بۆتاش: بۆری نەوتی نێوان توركیا - عێراق ئامادەیە بۆ دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان
  2023-10-14       833       


تورکیا لەسەرەتای مانگی 9 (ئۆکتۆبەر)ی ئەمساڵه‌وه‌ بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە بۆری نەوتی نێوان هەردو وڵات ئامادەیە بۆ دوبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.  

ئاوێنه‌: بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی عێراق ئۆیل ریپۆرت، سه‌ره‌تای‌ مانگی‌ 10ی‌ ئه‌مساڵ، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی تورکیا ناسراو بە (بۆتاش) نامه‌یه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ناردوه‌و تێیدا بەشێوەیەکی فەرمی بەرپرسانی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا لەناو خاکی تورکیا ئامادەیە بۆ گواستنەوەو بارکردن‌و کۆگاکردنی نەوت.

11ی‌ ئه‌م مانگه‌ش، محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لەکۆنفرانسێکی وزە لەمۆسکۆی پایتەختی روسیا جەختی لەوە کردەوە، تورکیا بەفەرمی حکومەتی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە ئامادەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی 25ی مانگی ئاداری‌ ئه‌مساڵ، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه‌ بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستان‌و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بوو.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×