ڕێبەری
  2019-07-09       1471       


سەباح یاسین

 


ئێمە گەرەکە بۆ نزیکبوونەوە لە زوانی کوردیدا سەرەتایەک دابین بکەین. ئەم سەرەتایە بریتییە لە دوو دەنگی نەبزوێن و بزوێنی(ڤۆکال و کۆنسۆنانت) "ئ" و "ا" کە "ئا"ی ئاوی سروشتی و "ت" و "ا" تاوە (هەتاو)ە گەردوونیە و لە دەنگی "ئا"ی ئاو، "تا"ی تاودا، دەنگی "هەتاو" کە چوار دەنگە پەیدابووە. بەو مانایەش دەنگی "ئا و تا" سەرەتا و کۆتایی دەنگی "ئاو و تاو" بوون و دەنگی ئاویان تێدایە و کۆمەڵە دەنگییەکانی دی لە ئەوانەوە دروست بوون. "ئ" و "ا" و "ت" و "ا" وەک بوونی نەبزوێن و بزوێنی ئافرێنەرانە(خالقی) بریتی بوون لە بنەمای گەردوونناسیی زمانی کوردی، ئەمەش بێگومان ڕوانگەی ئەفسانەیی زمانە دێرینەکەی بووە، ماوەتەوە و ئەو مانایەش لە  مانای بوونی مرۆڤیەکەیدا کە کولتورییە ئاو (ئاوهاتنەوە)، بە "ئاو، تۆو و نەوە" ناسێنراوە. ئاخر بە گوێرەی ئەفسانەی ئەفراندنی سۆمەری خوداکان وەک ئافرێنەر (خالق) خۆیشیان ئاویی بوون. لەم ڕوانگەیەوە دەربڕینەکانی "ئاو" و "تاو"ی کوردی، هەروەها "ئود" و "ئا"ی سۆمەری، تەنیا وشە نین، بەڵکو بیرۆکەیی ــ کۆنسێپتی (تێگەییانە) ڕەخساون و بەوەش ڕوانگەیەکی ئەقڵانی (مۆغی) و زانستی لە ماناکانیا‌ندا، کە بیرکارییە دەردەکەوێت. پەیوەندی بە ئەفسانەی ئەفراندنەوە گەرەکە، لێرەدا بەکورتی ببێژین، کە سەرەتا یەک خودا نەبووە گەردوون بئافرێنێت، بەڵكو دوو خودا هەبوون، واتا دوو ئاو کە شیرین و سوێر (ترش) بوون. ئەم دوو خودا ئاوییە شیرین و سوێرە تێکەڵ بە یەکدی دەبن، تێکەڵبوونیشیان هێمایە بۆ خۆشەویستی و ڕەحەتبوونیان، کە بەو ڕێیەوە نەوەی کوڕ و کچ دەخەنەوە، واتا ئەم خودازادانەش بە هەمان شێوە ئەوانیش کە بوون هەر ئاو بوون.
ئەم دیدەی سۆمەرییەکان هاوکات لە بەرهەمهێنانی مانادا بەرجەستە بووە. بۆ نموونە "هەتاو" یان "تاو"ی کوردی مانایە بۆ ڕووناکی ڕۆژ و گەرمای تیشک، لێ لە زوانی سۆمەریشدا "ئود (ud)" مانای "ڕۆژی سروشت (day)، تاو یان گەرما (heat)، تا (fever)، ڕۆژی گەروون (sun)، هاوین (summer)" دەگەیەنێت. بە واتایەکی دی مانای "ئاو و تاو"ی کوردی هەمان مانای "ئا (a) و ئود (ud)"ی سۆمەری دەگەیەنن. یان بۆ نموونە چۆن جەژنی نەورۆز لای کورد مانایە بۆ نوێبوونەوەی ساڵ، لای سۆمەریەکانیش کە بە "زاگ – مو" (zagmu [NEW YEAR]) ناویان بردووە، هەمان مانای نوێبوونەوەی ساڵی گەیاندووە.
کولتوری مرۆڤی، بە مانا کردگارییەکە، پێکەوە لەتەک کێڵان و دروستکردنی ئاوایی سەرووی مێزۆپۆتامیادا داهێنراوە. مرۆڤ لەو دەمەوە مانای بە سروشتی خودی کولتوری و گەردوونی داوە. لە وشە و بیرۆکەی "زوان"ی کوردیدا مانای سروشت و گەردوونی تۆمار کراوە. دەنگ لە تۆماری وشەی زوانەکەدا، وێنە یان مانا پێکدەهێنێت. ئەو مانادانە بە "زوان" بەرانبەر ئەو مانا تێهەڵکێشەی ئاو بە تاو دەوەستێتەوە، کە سروشتییە/ گەردوونییە. هەروەها نەوە لە هەردوو زوانی کوردی و سۆمەری‌دا وەک ئاو/ تۆو ناسێنراوە، لێرەش‌دا ئاو/ تۆو مانایە بۆ بوونی "داری ژیان" کە سروشتییە/ گەردوونییە و دینەکانی چاخی بەردین تا دوای سۆمەریەکان پێوەی پابەند بوون، بەڵێ ئەوە تا دەگات بە دینی سەردەمی ئاخامینەکان. پێدەچێت زەردەشت سەرەتای دووبەشبوونی/ جیابوونەوەی ئەم بنەمایە بێت، کە پاشان دینەکانی جولەکە و مەسیحی و ئیسلام ئەو بنەمایەی بوونی داری ژیانیان لە مانا خوداییەکەیدا وەرگرت و مانایان بە گوێرەی کولتوری زوانیی خۆیان بۆ داڕشت. کەواتە تێگەیشتنی ئێمە لە مانای ئاو/ تاو یان زوان لە ڕووی واتاسازی (semantic) و دەنگەوە (phonetic)(([1] دەگەڕێتەوە بۆ کولتوری زوانی و مانادان بە تۆو، لێڕەشدا کێڵانی ئەرز، پەرەدان بە گیانداران، داهێنانی ئاڵوگۆڕی شمەک، تواندنەوەی کانزاکان، داودەرمان و زۆر شتی دی سەرچاوەی زانین و پەیڕەوە بنەماییەکەی بوون، نەک ئەو ڕاڤەکارییانەی زوانی فەرمانی کە وشەی خوداییان بە بنەمای مانای ژیان داناوە و خۆیان سەپێنەرانە لە دونیادا مەزن کردووە.
زوانی ئێمە کە ئەمڕۆ کارایە، کولتوری زوان و مانای نەوە، واتا ئاو یان تۆو دەبەستێتەوە بە مانادانی ئاوایی دێرینی چاخی بەردینەوە. لێ داڕوخانی ئاوایی و ئاوەدانیی دێرین تا ئەمڕۆ هەر بەردەوامە، بۆیە مرۆڤ تا ئەمڕۆ دەرفەتی لێسەنراوە، کە لە خۆی و خودی زوانەکەی تێبگات، بەڵێ مرۆڤ هێشتا بەخۆداچوونەوەی سەردەمییانەی گەرەکە تا لە قوڵیی گرفتەکانی تێبگات. تێگەیشتن لە بوون و هەبوونی کولتوری زوان ڕێ خۆش دەکات لە خودی سروشتی مرۆڤیمان و بوونی سروشتیمان/ گەردوونیمان، تێبگەین. کەواتە ئەمڕۆ ئاشنابوون بە خۆمان یان بە مێژووی زوانەکەمان، چ وەک تاک و چ وەک کۆ، ڕێ خۆش دەکات لە ئەوسای کردگاری و پەروەردگاری داپیر و باپیرە گەورەکانمان تێبگەین، کە وەشاندنی تۆو و کێڵانی ئەرزیان داهێنا و مرۆڤیان نەوەییانە لە مانای تۆودا/ ئاودا بە سروشتی/ گەردوونی دانا. لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە تێگەیشتنەی ئەوان مانای بە داری ژیان و نوێبوونەوەی نەوە داوە و ئاو بە تاو بەو شێوەیە وەک ئاهەنگی نەورۆز لە زهنی کۆی ئێمەدا ماوەتەوە.
