کوردایەتی چییە؟

کاوە جەلال
  2020-06-11     817

بەشی یەکەم

1
هەموو گەلێک بەتایبەتی لەنێو قەوارەیەکی دەوڵەتیدا دەتوانێت تا ڕادەی شیان پێبگات و خۆی بپارێزێت، جا ئەوە دەوڵەتێکی تاک-نەتەوەیی یان فرە-نەتەوەیی بێت. لێ دەوڵەت پرۆژەیە وەک دامەزراوەی نیشتمانێکی سەرهەڵداو، کە بێگومان نابێت لەواتایەکی تەسکدا وەک بەڵێندەرایەتی، فیرمای دروستکردن یان بازرگانی لێی تێبگەین، بەڵکو پرۆژە نەخشەکێشانە بە دوو ئاڕاستەی پێچەوانەی یەکدییەوە: بە ئاڕاستەیەک بریتییە لە ڕەخنەی جڤاک و کولتوور، کە گومانی تێدا نییە یەکێک لە کارە کرۆکییەکانی بریتی دەبێت لە ئاشکراکردنی ڕاستینەی کوردایەتی پێکەوە لەتەک شۆڕەسوارانی دوێنێ و ئەمڕۆیدا، ئەوجا لەوێوە بنیاتنەرانە بە ئاڕاستەی بەرەڤار هەڵدەچێت بەرەو کاری سیاسیی ڕێکخراو.
ئاڕاستەی پرۆژە وەک ڕەخنە لەو داواکارییەوە دێت کە پێویستە "هەموو شتێک سەرلەنوێ ڕەخنەییانە ڕوونبکرێتەوە" و بەوەش بناغەی بڕێژرێت. ئاخر بەتایبەتی لە سەردەمە داڕزاوەکاندا شێوەی هزرین و ڕەفتاری سوننەتی بێڕیشە دەبن، ئەوجا پێویستییەک بۆ نرخاندنەوەی سەرجەمی ترادیسیۆن سەرهەڵدەدات، ئەگینا مرۆ تەنیا درێژەپێدەرێکی ترساوی هەیەپارێز دەبێت کە لە داماوییەوە مەمنوونە هەر کارێکی دەستبکەوێت تاکو زگی خۆی تێربکات، یان بەڕاستی جەبانێکی خۆمەڵاسداوە و خواستی چەوساندنەوە ئاگای لە ژینگە و مێژووەکەی پێنەهێشتووە.
لێ ئاڕاستەی بەرەڤاژی بنیاتنەرانە بریتییە لە ڕێکخستنی بەپلانی سیاسی، کە بێگومان لەم سەردەمەی کوردەکانی ئێراقدا نایەتەگۆڕێ، بۆیە دەیخەینە دۆخی پشوودانەوە و ڕووی تێناکەین.
2
کوردایەتی بە شێوەی جیا بەرجەستە دەبێت، وەک خەباتی ڕێکخراو، وەک خەباتی هۆزانڤانیانەی خوێندەوارانی شارنشین، وەک دەسەڵاتخوازیی شێخەکانی تەریقەت بەناوی کوردچێتییەوە، وەک کرداری پڕسۆز و ئەندێشاویی خەباتگێڕانی گەلخواز.
بێگومان کوردایەتی دەرهاویشتە نییە لە ئاگایی ڕۆشنی کوردییەوە، بەڵکو پەرچەکرداری داماوە و وەک سەرجەم پێشنموونەیەکی هەیە کە سوننەگەریی ئیسلامییە. واتا کوردایەتی وەک بێ-هۆش، شێوە هۆنینەوەی ئیسلامییانە تەرجومە دەکات بۆ پەیوەندیی مێژوویی کوردیانە. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی زۆر قووڵ بە هەستی کەمبەهایی (شعور بالنقص) بەرانبەر ئارەب تەنراون و لە دێرزەمانەوە چاویان لە هەر شێوەیەکی خۆدەربڕینی پەخشانی و ڕێکخستنی سیاسی ئەوان بووە، بەڵێ تەنانەت واژەی کوردایەتیان لە شێوەی پەرچەکرداردا بەرانبەر ئارەبگەری زیتکردۆتەوە.
ئیسلام کە لە بنەڕەتدا تیۆریی دەوڵەتی تیۆکراتییە، بەپێشیانی لە دووانەی چاکە و خراپەوە خۆی بە تیۆریی پیلانگێڕی بارگاوی کردووە، جا ئەوە شەیتانێک بێت کە ئەم یان ئەو کاری نالەبار بە کەسان دەکات، یان خائینەکانی نێو ئیسلام خۆیان بن کە گورزیان لەو ئایینە چاکە خوداییە وەشاندووە، یان دامەزراوە موخابەراتییەکانی وڵاتانی ناحەز بن کە لە نێوخۆی جڤاکدا ئاژاوە دەگێڕن و نایەڵن ئەو موسڵمانە دڵساف و لەخوداترس و بەویژدانانە لە لایەن نوێنەرەکانیانەوە ڕێبەری بکرێن. بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی ڕاڤەی هەر تێکەوتنێکی خۆیان دەکەن: یان لە دەرەوە پلانی هەڵدێریان بۆ کێشراوە، یان شوێنی جیۆگرافیی وڵاتەکەیان ڕێی نەداوە لە گشت لا سەرکەتنی مەزن بەدیبهێنن، یان ئەوانی نێوخۆ خەتابار بوون، چونکە گۆیا ملکەچی ئەوان نەبوون و شوێنیان نەکەوتوون.
