مەبە بە مەقاشی ئەم ‌و ئەو، بەشدارمەبە لە گەمژاندنی خەڵک

شێرکۆ کرمانج
  2020-06-18     396
ئەوەی لە فەیسبوک‌و مەسینجەرو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەموو شتێک زیاترناڕەحەتم دەکات ئەوەیە کە هەندێک کەس بە خۆیان ڕێگەدەدەن ببن بە مەقاشی ئەم یان ئەو. خەڵکانێک هەن گاڵتە بە عەقڵی ئەو خەڵکە دەکەن‌و لە فەیسبووک‌و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆو کلیپ‌و هەواڵ‌و ڕاپۆرتی بێ ماناو بێ بنەما دروستدەکەن‌و پەخش دەکەن. خەڵکێکی ئێجگار زۆریش لە سادەیی‌و دڵسافی، کەمێکیش بەدڵنیاییەوە لە گەمژەیی، بەسانایی دین ئەم ڤیدیۆ کلیپ‌و هەواڵ‌و ڕاپۆرتانە لە ئەکاونتەکانی خۆیان بڵاودەکەنەوەو بۆ هاوڕێکانیان دەنێرن بێ ئەوەی کە پرسیار بکەن لەوەی کە ئەم ڤیدیۆ کلیپانە چین‌و بۆچی بڵاودەکرێنەوە. با هەڵوەستەیەکی خێرا لەسەر ئەم ڤیدیۆ کلیپ‌و ڕاپۆرت‌و هەواڵانە بکەین بزانین بەگشتیی کێ لە پشتیانە‌و مەبەست لێیان چییە؟
من پێموایە بەشی هەرە زۆری ئەم ڤیدیۆ کلیپ‌و هەوڵانە:
یەکەم، پارتی‌ لە پشتە بۆ ناشیرنکردنی یەکێتیی‌و نەیارەکانی.
دووەم، یەکێتیی لە پشتە بۆ ناشیرنکردنی پارتی‌و نەیارەکانی.
سێیەم، نەیارانی گەلی کوردیان لە پشتە بۆ ناشیرنکردنی کورد.
چوارەم، کەسانێکی فشەکەرو تافیهیان لە پشتە بۆ بێ ماناکردنی ژیان‌و سیاسەت‌.
پێنجەم، دەزگا سیخوڕییەکانی ناوچەکەی لە پشتە بە مەبەستی بێ ئومێدکردنی خەڵک‌و خاوکردنەوەیان لە خەبات‌و تێکۆشان.
شەشەم، گروپەکانی تیوری پیلانگێڕییان لە پشتە بۆ بێ ماناکردنی شرۆڤەو هەڵسەنگاندنی زانستییانە‌و عەقڵانە.
حەوتەم، بازرگانەکانی شەڕیان لە پشتە بە مەبەستی دروستکردنی ئاژاوەو ناسەقامگیریی‌ لە کوردستان‌و لە ناوچەکە.
هەشتەم، دژە-ژنەکانیان لە پشتە بۆ ناشیرنکردنی ژنان.
نۆیەم، کەسە فاشیلەکانیان لە پشتە بۆ ناشیرنکردنی کەسە سەرکەوتوەکان‌و بێ بەهاکردنی سەرکەوتن.
هاوڕێیان باوەڕم پێبکەن ٩٥٪ ئەو ڤیدیۆ کلیپ‌و هەواڵ‌و ڕاپۆرتانەی کە لە فەیسبووک بڵاودەکرێنەوەو لە مەسینجەر بۆ من‌و بۆ تۆ ڕەوان دەکرێن ئەم گروپانە دروستیان دەکەن کە لەسەرەوە ئاماژەم پێکردن‌و بەو مەبەستە گڵاوانەش کە دیارم کردن بڵاودەکرێنەوە.
جا هاوڕێ تکایە مەبە بە کەسێک کە ئەو کەس‌و گروپ‌و لایەنانە بەکارت بێنن بۆ مەرامە گڵاوو پیس‌و پڵتۆخەکانی خۆیان. من‌و تۆ نەک هیچ قازانجمان لە بڵاوکردنەوەی ئەم فیدیۆو هەواڵانە نیە بەڵکو هەمووی بە دژی قازانج‌و بەرژەوەندییەکانی من‌و تۆ بەرهەمهاتوون. بۆیە نە بڵاویان بکەوە نە شەیریان بکە با ئەوانەی بەرهەمیان دێنن لە داخان بتەقن‌و شەقبەن‌و نەگەن بە مەرامەکانیان.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×