لەیادی سەد ساڵەی لۆزاندا: ئەتاتورك‌و کورد
  2023-07-24       1945       
کەمال ئەتاتورک

ئەندرو مانگۆ (١٩٢٦ - ٢٠١٤)

نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کتێب دانەرێکی بەریتانییە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق - لەئینگلیزییەوە کردویەتی بەکوردی

 

ئاخۆ مستەفا کەمال، کە باوکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیایە،  بەرپرسیارێتیی پەیوەندیی خراپی وڵاتەکەی لەئەستۆیە لەگەڵ هاوڵاتییە کوردزمانەکانی؟ جۆن سیمپسۆنی موحەڕیڕی کاروباری دەرەوە لە ئێستگەی ڕادیۆی بەریتانی (BBC بی بی سی)دا دەنووسێت:

 "لە بواری نەژاد و کولتووردا، تورکیا جۆراوجۆر و ئاڵۆز و تێکهەڵکێشە. بەهەرحاڵ، ئەو ئەفسانەیەی کە ئەتاتورک بە میرات بۆ هاونیشتمانییەکانی خۆیی جێهێشتووە سوورە لە سەر ئەوەی کەوا یەک گڕووپی ئیتنیکی لە تورکیادا هەیە کە ئەویش تورکە. بەڵام لە حاڵی حازردا کاریگەریی ئەم ئەفسانەیە دەکرێت سەخت و دڵڕەقانە بێت و لە مەودایەکی دووردا سەرکەوتوو نابێت. لەکاتێکدا کەوا تورکیا دانپیانانێکی یاسایی نییە بۆ کەمینەی گەورەی کورد، ئەوە ئەو کێشەیەی کە نەیارە کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا هەیانە چارەسەر ناکرێت"١.

هەڵبەت مەترسیی ئەم کێشەیە نکووڵی لێناکرێت و بەپێی ئەو ژمارانەی سەرۆکی بەشی دژەتێرۆر لە کۆتایی حوزێرانی ساڵی 1998دا پێشکەش کراوە، ڕێکخراوی پەکەکەی کوردیی ناسیۆنالیستی ڕادیکاڵ PKK (پارتی کرێکارانی کوردستان)، تا ئەوکاتە نزیکەی نۆزدە هەزار هێرشی ئەنجامداوە لە سەرەتای هێرشە چەکدارییەکەیدا لە ساڵی 1984وە. ئەمەش بووە بە هۆی کوشتنی 5121 کەس لە هێزەکانی ئاسایش و 4049 کەسی سڤیل، لەکاتێکدا کە 17248 کەس لەوانەی کە ئەو بە تێرۆریست ناوی بردوون کوژراون2. سەرەڕای جەختکردنەوەی بەردەوام لە لایەن هێزەکانی ئاسایشەوە پشتی یاخیبوون شکاوە و ژمارەی پەکەکە لەئێستادا تەنها پێنج هەزار چەکدارن بەڵام کوشت و کوشتار هێشتا هەر ڕوولەهەڵکشانە. هەروەک شوکرو ئێلکداغی باڵیۆزی پێشووی تورکیا لە واشنتۆن، بەمدواییە ئاماژەی بەوە کرد کەوا "کێشەی باشووری ڕۆژهەڵات" (واتە کێشەی کورد) رەهەندێکی نێودەوڵەتیی ڕوولەهەڵکشان وەردەگرێت و هەڕەشەی سەرەکی و تەواو پێکدێنێت کە بەرەوڕووی تورکیا دەبێتەوە3. لەم بارودۆخەدا، ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی کێشەکە مەسەلەیەکی سیاسیی هەنووکەییە و هەروەها بایەخێکی مێژووییشی هەیە. ئەوجا لەبەرئەوەی کە کردەوە و ڕاگەیاندنەکانی ئەتاتورک هێشتا هەر سەرچاوەی ئیلهامبەخشی سیاسەتی حکوومەتی تورکیایە و مەیلیش بەلای بەکارهێنانێتی بۆ ڕەوایی پێدانی و هەروەها ڕوونیش بێت لەبارەی لەبارەی هەڵوێستی ئەتاتورکەوە لەبەرانبەر کورددا. مستەفا كەمال پاشا، وەک ئەو دەمە پێیدەوترا، شاڕەزایی ڕاستەوخۆی لە ناوچە کوردزمانەکان بەدەستنەهێنابوو تا نیسانی ساڵی 1916، کە بەرزکرایەوە بۆ پلەی عەمید لە تەمەنی 35 ساڵیدا و نێردرا بۆ دیاربەکر وەک فەرماندەی لەشکری شانزە، کە بەشێک بوو لە سوپای دووەمی عوسمانی و لە تەراکیاوە گواسترابووەوە دوای پاشەکشەی هاوپەیمانان لە گالیپۆڵی. ئەنوەر پاشا، جێگری فەرماندەی باڵای عوسمانی (کە لە ڕووی تیۆرییەوە گوێزرابووەوە بۆ سوڵتان محەمەدی پێنجەمی بەتەمەن)، نەخشەیەکی بەرفراوانی داڕشتبوو، کەوا سوپای دووەم لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە و سوپای سێهەم لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە ڕێگەی دەربازبوون لە هێزەکانی ڕووسیا بگرن، کە ئەرزڕوومی داگیرکردبوو و بەرەو ڕۆژئاوا و باشوور پێشڕەویی دەکرد. نەخشە و پلانەکە شكستیهێنا، بەڵام مستەفا کەمال سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێنا و لە ئابی ١٩١٦دا هەردوو شاری مووش و بەدلیسی ناوچەی کوردنشینی لەدەست هێزەکانی ڕووسیا سەندەوە. پاش ئەوە بە ماوەیەکی کەم، هێرشێکی پێچەوانەی ڕووسی ناچاری کرد لە مووش دەربچێت و بەرەکە تاڕادەیەک بە ناجێگیری مایەوە تا بەرپابوونی شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ئایندەدا. لە نۆڤەمبەری 1916دا، مستەفا کەمال بوو بە جێگری فەرماندەی سوپای دووەم، کاتێ ئەحمەد عیززەت پاشای فەرماندە، کە جەنەراڵێکی بە ڕەگەز ئەلبانی بوو، بە مۆڵەت چوو بۆ ئەستەمبووڵ. لە مارتی 1917دا، ئەحمەد عیززەت پاشا بوو بە فەرماندەی تەواوی سوپاکانی بەرەی ڕۆژهەڵات و مستەفا کەمال بوو بە فەرماندەی سەرەکیی سوپای دووەم و لە ناوچەکەدا مایەوە تا تەمووزی ساڵی 1917 و پاشان کرا بە فەرماندەی سوپای حەوتەم، کە بەشێک بوو لە گڕووپی برووسکە (یڵدرم) و لە ژێر سەرکردایەتیی جەنەراڵی ئەڵمانی ئێریک ڤۆن ڤاڵکنهاین (کە مارشاڵ بوو لە سوپای عوسمانیدا)، بران بۆ سووریا بە مەبەستی گرتنەوەی بەغدا و دەرهێنانی لە دەستی بەریتانییەکان٤.

مستەفا كەمال لە نێوان 7ی نۆڤەمبەر و 24ی ديسەمبەری 1916دا، لە کاتی خزمەتکردنی لە سوپای دووەمدا، یاداشتی خۆی نووسیوەتەوە5 و باسی ئەو کتێبانەی کردووە کە خوێندوونییەوە (ڕۆمانێکی فەرەنسی و دوو کتێب لە سەر فەلسەفە) و هەروەها بیر و ئایدیای لە سەر توندوتۆڵی لە سوپادا و لەبارەی ڕزگاربوونی ئافرەتەوە و هەندێک سەرنج و تێبینی لە سەر ئەو دێهاتانەی کە کاول و وێران بووبوون و بەدلیس وایلێکردبوو کە بیر لە شوێنەواری کەلاوەکانی پۆمپێ و نەینەوا بکاتەوە. ئەوجا ئاماژەیەکی کورتی داوە بە مەفرەزەیەکی خۆبەخش، کە شێخێکی نەقشبەندیی ناوچەکە ڕێکیخستبوو، هەروەها ئاوارە کوردە برسییەکان و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکی بە ناوی حاجی مووسا کە سەرکردایەتیی چەکدارە کوردەکانی موتکیی کردووە. لێرەدا تۆنی دەنگی مستەفا کەمال بە شێوەیەکی بەرچاو جیادەکرێتەوە و بە مەراقێکی سەیرەوە سەرنجی دەوروبەری دەدات، بەڵام هیچ ڕاوبۆچوونێک لە سەر کورد دەرنابڕێت.

بەڵام سەرۆکی ئەرکانەکەی، لیوا عیززەدین (کە دواتر بە جەنەراڵ عیززەدین چاڵشلەر ناوی دەرکرد) وردتر و ڕوونتر بوو لە تۆمارکردنی یاداشتەکانیدا6. "لە گوندەکاندا، پیاوانێکی زۆر هەن کە دەتوانن چەک هەڵبگرن"، ئەم سەرنجەی لە 2ی مايسی 1916دا دەربڕیوە. "دوژمن بەتوندی فشاری خستووەتە سەر خاک و ناوچەکانیان، بەڵام زۆربەیان بەرگری ناکەن و هیچ پەیوەندییان نییە بە خزمەتی سەربازییەوە. ئەوانە تورکی نازانن و لە نیاز و مەبەستی حکوومەت تێناگەن. بەکورتی ئەمانە شوێنگەلێکن هێشتا داگیرمان نەکردوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ سوود لەو خەڵکە ببینرێت. ئەوان ملکەچی سەرۆکە خێڵەکی و شێخەکانیانن کە زۆر کاریگەرن لەم ناوچانەدا"7. لە 11ی نۆڤەمبەری 1916شدا، عیززەدین ئەم سەرنجەی دەربڕیوە: "پێویستە بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ ڕێکخستنێکی سەربازی درووست بکرێت لە ناو کوردەکاندا و دەست بکرێت بە پێکەوەنانی یەکەی سەربازی لەو کوردانەی کە تا ڕادەیەک بە حکوومەت ڕاهاتوون و هەڵوێستیان دۆستانەیە، لەهەمان کاتیشدا پێویستە حکوومەت خۆی رێکبخات بۆ کاری زیاتر و پترکردنی کاریگەری"8. ئەمیش وەک مستەفا كەمال، سەرنجی هەژاری و دواکەوتوویی داوە لای دانیشتووانی ناوچەکە و بەهیوایە بارودۆخ "لەم ژینگە خەمناکەدا" بگۆڕێت و دەڵێت کەوا هەر کەسێک لە ڕۆژئاواوە دێتە ڕۆژهەڵات (مەبەستی تورکیایە - و) بەرەوڕووی دۆخێکی سەخت دەبێتەوە.9

مستەفا كەمال هاوکارێکی سەربازیی جێمتمانەی هەبوو کە زانیارییەکی باشی هەبوو لە سەر کورد، ئەویش کۆڵۆنێڵ فەخرەدین بوو (کە دواتر بە جەنەراڵ فەخرەدین ئاڵتای ناسرا، کە فەرماندەیەکی بەناوبانگی هێزی سوارە بوو لە جەنگی سەربەخۆیی تورکیادا). فەخرەدین لە سکوتاریی ئەلبانیا لەدایکبووە و لە ساڵی 1904دا نێردراوە بۆ سوپای چوارەم لە ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ، پاش تەواوکردنی کۆڵێجی ئەرکان لە ئەستەمبووڵ10. فەخرەدین ئەم پۆستە والێکدەداتەوە کە دوورخستنەوەیە و دەڵێ کە ڕژێمی سوڵتان عەبدولحەمید گومانی ئەوەی لێکردووە کە هەڵگری بیر و بۆچوونی لیبراڵییە11. بەهەرحاڵ، ئەو لە پاش کوودەتاکەی تورکە لاوەکانیش لە ساڵی 1908دا هەر مایەوە و لە هێرشێکی سزاداندا بەشداربوو دژ بە خێڵە کوردەکانی چیاکانی دەرسیم (کە ئێستا تونجەلییە)، لە ڕۆژاوای ئەرزڕوومدا. ئەم هێرشە یەکێک بوو لە چەندین هێرش و پەلامار کە ڕژێمی تورکە لاوەکان دژ بە خێڵە نەیار و هەڵگەڕاوەکان، لەنێویاندا دورزییەکان و خێڵە عەرەبەکانی یەمەن و ئەلبانییەکان، کە بەلایانەوە ئەم ڕژێمە دەستوورییە نوێیە هێشتا کەمتر لەئاست چاوەڕوانییەکانیاندا کاتێ کە لە ژێر حوکمی ملهوڕانەی عەبدولحەمیددا بوون و ئەنجام و لێکەوتەشی سەختتر و قورستر بوو لەو سەردەمە و هەر بە یاریپێکردنێکی دەسەڵات تێیگەیشتبوون.

فەخرەدین داواکاریی وازهێنان لە یاخیبوونی کوردەکانی دەرسیمی قبووڵ کرد، بەو مەرجەی باج بدەن و واز لە دزی و جەردەیی بێنن. بەڵام ئەو ڕێککەوتنەی کە لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکیدا کردی ڕێگەپێدراو نەبوو و لە یاداشتەکانیدا لەم ڕووەوە دەڵێت: "ئەو هەرەسهێنانە وایکرد کە پێویست بێت هێرشێکی تری سزادان ئەنجامبدرێت لەم ناوچانەدا لە پاش 28 ساڵ"12. ئاماژەکە بۆ سەرکوتکردنی یاخیبوونەکەی دەرسیمە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری تورکیاوە لە ساڵی 1937دا. ساڵی 1909، فەخرەدین بە بەرپرسی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی فەوجە کوردییە خێڵەکییەکانی حەمیدییە دانرا، کە ناوەکەی گۆڕا بۆ فەوجەکانی سوارەی خێڵەکی (Asiret Suvari Alaylan). ئەو وا ئیددیعا دەکات کە بۆ ئەم فەوجانە ناوێکی تورکیی پێ باشتر بووە، بۆ نموونە وەک "فەوجەکانی ئۆغوز"، بە پێی بنەمای ئەوەی کە هەندێک لەوانەی خۆیان بە کورد لەقەڵەمداوە بە بنەچە تورک بوون، بەڵام مەحموود شەوکەت پاشای وەزیری جەنگی عوسمانی ئەم ناونانەی خستەلاوە13. لە ساڵی 1913دا، فەخرەدین سەرکردایەتیی بەشێک لەم هێزە خێڵەکییانەی دژ بە بوڵگارییەکان کرد لە تراکیای ڕۆژهەڵاتدا لە کۆتایی جەنگی بەڵکانی دووەمدا و هەندێک حاڵەتی راووڕووت لەلایەن کوردەکانەوە ڕوویدا، چونکە "سەربازەکانی ئێمە کە تورکییان نەدەزانی، خەڵکە لۆکاڵە (تورکەکانیان) لێتێکچووبوو لەگەڵ بوڵگارییەکاندا، بە هۆی جلوبەرگەکانیانەوە"14. فەخرەدین دەڵێ کەوا فەرمانی کردووە بە دز و تاڵانکەرەکان شمەک و کاڵا دزراوەکان بگێڕنەوە و لە کوشتن ڕزگاری کردوون بەدەست تیمەکانی گوللەباران. بێگومان ڕاوبۆچوونەکانی هاوشێوەی بۆچوونەکانی مێجەر عیززەدینن کەوا: کوردەکان ئەڵماسێکی خاو بوون و خاکەکەیان شوێنێکی سەخت و ناهەموار بووە بۆ ئەفسەرێکی تورک، بەڵام دەگونجێت بەڕێوەببرێت ئەگەر بزانرێت چۆن مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت. کەواتە بەشارستانی کردنی ئەم ناوچانە لە ڕێگەی خوێندن و فێرکردنەوە دەبێت (بە زمانی تورکی - و) بەمەش پابەندی و ملکەچی بۆ دەوڵەتی عوسمانی بەهێزتر دەبێت. هەمان ئەم رێبازە لەلایەن عەبدولحەمیدەوە ئەزموونکرا و بەو خولیا و مەراقەوە قوتابخانەی خێڵ (مەکتەبی عەشایەر Ashirat Maktabi) لە ئەستەمبووڵ درووستکرا، بەدەر لە درووستکردنی فەوجەکانی حەمیدییە (لە سەر شێوەی قەوزاقەکانی ڕووس)١٥. لەم قوتابخانەیەدا کوڕانی سەرۆک خێڵەکان سووکایەتییان پێدەکرا و فەلاقە دەکران و لە ساڵی 1907دا داخرا و پێدەچێت دەسەڵاتداران درکیان بەوە کردبێت کە قوتابییەکان مەیلیان بە لای ڕەخنەگرتنێکی ناسیۆنالیستانەوە بێت بۆ بەڕێوەبەرایەتی١٦. عەبدولحەمید شکستیهێنا لە پێکەوە گرێدانی فێرکردن و خوێندن، کە برەوی پێدەدا و  پەستی و ناڕەزاییەکەی، کە بێهوودە هەوڵیدەدا بێناوەرۆکی بکات. بەهەرحاڵ، تورکە لاوەکان و دوای ئەوانیش ئەتاتورک، پابەندی باوەڕ بوون بە باشییەکانی فێرکردن و خوێندن لە شارستانییەتدا، بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناوەرۆکەکەی.