هەبوونی ئاو/ هەتاو ـ وەک ئەقڵ/ دەست لە هۆنینەوەی ئەفسانەی ئەفراندنی سۆمەرییدا([2]) سەرەتایە/ کۆتاییە و مانای کردگاری و پەروەردگارییان هەیە و هێماکانیان بیرکارییانە داڕێژراون. داڕشتنەکەش کاریگەری لەسەر ئەو مانایە هەیە، کە لە وشەی زوان و لە مانای ئاو و هەتاوی کوردی و سۆمەر‌یدا هەیە. بۆ نموونە: ئاو بە بنەمای بوون و هەتاو بە کۆتایی هەبوون دانراوە، ئەوەش بەڕوونی لە زوانی سۆمەر‌یدا دەبینرێت، لە زوانی کوردیشدا ئاسەواری ئەو بۆچوونە لە داڕشتنی وشەکاندا دەبینرێت. دەنگی ئاو لە دەنگی تاو و هەتاودا ئاسەواری ڕوانگەی دێرینی زوانەکەن و ئەوەش خوێندنەوەی سەردەمیی دەخوازێت. بۆنموونە زاراوی "ئاو بە تاو" لە وێنە و مانای شەپۆلی ئاودا وێنەی نزم/ بەرز و بەرز/ نزمە و لە گەشتی سروشتیانەی ئاو بۆ ئاسمان یان گەشتی ئاو لە ئاسمانەوە بۆ ئەرز دەدوێت. خودی "تاو" سەرچاوەی بزووتنی ئەو گەشتە بەتاوەی ئاوە لە ئەرز و ئاسماندا، چاویش وەک وێنە دەنگی خۆر و بێدەنگیی هەڵم بەدیدەکات، بە گوێرەی ئەو بیستن و بینینەش ماناکە لە زواندا وەک باران بەتاو، خۆر بەتاو، تاوی نێر و مێ بۆ یەکتر، مانای ئاو و هەتاو بەیەکەوە دامەزراوە. لەو گەڕانەی ئاودا خودی ئاو بە تاو نوێبوونەوەیە. نوێبوونەوەی سروشتی و گەردوونیی ئاو و هەتاو بەیان دەبێت، ئەوجا ئەو مرۆڤانەی کە کێڵانی ئەرزیان داهێنا، مانایان بەو خوێندنەوە سروشتی و گەردوونییە بەخشی. ئەم ڕەوشە وادەکات، کە ئێمە ئەوان بە داهێنەری زوانی کوردی/ سۆمەری دابنێین، هاوکات ئەو بنەما زوانییەش لەبیر نەکەین، کە وادانانی هێما و بیرکاری سەرچاوەی مانادانن بە دەنگ و وێنەییە، ئەوەش هاوتایە بەو بنەما زوانییە کە وەک پارادایمی کار و بیر سروشتی/ گەردوونی وەک خۆی خوێندۆتەوە، نەک وەک مێتافیزیکی سەردەمانی دێرین هەوڵی دابێت پاساو بۆ بوونی ئاو و هەتاو بهێنێتەوە، نەخێر ئەو پارادایمەی ئاو بە تاو وەک سەرچاوەی نوێبوونەوە نەوەیە، کە خۆ خوێندنەوەیە. هەر بۆیە سۆمەری و کورد نەوەیان بە ئاو، تۆو ناوناوە.هوشیاری ئەو داپیر و باپیرە گەورانە لە زوان و ژیان جێی باس و لێکۆڵینەوەی زۆرتر و فراوانترە، ئێمە لێرەدا تەنیا ئەو دەرفەتەمان هەیە، کە ئاماژە بۆ ئەوە بدەین، کە جەمسەرەکانی ئاو و تاو تێکهەڵکێشانە پێکەوە گرێدراون، یان سەرەتا و کۆتاییەکانیان تێکهەڵکێشانە بەردەوامی بە نوێبوونەوەی خۆ خوێندنەوەیان دەدەن. بۆ نموونە تێکهەڵکێشی سروشت/ گەردوون وەک بوون داوای مانا و هۆکاری دین و دونیایی لە ئێمە ناکات، بەڵکو ئەوە ئیدیالی خۆمانە کە پرسیار لەبارەی کردگار و پەروەردگاری بوونەکەی دەجوڵێنێت. پێدەچێت داپیر و باپیرەکانیش ئەو پرسیارانەیان پێش نیشتەجێبوون هەبووبێت و لەگەڵ نیشتەجێبووندا هانی تێکهەڵکێشی مانا و مانای زوانیان وەک ئاو و تاو بە بوونی تۆوی کردگار و پەروەردگارییەوە ببەستنەوە و لەسەر ئەو بنەمایە بۆچوونی خۆیان کە بەردەوامی سەردەمی چاخەکانی سەهۆڵبەندانی جیهان بووە و جیهانی داهێنانی "ئاوی"ی بووبێت، خۆیان بە نەوەی ئاویی ناونابێت. ئەمە مانایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت، کە تێگەیشتنی ئەوان بۆ زوان سروشتی بووە و پێدەچێت لەو سەردەمانەوە وێنەی زوانیان میتۆلۆژییانە(ئەفسانەیانە) وەک پلەگۆشتی ناو دەم بۆ مابێتەوە، هەروەها لەگەڵ کێڵانی ئەرزدا بیریان لە مانای زوان (گفتوگۆ) و بوونی ئاویی خۆیان کردبێتەوە، هەر بەو مانایەش خوێندنەوەی ئاویی خۆیان بە بوونی هەتاوییەوە بەستبێتەوە، کە بەستەڵەکی تواندۆتەوە، ئەوجا بەدووی ئەو گۆڕانەدا زوانیان وەک سەرچاوەی ماناداهێنان بە زوانی ڕەگەز دانابێت و بە گوێرەی ئەوەش ڕەگەزی مرۆڤیان لە ڕەگەزی ئاژەڵ و ڕووەک جیاکردبێتەوە. ئەو سەرەتایەی زوانی کولتوری لە وشەی زوان و مانای ئاو بە تاودا تۆمار بووە. کەواتە کێڵانی ئەرز لەگەڵ خۆیدا کێڵانی بیر و زوانی هێناوە، بەو مانایەش ئاوەدانی خاک و زوانی ئێمە سەریهەڵداوە. ئەو سەرهەڵدانە سەرهەڵدانی ئیدیالی تاکی/ کۆی زوانەکەیە و هەڵگری مانای سروشتییە/ گەردوونییە و دەشێت وەک سەرەتای مێژووی نیشتەجێی مرۆڤ و کولتور دیاری بکرێت. کاتێك لە ڕوانگەی سروشتی و گەردوونییەوە لە بڕوا دینییەکانی وەک یارسان، هەقە، عەلەوی[3]، کاکەیی و ئێزدی ورددەبینەوە، ئەوجا بە شێوە ژیان و دونیابینینی جوتیاری کوردیان دەبەستینەوە، ئیدی پتر لە بوونی مرۆڤی و کولتوری زوان تێدەگەین، یان ڕوونتر دەبینین، کە چۆن بەرخۆدانی کردووە و ئەو کولتورە لە بەردەم زۆرداری و داگیرکاری دەرەکی و خۆهەڵخەڵەتانی ناوەکیدا خۆی ڕاگرتووە.
بۆچوونی سروشتی/ گەردوونی کە لەسەر کشتوکاڵ ڕێگەی بۆ کێڵانی ئەرز و بەڕێوەبردنی ژیان کردۆتەوە، هاوکات ئەقڵانیانە ڕێگەی بۆ تێگەیشتن لە هاوتا و جیاوازیی تۆو کردۆتەوە، بەئاگایی لە تێهەڵکێشی ئاو و هەتاو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بریتییە لەو بنەمایەی نوێبوونەوە کە هاوتاکردنی جیاوازیی پاراستووە. نێر و مێی کوردی تا شەڕی یەکەمی گێتی بەیەکەوە ساکار و ئاسان لە کێڵگە و ماڵدا کاریان دەکرد، ئەوەش لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو خۆبینینە سروشتی و گەردوونییە. زوانی سۆمەری و کوردی بە دەم ئەو ڕوانگە هاوتا و جیاوازەی ئاوەدانکاری دونیاییەوە پەرەیان بە خۆیان داوە، لێڕەشدا مانایان بە تۆو و گیاندار و ڕووەک داوە، ئەو مانایانەش کە لە هەردوو زوانی کوردی و سۆمەریدا هەن و بنەمان، ئاوایی و ئاوەدانیی مێزۆپۆتامیایان داهێناوە. بۆ نموونە ناوبردنی نەوە بە ئاو/ تۆو کە مانادانە بە مرۆڤ، لە بنەڕەتدا پێناسەیەکی سروشتییە/ گەردوونییە، ئەوەش بە زوانی لەوەوبەر و ئەو نوێبوونەوەیەی زوانیان دەبەستێتەوە، کە مانای بە ئاوی/ هەتاوی لەوەوبەر داوە. کەواتە "دەنگ/ وێنە"ی ئاو و هەتاو، لەگەڵ وشە و بیرۆکەی زواندا کە لە زوانی کوردیدا/ سۆمەریدا دووفاقییە، بەردەوامیی ئەو وێنە دووفاقییەی شەپۆلی نزم/ بەرز یان بەرز/ نزمی، ئاون/ تاون کە تێکهەڵکێشانە لەسەر بەردەکەی گۆبەکلی تەپە ([4]gobekli-tepe) وێنە کراوە. وێنەی سەر ئەو بەردە هەڵگری مانای کردگاریی و پەروەردگارییە، ئەوەش نێر و مێی ئاوەدانکەری سەرەتا و کۆتایین کە هونەرییانە ئەو مانایانەیان لەسەر بەردەکە تۆمارکردووە. ئەو مانا تۆمارکراوانەی سەر بەردەکە سروشتین/ گەردوونین و خۆخوێندنەوەی زوانین بۆ ئەو مانایەی ئاو/ تاو و زوان کە هەتاویانە نوێیبوونەوەی (updated) گیانداری بە بوونی ئاوەوە بەستۆتەوە. کەواتە وێنەی سەر بەردەکە و وێنەی زوان کە پلەگۆشتە، هەروەها ئاو کە بنەمایە، وێنەدانەوەی سروشتبینیی مرۆڤانی ئەو سەردەمە بوون: ئەوان مانای ئاویان بە تاو و مانای پلەگۆشتەکەیان بە ڕەگەزەوە بەستۆتەوە، یان وەک وێنەی شەپۆلەکان لە یەکدییان هەڵکێشاون. ئەو تێکهەڵکێشییە ئەفراندێکی کردگاری و پەروەردگاری بووە. مرۆڤەکان خۆشەویستیی ئەرزیان/ ئاسمانیان بە بنەمای ژیان دادەنا. ئاو/ تاو و وێنەی ئاوی سەربەردەکەی گۆبەکلی تەپە ([5])، هەروەها گڵێنەی ئوبەیدیەکان، هەڵگری ئەو مانا کردگاری و پەروەردگارییەن، کە ئەفسانە ئەفراندنی سۆمەری یان مێزۆپۆتامیای لەسەر بیناکراوە.
