''ئەبوبەکر بەغدادی بەهۆی پروشکی مووشەکێکەوە ئیفلیج بووە''
  2019-07-31       1392       
سەرۆکی یەکەی هەواڵگری سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ''ئەبوبەکر بەغدادی بەهۆی پروشکی مووشەکێکەوە لە پشتییەوە برینداربووە و ئیفلیج بووە''. 

ئاوێنه‌: لەمیانی لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئەبو عەلی بەسری، سەرۆکی یەکەی هەواڵگەریی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاندووە کە دوای هێرشیکی ئاسمانی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرۆکی رێکخراوی تیرۆریستی داعش برینداربووە و دواتر ئیفلیج بووە.

هاوکات بەپێی وتەکانی بەسری لەکاتی بۆمبارانی فرۆکەکان پارچەیەک لە پروشکی مووشەک بە پشتی بەغدادی کەوتووە و دواتر رووبەرووی ئیفلیج بووەتەوە.

ئەو بەرپرسە عێراقییە وتیشی، ''دوای دۆڕانی داعش لەرووی سەربازییەوە لە عێراق و سووریا، ئیبراهیم عەواد بەندەر ئەلسامەرائی-ی ناسراو بە ئەبوبەکر بەغدادی لەژێر مەترسیدایە. لەئێستادا لەگەڵ ژمارەیەک هاوکاری عەرەب و بیانی لە سووریایە''.

ناوبراو رایگەیاند  ''کاری سەرەکی بەغدادی رێگریکردنە لە سیخور بۆ نێو ریکخراوەکەی و ژمارەیەک گۆڕانکاری کردووە لە شوێنی ئەو تیرۆریستانە کە لە نەینەوا و سەلاحەدین و ئەنبار و ناوچەکانی دیکە کوژراون''.

ئەو بەرپرسە هەواڵگرییەی عێراق رایگەیاند لەمیانی هێرشەکانی ساڵی ٢٠١٨ بۆناوچەی حەجین-ی سەر بە دەیرەزۆر لەکاتی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکان کۆبوونەوەیەکی بەغدادییان کردووەتە ئامانج و لەئێستادا بەغدادی ئیفلیج بووە. سەرەڕای هەواڵی کوژرانی بەغدادی، لە بەرواری ٢٩ی نیسانی ٢٠١٩ گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکرایەوە کە بۆ ماوەی ١٨ خولەک قسە دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×