 سەرچاوەی بنەڕەتیی خولیا و مەراقی مستەفا کەمال ئەتاتورک، بەهەمان شێوەی تورکە لاوەکان، نامیق کەمالی "شاعیری ئازادی" بوو، کە لە ساڵی 1878دا نووسیوێتی: "لەکاتێکدا کە پێویستە لە سەرمان هەوڵی لە ناوبردنی هەموو زمانەکان بدەین لە وڵاتەکەماندا، بێجگە لە زمانی تورکی، ئاخۆ هیچ چەکێکی رۆحی دەبەخشینە   ئەلبانی و لاز و کوردەکان لەڕێگەی قۆرخکردنی کەسایەتییانەوە؟ ... ڕەنگە زمان .. بەهێزترین بەربەست بێت و - لەوانەیە چەسپاوتر و بەهێزتر بێت لە ئاین - دژ بە یەکێتیی نیشتمانی". هەروەها نامیق کەمال لە شوێنێکی تردا دەڵێ: "ئەگەر قوتابخانەی رێکوپێک و نیزامی دامەزرێنین و ... ئەو بەرنامانە پەیڕەوی بکەین کە تائێستا جێبەجێ نەکراون، ئەوە لە ماوەی بیست ساڵدا زمانەکانی لاز و ئەلبانی بەتەواوی لەبێردەچنەوە"17.

مستەفا کەمال تا ساڵی 1916 مامەڵەی نەکردبوو لەگەڵ خێڵە کوردەکاندا، بەڵام ئاگای لە ئەزموونی ئەفسەرە هاوکارەکانی بوو و بەتەواوی کاریگەر بوو بە ئایدیۆلۆجیای عوسمانییە لیبراڵەکان کە ناسیۆنالیزمی تورکی لە ناو ئەواندا گەڵاڵە بووبوو. ئەو لە ماوەی کاری سەربازیدا مامەڵەی لەگەڵ خەڵکی خێڵەکیی تر کردووە و ساڵانی 1905 - ١٩٠٦ خزمەتی سەربازیی چالاک و کارای لە سووریادا دەستپێکردووە، کە بەشداریی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە دژ بە دورزییە یاخیبووەکان و مەترسیی هەڕەشەی چەرکەسییەکانیشی لە سەر بوو18. پاشان ساڵی 1910 خزمەتی سەربازیی خۆی لە سەرکوتکردنی یاخیبوونی ئەلبانییەکان بەسەربردووە و دواتر لە ساڵی 1911دا خێڵە عەرەبە قەیڕەوانییەکانی رێکخستووە دژ بە ئیتاڵییەکان. ڕاستەوخۆش پاش دامەزراندنی بە فەرماندەی سوپای حەوتەم لە حەڵەب لە ساڵی 1917دا، ڕەخنەی لە ڕێککەوتنێک گرت کە لە لایەن کرێس ڤۆن کرێسنشتاین (کرێس پاشا)ی فەرماندەی ئەڵمانی لە غەززە مۆر کردبوو لەگەڵ سەرۆکێکی خێڵەکیی ناوخۆیی عەرەب لە غەززەدا، کە شێخ حازم بوو. لە نامەیەکیدا بۆ فەرماندەی گڕووپی برووسکە، ڤۆن فاڵکنهاین، مستەفا کەمال مشتومڕ لە سەر ئەوە دەکات کەوا لەکاتێکدا پەیوەندیی لەگەڵ سەرۆک خێڵەکاندا پێویست بوو، ئەوە مەسەلەیەکی ترسناکە کە تاکە یەک سەرۆک جیابکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ بکرێت و وا بگەیەنرێت کە ڕیزبەندیی ئەوانیتر لەو نزمترە. بواردان بە کاربەدەستان کەوا بەشێوەیەکی تاک تاک پەیوەندیی لەگەڵ شێخەکاندا ببەستن تەنها درووستبوونی ئاڵۆزی و پشێویی لێدەکەوێتەوە و لەبەرئەوە ئەم بەشێوەیەکی بێلایەنانە مامەڵە لەگەڵ هەموو سەرۆک خێڵەکاندا دەکات و لای ئەم شێخ حازم لەپێشتر نییە لەوانیتر19.

 توانای مستەفا کەمال بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ سەرۆکە خێڵەکییەکان - کە لەم حاڵەتەدا سەرۆک خێڵە کوردەکانیش دەگرێتەوە - لەو کاتەدا کەوتە بواری تاقیکردنەوەوە کە لە 19ی مايسی 1919دا گەیشتە ئەنەدۆڵ و دەستیکرد بە سازدانی بەرگریی نیشتمانیی تورکیا دژ بە هاوپەیمانان. ئیمزاکردنی ئاگربەسی مودرۆس لە ٣٠ی ئۆکتۆبەری 1918 و بەدوایدا چوونی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ ئەستەمبووڵ و چەند شوێنێکی جیاوازی تر خولیا و ئاواتی لە ناو بەشیک لە سەرکردەکانی کورددا پەیداکرد بۆ ئەوەی مەرامە شەخسییەکانیان بهێننەدی بە هاوکاری و یارمەتیدانی بەریتانیا. محەمەد شەريف پاشا، کەوا کاربەدەستێکی عوسمانیی بەڕەگەز کورد بوو و ماوەی جەنگی جیهانیی گەورەی (یەکەم - و) وەک دوورخراوەیەک لە پاریس بەسەربردبوو، لە مایسی 1919دا بە بەریتانییەکانی ڕاگەیاند کە ئارەزووی ئەوە دەکات ببێتە ئەمیری کوردستانێکی سەربەخۆ20. لەو دەمەدا لە ئەستەمبووڵ کەسایەتییەکی ناوداری کورد، بە ناوی سەید عەبدولقادرەوە، بوو بە سەرۆکی کۆمەڵەیەک بۆ بووژانەوە و هەستانەوەی کوردستان (کوردستان تەعالیی جەمعییەتی)، کە لەلایەن بنەماڵەی بەدرخانییەکانەوە (Bedirhanoglulari)، کە بنەماڵەیەکی میرزادەن لە ناوچەی دەوروبەری دیاربەکر (بۆتان بە زمانی کوردی و جەزیرەی ئیبن عومەر بە زمانی عەرەبی و ئەلجەزیرە بە زمانی تورکیی عوسمانی)21. کەسایەتییەکی تری بەدرخانییەکان، بە ناوی سورەییا،  گیانی بزوێنەری کۆمیتەی سەربەخۆیی کورد بوو لە قاهیرە، کە داوای یارمەتیی بەریتانییەکانی کرد لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1919دا22. لە سلێمانیش شێخ مەحموودی بەرزنجی، بە گەیشتنی هێزەکانی بەریتانیا لە ساڵی 1918دا کەوتە هاوکاری و هەماهەنگی کردن لەگەڵیان و لە ناوچەکانی تری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا سەرۆک خێڵە کوردەکانی لەو خوارتر لەگرنگیدا کەوتبوونە گرێدانی پەیوەندی لەگەڵ بەریتانییەکاندا23.

لە 23ی مايسی 1919دا و چوار ڕۆژ دوای گەیشتنی بە سامسۆن وەک پشکنەرێکی سوپای نۆهەم، مستەفا کەمال داوای ڕاپۆرتێکی بارودۆخی کرد لە ئەحمەد جەودەتی جێگری فەرماندەی فەیلەقی سیانزە لە دیاربەکر. جەودەت لە وەڵامدانەوەیدا، ڕۆژی 27ی مايس، بەوردی باسی چالاکیی خێڵەکان و بەریتانییەکانی کردبوو لە ناوچەکەیدا و وتبووی کەوا یانەی کوردان لە دیاربەکر، کە لە پێناوی سەربەخۆیی کورددا کاردەکات، بە شیوەیەکی ڕوولەزیاد هاوکاری و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ پارتی هاوپەیمانی و ئازادیی عوسمانیدا (ئیئتیلاف و حوڕییەت، کە لە ڕۆژئاوا بە Entente Liberale دەناسرا) و سیاسەتی لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی ئەستەمبووڵدا یەکیدەگرتەوە. ئەم فەیلەقەی سوپا لەنزیکەوە چاودێریی پرۆپاگەندەی دژ بە حکوومەتی یانە کوردییەکەی دەکرد. ئەم برووسکەیە (تەلەگرام) و ئەو نامە و برووسکانەی دواتر کە لەلایەن مستەفا کەمالەوە دەرچووبوو لە سەر کاروباری کورد ساڵی 1996 لە لایەن بەرێوەبەرێتیی مێژووی سەربازیی سەر بە دەستەی ئەرکانی گشتیی تورکیا (ATASE - Askeri Tarih ve Stratejik Etut Basjcanhgi) بڵاوکرایەوە، وەک بەشیک لە زنجیرەیەکی هەڵبژاردە لە ئەرشیفی تایبەتی ئەتاتورک٢٤. کتێبەکە پێکهاتووە لە ٦٧ بەڵگەنامە، لە مايسی ١٩١٩وە تا نیسانی ١٩٢٠، لەگەڵ فۆتۆکۆپیی دەقە دەسنووسە ڕەسەنەکاندا کە بە تورکیی عوسمانی و بە دەست نووسراوە و هاوکات کۆپییەکان کراونەتە پیتی لاتینی و لەگەڵیان دانراون. بیست دانە لەوانە لەلایەن مستەفا کەمالەوە ئیمزاکراون، یەکەم وەک پشکنەری سوپای نۆهەم و پاشانیش سوپای سێهەم (لە کاتی سەرلەنوێ ژمارەدانان بۆ سوپای نۆهەم، لە پاش ڕێکخستنەوەی)، ئەوجا دوای ئەوەش وەک "پشکنەری پێشوو"، دوای ئەوەش وەک سەرۆکی کۆنگرەی گشتی (لە سیواس)، دواجاریش "لەبریی دەستەی نوێنەرایەتی - هەیئەتی تەمسیلییە (Heyet - i Temsiliye، واتە بەرپرسی جێبەجێکاری هەمیشەیی)" کۆمەڵەی بەرگریکردن لە مافە (نیشتمانییەکان) لە ئەنەدۆڵ و ڕووملی. ئەم بیست برووسکەیە وێنەیەکی ڕوونمان دەداتێ لە سەر تاکتیکەکانی مستەفا کەمال بەرانبەر بە کورد لەو مانگە هەستەوەر و ناسکانەی پێش پێکهێنانی حکوومەتی ئەنجومەنی نیشتمانیی گەورەی تورکیا لە ئەنقەرە لە نیسانی ساڵی 1920دا.

یەکەم برووسکە کە لە لایەن مستەفا کەمالەوە نێردرابێت لەم کۆمەڵەیەدا لە هافزاوە بووە (لە ناوچەکانی ناوەوە لە سامسۆن) لە 28ی مايسی 1919دا بووە بۆ چوار لە سەرۆک عەشیرەتەکانی کورد، کە یەک لەوانە حاجی مووسای موتکی بووە و تێیدا دامەزراندنی ئەوی ڕاگەیاندووە لە لایەن "سوڵتانی گەورە و خەلیفەی شکۆدارمانەوە" و هیوای ئەوە دەردەبڕێت بە سەردانی ناوچەکەیان لە داهاتوویەکی نزیکدا. لەهەمان کاتدا دڵنیابوو لەوەی کە ئەوانەی نامەکەیان بۆ ڕۆیشتووە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ جیهانی دەربخەن کەوا دەکرێت سەربەخۆیی ولات زەمانەت بکرێت ئەگەر ریزەکانی ناوخۆ بپاڕێزرێت و هەمووان بەتەواوی ملکەچی دەوڵەت بن (لاپەڕە 10 - 11). هەر هەمان ڕۆژ، مستەفا کەمال برووسکەیەک نارد بۆ کامیل، کە نوێنەر بوو لە پەرلەمانی عوسمانی و ئەندامی یانەی کوردی بوو لە دیاربەکر. جارێکیتریش باس لە نیازی خۆی دەکات کە دەیەوێت لە نزیکترین کاتدا سەردانی "دۆستە دێرینەکانی" بکات لە دیاربەکر. لە ئیشارەتێکیدا بۆ ئەو ڕاپۆرتانەی باسیان لە بەرپابوونی دوژمنایەتی دەکرد لە نێوان یانەی کوردی و تورکەکاندا لە دیاربەکر، مستەفا کەمال هۆشداری دەدات کە ئەمە ڕەنگە سەربکێشێتەوە بۆ ئەنجام و لێکەوتەی خراپ بۆ هەردوولا "کە برای نەژادیی یەکترن" (ئیرک کارداش). لەم ڕووەشەوە بەردەوام داوا لە کامیل دەکات هانی یانە کوردییەکە بدات کەوا یەکێتیی نیشتمانی پێویستە چونکە ئەوە بوار بە دوژمنی دەرەکی دەدات کە سوود وەربگرێت لەو "گرفت و کێشانە ببینن کە پێویستە لە ناو یەک خێزاندا چارەسەر بکرێن، وەک ئەوەی پەیوەندیدارە بە سەرەتا و پرنسیپەکانی بەڕێوەبەرێتی و بەرگری کردن لە مافەکانی ڕەگەز و نەژاد" کە ئەمە ڕەنگە گەورەترین ناپاکی پێکبێنێت (لاپەڕە 14). وشەی "نەژاد" لەوکاتەدا بەو لایەدا دایدەشکێنێت کە وەک دەلالەتێک بۆ کۆمەڵگەیەکی نەژادی یان ئیتنیکی بەکاردیت.

بۆ ڕۆژی ئایندە (29ی مايسی 1919)، مستەفا کەمال داوای لە دەستەی ئەرکانی گشتیی کرد لە ئەسەمبووڵ بە وردی ئاگاداری بکاتەوە کە بەریتانییەکان لەکوێ برەو بە مەسەلەی کوردستانی سەربەخۆ دەدەن. هەروەها لە هەمان کاتدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئامۆژگاریی پێویستی داوەتە "ژمارەیەکی زۆری ئەو میرە کوردە بەناوبانگانەی لە کاتی جەنگدا هەڵوێست و سۆزی تەواویان هەبووە بۆمان" (لاپەڕە 19). جەواد پاشای (چۆبانلی) سەرۆکی ئەرکانی عوسمانی، لە 3ی حوزێراندا وەڵامیداوەتەوە کە ئەنجامگیریی ئەوە دەکرێت کەوا بەریتانییەکان ویستوویانە حکوومەتێکی کوردی دامەزرێنن لە نێوان "عێراق و ئەرمینیا و تورکیادا". وەک ئەنجامێک بۆ فشاری جەنەراڵ ئەللێنبی، دەبوو دەستەی ئەرکانی گشتی ڕەزامەندیی دەرببڕێت لە سەر هەڵوەشاندنەوەی سوپای سیانزەهەم لە دیاربەکر و جارێکیتر وەک یەکەی جەندرمە ڕێکدەخرێتەوە. بە گریمانەی پاڕێزگاری لەم خەیاڵ و ئەندێشەیە، جەواد پاشا داوای لە مستەفا کەمال کرد کە بەئاگا و وریا بێت لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ فەیلەقی سیانزەهەم و دڵنیابێت کەوا ناوەکەی لە ناوچەی ئەم فەیلەقەدا ئاڵوگۆڕی پێنەکرێت و بڵاونەبێتەوە (لاپەڕە 21).

پەیامی مستەفا کەمال بۆ کوردەکان ڕوون و ئاشکرایە بەتایبەتی لەو برووسکەیەی کە لە 11ی حوزێرانی 1919دا ناردوویەتی بۆ قاسم جەمیل پاشازادە، کەوا کەسایەتییەکی بەناوبانگی دیاربەکر بووە و تێیدا ڕایگەیاندووە کە هەوڵی درووستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ پیلانگێڕییەکی بەریتانیایە بۆ بەرژەوەندیی ئەرمەنەکان. بەهەرحاڵ، "کورد و تورک برای ڕاستەقینەن [ئوێز کەرداش، واتە منداڵی یەک باوک و دایکن] و نابێت جیابکرێنەوە". "بێگومان بوونمان وا پێویست دەکات کە کورد و تورک و تەواوی توخمە موسڵمانەکانی دەوڵەت شانبەشانی یەکتربن بۆ بەرگری کردن لە سەربەخۆییمان و ڕێگرتن لە دابەشبوونی نیشتمانی دایک". مستەفا کەمال بەردەوامە لە سەر پەیامەکەی و دەڵێ "من لەگەڵ پێدانی هەموو جۆرە ماف و ئیمتیازاتێکم بۆ گەرەنتیی پەیوەستبوون [بە دەوڵەتەوە - مەربووتییەت] لەلایەن برا کوردەکانمانەوە، بەمەرجێ دەوڵەتی عوسمانی دابەش نەکرێت" (لاپەرە 33). لە نامەیەکی داخراودا، مستەفا کەمال داوای لە فەرماندەی فەیلەقی سیانزەهەم کردووە کارئاسانی بۆ سەردانی سیواس بکرێت لە لایەن سێ کەسایەتیی ناسراوی کوردەوە (لاپەڕە 35). لە وەڵامدانەوەیدا ڕۆژی 25ی حوزێرانی 1919، ئەحمەد جەودەتی فەرماندە ناڕازی دەبێت لەوەی کەوا ئەم کەسایەتییانە دز و جەردەیان لە شوێنی حەوانەوەیاندا هێشتووەتەوە و شەڕیانە لە ناوخۆیاندا و بە لای ئەمەوە، ئەو خەڵکە بەو مەرجە بەدەم بانگهێشتی مستەفا کەمالەوە دێن کە خزمەتی بەرژەوەندییان بکات. لەگەڵ ئەوەشدا، نوێنەران هەڵبژێردران بۆ ئەو کۆنگرەیەی کە دەبوو لە ئەرزڕووم ببەسترێت و یانە کوردییەکەش داخرا، چونکە مەحاڵ گرەو لە زۆربەی ئەندامانی ببرێتەوە. "ئەوان حوکمی عوسمانییان ناوێت و حوکمی بەریتانییان پێباشترە و باوەڕیان وایە کە [دەڤەرەکەیان] لە داهاتوودا گەشە دەکات و وەک میسر پێشکەوتوو دەبێت". ئەحمەد جەودەت باس لەوە دەکات کە بنەماڵەی جەمیل پاشا و دۆستەکانیان، کە یانەی کوردییان پێکهێناوە، ویستوویان حکوومەت بگۆڕێت بۆ ئەوەی لەدەست لێپێچینەوەی دادگا دەربازبن سەبارەت بەو ڕۆڵەی کە گێڕاویانە لە دەرپەڕاندن و کوشتنی (ئەرمەنەکاندا) (لاپەڕە 38 - ٣٩).

