وەزیری بەرگری عێراق: رێگەنادەین خاكەكەمان بۆ دژایەتی هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت
  2019-07-07       743       

نەجاح شەممەری، وەزیری بەرگری عێراق لەدیداری لەگەڵ جەیمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا رایگەیاند"عێراق رێگە نادات خاكەكەی دژبە هیچ وڵاتێكی دراوسێ بەكاربهێنرێت."

ئاوێنە: وەزارەتی بەرگریی عێراق، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە، نەجاح شەممەری، وەزیری بەرگری عێراق پێشوازی كردوە لە جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریاو وەفدێكی هاوڕێی.

بەپێی بەیاننامەكە لەدیدارێكدا وتوێژیان لەسەر بەردەوامی پشتیوانی و هاوكارییەكانی هێزە چەكدارەكان كردۆتەوە كە بەردەوامن لە جێبەجێكردنی كردەوەكان لەو ناوچانەی هێشتا چەكداری داعشی لێ ماوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە نێردەی تایبەتی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق و سوریا ستایشی رۆڵ و ئەركی هێزە چەكدارەكانی لە دژایەتی تیرۆردا كردوە و جەختی كردۆتەوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رێز لە سەروەری عێراق و بڕیارە تایبەتییە سەربازی و سیاسییەكانی لەسەر خاكی خۆی دەگرێت.

هەر بەپێی بەیاننامەكە شەممەری وتویەتی"عێراق رێگەنادات خاكەی دژبە هیچ وڵاتێكی دراوسێ و ناوچەكە بەكاربهێنرێت و رێگەش نادات باڵیۆزخانەو نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان بكرێنە ئامانج."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×