نوێنەرانی کوردایەتی لە هەمان بنەماوە لەسەر نموونەی پێشوێنە ئیسلامییەکەیان نازناوی شەهید لە کوژراوانی خۆیان دەنێن، لێ ئەمیش، هاوشێوەی پێشوێنەکەی، هیچ ڕێزێکی بۆ مرۆڤێتیی کوژراوەکان دانەناوە و دانانێت، بەڵکو بەسووکی وەک شایانی بەکوشتدان، وەک "بەرخی نێری گونجاو بۆ سەربڕین"، بینیونی. هاوکات چۆن ئیسلامگەرایان ی کۆن و ئەمڕۆ نەک تەنیا دڵسۆزانی هەرە کەمینەی محەمەدییان بەدووی کوژرانیاندا وەک شەهید ڕاگەیاندووە، بەڵکو هەروەها نازناوی سەحابەی شەهیدیان بە سەرجەم تاڵانیخوازان و سەبایا-پەرستان و شەیدایانی ماڵی جیهانی داوە، بە هەمان شێوە نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ئەو نازناوەیان لە خەباتگێڕانی گەلخواز دەنا و لێی دەنێن، بەڵکو هەروەها شێخ و ئاغا و دەرەبەگ، عەسکەری فیرار و چەقۆکێش و مرۆڤکوژان و هتد بە کوژرانیان دەکران و دەکرێن بە شەهیدی گەل و وڵات.
3
کوردایەتی کە خۆی بە حیکایەت (و تیۆریی پیلانگێڕی) لە ژیاندا دەهێڵێتەوە، ئەندێشەییانە "کوردەواری"یەکی تا ڕادەی شیان هۆنیوەتە، لێ تەنیا بە هۆنینەوەی نەوەستاوە، بەڵکو هاوکات تا ڕادەی شیان ئارایشتی کردووە. لەم حیکایەتەدا جڤاکی کوردی چاک بووە و چاکە، بەڵگەی چاکێتییەکەشی ئەوەیە کە ژنانی کورد لە ژنانی گەلانی دراوسێ ئازادتر بوون (!!)، کە بێگومان هۆکارەکەی بۆ چاکیی پیاوی کورد دەگەڕێتەوە. لێ کوردەواری خۆی لە ڕووی سۆسیۆلۆژییەوە چی بووە، ئەوە پرسیار نییە، واتا: کوردەواری وەک نێوەندێکی پڕ لە چەوسانەوەی چینایەتی، توێژایەتی، لاسایی گەلانی دی، دانانی پیاو بە سەروەر و ژن بە کۆیلە، کە "پیاو" دوای مارەکردنی هاوشێوەی دۆڵاب و کورسی "دەیگوازێتەوە"، ئەوجا لە ماڵەوە "سواری دەبێت"، ئەویش وەک ژن "دەیداتێت"! یان کوردەواری وەک ئەو ژیانە سروشتییە پریمیتیڤە کە گوندییەکانی لە دەرەوەی گوند دەچوونە "سەرئاو" و لەوێ "دەستیان بە ئاو دەگەیاند"، یان پیاوەکانی زوو عەسەبی دەبوون، ئەوجا تەنانەت بە تەلاق سوێندیان دەخوارد، یان پیاوانی سادە و ساویلکە بوون و هەروا ئاسان خۆیان بە حیکایەتی کوردایەتی بەکوشت دەدا.
بێگومان ئێمە مەبەستمان لێرەدا ئەوە نییە کە کوردەواری لە گشت ڕوویەکەوە نەفرەت لێ بکەین، ئاخر فرەڕەنگی و ڕەشبەڵەکی گوندی (ئەوە نەک وەک لاساییکردنەوەی قێزەوەنی شارنشینان) دڵگیرن، یان لە زۆر دەڤەر و ناوچەدا دیاردەی یاخی و مرۆڤدۆستانەی تێدا بوو، کە خەماویترتان بریتی بوو لە یاخیبوونە قبووڵکراوەکەی "ڕەدووکەوتن" / "هەڵگرتن"، بەڵێ تەنانەت بە مایەی شانازی دادەنرا. لێ ئەوە کوردایەتی بوو کە ناوەرۆکێکی دیکەی بەم ئازادیخوازییە هەرە سادەیەی کوڕان و کیژان دا: وەریگۆڕی بۆ مایەی سووکایەتی بە نامووس و شەرەف، بەوەش بە هۆکارێک بۆ لەناوبردنی یاخیبووەکان. کەواتە کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلام لە بنەڕەتەوە لەناوبەری ڕووە یاخی و مرۆڤدۆستەکانی خودی کوردەواری بووە، بەڵێ گەر تەنانەت "ئستیعراب" لە سەردەمی شانشینی و "تەعریب" لە سەردەمی بەعسدا لە دەرەوە ئاڕاستەی کوردەکان کرابن، ئەوا کوردایەتی بە تەرجومەکردنی بنەماکانی ئیسلامی سوننی دەستەبرای ئەوانە و فاکتەرێکی پڕمەترسیتری بەئارەبیکردنی کەسێتیی کوردە.
4
کوردایەتی وەک خۆڕاگر بە حیکایەت گەورەترین دوژمنی مێژوو و سۆسیۆلۆژییە.
ئاخر مێژوو هۆنینەوەی ئەندێشەیی نییە، حیکایەتی مەزنییەکان نییە، داتاشی ناونیشانی زەبەلاحی وەک "دەروازەی ڕاپەڕین" و "سەرۆکی نەمری گەل" نییە، بەڵکو هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییانەی ڕووداوەکانە، یان هۆکار و سەرەنجامی یاخیبوونە کوردییەکان لە ئیستەنبول و تاران و درەنگتر بەغداد ئاشکرا دەکات بەبێ ئەوەی بە هەستی هۆزانڤانی ناویان بنێت "شۆڕشەکانی کورد"، یان کەسانی خاوەن بڕیاری سیاسی دەهێنێت بۆ ژێر پرسیار، کە ئیدی وەک مەزنی گەل پێیاندا هەڵنادرێت، بەڵکو ئەم ئێستا هەقیقەتیان بۆ کەسانی سەردەم و ئایندە دەردەخات، کەواتە شێوەی ڕاڤەکردنی ئیسلامییانەی محەمەد وەک بنەڕەتی ڕاڤەکردنی ئەوان وەرناگرێت.
