هه موو ده سه ڵاتێکی سیاسی ته مه نی خۆی بەو "سیستەمانەی" که دروستی دەکات و ئەو "ناکۆکیانەی" کە دروستی دەکات دیاری دەکات. ئەم دەسەڵاتانەی کە تەنیا بۆ بەردەوامبوونی "کۆنترۆڵ" کردن داڕێژراون، زۆرجار تۆوی پووچەڵکردنەوەی خۆیان لەناو خۆیاندا هەڵدەگرن!
لە کاتێکدا ڕەنگە ڕێڕەوی ڕژێمێکی سیاسی بە ساتەکانی قەیران و بوژانەوە خاڵبەندی بکرێت، بەڵام مانەوەی کۆتایی پەیوەستە بە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی (یان سەرکوتکردنی) ئەو هێزانەی کە بەبێ ئاگاداری خۆی بۆ ڕووخانی خۆی بەرهەمی دەهێنێ.
ئەزموونی حیزبی بەعس لە دەسەڵاتی سیاسیدا؛ سەرخەتی توێژینەوەیەکی زۆرەملێ لەم جۆرە داینامیکییانە پێشکەش دەکات کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا. ڕژێمی بەعس کە هەم وەك حزبی و هەم وەک دەزگایەکی دەوڵەتی سەریهەڵدا، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا گەیشتە لوتکە کاتێک سەرکردە سەربازییەکان جێگەی سیاسەتمەدارانی مەدەنییان گرتەوە، ئەمەش پێکهاتەیەکی دەسەڵاتی خێڵەکی و بنەماڵەیی زۆر ناوەندگەرایی هێنایە ئاراوە.
بە تێپەڕبوونی کات؛ ئەم چەسپاندنە زیاتر بەرتەسک بوو. لە "هۆزێکەوە" لە ناو دێی عۆجەی تکریتەوە بۆ "یەک بنەماڵە" و دواجاریش بۆ "دەسەڵاتی تاکەکەسی" سەدام حوسێن.
هەر قۆناغێکی ئەم پەرەسەندنە "ناسکی و درزی زیاتری" بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە ململانێ ناوخۆییەکان کە بە شێوەیەکی توند دوای شکستی جەنگی کەنداو دەرکەوتن یەکگرتوویی ڕژێمەکەیان سەرەتا وەکو "ئایدیۆلۆژیا" لەناوبرد، بۆیە "هەڵمەتی جیهادی وئاینی" کە بەعس لە سەرەتاو لە ناوەڕاستی نەوەدەکان دەستی پێکرد، پڕکردنەوەی بۆشاییەك بوو، بە ئایدیۆلۆژیایەکی توندتر لە ڕووی سەرکوتی خەڵکی عێراق، بەڵام جێگۆڕکێ ئایدیۆلۆژیا تەنیا شوناسی ئەو ڕەهەندە ماتانەی زیندوو کردەوە کە لە نێو حیزب و دەسەڵاتەکە هەبوون بەڵام، نەیتوانی "بوونی سیاسی" ئەم حیزبە لە چارەنووسە لێژە پر لە قەیرانەکەی چارەسەر بکات، بەعس تەنیا وەکو ڕژێمێکی سەربازی دووچاری ڕووخان نەبوو، بەڵکو هەموو ئەو داستانەی لەسەری دامەزرا "دەق" و "ئایدیۆلۆژیا" وەکو" تەرم" بیست بۆ بیست و پێنچ ساڵێك بەر لە ڕووخانی ٢٠٠٣ لەسەر شانی خۆی باریکردبوو.
مێژووی ڕژێمی بەعس تەنیا حیکایەتێکی شکستی سەربازی یان گەمارۆ ئابوورییەکان نییە؛ مێژوویەکە کە چۆن:- ناسیۆنالیزم، خێڵ، سەرکوتی سیاسی، پایەکانی ڕووخانی دواڕۆژی دەسەڵات پێکدەهێنن. ناکۆکی ناسیۆنالیستی و شۆڤێنیزمی نەتەوەیی، لە کاتێکدا بە ڕووکەش یەکدەگرن، زۆرجار شکان یان "بۆشایی" قووڵتریان لەم سێتە توندە هەڵگرتووە.
ئەم ستراتیژانە لە کۆکردنەوەی کۆکتێلێك لە لقە ئایدیۆلۆژیە توندڕەوەکاندا؛ شانبەشانی ڕیزبەستنی بەرژەوەندی ئیقلیمی و جیهانی لە "هەبوونی" بەعس تەمەنی ڕژێمەکەو ئەزموونەکەیان درێژکردەوە لەسەر بنەمای ڕۆژێك کە ڕیزبەستنی ئەم بەرژەوەندیانە هەڵدەوەشێ و ئەزموونەکە دەڕوخێت! ئەرکەکانی ئەو جەنگە گەورانەی ئەم ڕژێمە کردی (شەڕی ئێران و عێراق و لەشکرکێشی بۆ سەر کوێت) تەنیا هۆکاری ئەوە نەبوو کە حیساباتی سەربازی و ستراتیژی هەڵەبوو، بەڵکو دەرئەنجامی ڕمانی ئابوری و ئایدیۆلۆژی بوو.