 لەم سەروبەندەدا، مستەفا کەمال لە هافزاوە چوو بۆ ئەماسیا بۆ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هەڤاڵە ناسیۆنالیستەکانیدا، حوسێن ڕەئووف (ئۆربای) و عەلی فوئاد (جەبیسۆی) و ڕەفعەت (بەلە). لەو کاتەدا بەهێزترین هێزی سسەربازیی عوسمانی لە ئەنەدۆڵ فەیلەقی پانزەهەم بوو بە فەرماندەیی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم. لە 16ی حوزیرانی 1919دا، مستەفا کەمال لە ئەماسیاوە برووسکەیەکی بۆ نارد بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاوبۆچوونی لەبارەی کوردەوە (لاپەرە 40 - ٤٤). ئەویش لەوەڵامدا بۆی نووسیبوو کە یانەی کوردی لە دیاربەکر داخراوە چونکە بەنیازی درووستکردنی کوردستانێک بووە لە ژێر پاڕێزگاریی بەریتانیادا.  هەرچۆنێک بێت، یانەکە لە چەند کەسێکی کەمی خەڵکی "لاوەکی و پەرتەوازە" (سەرسەری serseri) پێکهێنرایەوە و نوێنەرایەتیی کوردی نەدەکرد. بەهەرحاڵ، لەوێ کێشەیەک هاتبووە پێشەوە و دانیشتووانی هەرێمەکانی ڕۆژهەڵات کەوتبوونە بەر هەڕەشەی باندە ئەرمەنییەکان و تێگەیشتبوون لە مەسەلەی پێویستبوون بە یەکێتی. بەڵام لە ناوچە "ئارامەکانی" ئەنەدۆڵ دۆخەکە جیاواز بوو و دانشتووانەکانی سیاسییەکانیان بەدەمەوە دەگرت و ئارەزوویان نەدەکرد بچنە هیچ ڕێکخراوێکەوە. لەبەرئەوە، هەموو توانای خۆی بەکارهێنا بۆ باسکردن و ڕوونکردنەوەی پێویستیی پێکهێنانی کۆمەڵە و ڕێکخراوی بەرگریی نیشتمانی وەک ئامرازێک بۆ یەکێتیی نیشتمانی. خۆشبەختانە هاوکاری و هەماهەنگیی کاربەدەستانی سەربازی و مەدەنی لە بڵاوکردنەوەی پەیامەکەیدا ئەنجامی باشی هەبوو بە رادەیەک کە لە "هەموو شوێنێکەوە" برووسکەی پێدەگەیشت و ئەوەی پیشاندەدا خۆڕێکخستنیان بە پێویست زانی و کاری ڕێکخستنیش (کە بەرگری کردنی هاوپەیمانان بوو) دەستیپێکرد.

مستەفا کەمال بە قەرەبەکری وتبوو کەوا بڕیاریداوە "کورد وەک برای ڕاستەقینە بگرێت" و بەو پێیە هەموو نەتەوە/ نیشتمان لە ڕێگەی کۆمەڵەکانی بەرگریکردن لە مافە نیشتمانییەکان یەکبخات. لە پاش دوو ڕۆژ، مستەفا کەمال برووسکەیەکی پڕ لە گەشبینیی نارد بۆ کۆڵۆنێڵ جەعفەر تەیاری فەرماندەی نەتەوەپەرستی فەیلەقی یەکەم لە ئەدرنە (ئەدريانۆپڵ لە تەراکيای تورکیا) و ڕایگەیاندبوو کەوا "پرۆپاگەندەی بەریتانی بۆ درووستکردنی کوردستانێکی سەربەخۆ بە پاڕێزگاریی بەریتانیا و پشتیوانانی ئەم پرۆژەیە لە ناوبران. کوردەکان چوونە پاڵ هێزەکانمان لەگەڵ تورکدا" (لاپەڕە 54). لە 23ی حوزێران، مستەفا کەمال لە سەر هەمان شێوە برووسکەی کرد بۆ بۆ جەنەراڵ جەواد (چۆبانلیی) سەرۆکی ئەرکانی گشتی لە ئەستەمبووڵ. "برووسکە گرنگەکانی" کە دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیزەوە (کە ئێستا ئەلەزیغە) پێی گەیشتن، بەتەواوی ئەوەیان سەلماند کەوا ئایدیای دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردستانێکی سەربەخۆ لە ژێر پاڕێزگاریی بەریتانیادا "تێکشکێنرا". "ئێمە هەمیشە ئامادەین بەڕێوەبەرێتییەک بڕەخسێنین کە زەمانەتی خۆشی و خۆشگوزەرانیی کوردستان دابین بکات. ئێمە چاوەڕێین کەسانی گرنگ بەمزووانە لەو ناوچەیەوە بێن بۆ سیواس"، ئەمە ئەنجامگیریی مستەفا کەمال بوو (لاپەڕە ٥٧).

ئەمە وادەگەیەنێت کە مستەفا کەمال چاوەڕێی ئەوەی نەدەکرد هیچ کەسایەتییەکی گرنگی کورد لە کۆنگرەی ویلایەتەکانی ڕۆژهەڵاتدا دەرکەوێت، کە بە چاودێریی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم رێکخرابوو. دواتر دەرکەوت کە بۆچوونەکەی ڕاست دەرچوو، کە دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیز (یان خەرپووت) نوێنەریان نەبوو. پێدەچێت پێدەچێت لایەنگرانی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان ڕێگەیان لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی مەعمورەتولعەزیز گرتبێت بۆ ڕۆیشتنە کۆنگرەکەی ئەرزڕووم٢٥.

لەڕاستیدا ویلایەتە کوردییە گەورەکانی بەدلیس و وان و قەزا کوردییەکانی ویلایەتی ئەرزڕووم نوێنەرانی خۆیانیان نارد بەڵام زۆە بچووک و کەم بوون و لە کاربەدەستانی خانەنشینی عوسمانی و پیاوانی ئاین و .. تاد. پێکدەهاتن٢٦.

کۆنگرەی ئەرزڕووم لە 23ی حوزێران کرایەوە و لەهەمان ڕۆژدا مستەفا کەمال بە سەرۆکی هەڵبژێردرا. لە 7ی ئاب ڕاگەیاندنێکی دەرکرد کە بوو بە بنەمای پەیماننامەی نەتەوەیی -  یان پەیماننامەی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکی لە جەنگی سەربەخۆییدا. ڕاگەیاندنەکە بەوە دەستیپێکرد کە ویلایەتەکانی دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ (لەنێویاندا ویلایەتە سەرەکییە کوردییەکانی دیاربەکر و مەعمورەتولعەزیز و وان بەدلیس) بەشێکی دانەبڕاون لە کۆمەڵگەی عوسمانی و هەموو ڕەگەز و توخمە ئیسلامییەکان [واتە کۆمەڵگە ئیتنیکییەکان]، کە لەم ڕووبەرەدا دەژین، برای ڕاستەقینەن و تژین لە هەستی ڕێز و قوربانیدان بۆ یەکتری، هەرچییەک ڕەگەز و بارودۆخی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتییان27. بەندی شەشی ئەم جاڕنامە یان ڕاگەیاندنە ئەم پرنسیپەی فراوانکرد بۆ ئەوەی گشت خاکی عوسمانی بگرێتەوە تا سنووری ئەو ئاگربەسەی کە لە 30ی ئۆکتۆبەری 1918 ئیمزاکرا لەگەڵ هاوپەیماناندا و هەر دابەشکردنێکی ئەم خاک و ناوچانەی ڕەتکردەوە "کە برا ڕاستەقینەکانمان تێیاندا نیشتەجێن، کە هەمان ئاین و هەمان ڕەگەزن وەک ئێمە و مەحاڵیشە دابەش ببین". ئەم شێوە داڕشتنە تەمومژ و شتێکی شاراوەی تێدایە، چونکە کوردەکان "ڕەگەز یان نەژادێکن" (یان کۆمەڵگەیەکی ئیتنیکین)، بەڵام تورک و کورد و هەموو موسڵمانانی تری ئەنەدۆڵ و تراکیای ڕۆژهەڵات "هەمان ڕەگەز و نەژاد بوون" (ئەرکەداش، واتە برابوون).

کۆمیتە (یان دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەمیشەیی) هەڵبژێردراو لە کۆنگرەی ئەرزڕوومدا دوو نوێنەری ئەو ناوچانەی دەگرتەوە کە زۆرینە کورد بوون و ئەوانیش سەعدوڵا ئەفەندیی نوێنەری عوسمانیی پێشتری بەدلیس و سەرۆک خێڵی کورد حاجی مووسای موتکی بوون٢٨. بەهەرحاڵ، هیچکام لەو دوانە نەچوونە کۆمیتەکەوە و سەعدوڵڵا ئەفەندی پۆزشی بەوە هێناوە گوایە تەندرووستیی باش نییە و نەخۆشە و حاجی مووساش نەیتوانی ئامادەبێت چونکە لە کاردانەوەی خێڵە نەیارەکانی ترسابوو29. لە 13ی ئابی 1919دا، مستەفا کەمال بڕیارەکانی کۆنگرەی ئەرزڕوومی گەیاندە دوو سەرۆکی کورد، کە شێخ عەبدولباقی کوفرەویی خەڵکی بەدلیس و جەمیل چەتۆی خەڵکی گارزان بوون. لە برووسکەکەیدا بۆ ئەمەی دواییان، داخی خۆی لەوە دەربڕی کە بارودۆخ بواری نەداوە ئارەزووی خۆی بەدەستبێنێت بۆ سەردانی ناوچەکە (لاپەرە 69). دواتر چەتۆ قۆناخێکی کورتی هەڵکشانی بەگژداچوونێکی بەخۆوە بینی (مایس - حوزێرانی 1920) دژ بە حکوومەتە ناسیۆنالیستە ساواکەی ئەنقەرە٣٠.

هەرچەندە حیزبەکەی مستەفا کەمال هەستی بە هەڕەشە و مەترسیی کوردەکانی دەرسیم کردبوو لە کاتی گەشتیاندا لە نێوان سیواس و ئەرزڕوومدا٣١ و پاشان جارێکیتر گەڕانەوەیان، بەڵام کوردەکان کاریگەرییان نەبوو لە سەر کاری کۆنگرەی ئەرزڕووم. ئەو کۆنگرەیەی کە بەدوای ئەودا هات لە سیواس بەخت یاری نەبوو. لە 26ی ئابی 1919دا، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقی سیانزە فەرمانیداوە بە دەسەڵاتە سەربازییەکان لە مەڵاتیە بۆ دەسگیرکردنی ژمارەیەک لە کەسایەتییە ناودارە کوردەکان کە تۆمەتبار کرابوون بە هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتیکی کوردی لە ژێر پاڕێزگاریی بەریتانیادا32. لەڕاستیدا، چوار لەو کەسایەتییە ناودارانە، لەنێویاندا جەلادەت و کامەرانی سەر بە بنەماڵەی بەدرخان، لە مەڵاتییە و لە 3ی سێپتەمبەردا، لە شوێنی نیشتەجێی مێجەر ئی. ئێم. نۆئێڵ بینراون، کە بە کردەوە بانگەشەی بۆ ئەو پێشنیازە کردووە کە لەلایەن کۆڵۆنێڵ (کە دواتر بووە بە سێر) ئەرنۆڵد ویڵسنی جێگری کۆمیسیاری بەریتانی بۆ کەنداوی فارس، دراوە بە حکوومەتی بەریتانی، کە پێویستە کوردستانێکی سەربەخۆ پێکبێت لە ژێر چاودێریی بەریتانیادا33. پێش دوو ڕۆژ لە گەیشتنی نۆئێڵ، عەلی غالیبی والیی خەرپوت (مەعمورەتولعەزیز) فەرمانی بە قایمقامی قەزای مەڵاتییە کردووە، کەوا کەسێکی سەر بە بنەماڵەی بەدرخان بووە، بۆ کۆکردنەوەی هێزێکی بچووکی سوارەی کورد. لە 7ی سێپتەمبەردا، مێجەر نۆئێڵ تێبینیی کردووە کەوا عەلی غالیب نیازی بووە کوردەکان بنێریتە سەر ئەو ناسیۆنالیستە تورکانەی لە سیواس کۆبووبوونەوە34.

هەر لەو سەروبەندەدا کۆنگرەی سیواس لە 4ی سێپتەمبەردا دەستیپێکرد و دەبوو نوێنەرایەتیی کۆمەڵەکانی داکۆکی لە مافی نیشتمانی بکات لە سەرانسەری وڵاتدا - لە ڕۆژهەڵاتی تراکیاوە تا ڕۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵ، کەچی تەنها 38 نوێنەر بەشدار بوون، لەنێویاندا مستەفا کەمال و پارتەکەشی. هەڵبەت هیچ نوێنەرێک لە ناوچە کوردییەکانەوە بەشدار نەبوو، بەڵام حاکمێکی پێشتری عوسمانی (کە لایەنگری کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن بوو - جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی)، بە ناوی مەزهەر موفید (کانسو)، وەک نوێنەری هەکاری ئامادەبوو. نوێنەری دیاربەکریش، ئیحسان حەمید (تغرەڵ)، دوای تەواوبوونی کۆنگرەکە گەیشت35. مستەفا کەمال ئیحسان حەمیدی لە کۆمیتەی نوێنەرایەتیدا کردە ئەندام، کە دەسەڵاتی جێبەجی کردنی هەمیشەیی کۆمەڵەی سەرتاپای وڵات بووە و سەرچاوەی دەسەڵاتیشی بووە تا ئەو کاتەی بە سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا هەڵبژێردرا لە 24ی نیسانی 1920دا. وەک نۆ ئەندامەکەی کە پێشتر لە ئەرزڕووم هەڵبژێردران بۆ کۆمیتەکە هەر بەکۆمەڵ گوێزرانەوە بۆ ئەم کۆمیتەیە و سەعدوڵا ئەفەندی و حاجی مووسای خەڵکی موتکیش بوونەوە بە ئەندامی کۆمیتە نوێنەرایەتییە تازەکە کە بریتیبوو لە 16 ئەندام بۆ سەرانسەری وڵات و لە سیواس پێکهاتبوو٣٦، بەڵام هەر بە ئەندامی ناکارا و خەوتوو مانەوە.

ئەو ڕاگەیاندنەی کە لە 11ی سێپتەمبەری 1919دا لە کۆنگرەکەی سیواسەوە دەرچوو، ئەو تێرم و زاراوانەی گەڵاڵە کرد کە لە ئەرزڕووم بەکارهاتبوو. ڕاگەیاندنەکە لە بەندی یەکەمیدا ئەوەی ڕوونکردەوە کە: "هەموو توخمە ئیسلامییەکان کە لەو کایانەدا دەژین کەوا لە سەرەوە باسکراون [واتە تەواوی خاکی عوسمانی کە هێڵەکانی ئاگربەس دەیانگرێتەوە] برای ڕاستەقینەن و تژین لە هەستی ڕێز و قوربانیدان بۆ یەکتر و تەواوی مافی ئیتنیکی و کۆمەڵایەتی و بارودۆخی ناوخۆییان ڕێزلیگیراوە"٣٧.

Memalik–i mezkurede yasayan bilciimle anasu–i islamiye yekdigerine kar§i hilrmet–i miitekabile ve fedakdrlik hissiyatiyle meshun ve hukuk–u irkiye ve igtimaiyeleriyle .

وا دیارە ئەم داڕشتنە ئەوە دەگەیەنێت کە ئیتنیک و رەچەڵەک و داب و نەریتی کورد ڕێزلێگیراو دەبن.