هەروەها سۆسیۆلۆژی حیکایەتەکانی کوردایەتی لەکاردەخات. ئاخر ئێستا پەیوەندییە جڤاکییەکان دەهێنرێنە ژێر دیدی پرسیارکەرەوە: خواستە چینایەتییەکان، پێشبینیکردنی شێوەی ژیانی خۆیی و جڤاکی، ڕەفتاری ئەخلاقی بەرانبەر زارۆک و ژن، لێ هەروەها بەرانبەر سروشت بە لایەنەکانی نێوییەوە، وەک ئاو و ئاژەڵ و ڕووەک و هتاد، ئەوجا نرخاندنی کار و پێناسەکردنی لە ئاگایی سادەی خەڵکدا و زۆری دیکە ئەو زەمینانە خۆش دەکەن کە بەڕێیانەوە هەڵچووی نێو کوردایەتی یەکسەر دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
لێ لەبەر ئەوەی دامەزراندنی دەوڵەت هەمیشە سۆسیۆلۆژییەکی بەو چەشنەی گەرەکە و کوردایەتی دوژمنی سۆسیۆلۆژییە، ئەوا هاوکات سەرسەختترین دوژمنی دەوڵەتدارییە. ئاخر کاتێک دەوڵەت بەبێ سۆسیۆلۆژی دانامەزرێت، ئەوا کوردایەتی بەگوێرەی کرۆکی تەنیا دەسەڵاتدارییەک دەناسێت و دەتوانێت بناسێت کە دەسەڵاتدارانی دێرین لە دیوەخان و تەکیە و خانەقاکاندا پیادەیان کردووە، بۆیە توانای بۆ ژیان و کارکردن لەنێو دەوڵەتدا نییە. ئەو زەبری دەوڵەتی (state power) کە بە یاسا بناغەی ڕێژرابێت، ناناسێت، واتا ئەو زەبرە کە هەردەم ئامادەیە (هەموو کردارێکی پێچەوانەی یاسا لە پرۆسەی دادوەریدا سزا دەدرێت، جا گەر ئەوە کرداری سەرۆکی پارت بێت)، بەڵکو تەنیا کرداری عەسابانە دەناسێت (بە تۆپز ئەم دادەمەزرێنێت و ئەو لەکار دەردەکات)، یان وەک خێڵەکییەکی گوندی دابەشکردنی سامان بەسەر نەوەکانی خۆیدا وەک ڕەوا دەبینێت.
5
ئێمە بۆ نزیککەوتنەوەی کۆنکرێت لە کرۆکی کوردایەتی چاک دەکەین لە "سەرەمی هەنووکە"دا نموونەی ریال وەربگرین، بەتایبەتی خۆزگە و هەڵوێستی سیاسیی زۆر کورد بەهەند وەربگرین کە لە کانگای ناخیانەوە خویا دەبن. لێ ئێمە ئێستا لێرەدا بەر پرسیارێکی زۆر ناڕەحەتکەر دەکەوین کە بریتییە لە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ ئاواتەخوازی گەڕانەوەی دەسەڵاتی ناوەند-ی / فیدرالی بەغدادن بۆ نێو "وڵاتەکەیان"؟ یان هەمان پرسیار بە شێوەیەکی دیکە و کەسێنراو دەکەین کە لەم شێوەیەیدا زۆر ڕاچڵەکێنەرە: ئایا چەند کوردی ئێراق ئەمڕۆ بەشانازییەوە لە "سەدام حسێن" دەدوێن؟
ئەم ڕەوشە زۆر جێی سەرنجە، چونکە هەڵوێستێکی ڕەسەنی کوردییە و کەسی هەڵوێستنوێن خۆی بەئاشکرا وەک هاوڵاتییەکی "ئێراق"ی ڕادەگەیەنێت! لێرەدا حیکایەتەکانی کوردستانی دابەشکراو و لکێنراویی زۆرەکی بە ئێراقەوە لەکارکەوتوون! ترس لە کوردایەتی ڕەویوەتەوە! پێدەچێت کەسی هەڵوێستنوێن بۆ یەکەم جار لەژێر ستەمی نوێنەرانی کوردایەتیدا "ئێراقی-بوون"ی خۆی ئەوها ڕۆشن ئاشکرا کردبێت!
لێ ئێمە بە هێنانی ئەم نموونەیە بۆ ژێر پرسیار مەبەستێکی دیکەشمان هەیە: ئێمە دەمانەوێت هاوکات ببێژین، کە کوردایەتی ناڕەوایە لە تۆمەتبارکردنی کەسانی دیکەی دژبەر یان دوژمنی خۆیدا، چونکە تۆمەتەکانی لە دووانەی لەگەڵ-لەدژەوە ڕادەگەیەنێت: "یان لە خزمەتی ئامانجەکانی مندایت و هەنگاو بە هەنگاو شوێنم دەکەویت، یان تۆ دوژمنی گەل و وڵاتی خۆتیت!". لێ ئێمە دەبێت بەڕاستی لەم پەیوەندییەدا بوێریمان بۆ پرسیارێک هەبێت، واتا: ئایا لەبەر چە هۆیەک دەبێت زێبارییەکان کە هاوڵاتیی ئێراقین، جاش بووبن؟ ئەی ئایا نوێنەرانی کوردایەتی خۆیان (بە هەموو لایەنەکانیانەوە) چین کە لەنێو خاکی ئێراقدا پێش سوپای بێگانان کەوتوون و دەکەون؟
بێگومان مەبەستی ئێمە لەوە نییە کە خیانەت لە گەل و وڵاتی خۆ بە ڕەوا دابنێین، بەڵکو دەمانەوێت ببێژین، کە تۆمەتبەخشینەوەکانی نوێنەرانی کوردایەتی نەک تەنیا ناڕەوان، بەڵکو هەروەها پڕمەترسیترن لە هەڵوێستی ئەو کەسانە / گرووپانە کە بە ئاشکرا خۆیان وەک هاوڵاتی دەوڵەتی ناوەندی (ڕاگەیاندبوو و) ڕاگەیاندووە و ئامادەن خزمەتی دەوڵەتی خۆیان بکەن. جگە لەوە و زۆر بەتایبەتی لەم پەیوەندییەدا سەرلەنوێ کرۆکی درۆزنانەی کوردایەتیمان بۆ ئاشکرا دەبێت، چونکە ئەو خۆی لە کرۆکییەوە شەڕکردن بووە بۆ بەشداریکردن لە دەسەڵاتی ناوەندیدا کە ئاشکرایە دەسەڵاتدارییەکی چەوسێنەر بووە، هاوکات شۆڕەسوارانی ویستوویانە لە ناوچەکانی خۆیاندا درێژە بە دەسەڵاتی چەوسێنەری خێڵایەتی و شێخایەتییان بدەن، بەڵێ مڕ و شاناز لەنێو دیوەخاندا دابنیشن و حیکایەتی مەزنییەکانی باوک و باپیریان (تەنیا ئەوان) بگێڕنەوە.
