گروپێكی چەكداری سەربە توركیا لەسوریا خۆی هەڵوەشاندەوە
  2019-01-05       1435       
چەند سەركردەیەكی گروپی نورەدین زەنگی

گروپێكی چەكداری سەر بە توركیا لەسوریا خۆی هەڵوەشاندەوە، ئەوەش پاش ئەوەی لە شەڕێكی چوار رۆژەدا هەیئەی تەحریری شام (جەبهەی نوسرەی پێشو) توانی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە لە رۆژئاوای دەوروبەری حەڵەب بخاتە ژێر ركێفی خۆی.

ئاوێنە: كەناڵی "روسیا ئەلیەوم" لەزاری چەند سەرچاوەیەكی ناوخۆیی سوریاوە بڵاویكردەوە كە "بزوتنەوەی نورەدین زەنگی" كە گروپێكی چەكداری سەر بە توركیایە لەسوریا خۆی هەڵوەشاندۆتەوە. 

سەرچاوەكان هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە بزوتنه‌وه‌ی نوره‌دین زه‌نگی، كە لە ‌ژێر په‌رچه‌می لیوای "به‌ره‌ی رزگاریی نیشتمانی"دایەو‌ له‌ لایه‌ن توركیاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت، سه‌ركرده‌كانیان به‌ره‌و توركیا و ناوچه‌كانی عه‌فرین و ئه‌و ناوچانه‌ی دیكه‌ هه‌ڵهاتون كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ "قه‌ڵغانی فورات" دایه‌ له‌ باكوری رۆژهه‌ڵاتی سوریا.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە دوێنێ(هەینی) روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندبو كە هەیئەی تەحریری شام(جەبهەی نوسرەی پێشو)، دەستی گرتوە بەسەر ئەو ناوچانەدا كە لە باكوری سوریاو لە رۆژئاوای دەوروبەری حەڵەب لەژێر دەستی بزوتنەوەی نورەدین زەنگی-دا بون، ئەوەش دوای شەڕێكی چوار رۆژە كە تێیدا زیاتر لە 100 چەكدار كوژراون.

بەپێی بەیاننامەكەی روانگەی سوری هەیئەی تەحریری شام توانیویەتی دەست بگرێت بەسەر زیاتر لە 20 شارۆچكەو گونددا كە لەژێر دەستی گروپە چەكدارەكانی دیكەدا بون.

ئەو شەڕەی نێوان هەیئەی تەحریری شام و بزوتنەوە هەڵوەشاوەكەی نورەدین زەنگی رۆژی سێشەممە دوای كوژرانی پێنج چەكداری ئەو بزوتنەوەیە سەری هەڵداوە.

سەرەتا شەڕەكە لەناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكاندا بوە لە پارێزگا حەڵەب، بەڵام دواتر تەشەنەی سەندوە بۆ هەردو پارێزگای حەمات و ئیدلب.

پارێزگای ئیدلب و چواردەوری بە ناوچەی هەژمونی توركیا دەژمێردرێت و چەند خاڵێكی چاودێری توركیاش لەوێ هەن.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×