتاری "مۆدێرن‌و بەکار"ی نەتەوەخوازیدا بێت ("بۆچی حیزبەکان مەکتەبی کۆمەڵایەتی یان دامەزراندوە بۆ بەلاداخستنی کێشەی کۆمەڵایەتی ئاڵۆزو خوێناوی لەکاتێکدا دەزگای قەزایی "پیشەیی" هەیە؟"). بۆ وێنە، هەر لەبابەت ژیان‌و کەسایەتیی مەولانا خالید نەقشبەندی، کاتێک نوسەر دەخوازێت باس لەئامانج‌و ویستی مەولانا بکات پرسیارێک دەهێنێتە ئاراوە کە هەڵقوڵاوی گوتاری خۆیەتی بۆ گومانکردن لەو دامودەزگا سیاسی‌و دینییانەی کە بەناوی خێڵ‌و خوداوە هەوڵی رێکخستن‌و مۆبیلیزەکردنی کۆمەڵگا دەدەن:
"ئاخۆ ویستی ئەو، کە ئەو هەمو هەوڵەی بۆ داوەو بەرگەی ئەو هەمو گوشارەی گرتوه‌‌، هەر تەنیا پێڕەوی کیتاب‌و سوننەتی رەسول بوە، یان له‌ژێر چەتری ئیسلامه‌تییه‌کی پاکدا ئامانجێکی گەورەتری هەبوە، بەڵام بەهۆی مەرگی ناوەختەوە بەرانەگەیەنراویی بردویەتیە  ژێر گڵ؟" (گوڵچنین، ل ٢٥٠). 
نوسەر دوای شرۆڤەکردنێکی کورت‌و خێرا لەسەر خەلیفەکانی تەریقەتی مەولانا لەپاش مەرگی، بەو ئەنجامە دەگات کە:
 "شێخایەتی تەریقەت لەکوردستاندا بۆتە یەکێ لەشێوەکانی دامەزراندنی سیستەمی دەرەبەگایەتی...
شێخانی تەریقەت، ناوبانگیان پەیدا کردوە، نفوزی دینی یان زیادو دەسەڵاتی دنیایی یان پەیدا کردوە. بونەتە خاوەن زەوی‌و ران‌و رەوە. سوڵتانەکانی عوسمانی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆیان، به‌تایبەتی دوای کۆتاییهێنان به‌دەسەڵاتی میرایەتیە کوردەکان، له‌کوردستان یارمەتی بەهێزبونی دەسەڵاتی ئەوانیان داوە. وەقف یان بۆ تەرخان کردون، موچەیان بۆ بڕیونەتەوە، خانەقا‌و تەکێ یان بۆ دامەزراندون. کاربەدەستانی حکومەتی رێزیان لی گرتون. بەمانەش پایەی کۆمەڵایەتی یان بەهێز بوە. له‌خێزانی بچوک‌و نەناسراوەوە بون به‌بنەماڵەی فراوان‌و دەسڵاتدار." (گوڵچنین، ل ٢٥١)
لێرەدا نوسەر مێژوی ژیان‌و کەسایەتیی مەولانا خالید لەبێژینگی لێکدانەوەی گوتاری خۆی دەدات‌و بەو ئەنجامە دەگات کە تەریقەتەکەی مەولانا خالید، لەرێگای خەلیفەکانییەوە،  دواجار دەبێتە یەک لەشێوازەکانی سیستەمی دەرەبەگایەتی‌و لەخزمەتی دەسەڵاتێکی داگیرکەری لەچەشنی دەسەڵاتی عوسمانیدا دەمینێتەوە. تایبەتمەندیی ئەم خوێندنەوەیەی نوسەری "گوڵچنین" لەلایەکەوە ئەوەیە کە ناخوازێت مێژو لەدۆخێکی دابڕاو لەزەینی رەخنەکارانەی خۆی بخوێنێتەوە (واتە، مێژو لەنێو زەینی خوێنەری مێژودا بونی هەیە، نەک لەدەرەوەی)و لەلایەکی تریشەوە ئەم خوێندنەوەیە لەخزمەت گوتارێکی مۆدێڕنی لەچەشنی گوتاری سەروەریی نەتەوەیی دایە (واتە، گوتارێک کە پەیوەندیی بەبواری گشتیی {public sphere} ژیانی مرۆڤی کوردەوە هەیە لەچەشنی ئازادی‌و دیموکراسی‌و چارەنوسی نەتەوەیی). 