 با بۆ تێگەیشتنی زیاتر لەم پرسە هەڵوێستە لەسەر نووسینی شەپۆلی () ئاو بکەین کە هێمایی و بیرکارییانە لەسەر بەردەکەی گۆبەکلی تەپە وێنە کراوە. شەپۆلی ئاو بە تاو لەگەڵ داهێنانی نووسینی مێخیدا گۆڕانی بینی: لە هەزار ساڵی یەکەمی داهێنانی مێخدا گۆڕرا بۆ مێخی "" و لە هەزار ساڵی دووەمی داهێنانی مێخدا گۆڕرا بۆ مێخی "". سۆمەرناسان دەنگی مێخەکەیان بە "ئا/ a" خوێندۆتەوە.
خوێندنەوە بۆ مانای شەپۆلی ئاو بە تاو (وەک: دەنگ + وێنە یان کار + بیر) لە زوانی کوردی و سۆمەریدا هاوکێشەییانە ڕەخساوە، واتا وەک "x+ y=z". ئەو هاوکێشە تێکهەڵکێشە هاوشێوەی ئەو مانایەیە (هەروەها مانای داستانی ئەفراندنی (خوڵقاندنی) سۆمەرە) کە لە وشە و بیرۆکەی زواندا، ئاو بە تاو وەک دوو ئاوی سەرەتایی سوێر و شیرین (نێر و مێ) دەبینرێت. وێنەی ئاوی سوێر و شیرین لە سروشتدا قەوارەیەکی شەشپاڵووییە، ئەوجا ئەگەر لەگەڵ هەڵمی ئاسماندا وەریبگرین، ئەوا قەوارەکە شێوەیەکی گەردوونی هەیە، ئەوجا گەر بە مانای دەرکەوتنی خوداکانی ئەفسانە ئەفراندنییەوە ببەستینەوە، ئیدی لە قوڵیی تۆو/ ناوک تێدەگەین، کە لە قوڵی گیانەوە هاتووە، گیانیش بە مانای ڕۆح و گیان دەگەڕێتەوە بۆ پشتاوپشت. پشتاوپشت هەڵگری مانای کاتە/ جێیە، ئەوەش ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کات/ جێ بە سروشتی/ گەردوونی بە بوونەوە دەبەستێتەوە.
لە مانای زوانی وشەیی و بیرۆکەی زوانی کوردی و سۆمەرییدا ئەو بەردەوامیی مانایە تۆمار بووە و ئاو بە تاویش هەڵگری هەمان خەسڵەتە، کە بە تۆوی/ ئاوی و نەوەیی ناوبراوە. کەواتە گەشتی ئاو بۆ ئاسمان و گەڕانەوەی، کە تێکهەڵکێشی قەوارەیە، مانایە بۆ بوونەکەیەتی، لێڕەشدا ناوک و ناوەندی گەردوون و شێوەکەی ئاسۆیی و ئەستوونی دەردەکەون. کەواتە مرۆڤ، یان با بڵێین: زوانی کوردی و سۆمەری کە زوانیان تێکهەڵکێشانە وەک ئاو و تاو وێنە کردووە، مانای وێنەکەیان لە زهنەوە وەرگرتووە نەک لە ڕاڤەی لۆژیکی زوان و وشەسازییەوە، بە واتایەکی دی، هەردووکیان زوانی سروشتین/ گەردوونین، ئەمەش جیایان دەکاتەوە لە زوانەکانی دی. بۆ نموونە کردگاری و پەروەردگاریی مانا لە زوانەکانی دیکەدا کە فەرمانین، بەڵام مانا لە زهنی کوردیدا/ سۆمەریدا بەردەوامیدانە بە مانای سروشتی/ گەردوونی، ئەوەش سەرچاوەی خۆدۆزینەوەی سەرەتایی و مانادانی زوانی نیشتەجێیەکانی کوردستان بووە، کە جیاوازە([6]) و بە شێوەی زانستی ڕێگەی بۆ داهێنانی پێوانەکانی وەک قەوارە، ڕووبەر و کێش خۆشکردووە. لە وشە و بیرۆکەی "زوان/ [7]eme"دا، چ وەک پلە گۆشتی ناو دەمی گیاندار "و" چ وەک زوانی ڕەگەز، ئەو جیاوازییە زوانییە ئەقڵانی و زانستییە دەبینرێت، کە سەرچاوەی داهێنانی ئاوایی دونیا و زوانی بووە، بەڵام لە زوانەکانی دیکەدا ڕاڤەکاری سەرچاوەی مانای زوانی ئاخاوتنیانە، واتا جۆرە هەڵوێستێک کە ڕێگەی بۆ خۆهەڵخەڵەتاندنی خەیاڵی (دینی و دونیای)ی کردۆتەوە.
هەروەها بیرۆکەی "زوان/ eme" لە کوردی و سۆمەرییدا وێنەن بۆ چێژی خواردن و چێژی ئاخاوتن، کە مانادانن بە دونیا، کە سروشتییە و پێناسەیە بۆ گەردوون/ گشتی. کەواتە وشە و بیرۆکەی زوان هاوشێوەی ئاو/ هەتاو یان ئاو بە تاو هاوکێشەییانە داهێنراوە و داهێنانەکەش بەردەوامیی بوونەکەیە، واتا جیاوازە لە دونیابینیی جیابوونەوە، کە زوانی بە سەرچاوەی جیابوونەوەی مرۆڤ لە گیاندار یان لەیەکدی داناوە. بۆ نموونە ئاوازی/ دەنگی "ئاوایی" کوردی و ئیدورو (eduru)ی سۆمەری مانان بۆ دێ/ گوند و "ئاوەدان"ی، "ئورو" (uru) مانایە بۆ نشینگەیەک کە جێی ئاوە. نشینگە لە مانای ئاوەدانکردنەوەدا وەک داهێنانێکی مێزۆپۆتامیای سەروو ناسێنراوە. کەواتە واتا/ مانا، دەنگ و وێنەی ئاوایی(eduru)، هاوشێوەی ئەو هاوکێشەیەی زوانە کە نووسینی هێمایی و بیرکاری داهێناوە. لەو ڕووەشەوە نزیکی دەنگ/ وێنە لە مانای "ئاو"ی کوردی و "a/ ئا"ی سۆمەرییدا دەبینرێت. هەروەها نشینگە و جێی دۆزینەوەی نووسینی هێمایی ـ وەک جێی "ئاو" ـ ئاماژەیە بۆ ئاوایی، لێڕەشدا مێزۆپۆتامیای سەروو ناوچەییە و لە دێرینەوە بە کەل و کێو و کەند ناوبراوە. جێی سەرنجە کە سۆمەرییەکان مێخی ""یان بە دەنگی "کی/ ki" گۆکردووە و مانای جێ (جی) و ئەرز دەگەیەنێت. ئەگەر لە وێنەی مێخەکە وردببینەوە و لە گۆکردنەوەی دەنگی "کی"ی سۆمەری بهزرێین، ئەوجا بە دەنگ و وێنە و مانای "کوو، کۆڕ، کوڕ، کەن، کەل، کێو" تا بە واتای "کوڕ، کچ یان کێر، کوز" کە بەرز و نزمیە بەراوردی بکەین، ئەوسا لەوانەیە لە دەنگی كی و جێ (جی) وەک بەردەوامیی ئەو زوانە دووفاقییە و شێوەکاری (ئەندازیاری) تێبگەین، کە سروشتیانە/ گەردوونیانە ماناکانیان داهێنراوە. لە کوردیدا دەنگی "ک" دەگۆڕرێت بۆ "ج" یان جێگۆڕکێ دەکەن. دەشێت ئەو جێگۆرکێیەی دەنگ لە پشتاوپشتی زوانەکەوە هاتبێت. بۆ نموونە وێنەشەپۆلی ئاوی سەر بەردەکەی گۆبەکلی تەپە([8]) جارێک بەرز و جارێک نزمە، دوور نییە کە لە ڕابردوودا ئەو جێگۆرکێیەی ئاو هاوتاکرابێت بە مانای دەنگ، هەروەها دوور نییە کە گوێ و چاوی مرۆڤی ئەو دەمە لە گوێ و چاوی مرۆڤی ئەمڕۆ هەستیارتر بووبن.