 لە سەروەختێکی کۆنگرەی سیواسدا، هەواڵ گەیشتە مستەفا کەمال کە مێجەر نۆئێڵ لە    مەڵاتییەیە و عەلی غالیب بەنیازە پیاوانی عەشیرەتە کوردەکان کۆبکاتەوە بۆ هێرشکردنە سەر سیواس. لە 11ی ئەيلوولدا، واتە ئەو ڕۆژەی کۆنگرە ڕاگەیاندنەکەی دەرکرد، ئەحمەد جەودەتی فەرماندەی فەیلەقەکەی دیاربەکر لەلایەن تیپی سێی سیواسەوە ئاگادار کرایەوە کەوا پیلانەکە بەتاڵکراوەتەوە لە لایەن هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و جەنگەوە لە ئەستەمبووڵ. هەر ئەوکاتەش ئەحمەد جەودەت بڕیاری توندوتۆڵ کردنی هێزەکانی داوە لە مەڵاتییە و فەرمانی گرتنی بۆ حاکمی ناوچەکە و هاوکار و هاوەڵە کوردەکانی مێجەر نۆئێڵ دەرکرد، هەرچەندە خودی مێجەر نۆئێڵ خۆی نەگیرا38. کاتێ کە بە مەسەلەکەیان زانی، مێجەر نۆئێڵ و تاقمەکەی لە 10ی ئەیلوولدا مەڵاتییەیان بەجێهێشت. ڕۆژی دواتر، مێجەر نۆئێڵ ئیشارەتی بەوە دا کەوا عەلی غالیب (ئیرادەیەکی) لەلایەن سوڵتانەوە دەرکردووە کە فەرمانی پێداوە هێزیکی سوارەی کورد ئامادە بکات دژ بە مستەفا کەمال لە سيواس. مێجەر نۆئێڵ، لە پاش فشارکردنە سەری بۆ هاوکاری کردن لەم پرۆژەیەدا، ئیددیعای ئەوە دەکات کە بەئاشکرا رەتیکردووەتەوە پابەند بێت پێیەوە. لە پاش ڕۆژێک، واتە 12ی ئەیلوول، مێجەر نۆئێڵ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کەوا عەلی غالیب بڕیاریداوە کۆبوونەوەی عەشیرەتە کوردەکان بڵاوە پێبکات، چونکە ئایدیای ڕۆیشتن بەرەو سیواس بەتەواوی مەترسیدار بوو٣٩.

لەکاتەدا کە ئەحمەد جەودەت، بە پاڵپشتی کازم قەرەبەکر لە ئەرزڕووم، بەربەستێکی خێرای دانا  بۆ پلانە نیمچە کوڵۆکەکەی عەلی غالیب کە هەلی هەڵاتنی بۆ مێجەر نۆئێڵ و هاوەڵە کوردەکانی رەخساند، مستەفا کەمال ئەفسەرێکی مولازمی گەنجی جێمتمانە و سەرکێشی بە ناوی رەجەب زوهدی، بە ئەرکێکی تایبەت ناردی بۆ مەڵاتییە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی پاڵپشتیی ناوخۆیی40. هەندێک لە سەرۆکە کوردەکان بەپەلە پەیامی پشتگیرییان نارد بۆ سیواس. لە 15ی ئەیلوولدا و لە برووسکەیەکدا بۆ جەمیل چەتۆ لە سیرت، مستەفا کەمال سوپاس و پێزانینی کۆنگرەی دەربڕی لە پای "پابەندی و دڵسۆزیی هەموو برا کوردەکانمان بۆ ئەم دین و دەوڵەتە و دڵبەندییان بۆ دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەت" (لاپەڕە 101). بۆ ڕۆژی دواتریش، پیرۆزبایی لە حاکمی مەڵاتییە کرد لەبەر هەڵوێستی لەبەرانبەر ئە پیلانگێڕییەدا کە سەرچاوە داراییەکەی "ئاڵتوونی بەریتانی" بوو (لاپەڕە 108).

مستەفا کەمال سوودێکی هێجگار زۆری بینی لە پیلانگێڕییەکەی عەلی غالیب بۆ بێئەرزش کردنی ناوبانگی حکوومەتەکەی داماد فەرید، کە لە 30 ئەیلوولی 1919دا ناچار بوو دەست لەکار بکێشێتەوە و عەلی ڕەزا پاشا جێیگرتەوە، کە جەنەراڵێکی هاوسۆز بوو لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەیی/ نیشتمانی تورکیدا41. لە ٦ی نۆڤەمبەردا، کاتێ کە هەڵبژاردن ڕێکخرا بۆ دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانی (مەجلیسی مەبعووسان - و)، مستەفا کەمال برووسکەیەکی خولاوی نارد بۆ حاکمی پێنج ویلایەت لە ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵات و نیگەرانی و داخی خۆی دەربڕی لە سەر ئەو ئیددیعایانەی گەیشتبوونە پایتەخت گوایە کوردەکان بەرهەڵستیی بزووتنەوەی نیشتمانیی تورکی دەکەن و داوا لە "برا کوردەکانمان دەکات، کە توخمی مەردی [ڕۆڵەی] ئەنەدۆڵی ڕۆژهەڵاتن و پێویستە پشتیوانیی خۆیان دەرببڕن بۆ "هێزە نیشتمانییە" تورکییەکان [قیوای میللییە] و بەرهەڵستیی کۆمەڵەی هەڵسانەوەی کوردستان بکەن" (لاپەرە 155). پاشان برووسکە و نامەی پشتیوانی بەدوای یەکدا دێن و لە کاردانەوەی نامەیەکی پاڵپشتیی ڕۆژی 3ی ديسەمبەری 1919، لەلایەن حاجی مووسای موتکییەوە، مستەفا کەمال شاگەشکە دەبێت و چەندین جار ئاماژەی پێدەکات و ڕایدەگەیەنێت کەوا "تەواوی جیهان دەزانێت کە میللەتی کوردی مەرد [قەومی نەجیبی کورد] هەست بە پەیوەستبوونێکی ئایینی دەکات بە دامەزراوەی پیرۆزی خەلافەتەوە و پارچەیەکی تۆکمە و دانەبڕاو پێکدێنێت لەگەڵ برا تورکەکانیدا" (لاپەرە 168). لە 15ی کانوونی دووەمی 1920دا، مستەفا کەمال سوپاسی ژمارەیەک سەرۆک هۆزی کوردی کرد لەپای ئەو برووسکانەی ناردوویانە بۆ حکوومەت و نوێنەرانی هێزە بیانییەکان لە ئەستەمبووڵ بۆ دەربڕینی هاوسۆزییان لەگەڵ برا تورکەکانیان و وایان لەقەڵەمداوە کە "کوردستان بەشێکی دانەبڕاوە لە کۆمەڵگەی عوسمانی" (لاپەڕە 192). لە برووسکەیەکی تردا کە هەمان ڕۆژ نێردراوە، مستەفا کەمال وا باس لە تورک و کورد دەکات کە "دوو برای ڕاستەقینەن و دەستیان لە ناو دەستی یەکتر ناوە و   خواست و بڕیاریان بەرگری کردنە لە یەکگرتنی پیرۆزیان" (لاپەڕە 195).

 لە 20ی شوباتی 1920دا و لە سەروبەندی هەڵوەشانەوەی دوا ئەنجومەنی نوێنەرانی عوسمانیدا لە ئەستەمبووڵ و بەدوایدا کردنەوەی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە ئەنقەرە، مستەفا کەمال نامەیەکی تایبەتی نارد بۆ تەڵعەت پاشای دوورخراوە، کە ئەندامی حکوومەتە سێینەکەی تورکە لاوەکان بوو (جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی). نامەکە بەم وشانە دەستیپێکردبوو: "ئەو یەکێتیی نیشتمانییەی بە چاودێریی کۆمەڵەی بەرگریی لە مافە [نیشتمانییەکان] لە ئەنەدۆڵ و ڕووملی دامەزرا ئامانجی ڕزگارکردنی تورکیایە، بە پێی دیاریکردنی سنووری نیشتمانیی تورک و کورد [Turk ve Kurt milli hudutlariyle tahdid edilen Tiirkiye'yi] ... هاوتەریب لەگەڵ ئەو سەرەتا و پرەنسیپانەی لە کۆنگرە گشتییەکانی ئەرزڕووم و دواتر سیواسدا دانراون"٤٢.

مستەفا کەمال ڕاوبۆچوونەکانی خستە چوارچێوەیەکی زیاتر گشتییەوە لە یەکەم وتاردانی دوورودرێژیدا بۆ ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 24ی نیسانی 1920دا. هەروەها دەیوت کە کۆنگرەی ئەرزڕووم سنووری وڵاتی دیاریکردووە بەپێی داواکاریی ئەو خاک و ناوچانەی دەکەونە ناو هێڵی ئاگربەسەوە کە لە 30 ئۆكتوبەری 1918دا ڕاگەیەنرا و ئەم ‌هێڵە ویلایەتی مووسڵیش دەگرێتەوە. ئەمە تەنها سوپا و هێزی چەکدار نەبوو بەڵکوو سنووری نیشتمانیش بوو. مستەفا کەمال زیاتر لە سەر ئەم مەسەلەیە ڕۆیشت و وتی "هەرچەندە ئەمە وەک ئەندێشە و خەیاڵیش دێتە پێش چاو، بەڵام هەرچی ڕەگەز و توخمە ئیسلامییەکانی ناو ئەم سنوورەیە هەموویان دەچنەوە سەر هەمان میللەت و لە چوارچێوەی ئەم سنوورەدا تورک و چەرکەس و موسڵمانانی تر هەن. هەرچۆنێک بێت، ئەمە سنووری نیشتمانیی نەتەوە براکانە کە پێکەوە دەژین و راشکاوانە هاوبەشن لە هەمان ئامانج و مەبەستدا. بەڵام سەرەڕای ئەمەش، هەر توخم و ڕەگەزێکی ئیسلامی کە لە چوارچیوەی سنووری ئەم دایکی نیشتمانەدا دەژی ژینگە و نەریت و نەژادی تایبەتی خۆی هەیە و ئەو ئیمتیازاتانەی پەیوەستە پێیانەوە قبووڵ کراون و بە هەموو دڵسۆزییەکەوە جەختیان لە سەرکراوەتەوە. بە سروشتی حاڵ، ئەم مەسەلانە لێرەدا بە وردی باس ناکرێن، چونکە ئێرە   کات و شوێنی گونجاویان نییە. بێگومان ئەم مەسەلەیە لە نێوان براکاندا تاوتوێ و چارەسەر دەکرێت کاتێ کە بوون و مانەوەمان مسۆگەر دەبێت ...."43. مستەفا کەمال لەم بڕگەیەدا بەدیاریکراوی باسی کوردی نەکرد، بەڵام کاتێ کە لە 1ی مايی 1920دا گەڕایەوە بۆ مەسەلەی سنوور وتی: "ئەو بەڕیزانەی کە ئەم ئەنجومەنە شکۆدارەتان پێکدێنن تەنها لە تورک یان چەرکەس یان کورد پێکنایەن، بەڵکوو ئەمە کۆبوونەوەی ڕاستگۆیانەی گشت توخم و ڕەگەزە ئیسلامییەکانە". پاشان لە سەری ڕۆیشت و وتی: "لە باکووری کەرکووک کورد و تورکیش هەن و ئێمە جیاوازیمان لە نێوانیاندا نەکردووە".44

بەهەرحاڵ، تەمومژ بەردەوام بوو لە سەر نەژاد یان ڕەگەز. لە وتاردانی دەسپێکی خولی سێهەمی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 1ی مارتی 1922دا، مستەفا کەمال وتی "گەلی توركيا بریتییە لە قەوارەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکگرتوو لە نەژاد و ئاین و کولتوور و تژییە لە ڕێزگرتنی یەکتر و هەستکردن بە خۆبەختکردن و هاوبەشی لە هەمان چارەنووس و بەرژەوەندیدا"٤٥. لەگەڵ ئەوەشدا دەربڕینی "خەڵکی تورکیا" (Turkiye halki) لەجیاتی "خەڵکی تورک" (Turk halki) گرنگە و مستەفا کەمال جارێکیتر بەکاریهێنایەوە لە کاتی بەخێرهاتنی کڵۆد فاڕێرێی نووسەری فەرەنسی لە ئیزمیت، لە 18ی حوزێرانی 1922دا46.

بەپێچەوانەی هەردوو کۆنگرەی ئەرزڕووم و سیواس، ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا کە یەکەمجار لە 23ی نیسانی 1920دا کۆبووەوە ئەندامی کوردی ڕاستەقینەی تێدابوو. دياب ئاغای دەرسيم، یەکێک بوو لە چەندین سەرۆک خێڵی هەڵبژێردراو بۆ ئەنجومەنەکە. یەکەم دەستور (یاسای ڕێکخستنی بنەڕەتی Teskilat - i Esasiye Kanunu)، کە ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 20ی کانوونی دووەمی 1921دا پەسەندی کرد، دەسەڵات و دۆخی حکوومەتی ناوخۆیی درێژکردەوە، کە لە سەر مۆدێلی فەرەنسی دامەزرابوو لە دەوڵەتی عوسمانیدا. بەندی 11ی دەستور دەڵێت کە ویلایەتەکان سەربەخۆن لە کاروباری ناوخۆیاندا. ئەنجومەنی ویلایەتەکان کە بۆ دوو ساڵ هەڵبژێردرابوون، مافی ئیدارەدانی دامەزراوە خێرخوازییەکان و خزمەتگوزاریی خوێندن و تەندرووستی و ئەشغاڵی گشتی و کشتوکاڵ و کاروباری ئابووریی هەیە، بەگوێرەی یاساکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا.٤٧ بێجگە لەوەش ئەو ئەم ئەنجومەنە بەکارهات لە مەجلیسەوە گۆڕا بۆ شوورا و لەبنەڕەتدا لەلایەن ریفۆرمخوازە عوسمانییەکانەوە هەڵبژێردرا و وەک زاراوەیەکی ئیسلامیی ڕەسەن بۆ ئەنجومەنێکی ڕاوێژکاری، شوورا لە دوای شۆڕشی بەلشەڤیک وەک دەلالەتێک بە "سۆڤیێتەوە" بەسترا (شوورا لە زمانی فارسیی نوێدا و شوورەوی وەرگێڕانی ستانداری ناو و ئاوەڵناون بۆ "سۆڤیێت"). ئەو حکوومەتەی کە سوپای عوسمانی بەجێیهێشت کاتی ناچار بوو لە پاش ئاگربەس قارس چۆڵ بکات ناوی "قارس میللی ئیسلام شوراسی" بوو، کە بە باوەڕی من دەکرێت پێی بڵێین سۆڤیێتی نیشتتمانیی ئیسلامیی قارس. نموونەیەکی تری ئیلهامبەخشیی سۆڤیێتیی هەیە لە دەستووری ساڵی 1921دا و ئەو زاراوەیەی بەکارهێنرا بۆ دەسنیشانکردنی حکوومەتی ئەنقەرە بەم شێوەیە بوو "ئیجرا وەکیللەری هەیئەتی icra vekilleri heyeti" کە دەقی وەرگێڕانەکەی بەم جۆرە دێت "کۆمیتەی کۆمیسیارانی راپەڕاندن" و (بە زمانی ڕووسیش کورتکراوەتەوە بۆ ئیسپۆڵکۆم)، کە ناوی حکوومەتە بەلشەڤیکەکەی مۆسکۆ بوو. لە دەقە فەرەنسییەکاندا وەکیل وەرگێڕدراوە بۆ کۆمیسیێر.

 مستەفا کەمال ئاماژە بەو بنەما دەستوورییانە دەکات کە پەیوەندییان بە حکوومەتی ناوخۆییەوە هەیە لەو راسپاردانەدا کە ناردوویەتی بۆ نیهاد پاشا (ئەنڵمش)، کەوا بە فەرماندەی بەرەی باشووری جزیرە لە حوزێرانی 1920دا48 و راسپاردەکان شایانی ئەوەن کە بەتەواوی و دەقاودەق بگوێزرێنەوە ئێرە:

 "1- سیاسەتی ناوخۆییمان پێویستی بە داڕشتن و دامەزراندنێکی پلە بە پلەیە لە سەرانسەری وڵاتدا و لە کایەیەکی بەرفراوانی کارگێڕیی ناوخۆدا بە بەشداریی ڕاستەوخۆ و کاریگەری جەماوەری خەڵک. سەبارەت بەو ناوچانەش کە کوردیان تێدا نیشتەجێیە، ئەوە بە پێویستی دەزانین بۆ سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەمان کە حکوومەتیکی ناوخۆیی پێکبێنین بەشێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ.

 2-  مافی گەلان بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان سەرەتا و پرەنسیپێکی قبووڵکراوە لە سەرانسەری دنیادا و ئێمەش ئەم پرەنجیپەمان قبووڵ کردووە. وا چاوەڕوان دەکرێت کە تا ئەوکاتە کوردەکان حکوومەتی ناوخۆیی تایبەت بە خۆیانیان رێکخستبێت و سەرۆک و ناودارەکانیان بە هاوکاریی ئێمە سەربکەون لە جێبەجێ کردنی ئەم ئامانجەدا، کاتێ کە لە ڕێگەی دەنگدانیانەوە پێویستە ئەوە ئاشکرا بکەن کە لە ژێر سایەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا دەبن و ئەوکاتە بەڕاستی دەبنە خاوەن چارەنووسی خۆیان. گەرماندەیی بەرەی جزیرە بەرپرسە لە ئاڕاستەکردنی هەموو کاروبارەکان لە کوردستاندا بەگوێرەی ئەم سیاسەتە.