بەم شێوەیە خویا دەبێت کە کوردایەتی هیچ پەیوەندییەکی بە خەباتی ڕزگاریی نیشتمانییەوە نەبووە و نییە، بەڵکو لە کرۆکییەوە نوێنەری چەوسانەوەیە، ئەوە بێگومان لە هەردوو ڕووی خێڵەکی-گوندی و شارنشینی-مۆدێرنیزەکراویدا، جا گەرچی گەرەکە هاوکات ئاماژە بۆ ئەوە بدەین کە کوردایەتی لە ڕووی مۆدێرنیزەکراوییەوە پتر ئەدگاری عەسابانەی وەرگرتووە. ئەمە بێگومان واتایەکی ئەوتۆ ناگەیەنێت کە عەسابەیەتی لە نێوەندی دەسەڵاتداری خێڵەکیانەی گوندیدا نەبێت، لێ لەوێ سەری عەسابەکان بە خێڵەکییانی گوندی گیراوە، بە پێچەوانەوە لای شارنشینانی مۆدێرنیزەبوو سەربەست بووە – خۆی لە مەیداندا باڵی فشکردۆتەوە.
6
کرۆکی کوردایەتی هەردەم ئاشکرا بووە، لێ بەتەواوەتی لە گشت لا پێزانراو نەبووە. ئەمیان بۆ یەکەم جار دوای ڕاپەڕینی 1991 ڕووی دا، واتا ئەو کاتە کە دەرفەتی کاری دامەزراوەیی بۆ ڕەخسا. ئیدی بۆ هەموو کەسێک ئاشکرا بوو کە چۆن شۆڕەسوارانی کوردایەتی دوای گەڕانەوەیان یەکسەر درێژەیان بە شێوازی دەسەڵاتنواندنی دیوەخانییانەی (واتا پان-بۆوەی تەمەڵی) باب و باپیرانیان دا و تا ئەمڕۆ پیادەی دەکەن، کە بێگومان ئەو جۆرە دیوەخانییەی دەسەڵاتنوێنی هاوکات تاکە مۆدێلی سیاسەتکردنی عەسابەکانیش بوو. جگە لەوە ئەوانی تێهەڵدراو کە ئێستا دوای جەنگی کەنداو و ڕاپەڕین دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ نێو ئێراق بۆ ڕەخسا، زۆر چاک لەوە بەئاگابوون و هاوکات بەلایانەوە ئاسایی بوو کە لە دەرەوە شەڕی نێوخۆی کوردان بەپرۆگرامکراوە. ئاخر شۆڕەسوارانی کوردایەتی هەمیشە مرۆڤی کوردیان وەک سووک و ناشایستەی ژیان بینیوە، بەلایانەوە ئاسایی بووە ئەو شەڕە بەپرۆگرامکراوە بهێننە سەر خاکی خۆیان و لەوێ گەنجانی کورد بەکوشت بدەن! ئێمە لێرەشدا سەرلەنوێ بەڵگەیەکمان دەستگیر دەبێت بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە کرۆکییەوە توانای دەوڵەتداریی نەبووە، بەڵکو بریتی بووە لە یاخیبوونی کوردانی سۆزمەند و خێڵەکییانی گوندی و شەقاوە خوێندەوارە سیاسییەکان. ئاخر ئاگایی دەوڵەتداری لە ڕەوشی ئەوهادا شیمانەکانی شەڕی نێوخۆ دەکوژێنێتەوە، ئەوە گەر بە کودەتاش بێت. بەڵێ لە ئاگایی دەوڵەتداریدا هەموو دەستوێژێک بۆ پاراستنی گرووپ (گەلی خۆ) ڕەوایە.
گومانی تێدا نییە کە کوردستان بۆ کوردایەتی تەنیا خاکە نەک وڵات، ئەوجا دەبێت لەسەر ئەو خاکە دەمارگیرانە شەڕی پاراستنی دەسەڵات بکرێت کە لە زۆر ڕووەوە میراتیی باب و باپیرانیانە و دەیانەوێت بیپارێزن. لێ شۆڕەسوارانی کوردایەتی هاوکات درۆزنانە لە "ماڵی کورد" دەدوێن کە هەرگیز وجودی نەبووە، بەڵکو کوردەکان هەردەم لە فرەماڵدا دراوسێیانە (بەئاشتی یان دوژمنانە) ژیاون. کەواتە ئێمە پەیوەند بە دەستەواژەی "ماڵی کوردی"شەوە یەکێک لە گەورەترین درۆکانی کوردایەتی ئاشکرا دەکەین، یان بەگشتی تەنیا ڕەوانبێژییەکی قێزەوەنی خۆخۆشەویستکەرە و لە ئەوروپییەکان وەرگیراوە، کە بەزۆر بەسەر داکەوتی ناتەبا و فرەماڵی کورداندا دەسەپێنرێت. ئێمە هاوکات لەم پەیوەندییەدا جەبانێتیی نوێنەرانی کوردایەتی دەبینین کە فرەماڵی ناناسێنن و وەک هەرێمی سەربەخۆ بەرجەستەیان بکەن. لێ لە بنەڕەتدا، سەربەخۆ لە ئەوان، تەنیا بەدامەزراوەییکردنی ماڵەکان دەرفەت دەڕەخسێنێت کە لە ئایندەدا بە کاری کولتووری و ئیجرای سیاسی و ئابووری ماڵێک لە ئەوان پێکبهێنرێت.
