ڕێگه‌ به‌ په‌رله‌مانتارانی عێراقی نادرێت گەشت بۆ ئەمەریكا بكه‌ن
  2019-07-14       831       
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح رایده‌گه‌یه‌نێت، ''مانگی ئاداری رابردوو لەو كاتەی لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان وەك شاند گەشتی ئەمەریكایان كرد، رێی پێ نەدراوە بچێتە ئەمەریكا''.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ یەكشەممه‌ 14ی تەموزی ٢٠١٩، ئەحمەد ئەسەدی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ئاشكرای كرد، ''ئەو پەرلەمانتارانەی پشتگیری لە حەشدی شەعبی دەكەن، ئەوانەشی پێشتر سەركردەی حەشد بوون و ئێستە ئەندامی پەرلەمانن، بەهۆی هەڵوێستەكانیانەوە رێیان پێ نادرێت گەشتی ئەمەریكا بكەن''.
 
ناوبراو وەك باڵی سیاسی حەشدی شەعبی ناسراوە، دەڵێ ''لە مانگی ئاداری رابردوو ناوی لە لیستی گەشتی شاندی پەرلەمانی عێراقی بووە بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان بۆ گەشتكردن بۆ ئەمەریكا، بەڵام رێی پێ نەدراوە سەردانەكە بكات''.

ئەسەدی پێشتر وتەبێژی حەشدی شەعبی بووە، وتی "ئەمە لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا دەبینرێت بەرانبەر بە حەشدی شەعبی بیكات".

رێگرتن لە پەرلەمانتارانی سەر بە حەشدی شەعبی لە كاتێكدایە لە مانگی ئاداری رابردوو، ئەمەریكا، بزووتنەوەی نوجەبای خستە لیستی سزاكان كە نزیكەی 10 هەزار چەكداری هەیە، نزیكن له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌.

 حەشدی شەعبی له‌چه‌ندین گروپ پێكهاتوه‌ و لە بودجەشدا 800 ملیۆن دۆلاریان بۆ تەرخان كراوە، بەمدواییەش لەلایەن سەرۆك وەزیران تێكەڵ بە سوپای عێراقی كراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×