هیومان رایتس ۆوچ: لەئێران سەركوتكارییەكی بەردەوام هەیە
  2019-01-19       513       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ رایگەیاند لەساڵی رابردودا دەسەڵاتدارانی ئیران لەوەڵامی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی سەرتاسەری ئەو وڵاتەدا بەرامبەر بە خراپی دۆخی ئابوری، گەندەڵی و نەبونی ئازادی سیاسی و كۆمەڵایەتی، هەڵمەتێكی دەستگیركردنی فراوانی بەڕێوەبردوەو پێشێكاری مەترسیداری لەرێكارە یاساییەكاندا كردوەو بەدەستگیركردنی پارێزەران، داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ و چالاكوانانی مافەكانی ژنان، سەركوتكردنی چالاكییە ئاشتیخوازانەكانی زیاتر كردوە.

ئاوێنە: رێكخراوەكە لە راپۆرتی جیهانی ساڵی 2019ی خۆیدا رایگەیاندوە لە 24ی كانونی دوەمی ساڵی رابردوەوە، دەزگای هەواڵگری سەر بە سوپای پاسداران هەشت چالاكوانی ژینگەپارێزی دەستگیركردون بە تۆمەتی بەكارهێنانی پرۆژەكانی ژینگە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری نهێنی ستراتیژی، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك بخاتەڕو. 

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لە 10ی شوباتدا خانەوادەی كاوس سەید ئیمامی، كە چالاكوانێكی ژینگەپارێز بوە، رایانگەیاندبو كە ناوبراو لە زینداندا گیانی لەدەستداوە، كە دەسەڵاتدارانی ئێران بانگەشەی ئەوەیان كردبو كاوس خۆی كوشتوە بەڵام هیچ لێكۆڵینەوەیەكی بێلایەن لەبارەی گیان لەدەستدانییەوە ئەنجام نەدرا.

سارە لی ویتسن، بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە رێكخراوەكە رایگەیاندوە كە سەركردەكانی ئێران بە هۆكاری كێشەكانیان دەزانن، بەڵام سەیری ئەو سەركوتكارییە رێكخراوە ناكەن كە لەناوخۆی وڵاتدا ئەنجامی دەدەن و بۆتە هۆی بێهیوایی ئێرانییەكان. دەزگای ئاسایشی ئێران و دەسەڵاتە دادوەرییە سەركوتكارەكەی كە وەڵامدەرەوەی داخوازییەكان نییە، مەترسیدارترین لەمپەری بەردەم رێزگرتنی مافەكانی مرۆڤ و داكۆكی كردنن لەو مافانە.

رێكخراوەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەساڵی 2014ەوە دەزگای هەواڵگری سوپای پاسداران لانیكەم 14 كەسی بیانی یان خاوەن دو رەگەزنامەیان دەستگیركردون كە دەسەڵاتداران بانگەشەی ئەوە دەكەن پەیوەندیان لەگەڵ دەزگا ئەكادیمی، ئابوری و كولتورییەكانی رۆژئاواوە هەبوەو لەسەر بنەمای چەند تۆمەتێكی وەك "هاوكاریكردنی وڵاتی دوژمن" دەستگیركراون و بێبەشكراون لەدادگاییكردنێكی دادپەروەرانەو ئێستاش لەزیندانەكاندان.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە دەسەڵاتدارانی ئێران هەزاران كەسیان لەخۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردودا دەستگیركردوە بەهۆی بەكارهێنانی مافێكی رەوای خۆیان كە ئازادی تاكەكەسییە، لەچەند دادگاییكردنێكی ناعادیلانەدا، سزای قورسیان داون. 

ئاماژەی بەوەشداوە لەكاتێكدا كە تا مانگی تشرینی دەوەم لانیكەم 30 كەس بە هێزە ئەمنییەكانیشەوە لە خۆپیشاندانەكاندا كوژراون بەڵام دەسەڵاتدارانی ئیران هیچ لێكۆڵینەوەیەكی متمانەپێكراویان لەو بارەیەوە ئەنجام نەدا.

هەروەك باسی لە سێدارەدانی پێنج كەسیشیان كردوە لەسەر تاوانەكانی مادە هۆشبەرەكان لەكاتێكدا جێبەجێكردنی ئەو یاسایە بۆ ئەو تاوانبارانی مادە هۆشبەرەكان لە 2017ەوە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە راگیرابو.

باسی لەوەش كردوە لە دیسەمبەری 2017و كانونی دوەمی 2018دا لە چەند شوێنێكی جیاجیای ئەو وڵاتە ژمارەیەك لە ژنان وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر بە یاسای حیجابی زۆرەملی، لەچكەكانیان لابرد، دادگاكان ژمارەیەك لەو ژنانەیان بە زیندانیكردن سزادا.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە حكومەتی ئێران پەیڕەوی جیاكاری دەكات بەرامبەر بە ئایینە كەمینەكانی وەك بەهایی و هەروەها موسڵمانانی سوننە. هەروەك جیاكاریش دەكات بەرامبەر بە نەتەوەكانی وەك كورد و ئازەری و عەرەب و بەلوچ.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×