به‌بڕیاری‌ تره‌مپ دو هه‌زار خێزانی‌ په‌نابه‌ر دیپۆرتی‌ وڵاته‌كانیان ده‌كرێنه‌وه‌
  2019-07-16       832       
دۆناڵد ترەمپ
به‌بڕیاری‌  دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دو هه‌زار خێزانی‌ په‌نابه‌ر كه‌ له‌ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا نیشته‌جێن، دیپۆرتی‌ وڵاته‌كانیان ده‌كرێنه‌وه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ ده‌زگای‌ لوتكه‌ تایبه‌ت به‌كاروباری‌ په‌نابه‌ران، رۆژی یەكشەممەی رابردو، دەسەڵاتدارانی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكا لەزنجیرەیەك هەڵمەتی سەرتاسەری‌و لەسەر بڕیاری دۆناڵد ترەمپ بڕیاردراوه‌ بەدەستگیركردنی 2000 خێزانی كۆچبەر كە پێشتر بریاری دیپۆرتكردنەوەیان بۆ دەركرابو.

بڕیارەكه‌ی دۆناڵد ترەمپ پێشترو لەرێككەوتی (17/6/2019) لەرێگەی پەیامێكەوە لەتویتەری تایبەتی خۆیه‌وه‌ بڵاویكردەوە، بەڵام جێبەجێكردنی بڕیارەكە دواكەوت بۆ 14ی ئه‌م مانگه‌، ئەوەش بەهۆی رێكنەكەوتنی نوسینگەی كاربەرێكەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كارپێكرنی بڕیارەكه‌وە. 

سەبارەت بەم بریارەی ترەمپ هەرزو كۆمەڵێك لەگروپ‌و رێكخراوە مرۆڤ دۆستەكان ناڕەزایی خۆیان دەربڕی‌و ریانگەیاند، ئەم بریارە سەرەرای ئەوەی پێشێلی مافەكانی مرۆڤ‌و پەنابەران دەكات، گومانش دەكەن لەوەی كە وەكو خۆی جێبەجێبكرێت.

لەلایەكی ترەوە رێكخراوی (ICE)ی‌ بەناوبانگی ئەمریكی بۆ كۆچ‌و كۆچبەری له‌راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە دۆناڵد ترەمپ تەنیا بریارەكەی دەركردووەو هیچ رونكردنەوەیەكی لەبارەی جێبەجێكردنەكەیەوە نەداوە.

ئەم فه‌رمانی ناردنەوە زۆرەملێیە 2000 خێزان دەكاتە ئامانج لەوانەی كە بەمزووانە لەخشتەی دادگای تایبەتدا فەرمانی دیپۆرت یان ناردنەوەی بەزۆریان بۆ دەردەچێت. 

بەپێی بەراوردەكانی ڕێكخراوی (ICE) لەمانگێكدا 12000 كۆچبەر دەستگیردەكرێت، جگە لەوانەی لەلایەن پۆلیسەكانی سەر سنورەوە دەستگیر دەكرێن.

ستیف یاڵ لۆر‌ پڕۆفیسۆر لەبواری كۆچدا ده‌ڵێت، ناردنەوەی 2000 كۆچبەر لەپلانی خشتەی ساڵانەدا ژمارەیەكی زۆر نیە، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، باراك ئۆباما سەرۆكی پێشوی ئەمریكا لەچوار ساڵی یەكەمی فەرمانڕەواییەكەیدا 400,000 كۆچبەری دیپۆرتی وڵاته‌كانیان كردۆتەوە. 
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×