"رێورەسمەکەی ئەمڕۆ بۆ چەسپاندنی بەمەرجەعکردنی مەسعود بارزانی بو"
  2019-06-10       3686       

په‌رله‌مانتارێكی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ به‌ "دوشه‌ممه‌ی ره‌ش" ناوده‌بات و ده‌شڵێت؛ رێورەسمەکەی ئەمڕۆ، پێش ئەوەی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێم بێت، بۆ چەسپاندنی بەمەرجەعکردنی مەسعود بارزانی و رەشکردنەوەو پەراوێزخستنی مێژوی خەباتی سەرکردەکانی دیکە، بەتایبەت نەوشیروان مستەفاو مام جەلال بو.

ئاوێنه‌: كاوه‌ محه‌مه‌د، په‌رله‌مانتاری گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، له‌نوسینێكدا له‌ژێر ناونیشانی "دوشه‌ممه‌ی ره‌ش" له‌لاپه‌ڕه‌ی خۆی له‌ فه‌یسبوك، نوسیویه‌تی"بینوسن..لەساڵنامە و دەفتەری یاداشتەکانتاندا تۆماری بکەن، کە ئەمڕۆ دوشەممە (٢٠١٩/٦/١٠) یەکێکە لەرۆژە هەرە رەش و شومەکانی ئەم هەرێمە پڕ لەرەشایی و تارماییەی ئێمە."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی گۆڕان سه‌باره‌ت چه‌ند هۆكارێكی دیاریكردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ "دوشه‌ممه‌ی ره‌ش" تۆماربكرێت و له‌ یه‌كێكیاندا وتویه‌تی"ئەمڕۆ کۆڵەکەیەکی دیکەی بەبنەماڵەکردنی سیستمی حوکمڕانیی هەرێم داکوتێنرا و پەرلەمان و پەرلەمانتارانی کوردستانیش کران بە شاهید بەسەریەوە."

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو"ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بێ بەهاتر کرا و پەرلەمانتاران نادیارترین بونەوەری ناو هۆڵی نمایشەکان بون."

جه‌ختیشی كردۆته‌وه‌"رێورەسمەکەی ئەمڕۆ، پێش ئەوەی بۆ سوێندخواردنی سەرۆکی نوێی هەرێم بێت، بۆ چەسپاندنی بەمەرجەعکردنی (مەسعود بارزانی) و رەشکردنەوە و پەراوێزخستنی مێژوی خەباتی سەرکردەکانی دیکە، بەتایبەت (نەوشیروان مستەفا و مام جەلال) بو."

هه‌روه‌ك له‌نوسینه‌كه‌یدا هاتوه‌"ئەمڕۆ هەرچی شکستی حوکمڕانی (٢٨ ساڵ)ی رابردوە و بە پلەی یەکەم (مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی) لێی بەرپرسیارن، کەچی لەرێورەسمە پڕ لەریاکارییەکەی ئەمڕۆدا هەمو ئەو شکست و نەهامەتییانەی ساڵانی رابردو، بە بۆیەی برایەتی و یەکڕیزی درۆینەوە سپی کرانەوە و بە نرخی (سەرکەوتن و دەستکەوت) فرۆشرانەوە."

هه‌روه‌ها وتوشیه‌تی"رێورەسمەکەی ئەمڕۆ مەسیجی ئەوەی پێگەیاندین کە هاوپەیمانێتیی گەندەڵکارەکانی هەرێم و عیراق، بەهێزە و ئەو دەستەبژێرە شکستخواردوە لەهەر شتێکدا جیاواز و ناکۆک بن، بەڵام هەمویان بەرهەمی یەک کارگەن کە بەردەوام سیاسەت دەهاڕێت و لەئەخلاق دایدەماڵێت."

له‌كۆتاییشدا دوپاتیكردۆته‌وه‌"بۆیە ئەمڕۆ بە ئیمتیاز رۆژێکی رەش بو، چونکە بەرهەمی ساڵانی تاریکی بو و بناغەی بۆ ساڵانێکی تاریکتر دانا."

 

بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی نوسینه‌كه‌ی كاوه‌ محه‌مه‌د لێره‌ كلیك بكه‌


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×