7
کوردایەتی سەر بە کولتووری (سەقافەی) نزمە، وەک ئەوەش دژی یان تەنانەت دوژمنی کولتووری باڵایە، ئەوجا ئەمڕۆ وەک باڵادەست کاریگەریی نێگەتیڤی لەسەر هەموو بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری نواندووە و بەردەوام دەینوێنێت، کە گرنگترینیان بریتین لە: ساویلکەکردنەوەی خەڵک و فێرکردنیان بۆ تێربوون بە دەربڕینی سادە، بەمەش دەمەوەرکردنی ساویلکەکان کە لە خۆیانەوە لەسەر هەموو شتێک قسان دەکەن؛ ئەوجا فراوانکردنی بوارەکانی رواڵەتگەری و فشکەرێتی لە پێناوی خۆهێشتنەوەیدا، لێرەشدا بەدجۆرترین و بەدئەخلاقترینی ناکەسانی کۆمەڵ لە میدیاکاندا کاری پرۆپاگەندەیی بۆ دەکەن؛ هەروەها لەناوبرنی خەون یان مەبەست یان هەوڵی دەوڵەت لەنێو هەناوی کوردانی ئێراقدا، چونکە نوێنەرەکانی مەمنوون بوون کە ئارەبی برا گەورەیان دیدێکی ئەرێنییان تێبگرێت یان بە "عافیە کەکە" بە شانیاندا بکێشێت، و هتاد.
کوردایەتی ڤایرۆسێکە کە جەستە تووشی شەلەل دەکات و هۆش بە خورافیات دەتەنێت. ئەمڕۆ کورد بەهۆی ئەم دوو نەخۆشییەی نێو لەش و هۆشی خۆیەوە زۆر لە هەنگاوی دامەزراندنی دەوڵەت دوورکەوتۆتەوە. مەگەر سێ کوردستانەکەی دی بە داگیرکردن فریای کوردەکانی ئێراق بکەون، کە پاشان بەهێز هەڵوێستمەندان و کەرامەتدارانی نێویان بهێننە سەر دەسەڵات، لێرەشدا گومانی تێدا نییە کە لەبەر ئەوەی ئەمانیش تەمەڵ و نەشارەزای سیاسین، ئەوا دەبێت هەرسێکیان پێکەوە دارەدارەیان پێبکەن و هاوکات لەبەر ئەوەی کەمینەن، دەستیان بەرنەدەن.



بەشی دووەم
1
کاتێک ئێمە ئەمڕۆ لە داکەوتی کوردەکانی ئێراق ورددەبینەوە، بەرهەمەکانی کوردایەتی لە گشت بوارەکانی ژیانی جڤاکی و کولتووری و زانستیدا دەبینین، لێ "نزیکەی پێکڕا" نیوەناچڵ، رواڵەتی، سادە، تەمەڵ، دەمەوەر و هتد پەرش بوونەتەوە، بەمەش ئێمە بەڕوونی دەبینین کە کوردایەتی هیچی دیکە نەبووە جگە لە درێژەپێدانی ڕاهاتوویەکانی ژیانی سوننەتی، کەواتە هیچ ئەفراندنێکی لە خۆ نەگرتووە (وەک بۆ نموونە یونیفۆرمی گەریلا کە تەنانەت مایەی سووڕمانی ئیندوستریی پۆشاکە!)، هەرگیز ڕەچاوی بەرجەستبوونی ئاگایی ستوونیی نەکردووە (وەک بۆ نموونە لای گەریلا و شەڕڤان کە بەنێو جیهاندا "هەڵوەستاوە"). نەخێر کوردایەتی بەگشتی بریتی بووە لە یاخیبوونی تووڕەی پیاوی بەدەسەڵاتی گوند و خوێندەواری شار، کە پاشان خودی ئەو توڕەبوونە خێرا کردوونی بە دەستکەلای ئەم یان ئەو دەوڵەت، بە عەمیل، لێرەشدا ئاشکرایە کەرەسەی کوردایەتییەکەیان گەنجان و گوندییەکان بوون، ئەوە بێگومان بە دایکان و باوکانی جەرگ سووتاوەوە (1).
لەم ڕوانگەیەوە کوردایەتی هەڵقوڵاوێکی ئاگامەند نییە کە دەرک بە زەروورەی پتەوکردنی توانستە خۆییەکان بکات، بەڵکو دەرهاویشتەی هەستی کەمبەهایی کوردییە بەرانبەر دەسەڵاتدارانی ئارەب و داواکارییە بۆ ئەوە کە ئارەبەکان کورد بناسێنن، لێ لەبەر ئەوەی وەک گۆتمان هەڵقوڵاوێکی ئاگامەندی نەتەوەیی نییە، ئەوا داواکارییەکەی بۆ ناساندنی گەل لە کرۆکەوە داواکاری بووە بۆ ناساندنی دەسەڵاتی سوننەتییانەی نوێنەرەکانی. بەمەش کوردایەتی وەک دەرهاویشتەی کەسانی حسسی، پڕ هەست و سۆز، کە بێگومان خوێندەوارەکانیشی تەنیوە، مایەی نەهامەتی و تەنانەت کارەسات (هەڵەبجە و ئەنفال) بووە بۆ کوردەکان. ئاخر ئەوە فاکتە، کە کوردەکان لە سەردەمی شانشینییەوە دەرفەتی خوێندنیان بە زمانی دایک و چالاکیی کولتوورییان هەبووە، پۆستەکانی دەوڵەت بۆیان ئاوەڵا بوون، ئەوجا ساڵی 1958 بەفەرمی وەک گەل ناسێنران، لێ کوردەکان، یان ڕوونتر ببێژین، نوێنەرانی کوردایەتی، نەیاندەزانی یان نەیاندەتوانی مامەڵەیەکی ئاوەزمەندانە لەتەک ئەو داکەوتە لەبارەدا بکەن. لەم پەیوەندییەدا ئەوە لاوەکییە، کە یاخیبوونی چینایەتییانەی ئاغاکان لە بڕیاری ڕیفۆرمی کشتیاری کە حکومەتی قاسم دەریکرد، بوو بەهۆی تێکەوتنی کوردەکان، ئەویش چونکە مەلا مستەفا