ئابوری جیهان بەهۆی ڕێژەی سوود و جەنگەوە، خاو دەبێتەوە
  2023-10-12       761       

ئا: توانا محەمەد نوری

 

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ هۆشداری دا کە ئابووری جیهان بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود و شەڕی بەردەوام لە ئۆکرانیا و فراوانبوونی ناکۆکییە جیۆپۆلیتیکییەکان، خاو دەبێتەوە.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینی دەکات گەشەی ئابووری جیهانی لە ساڵی ٢٠٢٤دا بۆ ٢.٩% خاو ببێتەوە لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت لەم ساڵدا ٣% بێت.

ئەمە لە کاتێکدا دێت کە هێشتا جیهان بە تەواوی لە قەیرانی کۆڤید کە لە ساڵی ٢٠١٩ سەریهەڵدا هەڵنەساوەتەوە.

زنجیرەیەک شۆک، لەوانە پەتای کۆرۆنا و شەڕی ئۆکرانیا، بەرهەمی ئابووری جیهانی لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بە بەراورد بە سالەکانی پێش کۆرۆنا بە ڕێژەی نزیکەی ٣.٧ ترلیۆن دۆلار کەمکردوە.

پێش کۆبوونەوەکانی سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی نێودەوڵەتی لە مەغریب پیێر ئۆلیڤێر گۆرێنچاس، ئابوریناسی سەرەکی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە ڕۆژنامەنووسانی وت: "ئێمە لە ئێستادا ئابوورییەکی جیهانی دەبینین کە بە دارەشەق دەڕوات".

پێشبینییەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بۆ گەشەکردنی لەسەدا ٣ لەمساڵدا لەچاو ٣.٥% لە ساڵی ٢٠٢٢ دابەزیوە بەڵام لە پێشبینییەکانی مانگی تەمموزی سندوقەکەدا نەگۆڕاوە.

ئابووری چین کە زۆرێک لە شارەزایان پێیان وایە ئابووریی ئەمریکای تێپەڕاندووە و بووەتە گەورەترین ئابووری جیهان، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بە ڕێژەی ٥% و لە ساڵی ٢٠٢٤دا بە ڕێژەی ٤.٢% گەشە بکات.

سندوقی دراوی نێودەوڵەتی پێشبینییەکانی گەشەی ئەمریکا بۆ ئەمساڵ بۆ 2.1% و بۆ ساڵی 2024 بۆ 1.5% بەرزکردۆتەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×