بەرپرسێكی حەشدی شەعبی گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكان بە گۆڕەپانی بەدڕەوشتی وەسفدەكات
  2020-01-16       708       
بەرپرسێكی هێزەكانی حەشدی شەعبی، هەڕەشە لە خۆپیشاندەرانی عێراق دەكات و گۆڕەپانی خۆپیشاندانەكانیش بە گۆڕەپانی بەدڕەوشتی وەسفدەكات، راشیدەگەیەنێت، ئەو گۆڕەپانانە بە تەواوی دادەخەین كە بوونەتە شوێنی سیخوڕیكردن و بەرەڵایی.

ئاوێنە: عەلی حوسەینی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی میحوەری باكووری حەشدی شەعبی، لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی، كە ئەمڕۆ ١٥-١-٢٠٢٠، بڵاویكردووەتەوە، هێرشێكی توند دەكاتە سەر خۆپیشاندەرانی عیراق و بە سیخوڕ و كرێگرتەی داگیركەران وەسفیان دەكات.

راشیدەگەیەنێت: رۆژی هەینی ئێمە بەشداری لە خۆپیشاندانی ملیۆنی دەكەین و داوای دەركردنی هێزە بیانییەكان دەكەین، دەبێ هێزی داگیركەر لە وڵات دەربكەین، ئەوانەشی بەمە رازی نین، با بڕۆن و وڵات جێ بهێڵن.

بەرپرسەكەی حەشدی شەعبی، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریرو گۆڕەپانەكانی دیكەی عیراق، بە كەسانی نزم و پەروەردەكراوی بەعس وەسفدەكات و دەشڵێت، چیتر عیراق جێگەی سیخوڕ و ئەو بەدڕەوشتانە نابێتە كە لە گۆڕەپانەكاندا خۆپیشاندان دەكەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×