تاکتیکی جەنگ و (بوون بە کڕیارێكی جیهانی بازاڕی چەك) چەندە هۆکاری درێژکردنەوەی تەمەنەی دەسەڵاتەکە بوون لە ڕێگای ئەوەی ببێ بە ڕەگێك لە بەرژەوەندی کارتێلە ئابوریەکانی جەنگ، بەڵام هاوتەریب لە گەڵ ئەم تەمەن درێژبوونەوانە "هەرەسی ڕەمزی ومەعنەوی سەرخانی" بەعسیان خێراتر کرد، تەرمەکەی سەرشانی زیاتر بۆگەنی دەکرد.
ئەم داڕمانە ڕەمزییە "لەدەستدانی شەرعیەت لە چاوی خەڵک و خەیاڵی سیاسی کۆمەڵگادا" چەندین ساڵ پێش ڕووخانی ڕاستەقینە کەوتبوو، بەڵام ئیگۆی ئایدیۆلۆژی بە سەرکوتکردنی زیاتر دەیویست خۆی نەبان بکات، بەڵام :-
مەودای نێوان "داڕمانی هێمادار" و "جەستەی ڕاستەقینە" دەتوانێ لە جەمسەری جیاوازی مێژوو خۆی بنوێنێ، بەڵام لە کۆتاییدا لە چارەنووسی حەتمیدا بە یەکتر دەگەنەوە. لە زۆربەی ئەزموونە هاوشێوەکاندا؛ زۆرجار ڕژێمەکان هەوڵدەدەن هەر گوتارێک لەسەر ئەلتەرناتیڤ سەرکوت بکەن، لە ترس و تۆقینی ئەوەی کە "داهێنانی سیاسی ڕاستەقینە" ڕووبەرو مەودای داڕمانی مەعنەوی حەقیقی کورتر بکات.
ڕوانگەی سیاسی ئەگەر تەنیا پشت بە جیۆپۆلیتیک ببەستێ وپشت لە داینامیکیەتی فەلسەفەو مێژوو بکات، هەمیشە ئەو پرسیارە نیوەچڵانە دەوروژێنێ کە پێشوەختە دۆخێك دروست دەکات کە "وەڵام" ی شل و شیواو دروست دەبێ، بۆیە گرنگە ئەو پرسیارنە بکەین کە پانتایی وەڵامدانەوە ئاوەڵا دەکات بە هێزێکی زیاتری لۆژیک:-
چۆن دەسەڵاتە سیاسیە خراپەکان درێژە بە تەمەنی خۆیان دەدەن لە کاتێکدا ئەو حیکایەت و چیڕۆکانەی خۆیان پێ هێنایە ناو مێژوو دەمێکە لەبەرچاوی هاوڵاتیان کرمێ بووە؟ نهێنی ئەو هەڵ و مەرجانە چین بۆ ئەوەی گۆڕانکاری ڕاستەقینە ڕووبدات نەك تەنیا تەرمی ئایدیۆلۆژیای بارکراو بەڵکو ڕژێمەکەش بگا بە چارەنووسی شایەن بە خۆی؟
وەڵامە باوەکان ئەوەیە "مەگەر فاکتێکی دەرەکی گەورەتر لەو ڕژێمە" دروست بێت، یان گرەو لەسەر زۆرانبازی بەرژەوەندو ئۆتۆریتەی بلۆک و کەسایتیە لۆکەڵەکانی هەمان سیستەم بکرێت، بەڵام زۆربەی خەیاڵە سیاسیەکان لە ئارایشدانی "ئەلتەرناتیڤ"دا وا دەزانن توندوتیژی "مێژوویی" تەنیا موڵکی ڕژێمەکانە! بۆیە هەمیشە هاوکێشەیەك دروست دەبێ کە ئاڵۆزی زیاتر دروست دەکات لە بری وەڵام، کاراکتەرێك و بزوتنەوەیەک ناتوانن بستێك لە مێژوو بگۆڕن، ئەگەر چاویلکەی مێژوو واببینن کە ئەوان تەنیا ڕۆڵیان وەرگرتنی "توندو تیژی واقیعی و ڕەمزیە".
