لیرەى تورکیی بەرامبەر دۆلار داڕووخانى مێژوویی تۆمار کرد
  2023-09-27       1206       

دواى هەڵبژاردنەوەى ئەردۆغان بۆ پۆستى سەرۆکایەتى تورکیا دابەزینى بەهاى لیرەى تورکی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکیی بەردەوامە و ئەمڕۆش لە بازاڕەکانی جیهاندا ١٠٠ دۆلارى ئەمریکیى بەرامبەر دوو هەزار و ٧٢٧ لیرە مامەڵەی پێوە کرا.

ئەمڕۆ دابەزینى بەهاى لیرەى تورکیی لە بازاڕەکانى جیهاندا لە بەرامبەر دۆلارى ئەمریکى ئاستێکى پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک لە ئێستادا هەر ١٠٠ دۆلارێکى ئەمریکى بەرامبەرە بە دوو هەزار و ٧٢٧ لیرەى تورکیی.

لە مێژووی دراوی تورکییدا، ئەمە جاری یەکەمە دابەزینی بەم شێوەیە بە خۆیەوە دەبینێت، لە ماوەکانى ڕابردووشدا بانكی ناوەندیی توركیا چەندین ڕێكاریان بە مەبەستى ڕێگەگرتن لە دابەزینی زیاتری بەهای لیرە گرتە بەر، بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لیرە زیاتر بەهاكەی خۆی لەدەست دەدات.

ئەم دابەزینە لەدوای ئەوەوە دێت، کە ڕۆژى ٢٨ـى مانگى ئایارى ئەمساڵ ئەردۆغان بۆ جارێکى تر، بە سەرۆکى تورکیا هەڵبژێردرایەوە، وەک شارەزایانى بواری ئابوورییش پێشبینیان کردبوو، نرخى لیرەى تورکى بە شێوەیەکى بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی و لە داهاتووشدا بەهۆى خراپى سیاسەتەکانى ئەردۆغانەوە بەهاى لیرە بەرامبەر دۆلار بەهاکەی زیاتر لەدەست دەدات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×