سعودییە ئاماری حەجی ئەمساڵی بڵاوكردەوە
  2023-06-28       446       

وەزارەتی حەجی سعودییە ژمارەی سەردانیكەرانی وڵاتەكەیان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج ئاشكرا كرد، كە بۆ ئەمساڵ زیاتر بووە لە (1.8) ملیۆن كەس، جەختیشی كردەوە كە لە پلانی پێشوازیكردنی حاجیاندا سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.

ئاوێنە: (تۆفیق رەبیعە) وەزیری حەجی سعودییە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی: ژمارەی ئەمساڵی حاجیان زیاتر بووە لە (1.8) ملیۆن حاجی.

وتیشی: لە پلانەكانی ئەمساڵی پێشوازیكردن لە حاجیان هەر لە قۆناغی پێشوازیكردن لە سنوورەكان تاكو چوونی حاجیان بۆ كێوی عەڕەفە، بەڕێژەی (98%) سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.

ژمارەی زیارەتكارانی ماڵی خودا لە ساڵی ڕابردوو بریتی بوو لە (926) هەزار حاجی كە (781) هەزاریان لە دەرەوە هاتبوون، ئەمە لەكاتێكدایە كە دوو ساڵی پێشتر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆنا تەنیا هاوڵاتیانی سعودی فەریزەی حەجیان ئەنجام دەدا.

پێش بڵاوبوونەوەی پەتای كۆڕۆناش لە ساڵی (2019) ژمارەی زیارەتكارانی ماڵی خودا بریتی بوو لە (2.5) ملیۆن كەس.

ئەنجامدانی فەریزەی حەج یەكێكە لە پێنج پایە سەرەكییەكەی ئایینی پیرۆزی ئیسلام و هەموو موسڵمانێكی توانادار بەلایەنی كەم دەبێت یەكجار لە ژیانیدا ئەنجامی بدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×