 3- هێڵە گشتییەکانی ئەم سیاسەتە ڕەچاوکراوە ئەو ئامانجانە لەخۆدەگرێت وەک بەرزکردنەوەی  ناکۆکی و ململانێی چەکداری تا ئاستی بەردەوامبوونی دوژمنایەتیی کوردەکانی کوردستان دژ بە فەرەنسییەکان و بەتایبەتیش بەریتانییەکان لە سەر سنووری عێراق، بۆ ڕێگرتن لە هەر ڕێککەوتنێکی نێوان کورد و بیانییەکان، بۆ ئامادەکارییەکی شێنەیی دامەزراندنی دەزگاکانی حکوومەتی ناوخۆ و بەوپێیە ڕاکێشانی دڵی کورد بە لای خۆماندا و بەهێزکردنی پەیوەندیمان بە سەرۆکە کوردەکانەوە بە دامەزراندنیان لە پۆست و پێگەی مەدەنی و سەربازیدا.

 4 - هەماهەنگی کردن لە سیاسەتی ناوخۆی کوردستاندا و بەڕێوەبردنی لە لایەن سەرکردایەتیی بەرەی جزیرەوە. فەرماندەیی بەرە لەم ڕووەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا چێدەکات. کاربەدەستانی بەرپرسی مەدەنیش ڕاپۆرتی خۆیان لە سەر ئەم مەسەلەیە دەدەنە فەرماندەیی بەرە، کە ئەمیشیان کاروباری پێویست لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکە رێکدەخات.

5 - فەرماندەیی بەرەی جزیرە پێشنیازی چەشنی گۆرانکاریی کارگێڕی و دادوەری و دارایی پێویست ئامادە دەکات. ٤٩

نیهاد پاشا نەیتوانی دڵ و مێشکی کەسایەتییە کوردەکان بەلای خۆیدا رابکێشێت، یان هەر هیچ نەبیت کەسیاتییە کوردەکانی ناوچەکەی خۆی. هەندێک لەوانە سکاڵای خۆیان گەیاندە ئەنجومەن لە ئەنقەرە و بە ملهوڕی و کاری نایاسایی تۆمەتباریان کردبوو. لیژنەی دادوەریی ئەنجومەن، پاش ئەوەی گوێی لە بەرگرییەکەی گرت، ڕاپۆرتی ئەوەی دا کە هیچ کردەوەیەکی لەگەڵ نەکرێت و لە 22ی تەمووزی 1922 ڕاپۆرتەکە وەک خۆی وەرگیرا، سەرەرای ناڕەزایی و دەنگ هەڵبڕین لە لایەن هەندێک لە نوێنەرانەوە و بەتایبەتی فەیزی ئەفەندیی نوێنەری مەڵاتییە. هەرچۆنێک بوو نیهاد پاشا گوێزرایەوە بۆ ئەنقەرە و کرا بە سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سەربازی50. مستەفا کەمال لەمەدا دەستێوەردانی نەکرد، وەک پێشتر کردی لە کێشەی نوورەدین پاشای "ریشندا" لە سوپای ناوەند، کاتێ کە لە نێوان نیسان و حوزێرانی 1921دا ڕاپەڕینی کوردەکانی قۆچگیریی دامرکاندەوە لە قەدپاڵی باکووری چیاکانی دەرسیمدا.

 ئەم توندوتیژی و دڵڕەقییەی نوورەدین پاشا سەرکۆنە کرا، بەتایبەتی بەکارهێنانی کەسانی نانیزامی بە فەرماندەیی لام عوسمانی بەدناو (تۆپاڵ عوسمان) ی خەڵکی گیرەسون، لە سەر پێشنیازی ئەمین بەگی نوێنەری ئەرزنجان، کە لە بازنەی هەڵبژاردنی ئەمدا راپەڕیەکە ڕوویدابوو.

ئەمین بەگ، لە کاتی قسەکردنی لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەنجومەندا، 4ی ئۆکتۆبەری 1921، رایگەیاند کە ئەو کاری سزادانەی دەرهەق بە خەڵکی دەرسیم ئەنجامدراوە بە هیچ شیوەیەک قبووڵکراو نییە، بگرە لە بەرانبەر "بەربەرەکانی ئەفریقاشدا" و ئەم  کار و کردەوە دڕندانە تەنانەت لەگەڵ ئەرمەنەکانیشدا نەکراوە. 51 ئەنجومەن بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بنێرێت، کە مەبەست تەماشاکردنی لێکەوتە و دەرەنجامەکانی رەفتاری نوورەدین پاشاش بووە لە کاتی راگواستنی گریکەکاندا لە سامسۆن. ئەنجومەن ویستبووی نوورەدین پاشا بدرێتە دادگا، بەڵام لە دانیشتنی نهێنیی ڕۆژی 16ی کانوونی دووەمی 1922دا، مستەفا كەمال پێی لە سەر ئەوە داگرتووە کەوا هەرچەندە نوورەدین لە پۆستی فەرماندەیی بەخشراوە، بەڵام ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی کراوە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زیاترە. پاشان ئەمە قبووڵ کرا52 و دواتر هەرگیز دادگایی نەکرا. مەسەلەکە وەک دەڵێن لە دەر چاوی کاڵی نوورەدین نەبوو، بەڵام وەک مستەفا كەمال لە برووسکەیەکیدا بۆ کازم قەرەبەکر لە 13ی نۆڤەمبەری 1921دا، دەڵێ کەوا نیگەرانە لەو هێرش و گەلەکۆمەکییەی دژ بە فەرماندە سەربازییەکان کە بۆ جەنگ پێویستی پێیانە53.

رۆبەرت ئۆڵسن54 لەبارەی هێزی ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی بەریتانیاوە دەڵێت کەوا بێجگە لە کۆمیسیۆنەکەی قۆچگیری، کۆمیسیۆنێکی تر نەخشەی پرۆژە یاسایەکیان داناوە سەبارەی بۆ ئیدارەدانی کوردستان، کە بڕیاردرابوو لە دانیشتنی نهێنیی 10ی شوباتی 1922دا گفتوگۆی لە سەر بکرێت. ئەم پرۆژە یاسایە، کە دەقەکەی لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیادا هاتووە، بە زۆرینەی 373 دەنگ لە بەرانبەر 64 دەنگدا بەئاشکرا رەتکراوەتەوە و زۆربەی نوێنەرە کوردەکان لەدژی دەنگیان داوە. دێڤيد ماکدواڵ باس لە گفتوگۆیەک دەکات لە سەر دەرسیم لە دانیشتنێکی نهێنیی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لە 9ی ئۆکتۆبەری 1921دا، کە بڕیاریکی لە 10ی شوباتدا بەدوادا هاتووە بە دامەزراندنی "بەڕێوەبەرێتییەکی سەربەخۆ بۆ میللەتی کورد کە بگونجێت لەگەڵ دابونەریتی نەتەوەییاندا"55. بەڵام بەپێی ئەو کۆنووسانەی بڵاوکراونەتەوە، هیچ کۆبوونەوە و دانیشتنیکی نهێنیی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا نەکراوە نە لە 9ی ئۆکتۆبەری 1921 و نە لە 10ی شوباتی 1922دا، بەڵکوو لە ٣ی ئۆکتۆبەردا گفتۆگۆیەک بووە لەبارەی یاخیبوونەکەی قۆچگیری و (دەرسیمەوە) و لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەیان بۆ هەڵبژاردووە لە پێنج ئەندام. گفتوگۆکە ڕۆژانی 4 و 5ی ئۆکتۆبەر بەردەوام بووە. لە کۆتاڕۆژدا، کۆمیسار (یان وەزيری) ناوخۆ، رەفعەت (بەلە) پاشا، دژ بەو داواکارییانەی خەڵکی دەرسیم وەستاوەتەوە کە ناوچەکەیان دۆخێکی بەڕێوەبەرێتیی جیایان هەبێت و وتوویەتی مەسەلەکە وا باشتر و پەسەندترە کە بەشیک نەبن لە ویلایەتی مەعمورەتولعەزیزی دەوڵەمەندتر. ٥٦ لە ماوەی نێوان 16 - 17ی کانوونی دووەمی 1921، کاتێ کە ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا گفتوگۆی لە سەر ئەگەری دادگایی کردنی نوورەدین پاشا کردووە، یوسف عیززەت پاشای ئەندامی لیژنەی لێکۆڵینەوە وتوویەتی کەوا لیژنەکە کاری خۆی تەواوکردووە، بەڵام چاوەڕێی گەڕانەوەی دوو کەس پە پێنج ئەندامەکە دەکەن بۆ تەواوکردنی ڕاپۆرتەکە. بەڵام هەر لەو سەروبەندەدا، ئیددیعای ئەوەی کردبوو کە نوورەدین پاشا دەسەڵاتی خۆی تێنەپەراندووە. 57 بەڵام لە گفتوگۆکەدا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ لیژنەیەکی دووەم یان هەر نەخشە و پلانێک بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان.

پێدەچێت ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوەکە بێ هیچ شوێنەوارێک نوقم بووبێت و هیچ ئاماژەیەک بۆ هیچ پلانێکی ئۆتۆنۆمی نییە لەو بەرگرییە دوورودرێژەی نیهاد پاشای فەرماندەی بەرەی جزیرە بەرزی کردووەتەوە، کە بە سادەیی دەڵێ "ویلایەتەکانی كوردستان دەتوانرێت تەنها لەو رێگایەوە دڵبەندی حکوومەتی نیشتمانی بکرێت کەوا کاربەدەستان بەتەواوی دەستپاک بن"58. تا ئەو کاتەی بەڵگەی پێچەوانەی ئەمەمان دەستدەکەوێت، وایبۆدەچم کە ئەو ڕاپۆرتە بەریتانییانەی ئۆڵسن و ماکدواڵ دەیانکەنە سەرچاوەی خۆیان سەبارەت بە بوونی بلانێکی دیاریکراوی تورکی بۆ ئۆتۆنۆمیی کوردستان بە وردیان نازانم، هاوچەشنی زۆرێکی تر لە ڕاپۆرتەکانی هەواڵگریی بەریتانیا. ڕەنگە ئەم زانیارییانە لە سەرچاوە کوردییەکانەوە دەستکەوتبن، لەوانەیە لە سەید عەبدولقادرەوە بووبێت لە ئەستەمبووڵ و پشتیان یان بەو بەڵگەنامانە بەستووە کە شەرعییەتی یاساییان نییە یان بە سادە و ساکاری بڵێین تەنها بیرکردنەوە بووە لە خولیا و ئاوات.

مستەفا كەمال ڕای خۆی نەگۆڕیبوو، بەڵکوو بەردەوم بوو لە بیرکردنەوەی ئۆتۆنۆمیی کورد لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوخۆیی لە سەرانسەری وڵاتدا و بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە ئیشارەت بۆ کورد دەکات لەو کورتە وتەیەدا کە لە 16/17ی کانوونی دووەمی 1923دا لە ئیزمیت بۆ ڕۆژنامەنووسانی باسکرد، لە کاتێکدا کەوا کۆنگرەی لۆزان لە پشوودا بوو. جارێکی تر دەڵێینەوە کە ڕاگەیاندنەکە شایانی ئەوەیە بەتەواوی بگوێزرێتەوە و مستەفا كەمال وتوویەتی:

"کێشەیەکی کوردیی وا نییە کە ئێمە تووشی نیگەرانی بکات وەک تورکیا، لەبەرئەوەی وەک دەزانن، توخم و ڕەگەزە کوردییەکان بە شێوەیەک لە ناو سنووری نیشتمانیماندا چارەسەر کراوە کە تەنها لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی تەواو سنوورداردا چڕبوونەتەوە. ئەوان لەگەڵ کەمبوونەوەی چڕییان و تێکەڵبوونیان لە ناو توخمە تورکییەکاندا، سنوورێکی [ئیتنیکی] درووستبووە بە شێوەیەک وامان لێدەکات کە ئارەزووی سنوورکێشانیک بکەین بە ناوی کوردبوونەوە [كورتلك] کە وا پێویست بکات تورکبوون و تورکیا تێکبشکێنرێت. بۆ نموونە، ئەمە وا پێویست دەکات کە سنوورێک هەبێت درێژببێتەوە بۆ ئەرزڕووم و ئەرزنجان و سيواس و خەرپوت. هەروەها نابێت هۆزە کوردەکانی بیابانی قوونییەش لەیادبکرێن. لەبەرئەوە، لەبری وێناکردنمان بۆ کوردبوون بەم ڕەنگە، ئەوە ئۆتۆنۆمییە ناوچەییەکان هەر چۆنێک بێت بەپێی دەستوورەکەمان (کە یاسای ڕێکخستنی بنەڕەتییە) جێبەجێ دەبن. لە ئەنجامدا، لە هەرکوێیەک دانیشتووانی ناوچەیەک یان [لیوایەک] کورد بن، ئەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان حوکمی خۆیان دەکەن. بەدەر لەمە کاتێ کە باس لە گەلی تورکیا دەکرێت دەبێت ئەوانیش (واتە کوردەکان) بگرێتەوە. خۆ ئەگەر نەیگرتنەوە دەکرێت سکاڵا بەرز بکەنەوە. ئێستا ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای تورکیا لە نوێنەرانی بەتوانای هەردوک تورک و کورد پێکهاتووە و هەردوو توخم و ڕەگەز بەرژەوەندی و چارەنووسی خۆیان یەکخستووە و دەزانن کە ئەمە شتێکی هاوبەشە. بۆییە هەوڵدان بۆ سنوورکێشانێکی جیا ڕاست نییە"٥٩.

هەڵبەت عیسمەت (ئینۆنو)، بەو پێیەی کە سەرۆکی وەفدی تورکیا بوو بۆ کۆنگرەی لۆزان، هەمان هێڵ و رێبازی گرتەبەر و داکۆکیی لە داواکاریی وڵاتەکەی کرد بۆ ویلایەتی مووسڵ، بە بەڵگەیەی کە حکوومەتی تورکیا حکوومەتی کوردیش بووە60. بەڵام من باوەڕم وایە کەوا هەڵەیە هەڵوێستی مستەفا كەمال بگێڕینەوە بۆ حوکمکردنی کورد لە تورکیادا بە ئومێدی گێڕانەوەی مووسڵ، چونکە لە هەمان ئەو چاوپێکەوتنە کورتەی کە لە ئیزمیت لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان ئەنجامیدا، ئەو هەر بیروڕای شەخسیی خۆی دەربڕی کەوا مەحاڵە مووسڵ بە شەڕ وەربگیرێتەوە، یان بە واتایەکی تر لە ڕێگەی شەڕکردنی بەریتانییەکانەوە، هەرچەندە وتی کەوا بەریتانییەکان دەیانەوێت حکوومەتێکی کوردی لە مووسڵدا درووست بکەن و ئەگەر ئەوە بکەن ڕەنگە ئەو ئایدیایە لە ناو کوردەکانی سنووری تورکیادا بڵاوببێتەوە. ٦١

مستەفا کەمال، لە وتاردانێکی زۆر دوورودرێژدا بۆ خەڵکی ئەزمیر لە 2ی شوباتی 1923دا، جارێکیتر ئاماژەی بە خەسڵەتی فرەئیتنیکی تورکیا کردەوە و وتی: "توخمێکی سەرەکی هەیە کەوا دەوڵەتی تورکیای دامەزراندووە و پاشان توخمەکانی تر کۆشش و مێژووی خۆیان بەستەوە بەو توخمە سەرەکییانە و هەروەها هاوڵاتیانێکیش لەم توخمانەدا هەن"62. ئەو نموونەیەی کە ئەمجارە مستەفا کەمال هێنایەوە چەرکەس یان کورد نەبوو، بەڵکوو جوولەکە بوون، کە حازربەدەست لە ئەزمیردا بیرکەوتنەوە، چونکە گەڕەکەکەیان لە شاردا ساڵی پێشتر لە ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە ڕزگاری بوو و کۆمەڵگەی جوولەکە ڕێگەیان بە نوێنەرانی یەکەم کۆنگرەی ئابووریی دا، کە مانگی پێشتر بەسترابوو، خانەیەکی منداڵانی بێسەرپەرشت و هەتیوان دامەزرێنن63.