هەمیشە ئاراستەی توندو تیژی ڕژێمەکان تاکڕەهەندیەو هێزە نهێنیەکەشی تەنیا لە "بەردەوامی و دووبارەکردنەوەی" توندوتیژیە. لێرە توندو تیژی تەنیا پۆلیسێك و کێبلەکەی نیە، بەڵکو هەموو ڕۆژێکی ژیانی ئەم ڕژێمانە "توندوتیژی ئابوری" و فراوان کردنەوەی نەك تەنیا بەندیخانە ڕاستەقینەکانە، بەڵکو پەرەپێدان و بنیات نانی "بەندیخانەیە لە نێو خەیاڵی تاك تاکی هاوڵاتیانی شەکەت" دارکاری ڕەمزی هاوڵاتیانە نەك تەنیا لەسەر شەقامەکان بەڵکو لە نێو تاریکی بەندیخانەکانی خەیاڵ و خەونی خۆیان!
دۆخی لەم بابەتە تەنیا پیویستی بە وەڵام نیە، بەڵکو ڕیزێك لە پرسیارە کە بە "چۆن؟" دەست پێدەکات.
ئەم ئەکتەرانەی کە دەیانەوێ مامەڵە لە گەڵ سوچە جیاوازەکانی ئەم دۆخەو ئەم جۆرە لە ڕژێمی سیاسی بکەن، دەبێ لە پراکتیسدا بەر لەو ئامانجانەی بەتەمان یبەنەوە بیر لە هەموو ئەو "دۆڕاندنانە" بکەنەوە کە چاوەڕێیان دەکات.
تاکە ئەژدیهای مێژوو "توندوتیژی" بە مانا هەرە فراوانە سیاسی وئابوری وکۆمەڵایەتیەکەی؛ بوار هەیە نوکە تیژەکەی بشکێنرێ، یان ڕوو لە خاونەکەی بکرێتەوە؟ چۆن ئەم وەرچەرخانە بەدەست دێت؟ ڕەنگە لەو خاڵەوە دەست پێبکات کە لە ڕووی مێژوویەوە تۆ وێستگەی داهاتووی دۆخەکەت ڕوونتر لێ دیارە! خۆت لە ئێستا نابینی، بەڵکو سەرداری وێستگەکەیتیری.
بۆ ئەوەی ئەکتەرێکی مێژوویی لەم بابەتە بەلای کەمی لە هەنگاوی یەکەمدا سەرکەوتوو بێت، سەرەتا دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخی مێژوویدا تەنیا مەلیک و دارودەستەکەی نەبینی، بەڵکو لەو سێبەرە درێژکراوانە دەست پێبکات کە وەکو ئاشێک "هەژموون" دووبارە دەکەنەوە.
لەو "نێوەندگیرو" کاراکتەرانە دەست پێبکات کە ڕۆڵی "پاراسیتۆل"ی سیاسی و ساردکەرەوەی ئایدیۆلۆژی دەبینن، ئەم توێژە ئەگەر جار ناجار هەڕەشەش لە سیستەمەکە بکات بۆ ئەوە دەیکات کە "شەرعیەت"بداتە ئەم نێوەندگیریە، درێژەدانە بە گرێبەستێکی تاکلایەنەی بەرژەوەندی یەك رەهەندی.
ئەم ئەرکە دووانەیە؛ ناشتنی تەرمی سیاسی و نەهێشتنی مەودای مانەوەی ڕاستەقینە کە لەناوچوونی یەکجارەکی دوادەخات، وادەخوازێ پراگماتیزم مانایەکترو پێناسەیەکیتری تەواو جیاوازی هەبێت.
لێرەوە دەستەواژە هەر گرنگەکەی سیاسەت و فیکر "دیسپلین" ڕۆڵی ئەو کلیلە دەبینی لە دروستکردنەوەی نەك تەنیا بزوتنەوەیەکی سیاسی شێلگیر بەڵکو لە دروستکردنەوەی ئەم "جۆرە لە مرۆڤی سیاسی" کە بەر لە هەموو شتێك خۆی لەو زیندانە ڕەمزیەی خەیالی سیاسی ڕزگار دەکات، چونکە ڕووخانی ڕژێمێک تەنیا لابردنی سەرەکەلەکەی نییە، بەڵکو هەڵوەشاندنەوەی ئەو بیرۆکە و پێکهاتانەیە کە بەردەوام بوونیان بەم جۆرە لە سیستەم دەدا.
تا ئەو پێکهاتانە دەگۆڕدرێن، جنۆکەی نەزمی کۆن بەردەوامە لە هێرشکردنە سەر دیمەنی سیاسی، تەنانەت کە لە دەسەڵاتیش نامێنن. ئەم تێگەیشتنە دەبێ ناچارمان بکات نەک تەنیا میکانیزمەکانی مانەوەی سیاسی بەڵکو لە فەلسەفەی داڕمانی حەتمییەکەی بکۆڵینەوە، داڕمانێک کە لە زۆر ڕووەوە کردەوەی کۆتاییە کە سیستەمەکە خۆی دروستی کردووە، بەڵام تا ئەمرۆش بکەری مێژوویی لێ ی غافڵە!