وێڕای فشارەکان ترەمپ بەردەوامی بە فرۆشتنی چەک دەدات بە سعودیە
  2019-07-25       510       

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ''بەردەوام دەبم لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ دزۆینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی یەمەن لە رێگەی دانوستانەوە''.

ئاوێنه‌: دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ جاری سێیەم پرۆژە یاسایەکی کۆنگرێسی ڤیتۆ کرد کە پێشنیازی دەکرد فرۆشتنی چەک بە سعوودیە رابگیرێت بە هۆی ئەو قوربانییانەی لە کەسانی مەدەنی لە یەمەن دەکەونەوە.

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی پرۆژە یاساکەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو پرۆژە یاسایە پێشنیازکراوەی بە ''بەهەڵە بیری لێکراوەتەوە و کات بەفیرۆدەر'' وەسف دەکات.

سەرۆکی ئەمریکا لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە پرۆژە یاساکە توانای ئەمریکا لەسەر ئاستی جیهان بۆ کێبڕکێ لاواز دەکات و زیان دەگەیەنێت بەو پەیوەندییانەی کە وڵاتەکەی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەستوویەتی.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمریکا زۆر نیگەرانە لە قوربانییانی مەدەنی لە یەمەن و هەوڵی تەواو دەدات بۆ کۆتایی هاتنی جەنگ لەو وڵاتەو دەڵێت: ''بەم پرۆژە یاسایە کە باس لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت پێکدادانی یەمەن ناکات و بەهەڵە بیری لێکراوەتەوە و کات بەفیڕۆدەرە، ناگەین بە هیچ کوێیەک. بەردەوام دەبم لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی کۆنگرێس بۆ دزۆینەوەی چارەسەرێک بۆ کێشەکانی یەمەن لە رێگەی دانوستانەوە''.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×