سیاسەتمەداری سۆشیالیستی تورک دۆغۆ پەرنچەک، کە سەرنجی ئێمەی ئێمەی بۆ راسپاردەکانی مستەفا کەمال ڕاکێشاوە بۆ نیهاد پاشا و ڕاگەیاندنەکەی ئیزمیتی لە سەر کورد و لە ڕووداوەکانی دوای ساڵی 1923 دەپرسێ بۆ ڕێگرتن لە تێهەڵکێشی     بیر و ئایدیاکانی مستەفا کەمال لە دەستووری ساڵی 1924. 64 بەواتایەکی تر، ئاخۆ چارەسەر چارەسەر لە چوارچێوەی ئەو ئەحکامانەی دەستووردا نەبوو کە تایبەتن بە دابینکردنی حوکمی ناوخۆیی و لە سەر بنەمای دانپیانان بە کورد و توخمە ئیتنیکییەکانی تر لە تورکیادا؟

لە پاش ماوەیەکی کەم لەم ڕاگەیاندنەی مستەفا کەمال لە هەردوو شاری ئیزمیت و ئیزمیر هەڵبژاردن بەڕێوەچوو. لە 13ی ئابی 1923دا مستەفا کەمال دانیشتنی یەکەم دووەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای بە وتاردانێک کردەوە کە تێیدا جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە بەڕقەرارکردنی یاسا و نیزام ئەرکی یەکەمی حکوومەت دەبێت، بەڵام ئەوەشی وت کەوا دەوڵەتی تازەی تورکیا دەوڵەتی خەڵکە65. ئەنجومەن کۆمیتەیەکی هەڵبژارد بۆ دانانی دەستوورێکی نوێ (Kanunu Esasi Encumeni) و سەرۆکەکەی ڕۆژنامەنووس یونس نادی بوو، کە تورکێکی نەتەوەپەرستی بیر و بۆچوون ڕادیکاڵ و چەپڕەو بوو، بەو واتایەی کە فاشیزم لە سەرەتادا بزووتنەوەیەکی چەپڕەو بووە. یەک لە ئەندامە کاریگەرەکانی تری کۆمیتەکە ئەحمەد ئاغائۆغڵوو بوو، کە ڕۆشنبیرێکی لەدایکبووی ئازەربایجان و کەسێکی چالاکی جارانی جەمعییەتی ئیتتیحاد و تەڕەقی CUP بوو، کە بەلای هەڵوێستێکی نەتەوەیی لیبراڵدا دایدەشکاند. سەبیحە (سەرتەل)، کە خۆی وا لەقەڵەمدەدا لەو کاتەدا سۆشیالیستێکی تووباوی بووە و تازە لە ویلایەتە یەکگرتووەکان گەڕابووەوە و کاتێ چووبوو بۆ ئەنقەرە بۆ لای زەکەریای هاوسەری کەوا بە بەڕیوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن دامەزرابوو، چاودێریی گفتوگۆکانی کۆمیتەکەی کردبوو.٦٦ سەبیحە دەڵێ کەوا مستەفا کەمال فرەجار لە کاری کۆمیتەکەی دەستووردا بەشداریی کردووە کاتێ کە لە ماڵی بەڕێوەبەری وێستگەی شەمەندەفەردا لە ئەنقەرە کۆدەبوونەوە. بەپێی سەبیحە سەرتەل بێت، مشتومڕیکی زۆر بەرپابووە لە سەر مادەی چوار (لە دەستووری 1921دا) کە دەقەکەی بەم شێوەیە "ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا لەو ئەندامانە پێکدێت کە خەڵکی هەرێمەکان هەڵیاندەبژێرن"67. بە پێی قسەی ئەو بێت وشەی "ویلایەت یان هەرێم" واتای "شاری سەرەکیی هەرێمیکی" دەگەیاند و ئەوانەی بەرپەرچی ئەم ئەم بۆچوونەیان دەدایەوە چەندوچوونیان لە سەر پێویستیی نوێنەرایەتیکردنی   شارۆچکە و گوندەکان دەکردەوە و وایبۆدەچوو کە مەترسیی ئەو ناڕەزایەتیانە لەوەوە بووە لە دەستەبژێری ویلایەت یان هەرێمەکان -  کە لە فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە ناودارەکان و خاوەن زەوییەکان پێکدەهاتن - بەزۆری لە گیرفانی مستەفا کەمالدا بوون و ئەو ئەندامە هەڵبژێردراوانەی ئەنجومەنیش پێگەی ئەویان وک دکتاتۆرێک بەهێزدەکرد. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەقەکە بەم شێوەیە گۆڕانکاری تێدا کرا "ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵای تورکیا لەو نوێنەرانە پێکدێت کە لەلایەن گەل/ نەتەوەوە هەڵدەبژێردرێ بە پێی یاسای پەیوەندیدار".

هەروەها سەبیحە سەرتەل ئیددیعای ئەوەش دەکات کەوا لەلای یەک لە هەڤاڵە نزیکەکانی مستەفا کەمال سکاڵای کردووە، کە مەزهەر موفید (كانسو) بووە و لەوکاتەدا نوێنەری دنیزلی بووە69 و پێیوتووە کەوا لە دەستووردا هیچ شتێک نییە لەبارەی چاکسازیی زەویوزار و کشتوکاڵ و مافی کرێکارەوە و وەڵامی مەزهەر موفید وابووە کە " مستەفا کەمال دەیەوێت گەلێک چاکسازی بکات و سەبارەت بە ریفۆرمی زەویوزار قسەی لەگەڵ خاوەن مڵکەکان [ئاغاکان] کردووە، بەتایبەتی خاوەن زەوییە کوردەکان و نوێنەرە کوردەکانی وەک فەیزی بەگ.٧٠ ئەم کێشەی چاکسازیی زەویوزارە تابڵێن قورسە و مەحاڵە بچێتە ئەقڵێ ئاغاکانەوە و چارەسەری ئەم کێشەیە واتای لەدەستدانی تەواوی ئاغا و پیاوماقووڵان دەگەیەنێت. لەبەرئەوە لەئێستادا جارێ سەری مەسەلەی چاکسازیی زەویوزارمان ناوەتەوە"٧١.

پێویستە ئەم شایەتییەی سەبیحە سەرتەل لە بەر رۆشنایی پابەندبوونی دواتری بە مەسەلەی کۆمۆنیستییەوە تەماشا بکرێت. بەڵام ئەوە ڕاستییەکە کەوا لە دووەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا خاوەن مڵکی خەڵکی باشووری ڕۆژهەڵات هەبوون و دوو نوێنەری مەڵاتییە وەک ئاغا دەسنیشان کراون72، بەڵام هیچ سەرۆک عەشیرەتێک لە یەکەم ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا دەسنیشان نەکراوە73. بێگومان خاڵی سەرەکیی جێبایەخ لە مشتومڕ و گفتوگۆکانی کۆمیتەی دەستوور و پاشانیش لە کاتی گفتوگۆی پرۆژەی دەستووردا، دەسەڵاتەکانی سەرۆک مستەفا کەمال و مەسەلە پەیوەندیدارەکان بووە بەو دەسەڵاتەوە. لەبەرئەوە حکوومەتی ناوخۆیی، کە گریمانەی ئەوەی هەبوو نەژادی کورد لە ناویدا جێبکرێتەوە هیچ بایەخێکی پێنەدرا. بەپێی پرۆفیسۆر سونا كيلي بێت، "شتیکی کەم نەبێت گفتوگۆیەکی ئەوتۆ نەکرا لە سەر ئەو بەشەی دەستوور کە تەرخانکرابوو بۆ بەڕێوەبردنی ویلایەت و هەرێمەکان"74. لە گفتوگۆکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵادا، خاڵیس تورگوتی نوێنەری سیواس (کە لە ساڵی 1926دا لەسێدارەدرا بە ئیددیعای تێوەگلانی لە پیلانی تیرۆرکردنی مستەفا کەمالدا لە ئیزمیر)75 سکاڵای لەوە دەکرد کە ئەنجومەنی پاڕێزگاکان (کە لە سەر مۆدێلی ئەنجومەنە گشتییەکانی فەرەنسا بوون) دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان نییە و پێویستە هەرێمەکان بتوانن کاروباری تایبەتی خۆیان بەڕێوەببەن76. لێرە بەدواوە زاراوەی "ئۆتۆنۆمی یان خودموختاری" (muhtariyet) لە ئەحکامەکانی حکوومەتی ناوخۆیی    لابرا و زاراوەی شوورا بۆ ئەنجومەن بەکاردەهات. هەروەها شەش مادەکەی حکوومەتی ناوخۆیی دەستووری ساڵی 1921 کەمکرایەوە بۆ دوو مادەی کورت لە دەستووری ساڵی 1924دا، کە ئەمانەن: مادە 90 "هەرێمەکان و شارەکان و شارۆچکەکان و گوندەکان قەوارەی یاسایین" و مادە 91 "کاروباری هەرێمەکان بەپێی پرەنسیپی درێژکردنەوەی دەسەڵاتەکان و جیاوازیی نێوان کار و فرمانەکاندا بەڕێوەدەبرێن"77 (تەڤسی مەئزوونییەت و تەفریقی وەزائیفی ئەساسی). ئەم دەستوورە تا ڕادەیەک بە کۆدەنگی پەسەندکرا لەلایەن ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵاوە لە 20ی نیسانی 1924دا78.

ئەدەمە هیچ بەرهەڵستییەکی فەرمی لە ئەنجومەندا نەبوو، چونکە مستەفا کەمال زۆربەی ئەندامەکانی دیاریکردبوو. بەڵام ئەمە ڕێگەی لە جموجووڵە سەرکەوتووەکان نەگرتبوو بۆ سنووردار کردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆک لە هەندێک مەسەلەی وەک هەڵوەشانەوەی پەرلەمان گێرانەوەی یاساکان بۆ چاوپێداخشانەوەیان. یەک لەو نوێنەرانەی بەرهەڵستیی ئەوەیان کرد مافی ڤیتۆ بدرێتە سەرۆک پاڕێزەر فەرەیدوون فکریی نوێنەری هەرێمی دەرسیم بوو کەوا زۆرینە کوردە79 و دواتر بوو بە ئەندامی پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی بەرهەڵستکار80. بەڵام نە ئەو و نە هیچ کەسیکی تر باسیان لەو ئایدیایە نەکرد، کە ساڵێک لەوەوپێش مستەفا کەمال مشتومڕی لە سەر کردبوو، سەبارەت بە پێدانی مافی ئۆتۆنۆمی بەو هەرێمانەی کە زۆرینە کورد بوون لە چوارچێوەی حکوومەتی ناوخۆیی پەرەسەندوودا. هەڵبەت پلانەکە لەکاتەدا بەتەواوی لە گفتوگۆی گشتی چووبووە دەرەوە. باشە ئەم مەسەلەیە بۆچی وایلێهات؟

کێشەی مووسڵ هێشتا هەر بێ چارەسەر مابووەوە و بەوپێیە مسۆگەرکردنی دانیشتووە کوردەکانی باکووری عێراق هێشتا هەر پێویست بوو، هەر هیچ نەبێت لە ڕووی تیۆرییەوە. بەڵام وەک تێبینی کرا پەیامە کورتەکەی ئیزمیت لە کانوونی دووەمی 1923دا ئاماژە بوو بۆ ئەوەی کەوا مستەفا کەمال مووسڵی سڕییەوە. دەکرێت بە گاڵتەجاڕییەوە بگوترێت کەوا مەسەلەی ئۆتۆنۆمیی کورد لە چوارچێوەی تورکیادا رێکوڕەوان بە ئیمزاکردنی پەیمانی لۆزان لە 24ی تەمووزی 1923دا پشتگوێخرا و دان بە مافی سەروەریی حکوومەتی تورکیادا نرا بەسەر خاکەکەیدا. بەڵام ئەمە شکستی ئۆپۆزسیۆنی یاسایی و ڕۆژنامەنووسیی بەرهەڵستکار ناگەیەنێت بۆ هەر لاکردنەوەیەک لە خەسڵەتی ئیتنیکیی دانیشتووانی وڵات، کە مستەفا کەمال خۆی دانی پێدانابوو لە سەردەمی جەنگی سەربەخۆییدا.

من وایدەبینم کە وەڵامی ئەو پرسیارە هەمیشە قورسە کەوا سەگەکە بۆچی نەوەڕی و - لەم حاڵەتەدا هۆکاری پاشەکشەی مەسەلەی ئۆتۆنۆمیی کوردە لە سیاسەتی ئەنقەرە و ئەستەمبووڵ لە ساڵی 1924دا - خۆی لەو ڕاستییەدا دەبینێتەوە کەوا مەسەلە لەپێشینەکان گۆڕانکارییان بەسەرداهات. پەیوەست بە مستەفا کەمالەوە، دامەزراندنی تورکیایەکی مۆدێرنی سێکولار بوو بە مەسەلەیەکی لەپێش و پێویستی بە هێزێکی رەها بوو بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. لەبەرئەوە هەر جۆرێک لە ئۆتۆنۆمیی هەرێمی دەبووە کۆسپ و تەگەرە لەبەردەم نەخشە و پلانەکانیدا، بەتایبەتی خۆی و تەواوی دەستەبژێری تورکیش ئەم ناوچەیەی ئۆتۆنۆمییان بە شوێنێکی دواکەوتوو لەقەڵەمدەدا. پەیوەست بە ئۆپۆزسیۆنی لیبراڵیش، کاری لەپێشینە جڵەوکردنی هێز و دەسەڵاتی مستەفا کەمال بوو. سەبارەت بە چەپی ڕادیکاڵیش، کە سەبیحە سەرتەڵ شایەتحاڵێتی، ئەوە کوردبوون یان ناسیۆنالیزمی کوردی (کورتچلک Kurtculuk) خزمەتی بەرژەوەندیی خاوەن مڵکەکان و سەرۆک خێڵە فیوداڵەکان و "کۆنەپەرستەکانی" تری دەکرد. ئەوە دەکەوێتە دەرەوەی ئەم توێژینەوەوە کە لە سەر ئەوە ڕاوەستین کەوا لە چ قۆناخێکدا لینین و پاش ئەویش ستالین ئەو شتەیان پێ پەسەند بووە کە دەکرێت پێی بگوترێت فیدراڵیزمی درۆینە، بەڵام بە شێوەیەکی فەرمی ناوی لێنراوە چاودێری کردنی کولتووری نەتەوەیی لە فۆرمدا بەڵام سۆشیالیستی لە ناوەرۆکدا، کەوا کۆمۆنیست و مارکسییەکانی تورکیا پێیەوە پابەند بوون، بەڵام فاکتەرێکی یەکلاکەرەوە نەبووە لە ساڵی 1924دا.

لە پاش ساڵی 1923، دەستێوەردانی سەرەکیی مستەفا کەمال لە مەسەلەی کورددا لە شوبات - مارتی 1925دا بوو لە کاتی یاخیبوونەکەی شێخ سەعیددا بوو و لەو سەروبەندەدا حکوومەتەکەی فەتحی (ئۆکیار) یاسای عورفیی ڕاگەیاند و کەوتە جێبەجێ کردنی کردەوەی سەربازی دژ بە یاخیبووان. پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی ئۆپۆزسیۆنیش پشتگیریی لە کردەوەکانی حکوومەت کرد. بەڵام مستەفا کەمال بڕیاریدا کە مەسەلەکە پێویست بە کار و کردەوەی توندتر دەکات و بەو هۆیەوە عیسمەت (ئینۆنو) ی پیاوی دەستەڕاست و جێمتمانەی خۆی لە ئەستەمبووڵەوە بانگ کرد و کارێکی کرد کەوا پارتی گەل، کە حیزبی خۆی بوو، فەتحی بخاتە لاوە و عیسمەتی هێنایە سەر دەسەڵات بۆ وەرگرتنی کار و کردەوەی توند بە مەبەستی دامرکاندنەوەی یاخیبوونەکە. کاتێ کە ئەنجومەن یاساکەی عیسمەتی پەسەندکرد بۆ پاڕاستنی توندوتۆڵی نیزام لە 4ی مارتی 1925دا، بە زۆرینەی 122 دەنگ لەبەرانبەر 22 دەنگدا، کە 37 نوێنەری ناوچە کوردییەکان لەگەڵ حکوومەتدا بوون و تەنها حەوتیان بەرهەڵستکار بوون.

لە ڕاگەیاندنەکەی 7 مارتی 1925، مستەفا کەمال هۆکاری یاخیبوونەکەی گێڕایەوە بۆ هەندێک کەسایەتیی دیاریکراو، کە دادگا تاوانباری کردن (kanunen mucrim olan bazi muteneffizan) و دەمامکی ئاینیان بەکارهێنابوو بۆ شاردنەوەی نیاز و مەبەستی خۆیان. پاشان بەردەوام بوو لە سەر ڕاگەیاندنی ئەوەی کە یاسا و نیزام پاڕێزراو دەبن وەک بنەمایەک بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووری82. خولی نوێی ئەنجومەن لە 1ی نۆڤەمبەری 1925دا کرایەوە و بە سادەیی یاخیبوونەکەی بەوە وەسفکرد کە "ڕووداوێکی کۆنەپەرستانە" بووە (ئیرتیجاع حادیسەسی). دوابەدوای یاخیبوونەکەی شێخ سەعید، پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی ئۆپۆزسیۆن داخرا. لەگەڵ ئەوەشدا، جەنەراڵ کازم قەرەبەکری سەرکردەی ئەم حیزبە لە ساڵانی 1922 / 23دا ڕاوبۆچوونی خۆی بەو جۆرە دەربڕی کەوا دەمارگرژیی ئاینی باکارهاتووە بۆ هاندانی یاخیبوونی کوردەکان. بە قسەی قەرەبەکر بێت سەبارەت بە کورد ئەوەی کە گرنگە ژمارەکەیان نییە، بەڵکوو قەبارەی ئەو خاکەیە کە داگیریان کردووە، لەبەرئەوە پێشنیازی چارەسەرێکی زۆر تایبەت و هەستەوەری کرد و دەیوت پێویستە ئەو ڕۆشنبیرانەی لە کۆڵێجە ئاینی و یاساییەکانی ئەستەمبووڵ دەخوێنن و ڕاهێنانیان پێبکرێت و فێەی زمانی کوردی بکرێن و جێگەی شێخە کوردەکان بگرنەوە، هەروەها پێویستە دوو ڕاڕەوی ستوونی و ئاسۆیی بە دەوری دەریاچەی واندا بکرێتەوە بۆ زەمانەت کردنی دەسەڵاتی حکوومەت بەسەر کوردستاندا لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئاینییەوە٨٣. مستەفا کەمال و فەتحی (ئەکیار) و کازم قەرەبەکر رێکنەدەکەوتن لە سەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاپەڕینە کوردییەکاندا، بەڵام هەر هەموو کۆک بوون لە سەر ئەوەی کە دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی دەبێت بشکێت بە سەر تەواوی وڵاتدا.