بەپیر یاخیبوونی ئاغاکانەوە چوو و بەو هۆیەشەوە "پارتی"ی ڕاکێشایە نێو شەڕەوە. ئەم لایەنە بۆیە لاوەکییە، چونکە تەنیا ڕووی میکانیکیانەی ڕووداوەکانە. ئێمە گەرەکە لە هەناوی سوننەگەریی ئیسلامییانەی کوردایەتیدا بۆ کێشەکە بگەڕێین، چونکە ئەو سوننەگەرییە تەنیا پێی کراوە بە پێشنموونە کاربکات یان بیداتەوە بەبێ ئەوەی کەمترین پرسیار لەبارەی ئەو پێشنموونە بەکارهێنراوە بکات (گومانی تێدا نییە کە هەروەها حیزبی شیۆعی هەمان دنیابینیی هەبوو). کەواتە حسسییەتی شۆڕەسوارانی کوردایەتی و پێشنموونەی سوننەگەرییان هۆکارن بۆ ئەوە کە کوردایەتی لە سەرەنجامدا وەک گێرەشێوێن لە شاخەکان بەرجەستە ببێت و سەرجەم پەیوەندییەکان لە گوند و شار بشێوێنێت، ئەوە تەنیا بۆ خاتری ئەوەی شێخزادانی دەسەڵاتخواز، سەرۆکخێڵان و نەوەکانیان بە یاریدەی خۆژێرخستووانی شارنشین لە دەسەڵاتی ناوەندیدا بەشداری بکەن، هاوکات هەر یەکە لە ناوچەی خۆیدا درێژە بە دەسەڵاتی دێرینی سوننەتیانەی بدات، بەو ڕێیەشەوە شارنشینان بە خۆیەوە پابەندتر بکات، کە ئاشکرایە بۆ ئەو مەبەستە خوێندەواری شارنشینی هەبوو و ئامادە بوون وەک خزمەتکار بەرپرسیاریی بوارە بەڕێوەبەرییەکان و فێرکاری، تەندروستی و هتد وەربگرن. ئەم داکەوتە بێگومان تەنیا ڕووە خێڵەکی-گوندییەکەی کوردایەتی ناگرێتەوە، بەڵکو هەروەها ڕووە مۆدێرنیزەکراو-شارنشینییەکەشی، لەم بەدپەیوەندییەشدا ئاشکرایە کە بەرپرسیاریی سەرەکی دەکەوێتە ئەستۆی ئەمیان، چونکە ئەم زیاتر دەرفەتی بۆ ڕەخسا شار بخاتە خزمەتی مێنتالێتیی گوندییەوە، بەڵێ ئەم سەرباری هەموو پرۆسەکانی مۆدێرنیزەکردن خێڵەکێتیی هێنایە نێو هەناوی دەمەزراوە دەوڵەتییەکانەوە – بە زانکۆکانیشەوە.
کەواتە کوردایەتی بە چەند شێوەیەک بەرجەستە دەبێت، واتا: کوردایەتی لای خەڵكی سۆزمەند و سادەی کۆمەڵ کە دژی چەوسانەوەن، یان دەسەڵاتی بێگانە بەسەر خۆیان و وڵاتیاندا ناخوازن و لەدژی خەبات دەکەن؛ ئەوجا کوردایەتیی سەرۆکهۆز و شێخەکانی تەریقەت و ئاغایان، لە کۆتایشدا کوردایەتیی خوێندەوارانی سوننەگەرا کە خۆیان لەنێو هەردوو تەوەرەی ناوبراودا دەبیننەوە، لێ سەرەڕای ئەوە پێویستە بەجیا ڕوویان تێبکەین، چونکە ئەوان لە ژێرخستنی شارنشیناندا دەستکەلای خێڵەکییەکان بوون.
2
شارنشینانی سۆزمەند و ناخهەژاوی سادە، ساویلکە و کەم یان زۆر دڵسافی کۆمەڵ، لێ هەروەها تا ڕادەیەکی کەمتر گوندنشینان (گەرچی ئەمان وەک لەخۆگری پێشمەرگە رۆڵیان گەورەتر بوو)، هەردەم کەرەسەی مەبەستەکانی کوردایەتی بوون بەبێ ئەوەی بزانن کە تەنیا بۆ خاتری هێشتنەوەی دەسەڵاتی ستەمکارانی کورد بەگەڕخراون، یان پەیوەند بە گوندییەکانەوە ڕاستەوخۆ ژێرخراوی کوردایەتی بوون، چونکە دەسەڵاتگەرایانی سوننەتی خۆیان و پێشمەرگەکانیان "بەزۆر لەسەر ورگی ئەوان دامەزراندبوو"، لێ ئەو کەرەسەیە لە هەردوو ڕووەوە بەسەختی هەقی سەرکەشیەکانی ئەوانیان داوە، جا ئەوە بە تیاچوون یان هەژارکەوتن یان وێرانبوونی گوندەکانیان بووبێت، یان لە کۆتاییدا خۆیان بە ناکامیی دەروونی و ڕەشبینی گەیشتبن، دوای ئەوەی بۆیان دەردەکەوت کە فریودراون و خودی کوردایەتیش تەنیا شێوەیەکی دیکەی ستەمکارییە.
لێ لەبەر ئەوەی سیاسەت کرداری ئاوەزمەندانەیە، ئەوا ئەم کوردایەتییەی خەڵکانی سۆزمەند و سادەی وڵاتخواز زیانی نەک تەنیا بە ئەوان خۆیان، بەڵکو هاوکات بە دۆزی کورد گەیاندووە، چونکە ئەمان کە دەستوێژی بەگەڕخراوی کوردایەتی بوون، بە ژیانی خۆیان تەنیا خەباتیان بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی سوننەتییانەی خێڵەکییەکان و شارنشینانی ملکەچیان کردووە، کە پێکڕا ستەمکار بوون. لەم ڕوانگەیەوە کوردایەتی بریتی نەبووە لە بزاوتی دەوڵەتگەرای ڕزگاریخوازی، بەڵکو ئامانجە سەرەکییەکەی ئەوە بووە کە پەیوەندییە خێڵەکییەکانی دەسەڵات گەر نەشێت بەهێزتر بکرێن، ئەوا هیچ نەبێت وەک خۆ بهێڵرێنەوە.
