ئیلۆن مەسك بوەوە بە دەوڵەمەندترین كەسایەتی جیهان
  2023-06-02       1392       

ئیلۆن مەسك، نازناوی دەوڵەمەترین كەسایەتی جیهانی بەدەستهێنایەوە، ئەوەش لەدوای تێپەڕاندنی سەرمایەی بێرنارد ئارنۆ، سەرۆكی گەورە كۆمپانیای "ئێڵ ڤی ئێم ئێچ" بۆ كاڵا گرانبەهاكان.

ئاوێنە: لە ئێستادا سەرمایەی ئیلۆن ماسك بە 192 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، ئەوەش لەدوای ئەوەی لە مانگی كانونی دوەمی ئەمساڵەوە، بەبڕی 55.3 ملیار دۆلار سەرمایەكەی زیادی كردوە، بەهۆی بەرزبونەوەی بەهای پشكەكانی كۆمپانیای "تێسلا" بۆ دروستكردنی ئۆتۆمبێلی كارەبایی.

هەروەها بەپێی نیشاندەری ماڵپەڕی بلومبێرگ بۆ كەسایەتییە دەوڵەمەندەكانی جیهان، سەرمایەداری فەرەنسی بێرنارد ئارنۆ، بڕی 24.5 ملیار دۆلاری لەو ماوەیەدا لەدەستداوەو ئێستا سەرمایەكەی بە 187 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت.

هەروەها جیف بیزۆس، دامەزرێنەری ئەمازۆن و بیڵ گەیتس، یەكێك لە دامەزرێنەرانی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت، لە پلەی سێیەم و چوارەمی دەوڵەمەندترین كەسایەتییەكانی جیهاندا دێن.

لە كانونی یەكەمی ساڵی رابردو، سەرمایەكەی بێرنارد ئارنۆ، تەمەن 74 ساڵ، پێشی سەرمایەی ئیلۆن ماسكی دایەوەو بەوەش بوە دەوڵمەندترین كەسایەتی جیهان، ئەوەش لەكاتێكدا بو كە پشكەكانی كۆمپانیای "ئێڵ ڤی ئێم ئێچ" بەرزبونەوەیەكی بەرچاویان تۆماركرد بەهۆی بوژانەوەی خواست لەسەر كاڵا گرانبەهاكان.

لەو كاتەدا پشكەكانی كۆمپانیای "تێسلا" كە كۆڵەكەی پشتی سەرمایەكەی ئیلۆن مەسكن، دابەزینی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینی بو، ئەوەش لە ئاكامی نیگەرانییەكان لەبارەی كڕینی تۆری كۆمەڵایەتی تویتەر لەلایەن ئیلۆن مەسكەوە.

وێڕای ئەوە پشكەكانی "تێسلا" لەسەرەتای ئەمساڵەوە بەڕێژەی لەسەدا 92 بەرزبونەوەیان بەخۆیانەوە بینی.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×