 لەکاتێکدا کەوا حکوومەت ئامادەکاریی دەکرد بۆ قەدەغەکردنی "پارتی کۆماریی پێشکەوتنخوازی" ئۆپۆزسیۆن، دۆستێکی ڕەئووف (ئۆربای)، کە یەکێک بوو لە هەڤاڵە دێرینەکانی مستەفا کەمال لە ئەنەدۆڵدا بەڵام لەو ماوەیەدا بووبوو بە نەیارێکی سیاسی، کەوتە بەر لێپرسینەوە لەلایەن پۆلیسەوە بە هۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورددا. ناوی ئەم دۆستە عومەر فەوزی ماردین ئەفسەرێکی خانەنشین بووە و ئەنوەر پاشا ڕایسپاردووە کە یارمەتیی ڕەئووف بدات بە ئەرکێکی نهێنی لە ئێران لە سەرەتای جەنگی گەورەدا (جەنگی جیهانیی یەکەم - و). عومەر فەوزی ماردین بە لێکۆڵەرەوانی پۆلیسی وتووە کە دایکی کچی بەدرخان پاشا بووە و ئەمەش تاقە پەیوەندیی ئەو بووە لەگەڵ کورددا. بەڵام وەک ئەفسەرێک هەمیشە خزمەتی مەسەلەی یەکگرتنی هەموو ڕەگەز و نەژادەکانی کردووە لە سایەی یەک ئاڵادا - واتە ئەو کۆمەڵگە  ئیتنیکی و نەژادییانەی - لە وڵاتدا دەژین84 و مستەفا کەمالیش بە دەستەواژەی هاوشێوە دەدوا لە سەروەختی جەنگی سەربەخۆییدا، بەڵام وا ئێستا کات و سەردەم گۆڕاوە.

 لە 8 ی ديسەمبەری 1925دا، وەزارەتی خوێندن و فێرکردن گشتاندنێکی  دەرکرد و تێیدا بەکارهێنانی ئەو زاراوانەی قەدەغە کرد کە جیاوازی و دابەشبوون دەورووژێنن وەک کورد و چەرکەس و لاز و کوردستان و لازستان85. مستەفا کەمال بیری نوێی لە نامیلکەی پەروەردەی مەدەنیدا ڕوونکردووەتەوە کە لە ساڵی 1930دا بۆ عیففەت عینانی کچە لەخۆگرتووەکەی (لە منداڵییەوە بەخێوی کردبوو - و) نووسیوەتەوە و دەقی بڕگە پەیوەندیدارەکەی لێرەدا دەنووسینەوە:

"لە ناو یەکێتیی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەلی تورکی ئەمڕۆدا هاوڵاتییان و هاونەتەوە هەن هاندراون وا بیر لەخۆیان بکەنەوە کە کوردن یان چەرکەسن یان لازن یان بۆسنین. بەڵام ئەم ناولێنانە - کە بەرهەمی سەردەمە ڕابوردووەکانی ستەم و ملهوڕین -  هیچی لەگەڵ خۆ نەهێناوە لە خەم و مەینەت بەولاوە بۆ تاکەکانی گەل و ئوممەت، ژمارەیەکی کەمی کۆنەپەرستانی مێشک پووچی لێبەدەر، کە بوون بە داردەستی دوژمنان. ئەمە لەبەرئەوەی ئەو تاکانەی گەل و نەتەوە هاوبەشن لەگەڵ کۆی کۆمەڵگەی تورک لەهەمان ڕابوردوو و مێژوو و چەمکی مۆراڵ و یاساکاندا".

لێرەدا باسێکی دیاریکراو نییە بۆ بنەچەی هاوبەشی ڕەگەز و نەژاد. بەڵام لە هەمان ساڵدا، مستەفا کەمال ڕەزامەندیی دا لە سەر بڵاوکردنەوەی "کورتەیەک لە مێژووی تورک" (Turk Tarihinin Ana Hatlari) - کە ئەمەش ناونیشانیکە ئەو کتێبە مێژووییەی دانراوی ئێج. جی. وێڵزمان بێردێنێتەوە بەناوی "نەخشەی مێژوو" و ئەتاتورک پێی سەرسام بوو. "نەخشە" تورکییەکە تێزە مێژووییە تورکییەکانی وا داڕشتووە کە ئیددیعای ئەوە دەکات کەوا زۆربەی شارستانییەتەکان لەلایەن ئەو گەلانەوە بنیاتنراون کە بە بنەچە تورکن. ئیددیعاکە میدییەکانیش87 دەگرێتەوە کەوا کورد بە باوباپیرانی خۆیانیان دەزانن و بە هەمان شێوە ئەخمینییەکان و پارسەکانیش.

پاشان، لە 14ی حوزێرانی 1934دا، یاسای سەرلەنوێ نیشتەجێکردنەوەiskan Kanunu)) ٨٨ تەواوی هاونیشتمانییانی وڵاتی ئاوێتەی کولتووری تورک کردووە - سەرنج بدە وشەی "کولتوور" -  وەک سیاسەتێکی فەرمیی حکوومەت. هەڵبەت، دەکرێت پێداگریی لە سەر "کولتوور" بگێڕینەوە بۆ زيا گوێکئەلپ، کە یەکێکە لە ئایدیۆلۆجیستە سەرەکییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی. لێرەدا مۆدێلەکە، وەک هەمیشە، فەرەنسا بوو، کە تێیدا بریتۆنی و ئۆکیتانی و ساڤۆیارد و فلێمینگەکان و .. تاد. هەر هەموو لە کولتوور و فەرهەنگی فەرەنسیدا تێکەڵ و ئاوێتە کران. حکوومەتی کۆماری تورکیا سووربوو لە سەر دووبارە نەکردنەوەی ئەو هەڵەیەی کەوا نامیق کەمال لە سەدەی ڕابوردوودا سەرکۆنەی کرد و بۆی بەداخ بوو کاتێ کە بەرنامەکانی - خوێندن بە زمانی تورکی - جێبەجێ نەکرا، بەڵام ئەمجارە چیتر ئەو مەسەلەیە پشتگوێ ناخرێت.

 ئەتاتورک بەرهەڵستیی ئەم سیاسەتەی نەکرد و ئەگەر وانەبوایە دەیوەستاند. بەڵام بایەخدانی ڕووی لە شوێنیکیتر بوو - واتە پرۆژەی مەزنی نوێکردنەوەی خوێندن و فێرکردن بوو. لێرە بەڕقەرارکردنی یاسا و ئاسایش بۆ حکوومەتەکەی عیسمەت ئینۆنو قۆرخ بوو و ئەتاتورک ئەوەی بۆ رەخساندبوو. کاتێ کە  یاساکان و دەزگا و دامەزراوەکان گۆڕانکارییان تێدا کرا و کێشە و تەگەرە سەریانهەڵدا، ئەتاتورک دەستیکرد بە سەردانی بەردەوام بۆ هەرێم و ناوچەکان، بەڵام دیاربەکر و باشوری ڕۆژهەڵات، کە لە ساڵی 1919وە بەڵێنی سەردانی دابوو، تا دوا ساڵی ژیانی لە گەشتەکانی دەرکرابوو. دواجار، لە 12ی نۆڤەمبەری 1937دا، ئەتاتورك لە ئەنقەرەوە بە شەمەندەفەر ڕۆیشت بۆ دیاربەکر بە هاوڕێتیی جەلال بایاری سەرۆک وەزیرانە نوێکەی. لە ڕێگا، سەردانی شوێنی بنیاتنانی کارگەیەکی نوێی ڕستن و چنینی کرد لە مەڵاتییە لە 14ی نۆڤەمبەردا. بۆ ڕۆژی دواتر لە کۆنسێرتێکی موزیکدا ئامادە بوو لە ماڵی گەلدا لە دیاربەکر. لەوێ لە وتاردانێکدا وتی: "وا لە دوای بیست ساڵ، جارێکیتر خۆم لە دیاربەکردا دەبینمەوە و گوێ لە موزیکی جوان و مۆدێرن دەگرم لە یەکێک لە جوانترین تەلارەکان لە جیهاندا و بە ئامادەبوونی خەڵکی سارستانی لەم ماڵەی گەلدا"89. بۆ ڕۆژی دوایی، پرۆژەی درێژکردنەوەی هێڵی ئاسنی کردەوە بۆ ئێران و عێراق بەسەر دیاربەکردا. پاشان بۆ ماوەیەکی کورت لە ئەلعەزیز (مەعموورەتولعەزیز) وەستا و دەسەڵاتداران دڵنیابوونەوە لەسێدارەدانی سەرکردەکانی ڕاپەڕینەکەی دەرسیم لەپێش سەردانەکەدا90. سەبیحە گوێکچەنی کچەکەی ئەتاتورک بە هەڵگرتنەوە و فڕۆکەوانی سەربازی پێشتر بەشداریی کردبوو لە هێرشکردنە سەر یاخیبووان بە فڕۆکە و بۆمباران کردنیان.

لە 18ی نۆڤەمبەردا، ئەتاتورك گەیستە ئەدەنە و ماوەی پێنج ڕۆژ لە باشووری ڕۆژهەڵات مایەوە٩١، بەڵام مۆرکێکی هەمیشەیی تێا بەجێهێشت، بە دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی کەوا پێویست دەکات ناوی بگۆڕدرێت لە دیاربەکیرەوە بۆ دیاربەکر و ئەلعەزیز بۆ ئیلازیغ Elazig بەپێی تیۆریی ڕۆژ لە زماندا کە ڕەگ و ڕیشەی تورکیی بۆ هەموو شتێک و هەر وشەیەکی بنەچە بێگانە دەدۆزییەوە. لە گەڕانەوەیدا، ئەتاتورک رایگەیاند کەوا دڵخۆش بووە بە بینینی دانیشتووانی هەر یانزە ویلایەتەکەی کە سەردانی کردوون و بە خواست و ئارەزووی خۆیان پارە دەدەنە گەنجینەی دەوڵەت بێ هیچ دوودڵییەک و بە گیانێکی    قوربانیدان و خۆبەختکردنەوە و ئەوەش لە پێداویستیی ڕۆژانەی خۆیان زیادبووە و لەپێناوی کۆمارێکی تورکیی دەوڵەمەند و بەهێز و مەزندا٩٢.

 عاسم ئووسی نوێنەر و ڕۆژنامەنووس لە پارتی گەلدا، لە یاداشتەکانیدا تێبینیی ئەوەی کردووە کەوا ئەتاتورک لە کاتی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵات فەرمانیداوە بە درووستکردنی ڕێگەوبانی سەربازی لە دەرسیم (کە دواتر ناوی تونجەلی لێنرا)، بەڵام تەرخانکردنی چوار ملیۆن لیرەی بۆ درووستکردنی قوتابخانە و ملیۆنێک لیرەش بۆ چاککردنەوەی ئەو زەرەر و زیانانەی کە  جەردە و ڕێگرەکان بەرپایان کردبوو، بە پێی ئەو بنەمایەی کە وا باشترە دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان لە پێدەشتە بەپیتەکانی ناوچە و هەرێمەکانی نیشتەجێ بکرێنەوە93.

بەکورتی بڵێین، کەوا لە ساڵانی جەنگی سەربەخۆییدا، مستەفا کەمال بەدیاریکراوی دانیناوە بە خەسڵەتی فرەڕەگەزی دانیشتووانە موسڵمانەکانی تورکیادا، بەڵام لەهەمان کاتیشدا سووربووە لە سەر یەکگرتوویی برایانەیان. هەروەها بەڵێنی داوە کە حکوومەتە ناوخۆییەکان تایبەتمەندیی ئیتنیکی و نەژادی لەخۆدەگرێت، بەڵام لە پاش ساڵی 1923، هەموو ئایدیا و بۆچوونێک لەبارەی حوکمی خۆکردنی تاکتاکی ڕەگەز و نەژادی کۆمەڵگە ئیسلامییەکان لە ئەجێندای سیاسیی تورکی دەرکرا. لێرە بەدواوە مستەفا کەمال وزە و توانای خۆی بۆ پتەوکردنی هێز و شۆڕشە کولتوورییەکەی تەرخان کرد و کاتی کەم بوو بۆ کوردەکان. ئاخۆ بیر و بۆچوونی گۆڕابوو، وەک جۆن سیمپسۆن لە ئێستگەی ڕادیۆی بەریتانی BBC بۆیدەچێت، ئاخۆ کەوتبووە بانگەشە و برەوپێدانی ئەو ئەفسانەیەی دەڵێت کەوا تورک تاقە گڕووپی ئیتنیکین لە تورکیادا؟ بێگومان ئەوەی کرد و بەو مانایەی کەوا هەموو کاسێک کە باسی دێت لە مێژوودا ڕەگ و بنەچەی تورکە و کوردەکانیش لەمە بەدەر نین.

ئەو ئایدیۆلۆجیایەی سیاسەتی حکوومەتەکانی کۆماری تورکیای پێکهێنابوو لەبەرانبەر هاونیشتمانییە کوردەکانیدا بۆ پێش ئەتاتورک دەگەڕێتەوە. بەشداریی سەرەکیی ئەو لە ئیدارەدانی سەرکەوتووی کێشەی کورددا لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا بوو، بەڵام پاش ئەوە، پێداویستییەکانی دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن بوون بە کاری لەپێشینەی. ئەوە ڕاستە کەوا شۆرشی کولتووریی ئەتاتورک تەگەرەیەکی تر بوو لە بەردەم کولتوورە ئیتنیکییە جیاوازەکاندا چجای جێبەجێکردنی ئۆتۆنۆمیی ناوخۆیی، بەڵام لە کۆمەڵگەی تورکیدا داواکارییەکی ڕوون و ئاشکرا نەبوو بۆ هیچکام لەمانە. لەم بارودۆخەدا، ئەتاتورک دەیتوانی ئیدارەدانی کوردەکان بسپێرێتە حکوومەتەکەی.

ئەمرۆ تێزە مێژووییەکەی تورکیا هاوشان و هاوکات لەگەڵ تیۆریی ڕۆژدا لەبارەی زمانەوە تووڕدراوە و ڕەگ و ڕیشەی ئیتنیکی و نەژادیی جۆراوجۆری خەڵکی تورکیا بەئاشکرا مشتومڕی لە سەر دەکرێت و ئەمرۆ وشەی "مۆزاییک mosaic" بووە بە کلیشەیەک لە باسوخواسی وێنەی ئیتنیکی و نەژادیی وڵاتدا. ئێمە ئێستا گەڕاوینەتەوە بۆ ئەو زمانەی کە مستەفا کەمال (ئەتاتورك) بەکاریدەهێنا و ئەو بیر و ئایدیانەی لە ماوەی جەنگی سەربەخۆییدا دەیخستنە بەر باس. ئالێرەوەیە گرنگی و بایەخی تۆمارکردن و شیکردنەوە دێت بۆ ئەوەی کە باوکی دامەزرێنەری کۆماری تورکیا وتوویەتی لەو سەردەمە یەکلاکەرەوەی مێژووی تورکیادا.

 

پەراوێز

 1 -  "منداڵانی ئەتاتورك: توركيا و کورد"، (لەندن، 1996) ، ل 11. پێداچوونەوەی کتێبەکە: "گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، بەرگی 30، ژمارە (کانوونی دووەمی 1997) ، ل 155- ١٥٦.

2 -  ڕۆژنامەی میللییەت، 30 حوزێران 1998، ل 8.

 3 -  جونێدئۆغلوو سورونوو، "کێشەی باشووری ڕۆژهەڵات"، لە ڕۆژنامەی میللییەت، 10ی ئابی 1998، ل 19.

4 - وردەکاری لە جەلال ئیريكان، "كوموتان ئەتاتورك"، [ئەتاتورك وەک فەرماندە]، (ئەنقەرە، 1972)، ل 181 - 217.

 5 -  هەڵبژاردە لە ئوڵوغ ئێغدەمیر "ژیانی ئەتاتورک"، Turk Tarih Kurumu (ئەنقەرە، 1980)،      ل 79 - 87.

 6 -  عیززەدین چاڵشلەر، "دوو ساڵ و نیو لەگەڵ ئەتاتورک"، (ئەستەمبووڵ، 1993).

 7 - چاڵشلەر، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 102.

 8 - چاڵشلەر، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 134.

9 -  چاڵشلەر، هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 130.

10 -  ATASE [بەشی مێژووی سەربازی بۆ ئەرکانی گشتیی تورکیا] ، "بایۆگرافیای فەرماندەی تیپەکان و گەورە فەرماندەکانی جەنگی سەربەخۆیی تورکیا"، چاپی دووەم. (ئەنقەرە، ١٩٨٩)،        ل ١١١ - ١١٥.

 11 -  فەخرەدین ئاڵتای، "دە ساڵ لە جەنگ (1912 - 1922) و دواتر"، (ئەستەمبووڵ، 1970)، ل 29 و دواتر.

 12 -  ئاڵتای، هەمان سەرچاوە پێشوو، ل 53.

13 -  ئاڵتای، هەمان سەرچاوە پێشوو، ل 57.