3
یاخیبوون و پەتپەتێنی سەرۆکهۆز و ئاغایان و کوڕە شێخەکان بەتەواوی ڕووی کارای کوردایەتین کە بێگومان وەک یەک سیاسەتیان نەکردووە، چونکە زەمینەکانی دەسەڵاتیان کەم یان زۆر جیاوازن لە یەکدی، جا گەرچی پێکڕا لە هێشتنەوەی پەیوەندیی سوننەتییانەی سەروەری-ژێروەریدا یەکدەگرنەوە.
سەرۆکهۆزەکان ڕەوایەتیی دەسەڵات لە پەیوەندیی مێژووییانەی خوێنەوە بەدەستدەهێنن. ئەوان لە بنەڕەتدا بەرپرسیارن لە هەر ئەندامێکی هۆز یان تیرە، یان هۆز و تیرە بە هاوکاریی سەرۆک تیرەکانیان. لەنێو ئەم بونیادە کۆمەڵایەتییەدا "ئەندام / لک"ی چالاک بۆ خاتری "سەرجەم"ێتیی هۆز لەگۆڕێیە و بڕی "دیدی ڕۆشن"ی هەر ئەندامێکیش تا سەرسنووری پەیوەندییەکانی هۆز و ناوچەکەی بڕدەکات، واتا لەو سنوورە بۆ دەرەوە ئاسۆی دید و ئاگاییان "لێڵ"ە، ئەوە بێگومان لەو کاتەشدا کە هەڵپەی دەسەڵاتی زیاتر دیدیان ئاڕاستەی پەیوەندییەکانی سەرجەم گرووپی ئێتنی دەکات. کەواتە هۆز و تیرە کە توانای بەگەل-بوونیان نییە، هاوکات بەربەستی سەختن لە بەردەم بەگەل-بووندا. ئاخر بەگەلکردن ئەکتێکی شارییە بەهێزی چەکی (شمشێر یان تفەنگی) ئاڕاستەدراو ڕووەو سەرجەم پەیوەندییەکانی گوندی خێڵەکی، نەک بە پێچەوانەوە، واتا خێڵەکێتیی چالاکبووی سیاسی تەنیا پێی دەکرێت پەرە بە مێنتالێتی و بونیادی کۆمەڵایەتیی خۆی بدات، لێرەشدا لەبەر ئەوەی داکەوتییانە بەندە بە قەوارە هۆزی دیکەی مێژوویی-کۆمەڵایەتییەوە و هاوشێوەی خۆیین، ئەوا تەنیا پێی دەکرێت کۆمەڵگەی فرەخێل ی مۆزایکی (کۆنگلۆمێراتی گەلەکی) پێکبهێنێت کە ئاشکرایە لەبەر ئەوەی پێکهێنراوی خۆیەتی، ئەوا وەک سەروەر بەسەر شاریشدا دەیسەپێنێت. ئاخر وەک گۆتمان، شار وەک خزمەتکاری خۆی دەبینێت.
زەمینەی دەسەڵاتی ئاغاکان بەتەواوی بریتییە لە خاوەنداریی زەوی، ئەوە بێگومان بە شوێنی گوزەرانی دانیشتوانی گوندەکانیانەوە. بۆیە بەتایبەتی بەرژەوەندیی ئابووری وای لە ئاغاکان کردووە کە ببن بە هاوکاری دەسەڵاتی ناوەندی. ئاخر کێشەی سەرەکیی ئەوان بریتی بووە لە "پاراستنی ماڵ و سامانی خۆیان"، بۆیە ئامادە نەبوون بۆ خاتری کوردایەتی بەوێرانکردنی بدەن. بە پێچەوانەوە ئاغاکان بەهۆی ناهاوسەنگیی هێزەوە لە نێوان حکومەتەکان و یاخیبوونەکانی کوردایەتیدا هەڵوێستێکی ڕیالیستییان وەرگرتووە و بوون بە پشتیوانی حکومەتەکان، لێ هەمان ڕیالیزم پاڵی بە هەندێکیانەوە ناوە کە لەژێرەوە بۆ خاتری بەرژەوەندییان پەیوەندییەک لەتەک شۆڕەسوارانی کوردایەتیدا دابمەزرێنن، بۆ نموونە چاوپۆشی لە چەکدارانیان بکەن گەر هاتبێتن بۆ ناوچەکانیان، یان کەمێک کۆمەکی ئابووری و هتد.
لێ دەسەڵاتی شێخەکان بە پێچەوانەی ئاغاکان و تەنانەت سەرۆکهۆزەکانەوە زەمینەیەکی ڕەوانیی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ تەسەوف بەگشتی و تەسەوفی ئیسلامی بەتایبەتی (یان تێکهەڵکێشبوونی هەردووکیان کە بەتایبەتی لای شێخایەتیی بەرماڵ دەیبینین و شێخەکانی گەلێک سۆفیترن لە ئەوانەی تەریقەت، بۆیە دەسەڵاتخواز نین).
کەواتە ئێمە گەرەکە هەروەها لە ڕووی سۆسیالەوە جیاوازی لە نێوان شێخەکاندا بکەین، چونکە وەک گۆتمان هەموویان داواکارییان بۆ دەسەڵات بەرزنەکردۆتەوە، بەڵکو زۆرینەیان هاوشێوەی خەڵکی هەژاری "ئۆمی" ڕەنجبەر بوون، بەڵێ تەنانەت خانەوادەی هەژار بوون و گەر نەوەکانیان هاتبێتنە نێو کوردایەتییەوە، ئەوا سەر بە چالاکبووانی سۆزمەند و لەخۆبوردووی کوردایەتی بوون.
لێ ئێمە گەرەکە هاوکات لەنێو شێخەکانی تەریقەت و نەوەکانیشاندا جیاوازی بکەن، چونکە لەنێو ئەوانیشدا لە ڕەوتی شارنشینبوون و تەشەنەی دامەزراوەی دەوڵەتیدا چەندین نەوە هەڵکەوتوون کە ئاگایی شارنشینییان، بەڵێ تەنانەت ئاگایی بەشاریبوونیان، وای لێکردوون بەشانازییەوە ڕەفتار و لەقەبی "شێخ" ڕەتبکەنەوە، هاوکات ڕێزمەندانە ناوی باوکی خۆیان هەڵبگرن و ناوببەن، بەمەش وەک خەباتگێڕی شارنشین یان شاری چالاک ببن.