وێنەکردنی تێکهەڵکێشانەی شەپۆلی بەرز/ نزم و نزم/ بەرز لەسەر بەردەکە دەگەڕێتەوە بۆ تاوی ئاوەکە، تاکو گۆڕان یان وەرچەرخان بە ئاڕاستەی نوێبوونەوە بدات. کەواتە ئاو و تۆو ونەوە ـ وەک دەورانی نوێبوونەوە ـ مانا لە بوونە تاوییەکەوە (ئاڕاستە شەپۆلیەکەی) وەردەگرن و تێکهەڵکێشانە خۆیان کە ئاو و تاوە نوێدەکەنەوە. بە واتایەکی تر ئاو و تاو وەک گیان و ڕۆح یان ناو و کردار یان ئاو و شەپۆل بەیەکەوە بینراون. مانای وشەی "ئاو"ی کوردی و "ئا"ی سۆمەری بریتییە لە "ئاو، تۆو، نەوە"، لێڕەشدا دوو دەنگی "ئ"ی نەبزوێن و "ا"ی بزوێن سەرچاوەی ئەو مانایەی هەردووکیانە و پێدەچێت "و" یان "ڤ" و "ب" کە لە مانای ئاودا دەبینرێن، لەگەڵ ڕۆژگاردا بۆ ئەو دەنگانە زیادکرابن. تا ئەمڕۆ لە زوانی کوردیدا هەمان خوێندنەوە بۆ ئاو/ تۆو ـوەک نەوەـ هەیە، ناوکیش کە هەر تۆوە، مانای پشتاوپشتی نەوەی بە تۆوی دایک/ باوکەوە هەیە. ئەمە واتایەکی ئەوتۆ دەگەیەنێت، کە زوانی کوردی و سۆمەری بەردەوامییان بە ڕوانگەی زوانی نیشتەجێبووە دێرینەکانی مێزۆپۆتامیای سەروو داوە، ئەگەر نا، ئیدی چۆن ئەو دوو زوانە هەمان مانایان بۆ بیرۆکەی زوان (وەک چێژ) و ئاو (وەک تۆو و نەوە) دەبوو و زۆر وشە لە یەکدەچوون؟ لە فەرهەنگۆکەدا ئەو لەیەکچوونانەی هەردوو زوانەکە ڕووندەکەینەوە.
لەم فەرهەنگۆکەدا هاوشێوەیی و لەیەکچوونی واتا/ مانا و دەنگ/ ئاواز لە زوانی کوردی و سۆمەریدا دەخەمە پێشچاوی خوێنەران، ئەمەش لە وێنە و وشەدا، تاکو کوردەکان خۆیان بە زوانی ئێستایاندا بچنەوە و لەو خزمایەتییەی زوانی کوردی و سۆمەری تێبگەن. بۆ نموونە واتای یان دەنگی یان وێنەی "ئاو" و "a/ ئا" هاوشێوەی واتا و وێنە و مانای "زوان/ eme" ـ وەک وشە و بیرۆکە - دووفاقیانە ڕەخساون، هەر لەم ڕوانگەیەشەوە لە یەک سەرچاوەی زوانەوە گەشەیان کردووە. نزیکیی ئەو بنەما زوانییە لە ڕووی ماناوە ڕوانگەی زهنی زوانەکان دەردەخات، جا ئەگەرچی وشەی زوان لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی ئیمی (eme) ناچێت، بەڵام لە ڕووی ماناوە هەڵگری مانای چێژە، ئەمەش بە دوو مانای هاوتا و جیاواز، هەر ئەمەشە دەمانگەیەنێت بەو تێڕوانینە بنەماییە، کە مانای وشە و بیرۆکەکەی لە یەک زهنی زوانییەوە سەرچاوەیان گرتووە. جگە لەوە هەردووکیان لە ڕووی هێما و بیرکاریی وشە کوردییەکە و ئەو دەنگەوە، کە بۆ مێخە سۆمەرییەکە دانراوە، یەک بنەمای هێمایی و بیرکارییان هەیە. بێگومان هاتنی دەنگی ئاو/ ئا لە زوانی کوردی و سۆمەریدا بە مانای ئاو، کە تۆو و نەوەیە، بەردەوامیی زوانی داپیرە/ باپیرە مێزۆپۆتامییەکان ئاشکرا دەکات، کە پشتاوپشت لە مێزۆپوتامیای سەروو ژیاون. بۆ تێگەیشتن لە بەردەوامی هێمایی و بیرکاریانەی زوانی مێزۆپۆتامییە دێرینەکان، تەنها خەریکبوون بە ئاسەوار یان خوێندنەوەی نووسینی هێمایی و مێخی و پیتی بەس نین، بەڵکو پێوستە ئاسەوارەکان هاوتا بکرێن بە بنەما هێماییەکانی زوانی مێزۆپۆتامییە دێرینەکان، هەروەها بە مانادانی وشە و بیرۆکەیی لە مانای مێخ و وشە کوردییەکاندا.
کەواتە مانای هێمای ئاو بە تاو بەرانبەر بە زانین (ڕوون و ڕووناکی)، ئەوجا پەیڕەوی زهنی میتۆلۆژییان، بیرکارییانە لەگەڵ نێشتەجێبووندا وەک تۆوی ژیان ڕاڤە کراوە، کە بێگومان ڕاڤەکردنێکی فەلسەفەیی بووە، چونکە لە مانای نەوەدا کە ئاو و تۆوە، یان لە زواندا کە مانایە بۆ چێژی خواردن و مانا، ڕاڤەکردنێکی فەلسەفەیی بۆ خۆناسین هەبووە، یان بۆ ئەو ناسینە، کە زوانی گریک بە خۆشەویستی (فەلسفە) بۆ زانین ناوی بردووە. خۆناسین بوو بە پاڵهێز بۆ سەرهەڵدانی خوداناسین یان سروشتناسین یان گەردوونناسین، لەو ڕێگەیەشەوە ئاو/ تاو یان سروشت/ گەردوون وەک زوان بە یەکەوە گرێدرانەوە، ئەوەش نهێنی ئەفراندنی دونیای مرۆڤایەتی بوو. بۆ نموونە: نەوە وەک ئاو/ تۆو بەردەوامی ڕوانگەکەی ئەفسانەی ئەفراندنی سۆمەرە کە دەماودەم لەوەوبەرەوە گەیەنراوە، بەو مانایەش خود و خودا وەک خاک و خۆر، وەک دەنگ، وێنە، مانا، لەیەکەوە نزیکن و نزیکییان لەیەک مانایدا ئارامیی ژیانی بۆ مرۆڤی ئاوەدانکەری ئەو دەمەنە ڕەخساندووە. لەم ڕوانگەیەوە زوانی کوردی و ئەفسانە ئەفراندنی سۆمەریی یەک بنەمای میتۆلۆژییان هەیە، هەردووکیان بەردەوامی ئەو زوانە وێنەکارییەن کە لەسەر بەردەکەی گۆبەکلی تەپە وێنە کراوە، واتا ئەو زوانە ئاوییانەی کە مانای بە بوونی گیاندارەکان داوە یان شەپۆلی ئاو بە تاوی بە بنەمای ژیانیان داناوە. مار و مەلەک تاوس لە زهنی ئێزدیدا هەڵگری خەسڵەتی میتۆلۆژین، وەک وێنە یان نووسین بەردەوامی شێوەکاریی دێرینن، کە مێژووناس و شوێنەوارناسان وەک هێما و بیرکاری دیارییان دەکەن. بۆ نموونە: مار لە قوڵی و تاریکی ئەرزدا هێلەکە دەکات، تاو و تینی ئەرز ڕێگە بۆ هەڵهێنان خۆشدەکات. تاوس هەروەک مار هێلکە دەکات و گەرمی مێینەکە ڕێ بۆ هەڵهێنانی هێلکەکە خۆشدەکات، تاوس خۆیشی لە نێوان ئەرز/ ئاسماندا وەکوو ئاو و هەتاو گەشتی بەرزی و نزمی دەکات. کەواتە مار و مەلەک تاوس هەڵگری مانای میتۆلۆژیانەی دینن و هێلکە لای ئێزدییەکان بە سەرەتای دروستکردنی گەردوون دانراوە، لێڕەشدا هێلکە وەک ئاو و تاوەکە شلەمەنییە و گەرمی ڕێگەی هەڵێنانی بۆ خۆشدەکات. ئەو مانا زهنیەی ئێزدی و سۆمەرییەکان یان گۆبەکلی تەپەییەکان کە شەپۆلی ئاو تاوەکەیان وێنە کردووە، بەرانبەر یەک ڕوانگەی زوانی دین و دونیا دەوەستێتەوە، هێندە نەبێت، کە گۆڕان بەسەر فۆڕمی ماناکەدا هاتووە، لێ زهنییەتە میتۆلوژییەکە سروشتیانە/ گەردوونیانە بەیەکەوە گڕێدراوە. ئەو مانا سروشتییە/ گەردوونییە ڕوانگەی زوانی و خودی زوانی کوردیی لەو ئایدیالە دینییە پاراستووە، کە لە سێ‌هەزار ساڵی دواییدا لۆژیکییانە مانای زوانی و میتۆلۆژیای جیای بۆ ئەفراندنی گەردوون و سروشت، گیانلەبەر و مرۆڤ، داهێناوە.