14 -  ئاڵتای، هەمان سەرچاوە پێشوو، ل 70.

15 -  سەليم دێرینگل، "بوارە باش پاڕێزراوەکان"، (لەندن ، 1998) ، ل 101 - ١٠٤.

16 - " ئانا بريتانيكا"، چاپی یەکەم. (ئەستەمبووڵ، 1986 – 1987) ، بەرگی11، ل 71.

17 -  لە مەسامی ئارای وەرگیراوە، "ناسیۆنالیزمی تورکی لە سەردەمی تورکە لاوەکاندا"، (لەيدن، 1992)، ل 3٠.

18 -  ئافێتنان، "یادەوەری و بەڵگەنامە لەبارەی ئەتاتورکەوە"، (ئەستەمبووڵ، 1984)، ل 43 - ٥١.

19 -  دەقی نامەکە لە ساڵح بوزوک "بۆ هەمیشە لایەنگری ئەتاتورکم"، (ئەستەمبووڵ، 1985)،         ل ١٨٢ - ١٨٣.

 20 -  دێڤيد ماكدواڵ، "مێژووی نوێی کوردەکان"، (لەندەن ، 1996)، ل 121.

 ٢١ -  هەمان سەرچاوە، ل ١٢٣ ؛ "ئینسکلۆپیدیای ئیسلام"، چاپی دووەم. (لەيدن، 1958)، بەرگی1،    ل ٨٧١  ;"ئانا  بريتانيكا"، بەرگی ، ل 85 .

22 -  دێڤيد ماكدواڵ، "مێژووی نوێی کوردەکان"، ل ١٢٢.

23 -  دێڤيد ماكدواڵ، "مێژووی نوێی کوردەکان"، ل  121 -  ١٢٣.

  24 - ATASE  ، "هەڵبژاردە لە ئەرشیفی تایبەتی ئەتاتورک"، بەرگی ٥، چاپی دەستەی ئەرکانی گشتی،  (ئەنقەرە، ١٩٩٦). یەکەم ڕاپۆرتی ئەحمەد جەودەت، ل 1 - 8 .

25 -  مەحموود گوڵئۆغڵوو، "کۆنگرەی سیواس"، (ئەنقەرە، 1969)، ل 120.

 26 -  لیستی تەواوی نوێنەران لە مەحموود گۆڵئۆغلوو، "کۆنگرەی ئەرزڕوم"، (ئەنقەرە، 1968)، ل 78  - 80 .

27 -  دەقەکەی لە گوڵئۆغلوو، "کۆنگرەی ئەرزڕوم" ، ل 2 - 2.

28 -  كەمال ئەتاتورك، "وتاردان : بەڵگەنامە"، کولتووری ئەتاتورک، ئەنقەرە 1991، بەڵگەنامەی ژمارە 41، ل 63.

29 -  مەزهەر موفیت كانسو، "لە پاڵ ئەتاتورکدا، لە کۆنگرەی ئەرزڕومەوە تا کۆچی دوایی"، (ئەنقەرە، 1988)، بەرگی ٢ ، ل٥٨٥ .

30 -   ئێريكان، "كوموتان ئەتاتورك"، ل 58 .

31 -  شەوکەت سورەیا ئایدەمیر، "تاقە پیاو"، (ئەستەمبووڵ، ١٩٨٤)، بەرگی ٢، ل ٨٩؛ مەزهەر موفید کانسو،   ل ١٩٨ - ٢٠٣.

 32 -  "یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ"، (بەسرە، 1919)، ل 19. تۆمەتەکە لە برووسکەی ئەحمەد جەودەت باسکراوە، لە ١٢ سێپتەمبەر بۆ سەرۆک وەزیران، کۆپیی تیپی سێ لە سیواس -  (ATASE ، ل ٧٨).

33 -   "یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ"، ل ١٠.

34 -  "یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ"، ل ٢١.

35 -  گوڵئۆغڵوو،  "کۆنگرەی سیواس"، (ئەنقەرە، 1969)، ل ٧٤، ١٢٤.

36 -  گوڵئۆغڵوو،  "کۆنگرەی سیواس"، (ئەنقەرە، 1969) ، ل ١١٠.

37 -  گوڵئۆغڵوو، "کۆنگرەی سیواس"، (ئەنقەرە، 1969)، ل ٢٣٢ - ٢٣٤.

38 -  ATASE، ل 79.

39 -   "یاداشتی ڕۆژانەی مێجەر نۆئێڵ"، ل 24.

40 -  برووسکەی رەجەب زوهدی بۆ فیڕقەی سێ لە سيواس، ATASE ، ل 91 - ٩٧.

41 -  سینا ئاکشین "حکوومەتی ئەستەمبووڵ و خەباتی میللی"، (ئەستەمبووڵ، ١٩٩٢)، بەرگی١،      ل ٥٨٩ .

 42 -  ئیلهان تەكەلی و سەليم ئیلكين، "نامە و نووسراوی نێوان تەڵعەت پاشا و مستەفا کەمال لە سەردەمی خەباتی ڕزگاریدا"، گۆڤاری بێلەتەن (ئەنقەرە، 1980)، بەرگیXLIV ، ژمارە ١٧٤، ل ٣١١.

43. Ataturk'un Soylev ve Demecleri (ASD) وتاردان و ڕاگەیاندنەکانی ئەتاتورک  ,

Ataturk   Kultur , Dil ve Tarih Yiiksek Kurumu , Ataturk Arastirma Merkezi (Ankara, 1989), Vol.1, p. 30.

44. Ataturk'un Soylev ve Demecleri (ASD). 

-   وتاردان و ڕاگەیاندنەکانی ئەتاتورک، بەرگی 1 ، ل 74 - ٧٥.

45 -  ASD ، بەرگی 1، ل 236.

46 -  ​​ASD ، المجلد ٢ ، ل 37 ، 39.

47 -  دەقی تەواوی تێکستەکە لە رۆنا ئەيبای، "تێکستی بەراوردکاریی دەستووری 1961" (چاپخانەی فاکوڵتی، ئەستەمبووڵ، 1963)، ل ١٩٩.

48 -  ATASE ، ل 69.

 49 -   TBMM Gizli Celse Zabitlan "کۆنووسەکانی کۆبوونەوە نهێنییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانیی باڵا" (ئەنقەرە، 1985)، بەرگی سیانزەهەم ، ل٥١١.

50 -  ATASE ، ل 69.

51 -  TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی ٢، ل٢٧٠.

52 -  TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی ٢، ل  ٦٣٠ .

 53 -  کازم قەرەبەکر، "جەنگی سەربەخۆییمان"، (ئەستەمبووڵ، 1969) ، ل ٩٧٨ - ٩٧٩.

54 -  رۆبەرت ئۆڵسن، "سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی کوردی و یاخیبوونی شێخ سەعید،  ١٨٨٠- ١٩٢٥"، (ئۆستن، تەکساس، 1989)، ل 38 - ٣٩.

55 -  ماكدواڵ، ل 187 - ١٨٨.

56 -  TBMM Gizli Celse Zabitlan، ل 80 - 248. لەم سیاقەدا وشەی موستەقیل mustakil (سەربەخۆ) ئیشارەتە بۆ سنجاق یان لیوای سەربەخۆ (هەرێم یان لیوای جیاواز) لەبری سەربەخۆی تەواو لە دەوڵەت.

 57 -  TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی 2 ، ل 623.

58 -  TBMM Gizli Celse Zabitlan، بەرگی 3، ل ٥٥٩.

 59 -  دۆغو پیرنجەک،  "مستەفا کەمال: وتاردان لە ئاسکی شەهر و ئیزمیت (1923)"، (ئەستەمبووڵ، 1993)،  ل 104.

60 -  ستێفان ئیڤانز، "نزیکبوونەوەی لە سەرخۆ: بەريتانيا و توركيا لە سەردەمی كەمال ئەتاتوركدا، 1919 -  1938"، (وۆکینگتن، ئینگلاند، 1982)، ل  ٨٥ -  ٨٦.

61 -  دۆغو پیرنجەک، "مستەفا کەمال: وتاردان لە ئاسکی شەهر و ئیزمیت (1923)" (ئەستەمبووڵ، 1993)، ل 94 - ٩٦.

62 - سەعدی بوراك، "وتاردانەکانی ئەتاتورک، ڕاگەیاندنەکانی، نامە و نووسراو و چاوپێکەوتنەکانی کە لە بلاوکراوە رەسمییەکاندا تۆمار نەکراون"، (ئەستەمبووڵ، 1997)، ل ٢٢٥.

63 -  مەحموود گوڵئۆغڵوو، "کۆماری تورکیا: 1923"، ل ٩٤.

64 -  دۆغو پیرنجەک، "مستەفا کەمال: وتاردان لە ئاسکی شەهر و ئیزمیت (1923)"، (ئەستەمبووڵ، 1993)، ل ١٣.

65 -  ASD, I ،  ل ٣٣٧ ، ٣٣٨.

 66 -  سەبيحە سەرتەل، "رۆمانی گیرفان" [وەک نۆڤڵێتێک وایە]، (ئەستەمبووڵ، 1969)، ل 68 - ٧٨.

67 - سەبيحە سەرتەل بەمە دەڵێ مادە 4ی ڕەشنووسەکە. لەڕاستیدا ئەمە مادەی 4ی دەستووری 1921بوو (بڕوانە ئایبەی، هەمان سەرچاوە، ل 99).

68 -  ئایبەی، هەمان سەرچاوە، ل٩٩.

69 -  مەحموود گوڵئۆغڵوو، "کۆماری تورکیا: 1923" ، ل ٢٠٢.

70 -   پێدەچێت مەبەستی فەوزی پرینجیی نوێنەری دیاربەکر بێت. (گوڵئۆغڵوو، "کۆماری تورکیا: 1923"، ل 320).

 71 -   سەبيحە سەرتەل، ل 76.

72 -   گوڵئۆغڵوو، "کۆماری تورکیا: 1923"، ل 244.

73 -   گوڵئۆغڵوو، "قۆناخی سێهەمی دەستووری"، پابەندیی خێڵەکیی سێ نوێنەر لە دەرسیم          (ل 328)، یەکێک لە

      ئەرزنجان (ل 329) و یەکێک لە وان باس دەکات (ل 343).

74 -  سونا كيلی، "مشتومڕی ئەنجومەن لەبارەی دەستوورەکانی هەردوو ساڵی 1924 و 1961"، ناوەندی توێژینەوەی رۆبەرت کۆڵێج، (ئەستەمبووڵ، 1971)، ل ٦٠.

75 -  فەريدون كاندەمير، "چیرۆکی ناوەوەی هەوڵی تیرۆر کردنەکەی ئیزمیر"، چاپخانەی Ekicigil، (ئەستەمبووڵ، 1955) ، بەرگی 1 ، ل ١٠٧.

76 -   گوڵئۆغڵوو، "چاکسازییەکان و کاردانەوە لەئاستیاندا"، (ئەنقەرە، 1972)، ل٣٨.

77 -   ئايبای، ل ٢٠٠.

 78 -   گوڵئۆغڵوو، "چاکسازییەکان و کاردانەوە لەئاستیاندا"، (ئەنقەرە، 1972)، ل ٤٩.

79 -   گوڵئۆغڵوو ،"چاکسازییەکان و کاردانەوە لەئاستیاندا"، (ئەنقەرە، 1972)، ل ٣٧ - ٣٨.

 80 -   مەتە تونجای، "دامەزراندنی سیستەمی تاک حیزبی لە کۆماری تورکیادا"، (ئەستەمبووڵ، 1981)، ل ١٠٨.

81 -   ئیسماعیل گۆڵداش، "مشتومڕ لە سەر پاڕاستنی یاسا و نیزام"، (ئەستەمبووڵ، ١٩٩٧)، ل ٤٧٠، ٤٩١.

82 -   ASD، IV، ل ٥٦٢ - ٥٦٣.

 83 -   کازم قەرەبەکر، "جەنگی سەربەخۆییمان"، (ئەستەمبووڵ، 1969)، ل ١٠٣٤.

84 - رەوف ئۆربای (نووسینی: عیسمەت بوزداغ)، "ئاشی دۆزەخ: یاداشتە سیاسییەکانم"، (ئەستەمبووڵ، 1993)، بەرگی  ٢، ل١٩٠.

85 -   سامی ئوێزەرديم، "کرۆنۆلۆجیای چاکسازییەکانی ئەتاتورک"، (ئەنقەرە، 1996)، ل٩٣.

86 -  نووران تەزجان، "زانستی مەدەنییەت (رێنماییەکە) لەلایەن ئەتاتورکەوە نووسراوە"، (ئەستەمبووڵ، 1994)،    ل 23.

 87 -   "کورتەیەک لەبارەی مێژووی تورکەوە"، ساڵی 1996 چاپکراوەتەوە لەگەڵ پێشەکییەکی دۆغۆ پەرینچکدا (ئەستەمبووڵ)، ل 189.

 88 - یاسای ژمارە 2510، کە لە ڕۆژی 21ی حوزێرانی 1934 لە ڕۆژنامەی رەسمیدا (رەسمی گازێتی) بڵاوکراوەتەوە.

 89 -   ASD ، بەرگی ٢، ل 328.

90 -   ئیحسان سەبری چاغڵەیانگڵ، "یادەوەرییەکانم"، (ئەستەمبووڵ، 1990)، ل 46 - ٥٥.

91 -   ئوێزەل شاهینگیرەی، "دەفتەری تۆماری ئەتاتورک"، (ئەنقەرە ١٩٥٥)، ل ٦٧٢ - ٦٧٤.

 92 -   ASD، بەرگی چوارەم، لاپەڕە 678 - ٦٧٩.

93 - عاسم ئووس، "یاداشت، ١٩٣٠- ١٩٥٠'"، (ئەستەمبووڵ، 1966)، ل 34. عیسمەت ئینۆنو ismet inonu لە یاداشتەکانیدا دەڵێ، بەپێچەوانەی ئەوەوە، ئەو زۆر چاوی خستبووە سەر خوێندن لە دەرسیمدا و لە ساڵی 1950دا، کە ئۆفیسی سەرۆکایەتیی بەجێهێشتووە، دەرسیم لە هەر هەرێمیکی تری تورکیا قوتابخانەی سەرەتایی زیاتر تێدابووە. لەکۆتاییدا، وەک ئینۆنو دەڵێت، هێڵی ئاسن (شەمەندەفەر) کێشەی دەرسیمی چارەسەر کردووە. دواتریش رێگاوبانی تێدا درووستکراوە بۆ ئەوەی ناوچەکە بە بەشەکانی تری وڵاتەوە ببەستێت، "عیسمەت ئینۆنو، یاداشت  ‌Hatirlar، (ئەنقەرە، 1987)، بەرگی دووەم، لاپەڕە 69".

 

سەرچاوە:

گۆڤاری توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژمارە ٤: ٣٥، ١٩٩٩، ل ١ - ٢٥.  

Atatürk and the Kurds

Andrew Mango

Seventy - Five Years of the Turkish Republic

Middle Eastern Studies, (1999) 35: 4, 1 - 25,

 

ئەندرو مانگۆ     Andrew Mango ،  ١٩٢٦ - ٢٠١٤

نووسەر و ڕۆژنامەنووس و کتێب دانەرێکی بەریتانییە و لە تورکیا لەدایکبووە و یەک لە سێ کوڕی دواتر ناوداری خێزانێکی ئەنگلۆ - ڕووسیی دەوڵەمەند بووە. خوێندنی لە زانکۆی لەندەن تەواو کردووە و منداڵی و بەشێک لە گەنجی لە ئەستەمبووڵ بەسەربردووە. ساڵی ١٩٤٧ بەیەکجاری شوێنی نیشتەجێبوونی گواستووەتەوە بۆ بەریتانیا و تا مردن لە لەندەن ژیاوە. چەند بڕوانامەیەکی لە زانکۆی لەندەن بەدەستهێناوە و یەک لەوانە دکتۆرایەکە لە ئەدەبی فارسیدا. کاتێ کە خوێندکار بووە لە ڕادیۆی BBC کاریکردووە و دواتر هەموو کار و فەرمانەکانی لە دەزگای خزمەتگوزاریی دەرەوەدا بووە. ساڵی ١٩٨٦ خانەنشین بووە و ساڵی ٢٠١٤ لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە. لەبەرئەوەی پاشخانی خوێندنی لە عەرەبی و فارسیدا بووە بۆی رەخساوە بڕوانامەی ماستەر لە زمانی تورکیی عوسمانیدا بێنێت و دکتۆرایەکی تری لە زانکۆی سواس SOAS لە لەندەن بەدەستهێناوە لە سەر ئەسکەندەری مەزن. ماوەی پێنج ساڵ لە سەر ژیاننامەی ئەتاتورک کاریکردووە. ئەمەی خوارەوە بەشیک لە کتێبەکانێتی:

لە سوڵتانەوە بۆ ئەتاتورکی تورکیا (٢٠٠٩).

تورکیا و جەنگی تێرۆریزم (٢٠٠٥).

تورکەکان لەمڕۆدا (٢٠٠٤).

ئەتاتورک: بایۆگرافیی دامەزرێنەری تورکیای نوێ (١٩٩٩).

تورکیا: تەحەدای ڕۆڵێکی نوێ (١٩٩٤).

دۆزینەوەی تورکیا (١٩٧١).

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×