کەواتە کاتێک لە شێخەکان دەدوێین، دەبێت مەبەستمان لە کەمینە هەر بچووکە دەسەڵاتخوازەکەی شێخایەتیی تەریقەت بێت. جگە لەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێرە کە پرسەکانی کوردایەتییە، پەیوەندییەکانی دەسەڵات لەنێو ئەو قەوارە بچووکەی شێخایەتیدا گرنگن، واتا بوونی ئەو پەیوەندییە تاکڕەوییانە بە مەدرەسەی سیاسەتکردن لای نەوەکانیان کە لەنێو کوردایەتیدا پێگەی دیاریان تەنانەت لە شێوەی سەرۆکایەتی یان سکرتێری پارتدا پچڕیوە، ئەوجا لە سەرەنجامدا دەسەڵاتی دێسپۆتییان بەسەر شار و گونددا زیتکردۆتەوە. ئاخر ئەوان لە زایینەوە لەنێو ئەو پەیوەندییە سەروەری-ژێروەرییانەی شێخایەتیدا سۆسیالیزەکراون (بەکەسکراون)، کەواتە تەنانەت لە کاتەکانی بانگەشەی لێنینیزم و ماویزم و سۆسیالیزم و هتد-دا هێشتا هەر لە شێوەکانی کاری سیاسی و شەڕی مۆدێرنیزەکراویاندا پەیوەندییەکانی شێخ-موریدیان بۆ پەیوەندیی پارتایەتی تەرجومە کردووە و دەکەن. ئاخر لێنینیزم یان ماویزم لە بنەڕەتەوە مۆدێرنێتیی کەس زەروور دەکەن کە بە هەڵوەشاندنەوە و لەکارخستنی کەسێتیی سۆسیۆ-کولتووریانەی خۆ و بنیاتنانی کەسێتییەکی نوێی لێنینیستی یان ماویستی دەهێنرێتە گۆڕێ (ئێمە بۆ ئەم گۆڕانە نموونەی کوردیمان هەیە کە هێنانەگۆڕێی کەسێتیی ئاپۆجییە لە کەسێتییە گوندی یان شانشینییە کوردییەکەی نێو تورکیاوە، ئەمەش بەڵگەیەکە کە تێروانینەکەمان دانەوەی سوننەگەرییانەی گۆڕانەکانی خۆرئاوا نییە).
لە بنەڕەتدا هەر سێ تەوەری ناوبراوی کوردایەتی لە ئامانجێکی کرۆکیدا یەکدەگرنەوە کە درێژەدانە بە دەسەڵاتی خێڵەکی-گوندی یان دانانی وەک بنەڕەتی دەسەڵاتی خێڵەکی-شارنشینی، جا گەرچی گەرەکە لەم پەیوەندییەدا تا ڕادەیەک کارایی ئاغاکان لەبەر ئەو هۆ ناوبراوانەی سەرەوە وەک لاوەکی وەربگرین. بە هەر حاڵ، نوێنەرانی کوردایەتی بۆ خاتری دەسەڵاتی سوننەتییان ڕێگەی ئەوپەڕی دڕندانەیان گرتە بەر کە دەتوانین ناوی بنێین "شەڕکردنی لەڕادەبەدەر یاخی". بە پوختی مەبەستمان لەم تێگەیە ئەوەیە کە ئەوان بەلایانەوە ئاسایی بوو و تا ئەمڕۆ ئاساییە لەدژی ئێراق بچنە خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانی دەوڵەتانی دراوسێی ئێراقەوە، بەڵی تەنانەت بییانهێننە نێو ئەو دەوڵەتەوە کە ئەوان خۆیان هاوڵاتی ئەون، بەوەش هەموو بەهانەیەک بە دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێراق بدەن بۆ ئەوەی شێتگیرانەتر شەڕی ناسیۆنالیستانەی خۆیان لەدژی کورد پراکتیزەبکەن، بەڵێ تەڕ و وشکی کوردستان بسووتێنن و تەنانەت شار و گوندی بە چەکی کیمیایی لەناوبەرن. بەکورتی یاخیبووانی دەسەڵاتخوازی کورد ئامادە بوون بۆ خاتری مەرامەکانیان هەر تاکێکی کورد بکەن بە قوربانی، بەوەش خۆیان ئەرگومێنت بە سیاسەتی نێودەوڵەتیی وڵاتان بدەن ئەو جۆرە تاوانانەی حکومەتە ناوەندییەکانی ئێراق ئیهمال بکەن، چونکە ئاگایی دەوڵەتداریی دەوڵەتان بەڕێزەوە هەیبەتی دەوڵەت دەنرخێنێت، بە پێچەوانەشەوە پێشڕەویکردن بۆ سوپای بێگانان لەنێو وڵاتی خۆدا بە نیشانەی ئەوپەڕی سوکایەتی و بێکەرامەتی دادەنێت و ڕێبەرەکانیشی بەئاشکرا ناودەنێت "قەحبە"!

ماویەتی
(1) بێگومان پێویستە بەلاوەکی ئاماژە بۆ سەربازی فیرار و شەللاتییەکان، بۆ کوڕانی تۆراو لە باوکی خۆ یان بۆ گەنجانی موغامیر بدەین کە حەزیان لە جەولەی نێو شاخەکان و گۆڵمز و حیلکە حیلکی برادەریانە بوو، لێ رۆلیان بەڕاستی لە کوردایەتیدا لاوازە. لە بنەڕەتدا مۆتۆڕی ڕاستەقینەی کوردایەتی خەڵکی / گەنجی وڵاتپارێز و گەلخوازی سادە یان سۆزمەند بوون نەک ئەو ناوبراوانە، بۆیە گەرەکە لە پەراوێزدا ناوببرێن. بێگومان پێویستە بەجیا و تایبەت ڕەچاوی شەقاوەکان لەنێو هەردوو لایەنی مەلایی و جەلالیدا، بەڵێ تەنانەت لە سەرکردایەتیی "کۆمەڵە"دا بکەین، چونکە ئەمان بەڕاستی بەهۆی جەبانێتیی کەسێتییانەوە رۆڵی یەکجار نێگەتیڤیان گێڕاوە و ئەمڕۆش دەگێڕن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×