سۆمەرییەکان مێخی()یان بۆ مانای "خودا/ ئیلو" (ilu) و "ئاسمان/ ئان" (an) بەکاربردووە. کەواتە مانای خودا/ ئاسمان هاوشێوەی دووفاقییەکەی "ئاو/ تاو"، "ئا/ تا" یان "زوان/ eme" چ وەک وشە و چ وەک بیرۆکە یان هێمای بیرکارییانە داهێنراوە و هەر بەو مانایەش میتۆلۆژی و فەلسەفە تێکهەڵکێشراون. لەم ڕوانگەیەوە "زوان/ eme" هەڵگری مانای ناسینە/ پێناسەیە یان وشەیە/ بیرۆکەیە، هەروەها کولتوری کێڵان سەرچاوەی زەخرەفی (pattern) و لەیەکچوونی دەنگ و وێنەکان بووە، ئەوجا چۆن ئەو وێنانە لە داڕشتنی وشە و بیرۆکەکاندا دەبینرێن، بە هەمان شێوە لە نەخشی سەر شوێنەوار و کارە هونەریەکاندا دەبینرێن، ئەمەش ئەو ڕوانگە زهنی و تێڕوانینە ڕووندەکاتەوە، کە بە بەردەوامی کردگاری و پەروەردەیی دانراوە. بۆ نموونە، تامی خواردن یان چێژ بۆ مانا ـ وەک وشە و بیرۆکەی "زوان/ eme" ـ پێمان دەڵێت، کە مرۆڤ هەستی/ هۆشی خۆی هاوتا بە خەون و خەیاڵ ـ وەک سروشت/ گەردوون ـ هوشیارانە بەدی کردووە و کردگارییانە لەسەر ئەو بنەمایە وشەی داهێناوە و پەیڕەوەی لەو جۆرە زانینەی کردووە. کەواتە دووفاقەیی وشە هاوتا بە بەرجەستەی بینین، کە ئاسۆیی و ئەستوونییە ـ وەک گیان کە شەش پاڵووە ـ ڕاڤە کراوە. هەبوون و بوونیش وەک گیان کە ڕۆح و گیانە، بەو یەکبوونە سروشتییەوە/ گەردوونییەوە ـ وەک ئاو/ هەتاو ـ دانراوە، هەروەها بە دەورانی ئاو و هەتاوی چوار وەرزییەوە گۆڕانی ئەرز/ ئاسمان گرێدراوە و لەو ڕێگەیەوە پێوانەی کات و جێ دامەزراوە. لە بزوتنەوەی مێخ ()ی ئاسماندا مانا گەردوونییەکەی خودا وەک ڕووناکیی ئاسۆیی/ ئەستونی دەردەکەوێت. ئەو تێڕوانینە ئەبستراکتە یان ئەو خوێندنەوە هێمایی و بیرکارییە لە چەند ڕەوشێکدا دەبینرێت، وەک: لە وێنەی بازنە بەردینەکەی گۆبەکلی تەپەدا، لە گڵێنە ئوبەیدیەکان و مەزارگەی لالەشی ئێزدیدا، ئەوەش بێگومان ئاسۆیی و ئەسوونییە ـ وەک ئاو/ هەتاو یان مار/ مەلەک تاوس لە ڕێگەی شەپۆلەوە گەشت دەکەن کە تاو و تینە. لەسەر ئەم داڕشتنە ناوبراوانە گەرەکە هەڵوێستەیەک بکەین.
وەک گۆتمان ناوک تۆوە و مانایە بۆ پشتاوپشت. لێ دوای یەکگرتنی تۆوی نێر و هێلکەی مێ لە مناڵداندا ناوک پەیدادەبێت. لای مار و مەل بێچووەکە ڕاستەوخۆ لە سپێنەکە خواردن وەردەگرێت، نەک لە دایکەکە. بۆیە ناوک و مانادان بە ناوک لە شیردەردا ـ وەک سەرەمێکوتەکە - بە دیواری زێد(هەناو /رەحم) دایکەوە دەلکێت. لێرەدا جێی سەرنجە کە لە دەنگی ناوکدا دەنگی ئاو دەبیسترێت، ئاخر ناوک بەو تۆوانە دەگۆترێت، کە گیانێکی ئاوی ـوەک گۆشت‌ـ دەورەی ناوکەکەی داوە. لەم ڕوانگەیەوە تۆو/ ناوک، هاوشێوەی ئاو/ تاو یان ئاو/ هەتاو داهێنراوە، هەر لەو مانایە‌شدا هەتاو بە ناوەندی گەردوون دانراوە و پاشان وێنە زهنییەکە بۆ هونەر گواستراوەتەوە. داڕشتنی ئەم دیدە هێمایی و بیرکارییە لە چەند بەرهەمێکدا دەبینین: لەسەر بەردەکەی گۆبەکلی تەپە بەردەوامی ئەزمونی ژیان دەبینین، کە ئاوییە و لەگەڵ نیشتەجێبووندا ـ وەک ئاو بە تاو ـ بەردەوامیی زوانی هەبوو. لە شێوەکاریی تێکهەڵکێشی شەپۆلەکانی ئاوی سەر بەردەکەدا شەپۆلەکان بەرز و نزم ڕوو لە یەک دەکەن و نزم و بەرز لە یەکدی جیادەبنەوە، ئەوجا یەکدەگرنەوە و بەو ڕێگەیەوە بەردەوامی بە نوێبوونەوە دەدەن. ئەم داڕشتنەی سەر بەردەکەی گۆبەکلی تەپە هاوشێوەی داڕشتنی گڵێنە ئوبەیدییەکانە کە ئەوانیش وەک واتای ئاو بە تاو هەڵگری هەمان مانای زهنین، دوو شەپۆلی ناوەندی گڵێنەکە بە خاڵێک ـ ناوکێک تەوەرەئاسا بە یەکەوە لکاون و چوار ماسی بە دەنوکی چوار مەلەوەن، باڵی مەلەکانیش لە هەوادا هاوتا بە شەپۆلی دەوری گڵێنەکە و ناوەندەکە دەوران دەوران دەکەن. دەوران دەورانی ئاو بە تاو، لەگەڵ دەورانکردنی دوو شەپۆلی ئاو و چوار سەری ماسییەکان و چوار باڵی مەلەکاندا، هاوتان بە بیست و چوار شەپۆلی دەوری گڵێنەکە کە هێمایی و بیرکارییانە بۆ مانای کاتی/ جێی، ئەرزی/ ئاسمانی داڕێژراوە. کات/ جێگە - وەک سروشت/ گەردوون - لە گۆڕان و نوێبوونەوەدایە. بە واتایەکی دی، گڵێنە ئوبەیدییەکان باس لە بوون و هەبوونی ژیان دەکەن و هاوتان بە مانای تۆو/ هێلەکە لەو شێوەیەدا کە ئێزدییەکان لێێ دەدوێن. لەم ڕوانگەیەوە ناتوانین دابڕاو، لە شێوەی ژیان و گەمەی زوان باس لە داهێنانی هێمایی و بیرکاری ـ وەک داهێنانی کاری مێشکی مرۆڤی ـ بکەین. مانادان بە ئاو، بە نەوە یان بە تۆو، هەر لە سەرەتاوە بۆ خۆخوێندنەوەی سروشتی/ گەردوونی دەگەڕێتەوە، کە هێمایی و بیرکارییانە مانای لە زوانی داپیر و باپیرەکانی چاخی سەهۆڵبەندانەوە وەرگرتووە. ئێمە ئەم ڕەوشە لە مانای باران بە تاو و هەتاو بە تاودا ـ وەک تاوی نێر و مێ بۆ یەکدی ـ دەبینین. لە بنەڕەتدا مۆغی مرۆڤ تا ئەمڕۆ هەمان بنەمای هاڕدوێری هەیە و زوانی ئاو بە تاویش سۆفتوێرانە لەتەک داهێنانەکان و دۆزینەوەکاندا گەشەی سەندووە. مرۆڤ لەکاتی نیشتەجێبوونەوە، واتا کاتێک خانووی دروستکرد و دەستی دایە بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەل و تۆو چاندن، وابەستەی تۆوە و ئاو بە تاوی وەک سەرچاوەی بوونی خۆی داناوە، هەر ئەوەش وایکردووە، کە ژیان لە بوونێکی سروشتییەوە وەربگۆڕێت بۆ بوونێکی گەردوونی.