خاڵێکی تری شایستەی ئاوڕلێدانەوە لەم کتێبەدا کەڵکوەرگرتنی نوسەر لەدەقی ئەدەبیاتی زارەکیی کوردییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەرنج‌و تێبینییەکانی خۆی لەمەڕ کۆمەڵگای کوردی، ئەو شتەی کە پێشتر وەک تەتەڵەکردنی زمانناسانە بەمەبەستی لێکدانەوەی گوتاری ئاماژەم پێدا. نوسەری "گوڵچنین" ئەدەبیاتی فۆلکلۆریک، شیعری کلاسیکی کوردی‌و پەندو قسەی نەستەق بۆ دو مەبەست بەکارهێناوە. یەکەم، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو کۆمەڵە زاراوەیەی کە لەبواری کۆمەڵناسیدا بۆ بابەتگەلی کتێبەکەی بەپێویستی زانیون. بۆ نمونە، لەبەشی "وشەوانی"ی "گوڵچنین"دا (ل ١٣-١٥) بۆ هەر زاراوەیەک کە واتاو ناوەرۆکەکەی لێکداوەتەوە پشتی بەهەندێک دەقی ئەدەبیاتی زارەکی یان نووسراو بەستوە. "نەوشیروان مستەفا ئەمین"، بەپێچەوانەی زۆربەی نوسەرانی ئاکادیمیکی ئەم بوارە، بۆ ساغکردنەوەو داڕشتنی زاراوە تایبەتەکانی کۆمەڵناسی هەوڵی نەداوە لەزمانی بیانییەوە بگەڕێتەوە سەر زمانی کوردی، بەڵکو پێشینەو مێژینەی زمانی کوردی دەکات بەبەردی بناغەو لەدەقەکانی ئەدەب‌و فۆلکلۆری کوردیدا بەدوای رەگوڕیشەی ئەم زاراوانەدا دەگەڕێت. بۆ وێنە، نوسەر بۆ لێکدانەوەی ناوەرۆکی زاراوەی "خێڵ" سەرەتا ئاماژە به‌ریشە‌و واتای سەرەکییەکەی دەکات کە "ئێل>ە، وشەیەکی تورکی مەغۆلی بەواتای: گەل، کۆمەڵێ خەڵک، گوێڕایەڵیی کەسێ بۆ گەورەکەی (گوڵچنین، ڵ ١٣). تۆژەر پاشان ئاماژە بەو دەستەواژانە دەکات کە لەزمانی کوردیدا لەم زاراوەیەوە کەوتونەتەوە، دەستەواژەی لەچەشنی: ئێلی، ئێلخان، ئێلچی، ئێلجاڕی، ئێلات، ئێلاخ. ئینجا نوسەر دێتە سەر باسی زاراوەی "خێڵ"و بەپشتبەستن بەکۆمەڵێک دەقی ئەدەبیاتی کلاسیکی کوردی (هەی دەلیلەی رەم هەردەو هەڵەت گێڵ/ هەر سەرداری پۆل تەتارانی خێڵ {وەلی دێوانە}) ئەو خاڵە پشتڕاست دەکاتەوە کە "خێڵ" هەمان وشەی "ئێل"ەو تەنیا لەسەر زمان گۆکردنی گۆڕاوە. دواجارو پاش ئاماژەدان بەچەند دەستەواژەی پەیوەندیدار بە"خێڵ"، وەکو خێڵی حەمە، بانی خێڵان، کانی خێڵ، سەرخێڵ‌و هتد  نوسەر بۆ خوێنەری رون دەکاتەوە کە لەبابەتەکانی کتێبەکەیدا خێڵی لەبری عەشیرەتی عەرەبی‌و "tribe"ی ئینگلیزی به‌کارهێناوە (گوڵچنین، ل ١٤). 
