کۆرۆناو گەشتێك بەناخی خۆماندا

سۆزان سەعید
  2020-05-24     748
لەهەموو هەلومەرجێکدا قەیرانێك دەگوزەرێت چەندەها گۆڕین بەدوای خۆیدا دێنێت. لەم سەردەمەدا، واتە سەردەمی ئەم مانگەی ڤایرۆسی کۆڤید19، قەیرانێکی سەرانسەری لە تەواوی جیهان و لە بوارە جیاوازەکانی ژیان، سەری هەڵداوە. ئەم قەیرانە، تەنها و تەنها ڕووی لە مرۆڤەکان کردووە وەك بوونەوەرێکی سەنتراڵ. لەگەڵ سەرهەڵدانی هەر قەیرانێكیشدا چەندین پرسیاری ئەخلاقی سەرهەڵدەدەن، ئاراستەکردنی ئەم پرسیارانەش وروژاندنی هزری ئەخلاقیمانە کە ناچارمان دەکات بە خوێندنەوەیەکی نوێ وە بە خۆماندا بچینەوە.
قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆنا بۆتە هۆی ئەوەی تەواوی شێواز و رۆتینی ژیانمان بگۆڕین. لەهەمان کاتدا ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری بێ وەڵام بووینەتەوە، ئەوەش ئەنجامی زیندانی بوونمانە لە چوارچێوەی ماڵەکانمان و بچوککردنەوەی خەیاڵ و سەرنجەکانمان کە ساڵەهای ساڵە خود و ناوەرۆکی خۆمانی جێهێشتووە؛ سەرقاڵیی هەمیشەییمان بە کار و ڕۆتینی ڕۆژانەمانەوە جۆرێكە لە هەڵهاتن لە خودی خۆمان.
 ئەمڕۆ بە هۆی مەترسیی نەخۆشیی کۆرۆنا کەوتوینەتە هەل ومەرجێکەوە کە ناچارین هۆشیار ببینەوە و ناوەرۆکی هەست و کردارەکانمان بخەیەنە ژێر پرسیار. ئەم کردارەش، واتە لەخۆ پرسینەوە، وا دەبێتە ئامڕازێک بۆ ناسینەوەی خۆمان وەک بوونەوەرێکی هەمیشە سەرقالی، خۆماندووکەری، هەڵاتوو و خۆلادەر لە لایەنە بەهادارەکانی ژیان. بوونەوەرێک، بۆ خۆخەڵەتاندن لە حەقیقەت دیوارێکی ئەستووری بە دەوری خۆیدا بنیات ناوە.
فایرۆسی کۆڤید19 بووە هۆی ڕاچڵەکاندن و وە ئاگا هێنانەوەمان، تاوەکو بگەڕێینەوە سەرلایەنە مرۆڤیەکانمان و ئاشتکردنەوەی لایەنە ڕۆحییەکانمان. لای ئێمەی مرۆڤ کار گەیشتۆتە ڕادەیەک تەنها  کاتێک ئاوڕ لە جەستەمان دەدەینەوە و هەستیان پێدەکەین کە ئازارمان دەدەن. 
بۆ نموونە، کاتێک پەنجە یان نینۆکێکمان بریندار دەبێ و ئازارمان دەدات، ئەوسا هۆشیار دەبینەوە و دەڵێین: ئا ئەم پەنجەیەش بەشێکە لە من!
بۆرگیز زۆر جوان لە هۆنراوەکانیدا لێی دەدوێت و دەڵێت:
(سەر، دڵ، دەمار، ناوسك، ئێسك و ... هتد، کۆتایی دێنێت بەم پرسیارە: هەموو ئەمانە، منم؟) ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە هەمیشە خۆمانمان لە یاد دەچێتەوە، تەنها لە کاتی قەیرانەکاندا نەبێت. هەر بۆیە ئەمڕۆی قەیرانی نەخۆشیی کۆرۆناش بە هەمان شێواز بەهۆشمان دێنێتەوە کە چاوێكی ڕەخنەگرانە بەخۆماندا بچینەوە، نەك بە جەستەماندا، بەڵکو بە ناوەڕۆک و هزر و ڕۆحماندا. 
ئەمەش وەك لایەنێکی بە مۆرالی کردنی کۆرۆنا لە قەڵەم دەدرێت؛ واتە ئاشتکردنەوەی ئێمەی دورەپەرێزی نامۆ بە خودی خۆمان لەگەڵ بوونی خۆماندا. 
