پەرلەمانتارێكی گۆڕان لەسەر هۆكاری قەرزەكانی هەرێم رەخنە لەقسەكانی مەسرور بارزانی دەگرێت
  2019-07-10       1632       

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی عێراق رایگەیاند، سەرۆکی نوێی حکومەت لەبری ئەوەی ئیعتراف بکا کە بەهۆی سیاسەتی نەوتی هەرێم و تاڵان و بڕۆی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانەوە هەرێم کەوتۆتە ژێر قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی دەڵێ بۆیە قەرزارین چونکە چەند ساڵێک بەغداد بودجەی بڕین. دەشڵێت"سەرەتایەک بە پینەوپەڕۆ دەست پێ بکا، پێم وانییە ئایندەی زۆر گەش بێ."

ئاوێنە: هۆشیار عەبدوڵا، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند"کە حوسنی موبارەک کەوت دەرکەوت ئەو قەرزەی لەسەر میسرە رێک یەکسانە بەو بڕە پارەیەی کە موبارەک و خێزانەکەی لە بانقەکانی دونیایان قایم کردوە، ئەوە بۆ هەرێمیش راستە قەرزەکانی هەرێم کۆبکەیتەوە هەر ئەو ملیاران دۆلارەیە کە بەرپرسانی بالای هەرێم بۆخۆیانیان بردوە."

وتیشی"ئەوەی کە مەسرور بارزانی دەڵێ حکومەتێکی قەرزارمان بۆ جێماوە، شتێکی نوێ نیە و دەمێکە دەڵین قەرزارین، بەلام سەرۆکی نوێی حکومەت لەبری ئەوەی ئیعتراف بکا کە بەهۆی سیاسەتی نەوتی هەرێم و تاڵان و بڕۆی داهاتە نەوتی و نانەوتیەکانەوە هەرێم کەوتۆتە ژێر قەرزی دەرەکی و ناوخۆیی دەڵێ بۆیە قەرزارین چونکە چەند ساڵێک بەغداد بودجەی بڕین، باشەئەی داهاتی نەوت کوا؟ نەک تەنها هی هەرێم ماوەیەک نەوتی کەرکوکیش؟ ئەی داهاتی زۆر و زەوەندی ناوخۆ کوا؟"

ئەوەشی خستەڕو"سەرۆکی نوێی حکومەت؛ مادام باسی لەوەکرد کە راستگۆ و شەفاف دەبن لەگەڵ گەلی کوردستان باشتر نەبو بڵێ کە ئێمە بەهۆی؛ گەندەڵی ناوخۆیی، گەندەڵیی بواری نەوت، گەندەڵی لە داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان پاشان بەهۆی برینی بودجەشەوە کەوتوینەتە ژێر باری قەرزەوە."

وتیشی"بە دیدی من برینی بودجە هۆکاری سەرەکی نیە،هۆکاری سەرەکی سیاسەتی نەوتی هەرێمە ،یەکێک لە هۆکارە لاوەکیەکان کە کاردانەوەی سیاسەتی نەوتی هەرێم بو بڕینی بودجەیە".

بەبڕوای هۆشیار عەبدوڵا "هێشتا لە قۆناغێکین ترس لە ئیعترافیی تەواوەتی هەیە بە هۆکاری کێشەکان کەچی هەن ئومێدی گەورەیان بەچاکسازی هەیە. ئاخر تا كێشەکان ،سەرچاوەی شکستەکان تەشخیس و دیاری نەکرێ چۆن دەتوانرێ چارەیان بۆ بدۆزرێتەوە؟."

لەكۆتاییدا وتیشی"کورد قسەیەکی جوانی هەیە دەڵی مانگە شەو سەر لە ئێوارە دیارە، سەرەتایەک بە پینەوپەڕۆ دەست پێ بکا، پێم وانییە ئایندەی زۆر گەش بێ، ئیشەڵا من هەڵەبم و ئەم کابینەیە بتوانێ چاکسازی گەورە بکا!"


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×