هەڵبژاردنی‌ سەرۆک کۆماری‌ توركیا ده‌چێته‌ خولی دووەمه‌وه‌ کە 28ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت
  2023-05-15       577       

دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا ئەنجامی بەرایی ڕه‌سمی‌ 91.93%ی دەنگەکانی بڵاوکردەوەو بەپێی ئەو ئەنجامانەش هیچکام لەئەردۆغان و کڵچدارئۆغڵو نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەستبهێنن. هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم کە لە 28ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.
 
ئاوێنه‌: ئەحمەد یەنەر، سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، رێژەی دەنگە جیاکراوەکان ناوخۆو دەرەوە 91.93%ـە، بەشێوەیەک رێژەی دەنگە جیاکراوەکانی ناوخۆ 94.68% و دەرەوەش 36.85%ـە.
 
بەپێی ئەو داتایانەی سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا خستونیەتەڕو، رەجەب تەیب ئەردۆغان 49.49%ی دەنگەکان، کەمال کڵچدارئۆغڵو 44.79%ی دەنگەکان، سینان ئۆغان 5.29%ی دەنگەکان و موحەڕەم ئینجەش کە لەكاندیدبوون کشابووەوە 0.43%ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە.

بەپێی سیسەمی هەڵبژاردنەکانی تورکیا، پێویستە لەسەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆماری وڵاتەکە لە 50٪ی زیاتری دەنگەکان بەدەستبهێنێت، لەئەگەری بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست لەلایەن کاندیدەکانەوە، ئەوا هەڵبژاردن دەچێتە خولی دووەم کە لە 28ی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت و تێیدا سەرۆکی داهاتوی وڵاتەکە لەنێوان ئەو دو کاندیدەدا یەکلادەکرێتەوە کە لەخولی یەکەمدا زۆرترین دەنگیان بەدەستھێناوە.
 
له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا کە ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردووەتەوە، هاوپەیمانیی جمهوور بەسەرۆکایەتیی ئاکپارتی 323 کورسی بەدەستهێناوە، هاوکات هاوپەیمانیی میللەت 214 کورسی بردووەتەوە. هاوکات هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی بەسەرۆکایەتیی هەدەپە 63 کورسی بەدەستهێناوە.
 
ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی تورکیا 600 کورسین. پارتی دادو گەشەپێدان لەخولی پێشتر 285 کورسیی پەرلەمانی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، 18 کورسی لەدەستداوە.
 
جەهەپە لەخولی پێشتری پەرلەمانی تورکیادا 183 کورسی هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بەپێی ئەنجامە بەراییەکان؛ 169 کورسی بەدەستهێناوە کە 14 کورسی کەم کردووە.
 
ئی پارتی بەسەرۆکایەتیی مەراڵ ئاکشنەر کە ئێستا هاوپەیمانی جەهەپەیە، ژمارەی کورسییەکانی لە 36 کورسییەوە زیادیکردووەو بووەتە 45 کورسی.
 
هاوکات مەهەپە بەسەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی کە هاوپەیمانی ئاکپارتییە، ژمارەی کورسییەکانی لە 48 کورسییەوە زیادیکردووەو بووەتە 51 کورسی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×