ڕوانگەی زهنیی لە بنەڕەتدا درێژکراوەی کولتوری کشتوکاڵییە و شێوە ژیانی جوتیاری مێزۆپۆتامیا بناغەی ڕشتووە، نەک مەلیک و ئیمپراتۆر و پەیامبەرەکان کە دەستبژیری کۆمەڵایەتین و تا ئەمڕۆ ئەوان بە جوڵێنەری مێژووی ئاوەدانی دادەنرێن. بەڵێ، مانادان بە تێکهەڵکێشی شەپۆلی ئاو بە تاو ـ وەک بوونی ئاسۆیی/ ئەستوونی دەگەڕێتەوە، بۆ زهنی جوتیاری نیشتەجێ، کە هاوتا بە کێڵان([9])ی ئەرز ئاسمانی/ گەردوونیان خوێندۆتەوە. ئەوجا خۆخوێندنەوە ڕێگەی خۆشکردووە بۆ خوێندنەوەی یەکدی و گفتوگۆی نێر و مێ، بۆ ئاڵوگۆڕی شمەک و گەشەدان بە سیستەمی پێوانەی وشە و بیرۆکە، تا دەگات بە پێوانی ڕووبەر و کێش و جیاوازی قەوارە. لەم ڕوانگەیەوە ناتوانین مانای ئاو، زوان، تۆو بگەڕێنینەوە بۆ لۆژیک و پاساوی زوانی، بەڵکو دەتوانین بیگەڕێنینەوە بۆ پێوانەی زهنی، کە سروشتی/ گەردوونی مانای هەبوونی بە بوونەوە گرێداوە. واتا ئەو گرێدانە پێوستی بە پاساوی فەرمان و فەرمودە نەبوو. زوانی کوردی/ سۆمەری بەو مانایە گەشەیان بە میتۆلۆژیی فەلسەفەیی داوە، بەو مانایەش زانین و پەیڕەوی لەوەوبەری ڕاوکەر و کۆکەرەوان بۆ ژیانی نیشتەجێیان گوازدراونەتەوە. گۆبەکلی تەپەییەکان نوێنەرایەتی ئەو گوازتنەوە زوانی و جیهانبینییە دەکەن و پێدەچێت هەر لەو دەمەوە مانای ئاو بە تاو لە زوانی مێزۆپۆتامییەکا‌ندا ئاوێتە بووبێت و تا ئەمڕۆ ئەو مانا ئەفراندنیەی گوم نەکردبێت، کە ئەفسانە سۆمەری یان پێش جووتیاری لەوەوبەر دایڕشتووە.
زوانی کوردی بەو مانایە هەڵگری ڕەهەندی میتۆلوژییە و خەیاڵی وەک واقع/ بوون خوێندۆتەوە: ئەوە تامی خواردنە، کە ژیانی لەسەر وەستاوە، ئەوجا ڕاڤەکردنی ئەو مانایە وەک زوانی ڕەگەز بریتییە لە گفتوگۆ، کە ئاڵوگۆڕی مانایە یان هاوتاکردنی جیاوازییە، هەروەها خودناسین و خوداناسین بەردەوام نوێبوونەوەی سروشتین/ گەردوونین. بەڵام لەو دەمەوە، کە دەستەڵات فەرمان و فەرمودە وەک بنەڕەت یان وەک سەرچاوە وەردەگرێت، ئیدی خۆهەڵخەڵەتاندن و هەڵخەڵەتاندنی یەکدی باڵادەستی وەردەگرن، لێڕەشدا ئەو جۆرە وەرگرتنە مانای ژیان و تاوی نوێبوونەوەی نەوە بەتاڵدەکاتەوە، بەڵێ زۆرتر لەوەش تەنانەت خودی زوان دەگەیەنێت بە بێزوان و گفتوگۆی دین و دونیا مانای نوێبوونەوە ئاو ـ بە ـ تاوییەکە لەدەستدەدات، کە ئیدی مرۆڤ لە مرۆڤێتی دەکەوێت و چیدی کولتور وەک خۆداهێنان ناکەوێتەوە. ئێمە ئەمڕۆ شاهێدی بەستەزوانی و بێزوانین، کە لە زانین و پەیڕەو دابڕاون و ڕەدکردنەوە بووە بە لەبرییەک بۆ گەڕان بەدووی زانینیکدا کە نەزانین یان نابینایی سروشت ــ گەردوونیە.
هەڵوێستەیەک لەسەر دووفاقەیی مانای زوان لە زوانی کوردی و سۆمەرید‌ا و یەکفاقەیی مانا لە زوانی هیندۆئەورپی و سامیەکاندا سەرەتای ڕەدکردنەوەی گفتوگۆ یان ئاڵوگۆڕی مانا ئاشکرا دەکات، واتا پێشانی دەدات، کە چۆن دەستەڵات فەرمان و فەرمودەی بە بنەمای بوون و هەبوون داناوە و مێتۆدی ڕەدکردنەوەی لەجێی ئاڵوگۆڕی مانا پەیڕەو کردووە. مانای وشەی زوان لە زوانی سامیدا بەرانبەر وشەی "لسیان" (tongue) دەوەستێتەوە، کە مانایە بۆ چێژی خواردن، هەروەها لە زوانی هیندۆئەورپیدا بەرانبەر وشەی "لغە" (language) دەوەستێتەوە، لێڕەشدا جێی سەرنجە کە هیچ کامیان بەرانبەر نییە بە بیرۆکەی (زوان/ eme) کە گفتوگۆی ڕەگەزە و لەگەڵ دەنگی "لسیان" (tongue) هاوتا نایەنەوە. لێ مێژووی سێ‌هەزار ساڵی ڕابوردوو پێشانمان دەدات، کە چۆن ئەو زوانە گۆشتی و ئەقڵییە بووە بە مشەخۆری سەرچاوەی زانین و پەیڕەوی فەرمان و فەرموودە دەکات، کە وەک سەرەنجام ڕێگەی بۆ تاکی باڵادەست کردۆتەوە، لەم ڕەوتە‌شدا تاک و کۆ نەک تەنیا بە کۆیلەکراون، بەڵکو ئەوان تەنانەت وەک نێر و مێ دابەش و بێبەش کراون لەو مانایە، کە سروشت/ گەردوون ئاو ـ بە ـ تاوانە ڕێگەی ئاوەدانیی خێزانی و زوانی بۆ کردبوونەوە. ئەگەر بە وردی چاو بە نووسینەکانی ئاڤێستای زەردەشتی، تەوراتی ئیبراهیمی، ئینجیلی عیسایی و قورئانی محەمەدیدا بگیرین و بیر لە سەردەمی سەرهەڵدانیان بکەینەوە، ئەوجا بڕوانین، کە چۆن قەوارەی گۆڕانی کۆمەڵ لە پەیوندیی سروشتییەوە/ گەردوونییەوە وەرگۆڕراوە بۆ پەیوەندیی ئیمپراتۆر یان ئۆرد یان سەروەر و کۆیلە، ئەوسا دەبینین، کە چۆن ئەقڵیەتی شێخ و خەلیفە و دەروێش لە کولتووری ئەمڕۆدا دامەزراوە، هەروەها چۆن مرۆڤەکان بەسەر دەسەڵاتەکاندا دابەشکراون، ئەوجا چۆن ئەقڵیەتی ڕەدکردنەوە ئەو بنەما دینی و دونیاییەی لەوەوبەری نەفی کردووە و لەبریی ئەو مانای بە دژایەتیکردنی یەکدی داوە، کە ئیدی زوانی گفتوگۆ نەکردن، بووە بە سەرچاوەی کاولکاریی شارستانیی دێرین و ئەو جۆرە مانایەش تا ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا بەردەوامە.