مەبەستی دوهەمی نوسەر لەپشتبەستنی بەئەدەبیاتی زارەکیی‌و کلاسیکی کوردی لە"گوڵچنین"دا لەم بیرۆکەیەوە ئاو دەخواتەوە کە زمان دەرەتانێکە بۆ دەربڕین‌و خویاکردنی جیهانی واقیع. لەم تێڕوانینەدا بۆ زمان، جیهان لەرێگای زمانەوە دەکەوێتە بەردەستی ئێمە؛ زمان ئاوێنەیەکە کە روخساری کۆمەڵگای تێدا دەبینرێت؛ زمان دەلاقەیەکە بەرەو جیهانی دیاردەکان. بەوتەیەکی وردتر، لەم دیدگایەدا، زمان، وەک سیستەمێکی گەیاندنی واتا، نیشاندەری ئەو گوتارانەیە کە ئاخێوەرانی زمان هەڵگری هەن‌و/یان کاری پێدەکەن. لەو سۆنگەیەوە کە "گوڵچنین" تۆژینەوەیە لەگۆڕەپانی کردەی گوتاری باڵادەستیی خێڵ لەپەیوەندی دەگەڵ واقیع‌و عەینییەتی کۆمەڵگای کوردی، زمان وەک بەشێک لەم واقیع‌و عەینییەتە کەڵکی لێوەردەگیرێت‌و دەبێتە بەڵگەی سەلمێنەری باڵادەستیی گوتاری خێڵ لەکۆمەڵگای کوردی‌و لەلای تاکی کورد. "گوڵچنین" سەرنجی ئێمە بۆ ئەو پانتاییە کاتەکی‌و شوێنەکییانە (واتە مێژو) رادەکێشێت کە تێیاندا باڵادەستیی گوتاری خێڵ بیچم دەگرێت، پانتاییەک کە تێێدا هەڵگرو خودانی ئەو گوتارە، واتە تاک‌و کۆمەڵگای کوردی، لەرێگای سیستەمی زمانەوە (قسەی نەستەق‌و پەندو گوتەی پێشینیان) لەلایەکەوە تەعبیر لەبون‌و بەهای خۆی دەکات‌و لەلایەکی تریشەوە شێوازی بون‌و بەهای خۆی دیاری دەکات. ئەگەر هزر خۆی بەرهەمێکی گوتاری بێت، وەک چۆن فۆکو پێی وابو، زمان کە دەربڕو پێکهێنەری هزرە بەشێکە لەو بارودۆخە مێژوییەی کە پێناسەکەری کۆمەڵگاو تاکە. لەم گۆشەنیگایەوە، دەتوانین بڵێین تێڕوانینی "گوڵچنین"، بۆ وێنە، بۆ مەولانا خالیدی نەقشبەندی تێڕوانینێکی گوتاری-زمانییە؛ هزرو کەسایەتیی مەولانا بەپشتبەستن بەنامەو نوسراوەو شیعرەکانی، لەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی‌و سیاسییەی کە تێیدا ژیاوەو کاری تەریقەتداریی کردوە لێکدەدرێتەوە. بەوتەیەکی تر، لەم تێڕوانینەدا، مەولانا خالید تەنیا نوێنەری پەیامێکی زەینی-ئایدیالیستیی روت‌و رەها نییە، بەڵکو ئاراستەکراو‌و ئاراستەکەری دۆخێکی عەینی-ماتریالیستیشەو بەم چەشنە "گوڵچنین" ئەو میتۆدو مۆدێلەی کە پێیوایە هزر دیاردەیەکی زەینیی سەر بەبواری ترانسدێنتاڵی (پێگەباڵا) بەهاکانە رەت دەکاتەوە. 
