ئەمڕۆ پەیامنێری تەلەفزیۆنێكی رەسمی ئێران لەئەمریكا دەبرێتە بەردەم دادگا
  2019-01-18       670       
مەرزیە هاشمی پەیامنێری پرێس تیڤی ئێرانی رۆژی یەكشەممەی رابردو لەلایەن پۆلیسی ئەمریكاوە دەستگیركرا

بڕیارە ئەمڕۆ(هەینی) مەرزیە هاشمی، پەیامنێری تەلەفزیۆنی "پرێس تی ڤی" كە تەلەفزیۆنێكی رەسمی ئێرانە لەئەمریكا ببرێتە بەردەم دداگا، ئەوەش دوای چەند رۆژێك لەمەوبەر لە یەكێك لە فڕۆكەخانەكانی ئەو وڵاتە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركرا.

ئاوێنە: مەرزیە هاشمی، پەیامنێری پرێس تی ڤی كە لەدایكبوی ئەمریكایە، رۆژی یەكشەممەی رابردو كاتێك بۆ سەردانی خێزانەكەی دەگەڕایەوە ئەمریكا لە فڕۆكەخانەی "سانت لویس" لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی ئەمریكاوە ناسراو بە ئێف بی ئای دەستگیركرا. 

بەپێی هەواڵێكی دوێچەڤیلە بڕیارە ئەمڕۆ ئەو پەیامنێرەی تەلەفزیۆنە ئێرانییەكە لە واشنتۆن ببرێتە بەردەم دادگا كە هێشتا ئەو تۆمەتانە ئاشكرا نین كە دراونەتە  پاڵی و پۆلیسیش تا ئێستا لەبارەی هۆكاری دەستگیركردنییەوە هیچ رونكردنەوەیەكی نەداوە.

بەڵام پرێس تی ڤی رۆژی چوارشەممە لەبەیاننامەیەكدا لەبارەی دەستگیركردنی پەیامنێرەكەیەوە رایگەیاند"مەرزیە هاشمی، هاوڵاتی 59 ساڵەی ئەمریكی كە 25 ساڵە لەئێران نیشتەجێیە وەك شایەت لە كەیسێكدا دەستگیركراوەو هیچ سكاڵایەك دژ بەو تۆمارنەكراوە."

بەپێی میدیاكانی سەر بە حكومەتی ئێران، مەرزیە هاشمی تا دوای 48 كاتژمێر لەدەستگیركردنی نەیزانیوە لەسەر چی دەستگیركراوەو دواتریش لە پەیوەندیدا بە خێزانەكەیەوە باسی لەوە كردوە كە پۆلیس خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا كردوەو قسەی نەشیاویان پێوتوە ئەوە وێڕای ئەوەی دەست و قاچیان كەلەپچە كردوە.

بەپێی یاساكانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، دەسەڵاتی دادوەری دەتوانێت فەرمانی دەستگیركردنی كەسێك وەك شایەت لە كەیسێكی دادگادا دەربكات بەو مەرجەی بەڵگەی ئەوە هەبێت كە ئەو كەسە لەڕێگەی ئاگاداركردنەوەوە نایەتە دادگا.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×