یەکێك لەو کتێبانەی لەم رۆژگاری کۆرۆنادا بۆ خوێندنەوە زۆر گونجاو بوو  کتێبی ``گەشتێك بە ناو ژوورەکەم``[1]. خوێندنەوەی ئەم کتێبە تێی گەیاندم کە گەشتکردن بەناو ژوور یان ماڵەکەمان، گەشتێکە بەناو خودی خۆمان وەك مرۆڤێکی خاوەن هەست. زۆرینەی ئێمە، لەم رۆژانەی قەیرانی کەرەنتینە یان زیندانیکردنی خۆمان لەناو ماڵەکەماندا، ناهۆشیارانە سەرنجی گەورە دەخەینە سەر کەرەستەیەکی دێرین، یان پەراوێز کراوی گۆشەیەکی ماڵەکەماندا. هەنگاوەکانمان لەم ژوور بۆ ئەو ژوور. سەرنج و تێڕوانینمان لەم تاق بۆ ئەو تاق، لەم دۆڵاب بۆ ئەو دۆلاب، لەم چەکمەچە بو ئەوچەکمەچە، چاوەڕوان نەکراوون و لەناکاو کەرەستەیەك چەندە بچووك و بێ نرخی ماتەری هەبێت وەک سەنتەری سەرنج و یادەوەریەکانمان دێنە بەرچاومان؛ وێنە کۆنەکانمان، ئەو یادگاری و بیرەوەریانەی کە هەڵگری ڕابردووی خۆشی و تاڵییەکانمان بون. هەرگیز ناتوانین سەرنجی خۆمانی لێ لابدەین. ئەو کەرەستە ''بێ نرخانەی'' کە لە گۆشە و پەنا شاردراوەکانی ماڵەکەماندا پشتگوێ خرابوون، جارێکی تر لە ئاستماندا زیندوو دەبنەوە و ڕۆح و ناوەرۆکمان ڕادەچڵەکێنن و هۆشیارمان دەکەنەوە، وەک ئەوەی پێمان بڵێن: ئەوە ئێمەین، بەشێکین لە بوون و مێژووی ئێوە!
گەشتی ئەمڕۆم بە چەکمەجەی دۆڵابێکی ماڵەکەمدا بوو. قەڵەمێکی بێ مەرەکەب  لەناکاو بەرەو خۆی رایکێشام، چەندین ساڵ لەوەوبەر هاوڕێیەكم بە دیاری پێی بەخشیبووم. ئەو قەڵەمە وشك و لەکارکەوتووەی ئەمڕۆ، چیرۆکی ئەو سەردەمەی خۆمی بۆ گێڕامەوە. بردمیەوە بۆ ئەو کات و شوێن و دەوروبەرە. بەڵام نکۆڵی نەکرد لەوەی کە ئەو زەمەنە تێپەڕیوە و گەڕانەوەی ئەستەمە؛ جارێکی تر ئەو سەردەمە، نە ئەمڕۆ و نە لەداهاتوودا ناگەڕێتەوە و ڕووداوەکانی دووبارە نابنەوە. ڕەنگە ئەو سەردەمە قەڵەمەکە جێگای بایەخم نەبووبێت، بەڵام ئەمڕۆ بە بێ ویستی خۆم کردمی بە دوو بەشەوە لەخۆمدا. بەشێکم؛ هەست بە ئارەزووی گەڕانەوەی ئەوسای رابردوو بکاتەوە؛ هەستێکی ئاوێزان بە شێوازو شوێن و کاتی  پێدانی ئەو دیاریە پێم. بەشێکیشم؛ لەم ساتەی ئەمڕۆدا مابووەوە و  بیری لە ئەمڕۆ و داهاتووم دەکردەوە . تەواوی هەستەکانم دەجوڵان، سست بووم و پاشان هۆشم هاتەوە. ئەم هۆش و سستبونەم ناچاری کردم بێ هیوا بم لەوەی ئەو زەمەن و ئەو بەسەرهاتانەم و یادەوەرییەکانم بگەڕێنەوە. گەڕانەوە بۆ ئەو ڕۆژەی چۆن ولە چ هەلومەرجێکا ئەو دیارییەم پێبەخشرا بو. بیرم لەو 
پەیوەندییەی نێوان خۆم و ئەو هاوڕێییەی ئەوسا و ئێستەم دەکردەوە، کە مەحاڵە لە داهاتوودا دووبارە ببێتەوە. ئەمەش ڕایکێشامە بەردەم ئەو ڕاستیەی کە ئیتر تەواو ناچاربم بەوەی کە هەمیشە رێزو وەفا و نرخاندنێکم هەبێت بۆ ئەو کات و شوێن و سەردەمانەی بەسەرچوون. بەڵام دووبارە و چەندبارە وەك خاڵی سەرەتایی تێیان بڕوانمەوە. 
ئەمە ئەزموون و بەسەرهاتی هەریەکە لە ئێمەیە لە ڕۆژانی کۆرۆنا و زیندانی چواردیواریی ماڵەکەمان، کە مۆرکی بەرەنگاربونەوەی ئەخلاقیمانە لە هۆشیاربوونەوەمان بەرامبەر خۆمان و دەوروبەرمان. وروژاندنێکی هزریمانە بۆ گرنگی پێدانەوە بە بەسەرهاتە بەنرخەکانی ژیانمان و چێژوەرگرتن لە بەسەرهاتە ناوەرۆکیەکان، کە پەیوەستن بە ژیانی رۆحیمان و دەمانبەنەوە سەر ئەوەی زۆر بە ئاگاتربین لە یەکتر و ئاوێنەیەکی ڕۆشن بین بۆ ڕۆح و خودی خۆمان و بە مۆراڵ کردنی خۆمان و دەوروبەرمان. بۆیە وەك ئەوەی لاکن دەڵێت: مۆراڵ لە ڕابردووماندایە و پێویستە ئەمڕۆ و هەمیشە بەهای خۆی پێ بدەین. 


[1] Voyage au tour de ma chambre”Xavier de Maistre
 1794.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×