بۆ ئەوەی تێبینییەکانی سەرەوە پتر بۆ خوێنەرەوەی ئەم خوێندنەوەیە رون بێتەوە، باسی نمونەیەک لەنامەکانی مەولانا خالید دەکەین‌و تێیدا گرینگیی گوتار-زمانی مەولانا شی دەکەینەوە:
"له‌نامەیەک دا کە بۆ هەموو کاربەدەستانی خانەقای سلێمانی به‌کۆمەڵ: مەلا عەبدوڵای هەرەوی، مەلا عەبدوڕەحمان، دو عەبدولقادر‌و دو ئەحمەدی، نوسیوە، گلەیی له‌بێسەروبەری کاروباری خانەقا کردوە‌و سەرلەنوێ ئیشوکاری به‌سەردا دابەش کردون. پلەکانی ریزبەندی کردون و، هەمان پرنسیپی گوێڕایەڵی بێ چەندوچۆنی مورید بۆ شێخەکەی دوبارە کردۆتەوە، کە "ومن قال لشیخە: لم؟ لا یفلح ابدا"، واتە هەر کەس به‌شێخەکەی بڵێ: بۆچی؟ هەرگیز سەرکەوتو نابێ! هەڕەشەی لێ کردون کە ئەگەر رێنماییەکانی جێبەجێ نەکەن، له‌نێوان ئەو‌و ئەوان دا "فیراقی ئەبەدی" رو ئەدات." (نامە:١٤٨)  گوڵچنین، ل ٢٤٤
 لەشیکردنەوەی بۆ ناوەرۆکی ئەم نامەیە، نوسەر ئاماژە بە"پرنسیپی گوێڕایەڵی بێ چەندوچۆنی مورید بۆ شێخەکەی" دەدات کە رەنگدانەوەی لێکدانەوەی گوتاری ئەوە بۆ رستەی "ومن قال لشیخە: لم؟ لا یفلح ابدا". وەکو فۆکو پێی وابو، گوتارەکان تەنیا بریتی نین لەکتێب‌و دەق‌و وتارەکان، بەڵکو هەر وەتر مۆدێلی کردارو هەڵسوکەوتیش هەن. هەر بۆیە رستەی "ومن قال لشیخە: لم؟ لا یفلح ابدا" ئەوەندەی دەربڕی پەیوەندییەکی رۆحی‌و مانەویی نێوان موریدو مورادە، ئەوەندەش چوارچێوەی مۆدێلێکە بۆ شێوازی رەفتاری رێبواری رێبازی تەریقەت کە لە"پرنسیپی گوێڕایەڵیی بێ چەندوچۆنی مورید بۆ شێخەکەی"دا رەنگ دەداتەوە. 
فۆکو هەروەتر پێیوایە گوتار دەشێت لەپەیوەندیی دەگەڵ دەسەڵاتدا پێناسە بکرێت. بەوتەیەکی تر، گوتار لای فۆکو دەربڕینی ئایدیالیستانەی بۆچون‌و بیرۆکەکان نییە، بەڵکو لەبازنەیەکی بەتەواوی ماتریالیستیدا، بەشێکە لەپێکهاتەی دەسەڵات لەنێو کۆمەڵگادا. لەم سۆنگەیەوە، ئەگەر لەبۆچونی نوسەری "گوڵچنین" بۆ خوێندنەوەی بەشێک لەم نامەیەی مەولانا خالید بڕوانین، دەبینین لەدیدی ئەوەوە ئەو گوتارەی کە مەولانا لەدەقەکانیدا هەڵگرێتی ئاشکراکەری گەمەی دەسەڵاتێکە کە ئەو خواستویەتی بەناوی "رزگاری" (لا یفلح) لەسەر پەیڕەوکارانیدا دایبەزێنێت. "سەرلەنوێ دابەشکردنەوەی ئیشوکار"و "ریزبەندیکردنی پلەکان"و تەنانەت "هەڕەشە کردن" لەکاربەدەستانی خانەقا لەم خوێندنەوە گوتارییەی نوسەردا بەشێکە لەرێکخستنەوەی سیستەمی دەسەڵاتدارییی مەلانا خالید وەکو رێبەری تەریقەتی نەقشبەندی. کە واتە، لەدیدی نوسەری "گوڵچنین"وە، دەقەکانی مەلانا خالید ئەوەندەی دەبڕی ئایدیالۆژیی تەریقەتی نەقشبەندییە، ئەوەندەش کردەی هێزێکە کە هەڵسوڕاوانە ژیانی موریدەکانی تەریقەت رێکدەخات‌و بیچم‌و واتای پێدەبەخشێت. ئەوەی لای نوسەر لێرەدا گرینگیی فراوانی هەیە راڤەو شیکردنەوەی ئەم نوسراو‌و نامانە وەکو دەقی هەڵگری واتا