مانای وشەکانی نێو ئەم فەرهەنگۆکە، ئەوجا بیرۆکەکانیان، پێمان دەڵێن کە مێژووی گەشەی زوان هاوتا بە ئاوایی و ئاوەدانی دونیا ڕوویداوە. پڕۆسەی ئاوەدانی لە چاخی بەردیندا بە ئاوایی ناوچە شاخاویەکانی مێزۆپۆتامیای باکور دەستیپێکرد و لە شەش‌هەزاری یەکەم نیشتەجێبوون‌دا کێڵان و تۆو وەشاندن بڵاوبوونەوە، واتا چۆن بەردێک فڕێدەدرێتە نێوەندی ئاوەوە، ئەوجا نێوەندەکە وەک ناوک بازنە دەخاتەوە و بازنەش بەردەوام زیاد دەکات، بەو شێوەیە وەشاندنی تۆو لە مێزۆپۆتامیای باکورەوە لە شەش‌هەزار ساڵی یەکەمدا بە ئاسیا و سەرووی ئەفریکا و باشووری ئەوروپادا بڵاوبۆتەوە، بەو مانایەش بیرۆکەی "کێڵان" مانای ژیانی کردگارانەی بە جێگەوە بەستۆتەوە، ئەوەش وەک مانادان بە "کولتور"ی ژیان کە نان پەیداکردنە، ئەوجا نیشتەجێبووەکان لە سەری ساڵ تۆویان چاندو و ناوەندی ساڵدا هەڵیانگرتووتەوە و ئاهەنگیان گێڕاوە. ئیدی لەو ڕێگەیەوە ئاهەنگەکە و کولتورەکە بە جیهانی دێریندا وەک خستنەوەی نەوە و نوێبوونەوەی تۆو بڵاوبونەتەوە. لەم ڕوانگەیەوە ئاهەنگی سەری ساڵ نوێبوونەوە (نەورۆز) و ناوەندی ساڵ (قوربان) لە کار و بیری نوێبوونەوە و بەردەوامیدان بە ژیانی نیشتەجێییەوە هاتووە نەک لە ئایدیالی دینییەوە، لێ دڕەنگتر دینەکانی ئەم سێ هەزار ساڵەی ڕابردوو سودیان لەو نەریتە داهێنراوانە وەرگرت و ماناکەشیان بە گوێرەی پێداویستییە دینی و دونیاییەکانی دەستەڵادارن گۆڕی. بە هەر حاڵ، لەتەک کێڵان و وەشاندنی تۆودا ناوی ئاوایی بەنێو هەر سێ کیشوەری ئاسیا و ئەفریکا و ئەوروپادا بڵاو بۆوە([10]). دەنگی "ئە" و "ئا" کە لە ناوی کیشوەرەکاندا هەیە، هاوتایە بە ناوی زۆرینەی خوداکانی دێرین، هەروەها بە قارەمانەکان، پاشاکان، دەڤەرەکان، ڕووبارەکان، گۆمەکان و ئۆکیانووسەکانی هەر سێ کیشوەر. هێڕۆدۆت دووهەزار و چوارسەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر ئەو ناوانەی لە پەڕاوەکەیدا تۆمارکردووە. جگە لەوە پێدەچێت، سەرەتای ئەو ناوانە کە بە دەنگی "ئە" یان "ئا" دەستیان پێکردووە، بۆ پیرۆزکردنی ئاو (کە تۆوە) گەڕابێتەوە. زوانی سۆمەری و کوردی ئەو مانایەی ئاو/ هەتاوی مێزۆپوتامیای دێرینیان بۆ ئاوەدانی سروشت/ گەردوون پاراست کە مانایەکی هێمایی و بیرکاریی بوو. لەم جێیەدا گەرەکە ئاماژە بۆ هەڵوێستێکی هێرۆدۆت بدەین لە لێکدانەوەکانیدا: لێکدانەوەکانی دەری دەخەن، کە بە دیدی ئەو کوڕشی ئاخامینی کۆتایی بەو گەشە سروشتییە هێنا و بەمەش گەشەی کار و بیری مرۆڤی وەستاند یان پڕخەوش کرد، ئەوەش بە داهێنانی فەرمان (ستراپ). ئەمە بە واتای، کاتێک پێشتر ئەنجومەن شار ــ دەوڵەتی وەک نەریتێکی کولتووریانەی پشتاوپشت ڕێکدەخست، ئەوا کوڕش ئەو شێوازەی ڕێکخستنی نەهێشت و لەبریی ئەو سیستەمی دانانی میری سەپاند. ئەمە لە بنەڕەتدا ڕێخۆشکەر بوو بۆ هاتنەئارای جەنگی دەوڵەتان و ئیمپراتۆرەکان: ئەسکەندەری مەکدۆنی، ساسانییەکان، ئیمپراتۆرییەکانی مەسیح و ئیسلام درێژەیان دا بەو نەریتە جەنگییە.
هەڵوێستەیەک لەسەر نووسینی هێما (token) کە بیرکارییانە (Mathmatic) داهێنراوە، لە شڕۆڤەکەی "Denise ([11])Schmandt-Besserat"دا نزیکمان دەخاتەوە لەو مانایە کە لە واتا و دەنگ، لە وێنەی "زوان/ eme"ی کوردیی/ سۆمەریدا دەیبینین، کە زوانیان ـ وەک وشە و بیرۆکە ـ دووفاقەیی پێناسە کردووە. ئەو پێناسەیەی زوان و ئەو هێما بیرکارییانەی ئاڵوگۆڕ پێمان دەڵێن: چۆن پێوانە بۆ شمەک دانراوە، چۆن پێوانەکان بەسیستەم کراون، بە هەمان شێوە زوانی ئاخاوتن گۆڕانی بەسەردا هاتووە. گەر لێرەدا "وادانان" (proposition)ی مانای زوان ـ وەک چێژی خواردن و مانا ـ وەربگرین، ئەوا دەبینین، کە پەیڕەوی ئەو جۆرە زانینە دەکات، کە تەنیا زهن، نەک دەم یان وشە، هاوتا و جیاواز مامەڵەی لەتەکدا دەکات. ئاخر لە دەنگ و وێنە یان بینین و بیستنی وشە و بیرۆکەی زواندا چ وەک وشە و چ وەک کار و بیر سەرچاوەی مانایە. بۆ نموونە وشەی زوان لە کوردی و سۆمەریدا ـ وەک پلە گۆشتی ناودەم ـ مانایە بۆ چێژی خواردن، کە دەنگ و وێنە ماناکەی پێکدەهێنن، لێ زوانی ڕەگەزی مانای گفتوگۆی سروشتی بە لایە و سروشت ـ گەردوونی بەلایەکی تر دەگەیەنێت. کەواتە ئاڵوگۆڕی شمەک و گفتوگۆی مانا سەر بە یەک سەردەمی داهێنانن و مۆغ ماناکەی ـ بە کار و بیر ـ هێمایی و بیرکارییانە بەرجەستە کردووە. بەمەش دەتوانین وەک دەرئەنجام ببێژین، کە ئەو وشە دووفاقەییانە وێنەدانەوەی کار و بیری ئەقڵانین و مانایان لە هەبوونی ئاو/ تاو وەک گیان/ ڕۆح وەرگرتووە، نەک گیان و ڕۆح کە جیابوونەوەیەکی ئەرزی/ ئاسمانین. لە بۆچوونی زهنی و لە مانای گیانی کوردیدا نەک گیان و ڕۆح، بەڵکو سروشت و گەردوون، وەک ئاو/ هەتاو لەیەک هەڵکێشراون. بۆ نموونە Magi"" و "ماگویس" (magus) لە زوانی لاتینیدا بە مانای پیاوی ژیر هاتوون، لە زوانی سامیدا (SEMITIC LANGUAGES) وەکوو "مەجوس"ی گۆکراوە، لە کوردیدا بە پیری مۆغان ناسراون، لێڕەشدا ڕێبازی پیران ڕێبازی پەیڕەوە لە زانین کە دەماودەم یان دەستاودەست گواستراوەتەوە. هەروەها مۆغەکان بە ئەستێرەناس و جادووگەر ناسراون. ئەگەر تەماشای مانای وشەی "ماجی Magi" لە زوانی لاتینی و سامیدا بکەین، دەبینین کە مەبەستی ئەو زوانانە لە ناوی "ماجی" بریتی بووە لە پیری مۆغانەکان. مۆغ لە کوردیدا مێشک و مانایە بۆ پێکهاتەی هەستەدەماریی لەنێو ئێسک و کاسەی سەر و گیاندا. هەروەها مێشکی مرۆڤ سەرچاوەی خەون و خەیاڵە و مۆغەکان ـ وەک پیر ڕۆلی چاودیری دین و دونیاییان لە کۆمەڵدا ـ گێڕاوە. ئاخر مرۆڤی مێزۆپۆتامیا ئاگامەندانە بەردەوامیان بە زانینی دێرین دەدا و کاری دین و دونیاییان دابەش کردبوو، گونجاو بەمەش کرداری مۆغەکان هاوتای خەون (ئەستێرە ناسی) و خەیاڵە (فاڵگرەوەی کە تاک ناسینە)، کە کردارێکی پیشەییە. سۆمەرییەکان "ماگورسی" ([12]magursi)یان بە پیشە (profession) دادەنا. ئێمە تەنانەت لە ڕێبازی پیران و مانای مەلای دوانزە عیلم و شێخی بەرماڵدا هەوڵی کۆشش دەبینین، کۆششەکە بۆ تێگەیشتنە لە بەری ماڵ، کە سروشتە/ گەردوونە نەک ئەم مزگەوت یان ئەو مەرقەد. لێرەدا گەرەکە لایەنێک لەیاد نەکەین: تا ئەو کاتە کە مۆغەکان نەکەوتبوونە ژێر کاریگەریی فەرمانی ئیمپراتۆریانەوە، ئەوان پیشەییانە بەردەوامییان بە دیدی ژیانکردنی سروشتی / گەردوونی دەدا، کە پشتاوپشت لە ئاوایی و ئاوەدانییەکانی دێرینەوە هاتبوو، لێڕەشدا بە هەردوو مانای میتۆلۆژی و فەلسەفەیی هاندەری خەون و خەیاڵی کراوەی مرۆڤی ئاوەدانکەر بوون و خەون و خەیاڵی زوانیان سروشتیانە/ گەردوونیانە ڕادەگرت. لوتکەی "پیرەمەگرون" و لوتکەی شاخی "سارا" کە بە تەنیشت یەکدییەوەن، هێمان بۆ وێنەی نێر و مێ، کە بە پۆپە ـ واتا سەر وەک بەرزترین جێی لەش ـ دانراون. سەری کەلی پیرەمەگرون پێش شیو و دەشتەکان ڕووناکی و گەرمی و تەڕی ئاسمانی پێدەگات، دڕەنگتریش ڕۆژ لێی ئاوا دەبێت. پیرەمەگرون لە ناوچەی سورداشە و هەقە/ یارسان نیشتەجێی ئەو ناوچەیە بوون. لەوێ تا ساڵانی پەنجاکانیش نێر و مێ کراوە و ئازادانە خێزانیان دروست دەکرد و کۆڕ و کوبوونەوەی نێر و مێ لە ماڵە گشتییەکانیا‌ندا بەڕێوە دەچوو.
