رەوشی سودان دوای لابردنی عومەر بەشیر بەرەو كوێ؟

کەمال محەمەد
  2019-04-12     1043
دوای ئەوەی ساڵی ١٩٨٩ عومەر بەشیر بەكودەتایەك دەستی بەسەر دەسەڵاتی سوداندا گرت دەستی كرد بە پاكتاو كردن و تەسفییەكردنی نەیارەكانی ،ئەمەیە سیفەتی سەركردەیەكی دیكتاتۆر لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتەكەی خۆی بۆ ماوەیەكی درێژ  تەواوی دەسەڵات و یاساكان ئەخاتە ژێردەستی خۆیەوە و رێگا بە ئازادی و بیرو رای جیاواز نادات و تەنها بیرو سیاسەتی خۆی ئەكاتە بنەما بۆ دەسەڵاتدارێتی بەجۆرێك كە سۆسیۆلۆژیای سیاسی بە رێژەیەكی زۆر لای سەركردەی دیكتاتۆر و خۆسەپێن رەنگی داوەتەوە ،ئەمە لە كاتێكدایە كە دەسەڵات لەسەردەمی بەشیردا بۆ خۆی بە مانای دژە دیموكراسی و نەبونی ئازادی و دیموكراسی دێت ،ئەم پێڕەوە لە دەسەڵات تا دەهات كۆمەڵگای سودانیان لەناو ئەبرد و  لە ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتی شوێنی پیاوان و لایەنگرانی خۆیان لە نهۆمی هەرە سەرو دانرابوو  كە هۆكاری سەرەكی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی چینایەتی و بۆرژواز بوو ،لەم كاتەدا دوای نزیكەی ٣٠ ساڵ فەرمانرەوایەتی بەشیرلە رێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە ناوبراو لە پۆستەكەی دورخرایەوەو دەستگیر كرا ،لەگەڵ بیستنی كودەتاكە شەقامەكانی شارەكان بو بە مەیدانی بەرگری گەنجەكان و ئەوانەی چاوەرێی ریفۆرم و رۆشنگەری بوون و گۆڕەپانەكە فراوانتر بوو كاتێك دەنگە نارازییەكانی بەروی خۆیدا كەمەندكێش كرد ،

هەرچەندە لابردن و كۆتایی هێنان بە هەر دەسەڵاتێكی ستەمكارو دیكتاتۆر هەنگاوێكی گرنگە بۆ قۆناغەكانی داهاتوی شۆڕشگێڕی ،بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە گۆڕانكارییەكان تەنها بریتی نەبێت لە گۆڕینی كەسەكان بە هەمان  میتۆدی عەقڵی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییەوە وەك ئەوەی لە دوای بەهاری عەرەبی چەند وڵاتێكەوە بینرا دوای شۆڕش و ریفۆرمگەری هاوڵاتیان  ،بەڵكو دەبێت گۆڕانكارییەكان قۆناغێك پەسەند بكات یاخود هەنگاوی بۆ بنێت كە زۆرترین كاریگەری لەسەر سیستەم هەبێت و گۆڕانكارییەكە ببێتە هۆی قەرەبوكردن و سارێژكردنی ئەو برین و ئازارە گەورانەی كە گەل لەمیانەی دەسەڵاتی دیكتاتۆرییەوە چەشتویەتی ،

ئێستا گەلی سودان هەنگاو بەرەو قۆناغێكی مێژوویی ئەهاوێژێت ،مێژویەكی بەم شێوە رەنگە ببێتە كۆڵەكەی هەنگاونانی سودان كە نەرمبونی ئازادی لەگەڵ خۆیدا بێنێت،چون ئازادیش هەمەرەنگی دەخوڵقێنێ و ئومێدەكانی یەكسانی و دیموكراتی لەناونابات و كار بۆ ئەنجامگیركردنیان ئەدات ،بۆیە لەم كاتەدا ئەوەی گرنگە بۆ گەلی سودان دوای لەكار لادانی عومەر بەشیر هەڵبژاردنی هەنگاو و بەرنامەیەكی راستە بۆ چۆنێتی دارشتنەوەی سیستەمێك كە دیموكراتی تێدا پراكتیزە كرابێت و لەلایەن خواست و بەرژەوەندی گشتی گەلەوە رێكبخرێ و لە میانەی ئیرادەیەكی دیموكراتیانەوە دەست نیشان بكرێت ،هەلبەتە رێكخستنی گەل پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل لەم خاڵەدا دەرئەكەوێت كە ئەوانەی عاشقی دیموكراسی نین و هەوڵەكانیان تەنها بۆ گۆڕینی ستەمكارێكە بۆ ستەمكارێكی دیكە ئاشكرا دەبن ،بۆیە قۆناغی ئێستای سودان  لە دۆخێكدایە كە ناتوانرێت بریاری كۆتایی لەسەر بدرێت و لە ماوەكانی داهاتودا هەمو لێكدانەوەكان بە ئەنجامی خۆیان ئەگەن .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×