نییە، بەڵکو وەکو دەقی پشتئەستور بەگوتارێکە کە ئامانجە سەرەکییەکەی پتەوکردنی پێگەی دەسەڵاتی دینی‌و دنیایی خۆیەتی. لێرەدایە کە، فۆکو گوتەنی، زانست‌و دەسەڵات لەهەناوی گوتاردا یەکدەگرن‌و دەبنە هۆی ئەوەی پێگەی خاوەن گوتار لەسیستەمی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی‌و کولتوری بەهێز بکەن. ئەم نمونەیەش دیسان تایبەتمەندیی راڤەکارانەی "گوڵچنین" ئاشکرا دەکات کە لەسەر بنەمای لێکدانەوەی گوتاری بۆ روداوەکانی مێژوی کوردستان بەپشتبەستن بەتەتەڵەکردنی زمانی دامەزراوە. نوسەری "گوڵچنین" گوتارەکان لەپێناوی واتای ئەواندا شی ناکاتەوە، بەڵکو بەمەبەستی تێگەیشتن لەو بارودۆخە کە تێیدا بیچمیان گرتوەو هەروەها ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەیهێننە ئاراوە تاوتوێیان دەکات. هەربۆیە نوسەر لەخوێندنەوەی ئەو گوتارە ئاینییەی کە مەولانا خالید هەڵگری بوە بەو ئەنجامە دەگات کە:
"تەریقەتی نەقشبەندی بۆتە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، سیاسی، کاریگەر. تەنیا هێزی مەعنەوی رۆحی نەبوە، بەڵکو له‌هەمان کات دا بۆتە هێزێکی مرۆیی "حساب" بۆ کراو. ئاخۆ ئەم بزوتنەوەیە، هیچ بەرنامەیەکی چاکسازی کۆمەڵایەتی هەبوە، یان له‌هیچ جێگایەکی پرۆسەی چاکسازیی دینیی دا کە کەسانی وەکو عەبدوڕەحمانی کەواکیبی، جەمالەدینی ئەفغانی، محەمەد عەبدە.. ساڵانی دواتر ئاڵاهەڵگری بون، شوێنی ئەبێتەوە؟" گوڵچنین، ل ٢٢١
ئەگەرچی نوسەر وەڵامی ئەم پرسیارە راستەوخۆ ناداتەوەو پێیوایە لەم بوارەدا لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە، بەڵام گرێدانەوەی ئامانجی تەریقەتی نەقشبەندی بەهەبون یان نەبونی بەرنامەیەکی چاکسازی کۆمەڵایەتی خۆی دەلالەت لەوە دەکات کە بەباوەڕی نوسەری "گوڵچنین"، هەر رێکخراوێکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، رۆشنبیری، یان دینی لەکۆمەڵگای کوردی ئەگەر لەناخی خۆیدا هەڵگری پرۆژەی چاکسازی لەپێناوی بەرژەوەندیی کۆمەڵگادا نەبێت، ئەوە نابێتە بزوتنەوەیەک لەپێناوی گۆڕانی گوتاری خێڵ بۆ گوتاری نیشتمان. کورت‌و کرمانجی، نەوشیروان مستەفا ئەمین لەکتێبی "گوڵچنین"دا هەوڵیداوە لەرێگای شیکردنەوەی گوتاری خێڵ‌و گەڕان بەدوای هۆکارەکانی مەیل‌و مەراقی تاک‌و کۆمەڵگای کوردی بۆ گوتارێکی ئەوتۆ ناڕاستەوخۆ گرینگی‌و پێداویستیی گوتارێکی مۆدیرنی لەچەشنی ئینتیمای نەتەوەیی‌و پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانە بهێنێتە ئاراوە. گوتاری خێڵ لەکۆمەڵگای کوردیدا گرێیەکە تەنیا لەرێگای گۆڕانی بنچینەیی لەپێکهاتەی سیاسی‌و کۆمەڵایەتیدا دەکرێتەوە؛ ئەوە ئەم گۆڕانەیە کە دواجار هەڵگری گوتاری نیشتیمانییەو لەپێناوی سەرەوریی نیشتیماندایە. 
 
      


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×