یەكێتی پەڕلەمانتاران:خێرە تەنها باسی موچەی پەڕلەمانتاران دەكرێت
  2020-01-16       1669       
یەكێتی پەڕلەمانتارانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ نیگه‌رانییه‌كان له‌سه‌ر زۆرى موچه‌ى خانه‌نشینى په‌رله‌مانتاران هاته‌ ده‌نگ و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: خێرە تەنها باسی موچەی پەڕلەمانتاران دەكرێت و باسی كەسانی دیكە ناكرێت.

ئاوێنه‌: جەمال قاسم سەرۆكی یەكێتی پەڕلەمانتارانی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەگەڵ هەموو جۆرە چاكسازییەكدان لەخزمەتی خەڵكی كوردستاندا بێت، بەڵام گلەییان هەیە لەوەی وادەرخراوە، كە زیاترین كیشە لەسەر خانەنشینی پەرلەمانتاران بێت، لەكاتێكدا خۆیان بەگەندەڵ نازانن و هیچ گەندەڵییەكیان نەكردووە.

وتیشى: كاتی خۆی بەیاسا لەپەڕلەمان بڕیار لەموچە و خانەنشینی پەرلەمانتاران دراوە، واتە نایاسایی نەبووە، بۆیە ئێستاش گۆڕینی بڕیارێك یان یاسایەك كە پێشتر لەپەرلەمانەوە دەرچووە ناونانرێ چاكسازی، بەڵكو گۆڕانكارییە، بەهۆی ئەمەشەوە بووە، كە ئێستا لەهەموو شوێنێك باسی پەرلەمانتارانە و شكۆیان شكێندراوە.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو:فەقیر كە لەناو بازاڕ كاردەكات بێگومان پێی ناڕەوایە كە پەرلەمانتارێك شەش ملیۆنی هەبێت، بەڵام ئەی لەدنیادا خەڵك بۆچی دەخوێنێت؟ بۆچی خۆی پێدەگەیەنێت؟ بۆئەوەیە كە داهاتوویەكی باشی هەبێت، ئەگەر لەكوردستان بیكەن بەیاسا هەموو كەس بەنمونە 500 هەزار دینار موچەی هەبێت، ئەو كاتە كەس هەوڵ بۆ پێگەیاندن و داهاتووی خۆی نادات.

جەمال قاسم ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا:شتێكی ئاساییە كەسێك زۆر ماندوو بوبێت و خزمەتی زیاتری كردبێت و زۆر خوێندبێتی، ئاستی ژیانی باشتر بێت، ئەمەش یەكێكە لەو هەنگاوانەی كۆمەڵگە پێشدەخات، ئەگەر جیاوازی لەنێوان خەڵكدا نەبێت، ئەوا كۆمەڵگەش ڕادەوەستێت و پێشناكەوێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×