چێژی زوان بۆ تام و مانا سەرچاوەی تێگەیشتنی ئەو مرۆڤانە بوو، کە گەشەیان بە پەروەردەی تۆو/کێڵانی ئاوی و هاتاوی دا و ئاڵوگۆڕی شمەکیان داهێنا، هەروەها مرۆڤی خۆبەزلزان و خۆهەڵخەڵەتێنەر نەبوون. بەڵێ، لە دێرینەوە بیرۆکەی "سالیمو" (salīmu)ی ئەکەدی هەبوو، کە سۆمەرییەکان بە "ئینیم ـ دوگ" (inim- dug([13])) گۆیان دەکرد و مانای ئارامی و ئاسایشی کوردی دەگەیەنێت. ئەگەر لە زەخرەفەی ئاوازەکانی ئەرز و ئاسمان و ئەستێرەدا بگەڕێینەوە بۆ مانای ئارامی، ئەوا دەبینین، کە بیرۆکەی ئارام مانای لە ئاوازی ئاوایی ئەرزیەوە/ ئاسمانیەوە وەرگرتووە. بیرۆکەی ئارامیی سروشتی/ گەردوونی کە هاودەمییە بۆ بەهەشت وەک ماڵی خودا، لە لایەن میتۆلۆژییەکان و فەلسەفەوە وەرگێڕرا، واتا کردیان ئارامگەیەک کە خودا لێی نیشتەجێیە، بەمەش چیدی بەردەوامیی بوون و خۆخوێندنەوە نەبوو. تا ئەمڕۆ لە کوردستانی باکور ناوچە هەیە بە ناوی بەهەشتەوە، لە زوانی لاتینیشدا بەهەشت بە پاڕادیس گۆدەکرێت، کە هێمایە بۆ قەدپاڵی شاخ کە پارچە پارچە بە جێی کشتوکاڵ کراوە و ئەوەش مایە ئارامی ژیان بووە. لێ زوان لە دۆخی فەرماندا وابەستەی پەیڕەوە. مرۆڤ ئێستا ژیان دروست بە بادان و پەلاماردان بەردەخات و هاوکات چاوەڕێی بەهەشتێک دەکات نەک ژیان لەنێو و لەتەک سروشتدا / گەردووندا وەک ئارامگە بژێنێت. بەڵێ زوانی دۆخی فەرمان زوانی تێکشکانە نەک بیناکردن، هەروەها ماناکانی لەسەر فەرمانی باش و خراپ داهێناوە، بەو ڕێیەشەوە خەڵکی هانداوە، کە گیرۆدەی دەستکەوت بێت، نەک کار لەسەر کردگاری و پەروەردگاری خۆیان و کولتوریان بکەن.



[1]. دەنگ: ١. هەرچییەک گوێ دەیبیستێ. ٢. خەبەر، باس. ئاواز: دەنگ‌وسەدا، دەنگی بەقەوەت (بەدەنگی بەرز)، دەنگی ئامرازی موسیقا وەک گۆرانی، ستران، لاوک؛ چریکە؛ دەنگی پەلەوەر. ئەگەر هەڵوێستەیەک لەسەر وشەی ئاواز بکەین، دەبینین کە مانای لە دەنگ زیاترە؛ من بە دوری نازانم کە وشەی ئاواز بەردەوامیی وشەی ئاو بێت، لەو مانایەدا کە ئاو بە سەرچاوەی ژیان (وەک تۆو، نەوە) ناسێنراوە. بۆ نموونە ئاوازی خۆرە و هاژە هاوتا بە وێنەئاوە و ماناکەش لە دەنگەکەیەوە وەرگیراوە، بەو مانایەش سروشت/ گەردوون بە ڕووناکی ئاو و هەتاو دانراوە.
[2]. بڕوانە داستانی ئەفراندن لە پەڕاوی ئاوبەتاودا.
[3] عەلەوی لە ئاوازی ئالوی کە ئالیهەیە سەرچاوەی گرتووە و کولتور و بەها کۆمەڵایەتیەکانیان و بەتایبەتی پەیوەندی نێر و مێیان هاوشێوەی یارسانیەکانە
[4]. http://www.smithsonianmag.com/history-archaeology/gobekli-tepe.html#ixzz2Ax8Pinwb
[5]. http://www.smithsonianmag.com/history-archaeology/gobekli-tepe.html#ixzz2Ax8Pinwb
[6]. ئەمە ئەوە ناگەێنیت، کە زمانی کوردی لەو ڕووە تەنها سەرچاوەییە و بە دوری نازانم کە زمانی سامی و هیندۆئەوروپایەکانیش بەردەوامی ئەو زمانەبن کە لە میزۆپوتامیا سەرو گەشەی کردوە و خەڵکانیک ئەو کۆمەڵگایەشیان جێهێشتبێت و لە داویدا زمانی سامی و هیندو ـ ئەوروپایان لێ پەیدابووە. وشەی زمان وەک پلە گۆشت پشتگیری لەو گوڕانە دەکات و سۆمەری و کوردیش کە درێژکراوەی خاکەکەن گەشەیان بە میراتە دێرینەکەی زمان داوە.
[7].   eme [TONGUE] (178x: ED IIIa, ED IIIb, Old Akkadian, Ur III, Early Old Babylonian, Old Babylonian) wr. eme "tongue; language" Akk. lišānu
[8]. بڕوانە وێنەی شەپۆلی ئاوی سەر یەکێک لە دوو بەردی ناوەندی بازنە بەردینەکەی گۆبەکلی تەپە، تا لە مانای کردگاریی شەپۆلی ئاو بە تاو ـ وەک بنەمای بوونی گیاندارەکانی "سەر ئەرز، هەوا، بن ئەرز" ـ تێبگەیت، کە هێمایی و بیرکارییانە وێنە کراوە.
[9]. وشەی کولتور لە وشەی کێڵان (کی - لان) وەرگیراوە.
[10]. بڕاونە "هێرۆدۆت"، میژووی جەنگی پارسەکان و ئەو رێکختنەی کە کووڕشی ئاخامینی لە ژیر سەرناوی ستراب (فەرمان)دا. ئاخامینەکان هەر سێ کیشوەری ئاسیا، ئەفریکا، ئەوروپا دابەشکرد بەسەر ٢٢ ستراپدا. ئەوان بیریای کی میری ستراپە دەدات و بەو کارە سەپاندنی فەرمان (ئایدیاڵە) و لەهەمانکات ریکخستنی ئەنجومەنی خیزان (پیر و لاو)  ڕەتکرایەوە و  پیرەکان کە بە موغ  ناسراوبوون ، لە فەترە ئاخامەینەکان لە ناوبران و خۆرهەلاتە لەو سەردەمەوە تا ئەمڕۆ ئەزمەی کار و بیری هەیە و  دەستەلات دوای دەستەلات کار لەسەر کۆدەتاو رەدی لەوەوبەری خوۆی دەکاتەوە..
[11]. لێرەدا (Token)م بەمانای هێما وەرگێڕاوە. مەبەستم لەو جۆرە هێمایەیە کە وەک پارە بەکاربراوە. بۆ نموونە لەسەر پارچە قوڕێکی سورکراوە وێنەی یەک مەڕ بەرانبەر چوار مریشک دانراوە. ئەو جۆرە هێمایە لە زوانی ئینگلیزی‌دا بە (token) ناو دەبرێ.

[12]. magursi [PROFESSION] wr. ma2-gur8-si "a profession"
[13].  inimdug [PEACE] (3x: ED IIIb) wr. inim-dug3 "peace, reconciliation with the gods" Akk. salīmu.  silim [HEALTHY] (228x: ED IIIb, Old Akkadian, Lagash II, Ur III, Old Babylonian, unknown) wr. silim "(to be) healthy; completeness; well-being" Akk. šalāmu; šulmu

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×